19/03/2013
وڵات له‌نێوان سیستمی سه‌رۆكایه‌تی و په‌رله‌مانیدا
راپۆرت: فرمان عه‌بدولڕه‌حمان
سةرجاوة :سايتى سبةى
له ئێستادا نه‌خشه‌ی سیاسی جیهان هه‌ڵگری چه‌ندین جۆری تایبه‌تمه‌ندی سیستمی حوكمڕانیه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نزیكه‌ی 204 ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه بونیان هه‌یه، 193 وڵاتیان ئه‌ندامن له نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان‌و 11 ده‌وڵه‌تیش، یان هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆن یان به‌شێوه‌ی ئه‌مری واقیع بون به ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ. خاڵی هاوبه‌شی نێوان وڵاتانی دونیا، بونی سیستمێكی سیاسی په‌یڕه‌وكراوه بۆ به‌ڕێوه‌بردن‌و رێكخستنی كایه جیاوازه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌و په‌یوه‌ندیه ئاڵۆز‌و فره‌ره‌هه‌نده‌كانی نێوان مرۆڤه‌كان.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌و 193 وڵاته ئه‌ندامه‌ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان 153 وڵاتیان سیستمی كۆمارین، 31 وڵاتیان میرنشینن، 5 وڵاتیان سیستمی ئه‌میرین، 2 وڵاتیان سیستمی سوڵتانین، 1 وڵات ئیمپراتۆریه كه وڵاتی یابانه له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ڤاتیكان كه خاوه‌نی سیستمێكی پاپاییه. ئه‌مانه‌ی باسمان كردن بریتین له شوناسی سیاسی وڵاته‌كانی دونیا، به‌ڵام كاتێك ده‌چینه نێو ورده‌كاری پرۆسه‌ی سیاسی له‌و وڵاتانه‌دا ده‌بینین سه‌رباری هه‌مو ئه‌و شوناسه جیاوازانه‌ی وڵاتان هه‌یانه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا سێ جۆر سیستمی سیاسی له جیهاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێن، كه ئه‌ویش سیستمی سه‌رۆكایه‌تی و سیستمی په‌رله‌مانی‌و سیستمی نیمچه سه‌رۆكایه‌تیه.
ئه‌م سێ سیستمه، سه‌رۆكایه‌تی‌و په‌رله‌مانی‌و نیمچه سه‌رۆكایه‌تی له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه‌و له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دیكه ده‌گۆڕێت، ته‌نانه‌ت له ده‌ستورێكه‌وه بۆ ده‌ستورێكی دیكه‌ش ده‌گۆڕێت، له‌م روانگه‌یه‌وه ئه‌زمونی ده‌وڵه‌مه‌ندی هه‌ندێ وڵات له‌ڕوی ئه‌و پاشخانه كه‌لتوری‌و سیاسی‌و فیكریه‌ی هه‌یه‌تی بونه‌ته ستانداردێكی جیهانی بۆ سه‌رجه‌م دونیا، به‌ڵام كاتێك له‌هه‌ریه‌كێك له‌و سیستمه سیاسیانه‌ی وڵاتان ورد ده‌بینه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌یان بۆ ده‌كه‌ین، ده‌گه‌ینه راستیه‌كی ره‌ها، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه هۆشیاری سیاسی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌و كه‌لتورو ژێرخان‌و سه‌رخانی كۆمه‌ڵگه‌و مێژوی سیاسی ئه‌و وڵاتانه، نه‌خشی گه‌وره‌یان هه‌یه له دیاریكردنی جۆری ژیان‌و ئه‌و سیستمه سیاسیه‌ی په‌یڕه‌وی لێده‌كرێت.
ئه‌وه‌تا له وڵاتێكی وه‌كو ئیتاڵیا كه خاوه‌نی سیستمێكی په‌رله‌مانیه، سیلڤیۆ برلیسكۆنی كه تا ساڵی 2011 سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا بو، له لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه هێرشی ده‌كرێته سه‌رو ده‌مولوتی پڕ ده‌كرێت له خوێن، چونكه پێیانوایه سه‌رۆك وه‌زیران كه‌مته‌رخه‌م بوه، كه‌چی له وڵاتێكی وه‌كو كۆریای باكور زه‌مانێكه خه‌ڵكی ناچار كراون له ژێر زه‌برو زه‌نگ‌و حوكمی ئاسندا. كڕنوش بۆ بتی سه‌رۆكه‌كانیان به‌رن.
