07/09/2026
زنجیرە خولی پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی مێرگەسۆر کۆتایی پێهات
رۆژی دووشەممە، ٧ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، هەڵگۆرد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەندامانی ئەنجومەنی زانکۆ، مامۆستایان و قوتابیان، ڕێوڕەسمی کۆتاییهاتنی زنجیرە خولی “پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی مێرگەسۆر” لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو.
لە دەستپێکدا، پ. ی. د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆکی زانکۆی سۆران، وتارێکی پێشکەش کرد. ناوبراو، بە بۆنەی کۆتاییهاتنی زنجیرە خولەکە، پیرۆزبایی لە بەشداربووان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. هەروەها، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ مامۆستایانی خولەکە دەربڕی و جەختی لە بەردەوامبوونی پاڵپشتیی زانکۆی سۆران، وەک ناوەندێکی ئەکادیمی و زانستی، بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە خولانە کردەوە.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، هەڵگۆرد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، وتارێکی پێشکەش کرد و پیرۆزبایی لە بەشداربووان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. هەروەها، سوپاسی مامۆستایانی وانەبێژی کرد بۆ بەڕێوەبردنی زنجیرە خولەکە و جەختی لە گرنگیی ئەنجامدانی ئەم جۆرە خولانە کردەوە، بۆ پەرەپێدان و بەهێزکردنی تواناکانی گەنجان.
دواتر، م. هێرش ڕەشید سەلیم، بەڕێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی مێرگەسۆر، وتارێکی پێشکەش کرد و سوپاسی پاڵپشتیی زانکۆی سۆرانی کرد بۆ ڕێکخستنی ئەم زنجیرە خولە. هەروەها، پیرۆزبایی لە بەشداربووان کرد و سوپاسی مامۆستایانی خولەکەی کرد. ناوبراو جەختی لە بەردەوامبوونی ئەنجامدانی ئەم جۆرە خولانە و پاڵپشتیکردنی گەنجان کردەوە.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، سێ لە بەشداربووانی خولەکە ئەزموونی بەشداریکردنی خۆیان لە زنجیرە خولەکە باس کرد و ئاماژەیان بە گرنگی و سوودەکانی خولەکە و ئەو ئەزموونەی لە مامۆستایانی وانەبێژەوە بەدەستیان هێنا، کرد.
لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانین و بڕوانامەی بەشداریکردن پێشکەش بە مامۆستایان و بەشداربووانی زنجیرە خولەکە کرا.
جێی ئاماژەپێدانە، زنجیرە خولی “پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی مێرگەسۆر” بە هاوبەشیی سەنتەری پەرەپێدانی کاری زانکۆی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی ناوەندی وەرزش و لاوانی مێرگەسۆر، بۆ ٣٠ فێرخواز لە گەنجانی قەزای مێرگەسۆر، بۆ ماوەی دوو مانگ لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو. وانەکانیش لەلایەن ژمارەیەک لە مامۆستایانی زانکۆی سۆرانەوە، لە چەندین بابەتی جیاواز پێشکەش کران.
ئامانجی سەرەکیی ئەم زنجیرە خولە، پەرەپێدانی تواناکان و کەسایەتیی پیشەیی گەنجان بوو و چەندین بواری لەخۆ دەگرت، لەوانە: سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن، پەیوەندی و کارامەییە نەرمەکان، تەکنەلۆجیا، مێژوو و داهاتوو، داهێنان و کارسازی، ژینگەپارێزی و پایاری، هەروەها ئامادەکردنی سیڤی و ڕاگەیاندن.