ئه‌م دیمه‌نه سیاسیانه چۆن دروست بون‌و په‌یوه‌ندیان به‌چیه‌وه هه‌یه؟ بۆچی هه‌ندێ وڵات هاوڵاتیه‌كانی ئاسوده‌ن‌و هه‌ندێ وڵاتی دیكه زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ژێر هێڵی هه‌ژاریه‌وه‌ن، بۆچی ئابوری كۆریای باشور له ترۆپكدایه له‌كاتێكدا خاوه‌نی هیچ سامانێكی سروشتی نیه؟ بۆچی وڵاتێكی وه‌كو سیرالیۆنیش له ئه‌فریقیا كه خاوه‌نی گه‌وره‌ترین كانه‌كانی ئه‌ڵماسه له‌جیهاندا كه‌چی زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ی هه‌ژارو بێ مافن؟ ئایا سیستمی سیاسی جا چ سه‌رۆكایه‌تی بێت یان په‌رله‌مانی یان نیمچه سه‌رۆكایه‌تی رۆڵی هه‌یه له كێشانی ئه‌و وێنانه‌دا؟ ئه‌م پرۆگرامه هه‌وڵ ده‌دات به‌شێوه‌یه‌كی زانستی وه‌ڵام به‌و پرسیارانه بداته‌وه...
سیستمی حوكمڕانی
ئه‌و سیستمه سیاسیانه‌ی له ئێستادا له زۆرینه‌ی وڵاتاندا په‌یڕه‌و ده‌كرێن به جیاوازی شێواز‌و میكانیزمه‌كانی، به به‌راورد به مێژوی مرۆڤایه‌تی شتێكی تازه‌ن‌و مرۆڤایه‌تی پێش چه‌ند سه‌د ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌هره‌مه‌ند نه‌بوبو لێی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نابێت ئه‌و راستیه له‌یاد بكه‌ین، هه‌ریه‌كه له سیستمی سه‌رۆكایه‌تی‌و سیستمی په‌رله‌مانی‌و سیستمی نیمچه سه‌رۆكایه‌تی وه‌ك سێ سیستمی په‌یڕه‌وكراو گشتگیر له جیهاندا سێ سیستمی له دایكبوی هه‌ناوی ململانێ فیكری‌و سیاسیه‌كانی مێژوی رۆژئاوان.
وه‌ك بیرۆكه سه‌ره‌تا چه‌ند فه‌یله‌سوفێكی ئه‌وروپی وه‌كو جۆن لۆك له كتێبی (دو وتار ده‌رباره‌ی حكومه‌ت)، تۆماس هۆبز له كتێبی (لیڤایزن) یاخود ئه‌ژدیها، جان جاك رۆسۆ له كتێبی په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و لۆك مۆنتیسكیۆ له كتێبی روحی یاساكان، رۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بوه له تیۆریزه‌كردن‌و داڕشتنی هیڵه‌گشتی‌و سه‌ره‌كیه‌كانی تیۆریه‌ی سیاسی، كه به‌دوای خۆیدا چه‌ندین روداو گۆڕانكاری سیاسی هێنایه گۆڕێ له‌سه‌ر ئاستی وڵاتان، له‌وانه شۆڕشی ئینگیلته‌را ساڵی 1689، شۆڕشی فه‌ره‌نسی ساڵی 1789، سه‌ربه‌خۆیی ئه‌مەریكا ساڵی 1776. هه‌ربۆیه ئێستا سیاسه‌ت وه‌كو زانستێك له زانكۆ موعته‌به‌ركانی وه‌كو هارفاردو ئۆكسفۆردو سۆربۆن ده‌خوێنرێن‌و ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی ناویان هێنران به باوك‌و دامه‌زرێنه‌ری زانستی سیاسه‌ت داده‌نرێن له دونیادا.
هه‌ریه‌كه له به‌ریتانیاو ئه‌مەریكاو فه‌ره‌نسا، به‌پێی ئه‌و پاشخانه سیاسی‌و مێژویی‌و ئابوریه‌ی هه‌یانه، بونه به‌رهه‌مهێنه‌ری سێ مۆدێلی جیاواز له سیستمی حوكمڕانی، به‌ریتانیا بوه لانكه‌ی به‌رهه‌مهێنانی سیستمی په‌رله‌مانی‌و ئه‌مەریكا بوه زێدی له دایكبونی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی‌و فه‌ره‌نساش بوه به‌رهه‌مهێنه‌ری سیستمی نیمچه سه‌رۆكایه‌تی، كه دواتر زۆرینه‌ی وڵاتانی دونیا وه‌كو مۆدێلێكی سیاسی ئه‌زمونكراو سودیان لێ بینی‌و به‌پێی ئه‌و چوارچێوه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و دابه‌شبونه سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كانی مرۆڤایه‌تی پێ ده‌ناسرێته‌وه، چه‌سپێنران‌و كاریان پێكرا، به‌ڵام له‌ئێستادا به سه‌رنجدانێكی خێرا به دیمه‌نی سیاسی زۆربه‌ی وڵاتان، ده‌گه‌ینه ئه‌و راستیه‌ی كه ده‌ره‌نجامه ژیاریه‌كانی په‌یڕه‌و كردنی ئه‌و سێ مۆدێله له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه جیاوازه، له هه‌ندێ وڵات به‌هه‌شت‌و له هه‌ندێكی دیكه‌ش دۆزه‌خی بۆ مرۆڤه‌كان به‌رهه‌م هێناوه. ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به فۆرمی ئه‌و حكومه‌تانه‌وه هه‌یه كه دواتر سیستمی حوكمڕانی به‌رهه‌می ده‌هێنێت.
سیستمی سه‌رۆكایه‌تی
سیستمی سه‌رۆكایه‌تی بریتیه له‌و سیستمه‌ی كه سه‌رۆك خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسی‌و یاسایی زۆره‌و به ته‌واوی گوزارشت له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ده‌كات وه‌كو ره‌گه‌زێكی سه‌ره‌كی ده‌زگاكانی حوكمڕانی، بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی كه سیستمی سه‌رۆكایه‌تی له‌سه‌ر بیناكراوه بریتیه له‌وه‌ی سه‌رۆكی وڵات هه‌مو ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێبه‌جێ كردن له‌ده‌ستیدا كۆده‌بێته‌وه‌و خاوه‌نی قورسایی سیاسی‌و یاسایی خۆیه‌تی به‌وپێیه‌ی له‌لایه‌ن گه‌له‌وه راسته‌وخۆ هه‌ڵده‌بژێردرێت‌و مافی حوكم كردنی پێده‌درێت، هه‌روه‌ك له‌م جۆره سیستمه‌دا سنوری هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتی (جێبه‌جێ كردن، یاسادانان، دادوه‌ری) به‌شێوه‌یه‌كی ره‌ها له‌یه‌ك جیاكراونه‌ته‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ كاره‌كانیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
پسپۆڕانی بواری زانستی سیاسه‌ت پێیانوایه ئیلهامبه‌خشی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی بریتیه له لۆك مۆنتیسكیۆ گه‌وره بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی كه له كتێبی روحی یاساكاندا به وردی شرۆڤه‌ی هێڵه گشتیه‌كانی ئه‌م سیستمه‌ی داڕشتوه‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوانیش تیشكی خستوه‌ته‌سه‌ر بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كه‌ی ئه‌م سیستمه، كه بریتیه له جیاكردنه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌سه‌ڵاته‌كان.
له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع سیستمی سه‌رۆكایه‌تی له وڵاتی ئه‌مەریكادا به‌رجه‌سته بو، دوای ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 1776 وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مەریكا سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ستهێنا، باوكانی دامه‌زرێنه‌ری وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مەریكا كه بریتین له بنیامین فراكلین، جۆرج واشنتۆن، تۆماس جیفرسۆن، جۆن ئادامز، جیمس مادیسۆن، ئه‌لیكسانده‌ر هامڵتۆن. به سود وه‌رگرتن له بیروڕا سیاسیه‌كانی هه‌ریه‌كه له فه‌یله‌سوفه سیاسیه‌كانی ئه‌وروپا تۆماس هۆبز، جۆن لوك، جان جاك رۆسۆو لۆك مۆنتیسكیۆ. مۆدێلێكی سیاسی حوكمڕانیان بیناكرد كه پشتی به ده‌ستورێكی گرنگ‌و ناوازه به‌ستبو.
مۆدێلی سه‌رۆكایه‌تی له ئه‌مەریكا په‌یوه‌سته به كۆمه‌ڵێك هۆكاری بابه‌تیه‌وه له‌وانه بونی ده‌ستورێكی زۆر گرنگ، كه له‌ساڵی 1788ه‌وه نوسراوه‌و ته‌نها له 27 ماده پێكهاتوه‌و زۆر زانستیانه‌و بابه‌تیانه گره‌نتی ئازادیه‌كان‌و روبه‌ره‌كانی دیموكراسی‌و ئه‌رك‌و فرمانه‌كانی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تێكی مه‌ده‌نی به‌رجه‌سته كردوه... هه‌ربۆیه ده‌بینین ئه‌و دیموكراسیه‌ته‌ی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی له ئه‌مەریكادا خولقاندویه‌تی، كاتێك له وڵاتانی دیكه دوباره‌كراوه‌ته‌وه جگه له دۆزه‌خی سیاسی شتێكی دیكه‌ی به‌رهه‌م نه‌هێناوه باشترین نمونه‌ش ئه‌زمونی وڵاتانی ئه‌مەریكای لاتین‌و ئه‌زمونی سه‌رۆكایه‌تیه‌كانی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بو، كه له ئێستادا یه‌ك به‌دوای یه‌كدا هه‌ره‌س ده‌هێنن.
سیستمی سه‌رۆكایه‌تی چیه؟
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و سیستمه‌یه، كه تیایدا سه‌رۆكێك واته تاكه كه‌سێك گوزارشت له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن ده‌كات‌و له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی گشتیه‌وه هاوڵاتیان ده‌نگی پێده‌ده‌ن جا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ، له سیستمی سه‌رۆكایه‌تیدا كابینه‌ی حكومه‌ت له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه ده‌ستنیشانده‌كرێت بێ ئه‌وه‌ی پێویستی به ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مان یاخود زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی هه‌بێت، به‌م پێیه‌ش ئه‌ندامانی حكومه‌ت له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا به‌رپرسیار نین‌و په‌رله‌مان ناتوانێت چاودێری حكومه‌ت بكات‌و لێپێچینه‌وه له كه‌مته‌رخه‌میه‌كانی بكات، به‌ڵكو ئه‌ندامانی حكومه‌ت له‌به‌رده‌م خودی سه‌رۆكدا به‌رپرسیارن. هه‌ربۆیه به سروشتی خۆی له سیستمی سه‌رۆكایه‌تیدا سه‌رۆك له هه‌مانكاتدا سه‌رۆكی حكومه‌تیشه، به‌ڵام هه‌ریه‌كه له په‌رله‌مان‌و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن له‌به‌رئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن میلله‌ته‌وه هه‌ڵبژێردراون، خاوه‌نی پێگه‌ی سیاسی خۆیانن، له سیستمی سه‌رۆكایه‌تیدا ده‌سه‌ڵاته‌كان سه‌ربه‌خۆن و به ته‌واوی له‌یه‌ك جودان، هه‌ربۆیه نه په‌رله‌مان ده‌توانێت حكومه‌ت له‌كار بخات نه سه‌رۆكیش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه، له هه‌ندێ حاڵه‌تی تایبه‌تدا نه‌بێت، كه په‌رله‌مان ده‌توانێت سه‌رۆك له‌كار بخات ئه‌ویش ئه‌گه‌ر سه‌لما خیانه‌تی له وڵات كردوه یان تاوانێكی جینائی كردوه، ئه‌ویش به‌پێی ده‌نگی 2 له‌سه‌ر 3ی ئه‌ندامه‌كانی.
له سیستمی سه‌رۆكایه‌تیدا، سه‌رۆك ده‌سه‌ڵاتی ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی هه‌یه كه په‌رله‌مان په‌سه‌ندیان ده‌كات، به‌ڵام به‌وپێیه‌ی مه‌رج نیه زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی سه‌ر به هه‌مان ئه‌و حیزبه بن كه سه‌رۆك ئینتیمای بۆی هه‌یه، چونكه هه‌ردو لایان به دو هه‌ڵبژاردنی جیاواز ده‌ستنیشان ده‌كرێن، له‌به‌رئه‌وه به‌پێی ده‌ستوری وڵاتان رێژه‌یه‌ك دیاریده‌كرێت له په‌رله‌ماندا بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌ی یه‌ك لاكه‌ره‌وه لای دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی بێت، بۆ نمونه له زۆرینه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دا كه سیستمی سه‌رۆكایه‌تی په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر سه‌رۆك یاسایه‌كی په‌رله‌مانی ره‌تكرده‌وه، ئه‌وا رێژه‌ی 2 له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئه‌گه‌ر دوباره ده‌نگیاندایه‌وه به هه‌مان یاسا ئه‌وا ره‌تكردنه‌وه‌كه‌ی سه‌رۆك هیچ بایه‌خێكی نامێنێ، دیاره هه‌مو ئه‌م میكانیزمانه ده‌بێت به ده‌ستور رێك بخرێت.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مانه‌ی ئاماژه‌یان بۆ كرا بریتین له بنه‌ما تیۆریه‌كانی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی كه ئیلهامی گه‌وره‌ی له مۆدێلی ئه‌مەریكیه‌وه وه‌رگرتوه‌و دواتر به وردی راڤه‌یان ده‌كه‌ین، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه كه ئه‌م سیستمه‌و هه‌مو سیستمه سیاسیه‌كانی دیكه له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه ده‌گۆڕێت ئه‌ویش به‌پێی ئه‌و ده‌ستوره‌ی له وڵاتاندا كاری پێده‌كرێت، هه‌ربۆیه ده‌بینین له ئێستادا نزیكه‌ی 65 وڵات له جیهاندا سیستمی سه‌رۆكایه‌تی په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن بۆ ئیداره‌دانی كۆمه‌ڵگه، به‌ڵام له هه‌ریه‌كه له‌و وڵاتانه‌دا كاریگه‌ری‌و كاردانه‌وه‌كانی له‌سه‌ر دیمه‌نی سیاسی، شێوه‌و فۆرمی جیاوازی وه‌رگرتوه، ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به پاشخانی سیاسی‌و فیكری ئه‌و وڵاتانه‌و شێوازی ئه‌و ده‌ستوره‌ی په‌یڕه‌وی ده‌كرێت، چونكه ده‌ستور ئه‌و میكانیزمه یاسایی‌و گرنگه‌یه كه ده‌توانێت پنته بچوكه‌كانی هه‌مو سیستمێكی سیاسی ره‌نگڕێژ بكات.
ئه‌گه‌ر له سیستمی سه‌رۆكایه‌تیدا به‌مانای وشه ده‌سه‌ڵاته‌كان سه‌ربه‌خۆو له‌یه‌ك جودا نه‌بن، ئه‌وا كۆكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی له ته‌نها كه‌سێكدا، موجازه‌فه‌یه به ئازادیه گشتیه‌كانی كۆمه‌ڵگه، هه‌ربۆیه له زۆربه‌ی ئه‌و وڵاته دیموكراسیانه‌ی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر دامه‌زراوه‌ی یاسایی هه‌یه، كه ده‌بنه قه‌ڵغانێكی یاسایی له‌به‌رده‌م هه‌ژمونی ده‌سه‌ڵاتخوازی سه‌رۆكدا، بۆ نمونه له ئه‌مەریكا كه به باوكی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی داده‌نرێت له جیهاندا، كۆنگرێس كه گوزارشت له دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان ده‌كات‌و له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران‌و ئه‌نجومه‌نی پیران پێكهاتوه، دو دامه‌زراوه‌ی به‌هێزو سه‌ربه‌خۆن دو وێستگه‌ی سه‌ره‌كین له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكدا، ئه‌مه جگه له دادگای باڵا‌و دادگای ده‌ستوری، هه‌روه‌ك میدیاش كه به ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م ناوده‌برێت یه‌كێكی دیكه له دامه‌زراوه‌كانی راگرتنی باڵانسی ده‌سه‌ڵات له سیستمی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مەریكادا، سه‌رباری ئه‌وانه‌ش كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی‌و گروپه‌كانی فشار‌و جوڵانه‌وه‌كانی شه‌قام، یه‌كێكی دیكه‌ن له‌و روبه‌رانه‌ی باڵانسی ده‌سه‌ڵاتیان راگرتوه له سیستمی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مەریكادا.
بۆ نمونه له‌سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی ریچارد نیكسۆندا، سی‌و حه‌وته‌مین سه‌رۆكی وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مەریكا له‌لایه‌ن دو رۆژنامه‌نوسی واشنتۆن پۆسته‌وه، له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌و راستیه‌یان سه‌لماند، كه سه‌رۆك نیكسۆن، ئامێری جاسوسیكردنی به‌سه‌ر هێڵه‌كانی ته‌له‌فونه‌وه داناوه له بینای ۆته‌رگێت كه نوسینگه‌كانی پارتی دیموكراتی ئه‌مەریكی له‌خۆ ده‌گرت، ئه‌و روداوه به فه‌زیحه‌ی ۆته‌رگێت ناسرا له‌مێژودا كه به‌هۆیه‌وه سه‌رۆك نیكسۆن ناچاربو سێ ساڵ پێش كۆتایی هاتنی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه، دواتر له لایه‌ن دادگای باڵای ئه‌مەریكاوه دادگایی كرا به‌وپێیه‌ی سنوری ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی به‌زاندوه‌و حه‌ره‌می ئازادی كاری سیاسی پێشێلكردوه، به‌ڵام دواجار له‌لایه‌ن گیراڵد فۆرد سه‌رۆكی دواتری ئه‌مەریكا بڕیاری لیخۆش بونی بۆ ده‌ركرا. ئه‌م نمونه‌یه ده‌مانگه‌یه‌نێته ئه‌و راستیه‌ی سه‌رباری بونی ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌ها له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه به‌ڵام بونی چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی دیكه له‌مپه‌رن له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی ئیستیغلال كردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن تاكه كه‌سێكه‌وه. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌و ژینگه ته‌ندروست‌و پاشخانه كه‌لتوریه‌وه هه‌یه كه كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مەریكی خاوه‌نیه‌تی، هه‌روه‌ك بونی ده‌ستورێكی جێگیر‌و به‌هێز، هه‌مو ئه‌و رێگایانه‌ی له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن داخستوه كه گه‌ره‌كی بێت ژیانی سیاسی كۆنترۆڵ بكات.
هه‌ربۆیه ئه‌زمونی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی له زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه خاوه‌نی كه‌لتورێكی سیاسی هه‌ژارو كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی دواكه‌وتون، دواجار به دیكتاتۆریه‌تێكی عه‌یاره بیست‌و چوار كۆتاییان هاتوه.
ئه‌ریك وارنه‌ر، توێژه‌ری سیاسی له كتێبی جوگرافیای به‌خته‌وه‌ریدا، له‌باره‌ی كاریگه‌ریه‌كانی په‌یڕه‌وكردنی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی له وڵاتانی دونیادا ده‌ره‌نجامێكی سه‌یرو له‌هه‌مانكاتدا مه‌ترسیدارمان بۆ ئاشكرا ده‌كات، كه دواتر گرێی ده‌داته‌وه به پرۆسه‌ی به‌خته‌وه‌ری مرۆڤه‌كانه‌وه، وارنه‌ر له به‌شێكی كتێبه‌كه‌یدا (جوگرافیای به‌خته‌وه‌ری) ئاماژه به‌وه ده‌كات كه زۆرینه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی جیهانی سێهه‌م یاخود ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه ئاستی هۆشیاری سیاسی تاك له ئاستی پێویستدا نیه‌و هیچ روبه‌رێكی جیاكه‌ره‌وه له‌نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا نیه، په‌یڕه‌وكردن له سیستمی سه‌رۆكایه‌تی دواجار ته‌نها سیستمێكی دیكتاتۆریه‌تی به‌رهه‌مهێناوه‌و له‌وباره‌یه‌وه ئاماژه به 35 ئه‌زمونی دیكتاتۆری ده‌كات له مێژوی سیاسی هاوچه‌رخدا، كه خاڵی هاوبه‌شی نێوانیان بریتیه له‌وه‌ی كه خاوه‌نی سیستمێكی سه‌رۆكایه‌تی بون، دواتر ئه‌ریك وارنه‌ر هه‌نگاوێك زیاتر له‌مه ده‌ڕوات‌و پێیوایه به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ دواجار په‌یوه‌سته به‌و سیستمه سیاسیه‌ی په‌یڕه‌و ده‌كرێت هه‌ربۆیه له‌و وڵاتانه‌ی كه دیكتاتۆریه‌ت حوكمی ده‌كات هه‌میشه كۆمه‌ڵگه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی خه‌مبار‌و غه‌مگینه‌و پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر راسته.
له راستیدا سیستمی سه‌رۆكایه‌تی به‌وشێوه تیۆریه‌ی هه‌یه به ته‌واوه‌تی ته‌نها له وڵاته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مەریكا جێبه‌جێ كراوه‌و له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته زۆربه‌ی ئه‌زمونه‌كانی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی به‌رهه‌مهێنانی شێوه‌یه‌ك بون له شێوه‌كانی دیكتاتۆریه‌ت، هه‌روه‌ك له ولاتانی ئه‌مەریكای لاتین‌و ئاسیا‌و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بینران، چونكه ئه‌زمونی دیموكراسیه‌تی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی له ئه‌مەریكا به پله‌ی یه‌كه‌م په‌یوه‌سته به مه‌سه‌له‌ی فیدراڵیه‌ت‌و ئه‌و ده‌ستوره‌وه كه زیاتر له 200 ساڵه بونیادی حوكمڕانی ئه‌مەریكای راگرتوه.
به‌ڵام له وڵاتێكی وه‌كو سوریا، سیستمی سه‌رۆكایه‌تی جگه له پاوانخوازی سه‌رۆك‌و به دیكتاتۆركردنی هیچی دیكه‌ی به‌رهه‌م نه‌هێنا، چونكه له غیابی ده‌ستورێكی گرنگ‌و به‌هێزو جێگیردا سه‌رۆك كه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌هایه زۆر به ساده‌یی ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئیستیغلال بكات، بۆ نمونه له ساڵی 2000دا كاتێك حافز ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سوریا كۆچی دوایی ده‌كات، به‌شار ئه‌سه‌دی كوڕی زۆر به ساده‌یی ده‌ستوری هه‌مواركرده‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك له‌و ساڵه‌دا ته‌مه‌نی به‌شار 36 ساڵ بو، به‌پێی ده‌ستوری ئه‌وكاتی سوریا نه‌ده‌بو سه‌رۆك ته‌مه‌نی له 40 ساڵ كه‌متر بێت، هه‌ربۆیه ده‌ستوری هه‌مواركرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نه‌كه‌ی شمولی گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات بكات.
سیستمی په‌رله‌مانی
ئه‌و سیستمه‌یه كه تیایدا دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی میحوه‌ری سه‌ره‌كیه تیایدا‌و ئه‌و روبه‌ره‌یه كه پرۆسه‌ی سیاسی له وڵات‌دا ئۆرگانیزه ده‌كات هاوته‌ریب به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی میلله‌ت رێكی ده‌خات، به‌وپێیه‌ی ده‌نگی میلله‌ت ستراكچه‌رو پێكهێنه‌ری دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانیه‌و له‌وێوه ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیكه‌ی حوكمڕانی شه‌رعیه‌ت‌و هه‌ناسه وه‌رده‌گرن.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له سیستمی په‌رله‌مانیدا گه‌ل له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه نوێنه‌ره‌كانی خۆی بۆ په‌رله‌مان هه‌ڵده‌بژێرێت، دواتر په‌رله‌مان به پێی ئه‌و بنه‌ما یاساییانه‌ی ده‌ستوری وڵات دیاری كردوه، حكومه‌ت دروستده‌كات‌و شه‌رغیه‌تی پێده‌دات هه‌ر له وه‌زیره‌كانه‌وه بگره هه‌تا لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن كه سه‌رۆكی حكومه‌ته (لێره‌شدا جارێكی دیكه ده‌ستور به‌شێوه‌یه‌كی گرنگ خۆی نمایش ده‌كاته‌وه، به‌وپێیه‌ی هه‌مو سیستمه سیاسیه‌كانی دونیا، راسته هه‌ڵگری ژماره‌یه‌ك ره‌گه‌زو ستانداردی هاوبه‌شن به‌ڵام ده‌ستور ئه‌و شته‌یه كه هێڵی گشتی و چوارچێوه‌ی سه‌ره‌كی هه‌مو سیستمێكی حوكمڕانی دیاریده‌كات). له سیستمی په‌رله‌مانیدا، په‌رله‌مان شه‌رعیه‌ت به ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن ده‌به‌خشێت كه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گوزارشتی لێده‌كات‌و سه‌رۆكی حكومه‌ت یان سه‌رۆك وه‌زیران خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوه‌تیه له نوێنه‌رایه‌تی كردنی دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌ت یاخود ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه شه‌رعیه‌تی پێده‌درێت، هه‌ربۆیه به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن له‌ژێر چاودێری په‌رله‌ماندیه‌و دو به‌رپرسیاری سه‌ره‌كی له ئه‌ستۆدایه، ئه‌ویش به‌رپرسیارێتیه‌كی فه‌ردی‌و به‌رپرسیارێتی ده‌سته‌جه‌معیه، به مانایه‌كی دیكه حكومه‌ت یان ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن له‌به‌رئه‌وه‌ی له په‌رله‌مانه‌وه شه‌رعیه‌ت وه‌رده‌گرن، هه‌ربۆیه به‌رده‌وام كاره‌كانی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه لێپرسینه‌وه‌ی لێده‌كرێت‌و به وردی چاودێری ده‌كرێت، جا له‌كاتی رودانی هه‌ر كه‌مته‌رخه‌میه‌كدا په‌رله‌مان ده‌توانێت له‌سه‌ر ئاستی فه‌ردی ئه‌ندامه‌كانی حكومه‌ت لێپرسینه‌وه بكات‌و متمانه‌یان لێ وه‌رده‌گرێته‌وه، بۆ نمونه وه‌زیرێك كه كه‌مته‌رخه‌می لێ ده‌رده‌كه‌وێت په‌رله‌مان ده‌توانێت له‌سه‌ر ئاستی ئه‌و وه‌زیره لێپێچینه‌وه بكات‌و متمانه‌ی لێوه‌ربگرێته‌وه، یاخود ده‌توانێت له‌سه‌ر ئاستی خودی كابینه‌كه لێپێچینه‌وه بكات‌و متمانه له‌سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی كابینه‌كه بسێنێته‌وه، به‌وه‌ش كابینه‌كه‌ی حكومه‌ت هه‌ره‌س ده‌هێنێت‌و كابینه‌یه‌كی دی شوێنی ده‌گرێته‌وه. له‌به‌رامبه‌ریشدا ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن له‌وكاتانه‌ی هه‌ست ده‌كات كه دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی ناتوانێت گوزارشت له وه‌زیفه سیاسی‌و یاسایه‌كانی بكات، ده‌توانێت هه‌ڵی بوه‌شێنێته‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت رابگه‌یه‌نێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به ده‌ستور رێكده‌خرێت‌و له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه جیاوازه، به‌گشتی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و راگه‌یاندنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له سیستمی په‌رله‌مانیدا یه‌كێكه له وه‌زیفه یاساییه‌كانی سه‌رۆكی وڵات. به‌ڵام له هه‌ندێ سیستمی په‌رله‌مانیدا سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌یه‌و ئه‌ویش به پێی ده‌ستورو یاسا رێكخراوه، به‌تایبه‌تی به‌ریتانیا كه خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ری سیستمی په‌رله‌مانیه. به‌ڵام زۆرجار مه‌سه‌له‌كه له‌ژێر گوشاری ئۆپۆزسیۆن‌و رای شه‌قامدا ده‌بێت‌و سه‌رۆكی ولات ناچار ده‌بێت په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت رابگه‌یه‌نێت.
له سیستمی په‌رله‌مانیدا، ئۆپۆزسیۆن یه‌كێكه له كاراكته‌ره سه‌ره‌كیه‌كان‌و رۆڵی گه‌وره‌ی هه‌یه له چاودێری كردنی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن‌و كۆی جومگه سه‌ره‌كیه‌كانی دامه‌زراوه‌ی حكومه‌ت. ته‌نانه‌ت له وڵاتێكی وه‌كو به‌ریتانیا هه‌میشه ئۆپۆزسیۆن حكومه‌تێكی سێبه‌ری هه‌یه كه به‌دیلی حكومه‌تی راسته‌قینه‌یه له‌كاتی قه‌یرانه‌كاندا ره‌نگه به فیعلی شوێنی حكومه‌تی راسته‌قینه بگرێته‌وه.
به گشتی له سیستمی په‌رله‌مانیدا ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان‌و ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن هاوسه‌نگ‌و هاوكارن، په‌رله‌مان پرۆژه یاسا په‌سه‌ند ده‌كات‌و حكومه‌ت جێبه‌جێی ده‌كات هه‌روه‌ك حكومه‌ت مافی پێشكه‌شكردنی پرۆژه یاسای هه‌یه‌و په‌رله‌مانیش دوای تاوتوێ كردنی په‌سه‌ندی ده‌كات یاخود كاتێك حكومه‌ت رێككه‌وتنامه‌یه‌ك ئیمزا ده‌كات، پێویسته په‌رله‌مانیش ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بدات.
هه‌رچی په‌یوه‌ندی به سه‌رۆكی وڵاته‌وه هه‌یه، وێنه‌كه به‌م شێوه‌یه‌یه : سه‌رۆكی وڵات له سیستمی په‌رله‌مانیدا هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی فیعلی جێبه‌جێكردنی نیه، ئه‌گه‌رچی له روی بونیادی ئیداریه‌وه سه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه به‌ڵام ته‌نها وه‌كو سیمبولێك بۆ سه‌روه‌ری وڵات ته‌ماشا ده‌كرێت‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی بریتین له ده‌سه‌ڵاتی ته‌شریفاتی. سه‌رۆكی وڵات له سیستمی په‌رله‌مانیدا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه ئه‌ویش دیاریده‌كرێت، به‌ڵام هه‌ندێ جار له لایه‌ن میلله‌ته‌وه له هه‌ڵبژاردنی گشتیدا ده‌نگی پێده‌درێت، ئه‌ویش كه‌وتوه‌ته سه‌ر شێوازی ئه‌و ده‌ستوره‌ی له وڵاته‌كه‌دا په‌یڕه‌و ده‌كرێت. له هه‌ندێ وڵات‌دا كه خاوه‌نی سیستمی میرنشینی ده‌ستورین، مه‌لیك یان شای وڵات ئه‌و رۆڵه ده‌بینێت كه ده‌ستاوده‌ستكردنی پۆسته‌كه‌ی پشتاوپشت ده‌مێنێته‌وه، هه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی له كوێتدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت...
له ئێستادا نزیكه‌ی 45 وڵات له‌جیهاندا په‌یڕه‌وی له سیستمی په‌رله‌مانی ده‌كه‌ن‌و له‌نێویشیاندا جوانترین نمونه‌كانی سیستمی دیموكراسیان تێدایه له‌وانه ئیسرائیل‌و ئه‌ڵمانیاو هندستان‌و له‌سه‌رو هه‌مو ئه‌وانه‌شه‌وه به‌ریتانیا...
وڵاتی به‌ریتانیا یه‌كێكه له‌و نمونه گه‌شانه‌ی كه په‌یڕه‌وی له سیستمی په‌رله‌مانی ده‌كات‌و نیشتمانی سه‌ره‌كی له‌دایكبونی ئه‌م سیستمه‌ش هه‌ر خودی به‌ریتانیا بوه‌و له‌وێوه مۆدێلی په‌رله‌مانی گواستراوه‌ته‌وه بۆ زۆرێك له وڵاتانی دیكه‌و له دوای ساڵی 1914شه‌وه دوای رێككه‌وتننامه‌ی ڤێرسای زۆربه‌ی ئه‌و وڵاته نوێیانه‌ی ئه‌وروپا كه سه‌ربه‌خۆییان وه‌رگت سیستمی په‌رله‌مانیان په‌یڕه‌وكرد.
به‌بڕوای چاودێران سیستمی په‌رله‌مانی باشترین سیستمه بۆ رێگرتن له خراپ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن له‌لایه‌ن سیاسیه‌كانه‌وه، هه‌روه‌ك به‌و قه‌ڵغانه‌ش ناوده‌برێت كه به‌ر له سه‌رهه‌ڵدانی دیكتاتۆریه‌ت ده‌گرێت‌و مافی گه‌ل له به‌شداری سیاسی به‌شێوه‌یه‌كی كرداره‌كی‌و راسته‌قینه فه‌راهه‌م ده‌كات، هه‌روه‌ك كه‌شوهه‌وای فره‌حیزبی له‌ئامێز ده‌گرێت‌و قورسایی ده‌به‌خشێـه رۆڵی تاك، چونكه دواجار له‌م سیستمه‌دا هه‌مو بریاره‌كان په‌یوه‌ستن به ده‌نگی ده‌نگده‌رانه‌وه.
بێ گومان سیستمی په‌رله‌مانیش وه‌كو زۆرێك له شته‌كانی دیكه خاڵی نێگه‌تیڤی هه‌یه‌و یه‌كێك له‌و خاڵه لاوازانه ئه‌وه‌یه كه پرۆسه‌ی سیاسی له سیستمی په‌رله‌مانیدا به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی نائارامیدایه به‌تایبه‌ت له كاتی سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له كابینه‌ی حكومه‌ت یاخود هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت، دیاره ئه‌مه‌ش له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه ده‌گۆڕێت‌و هه‌ریه‌كه له كه‌لتوری سیاسی‌و رۆشنبیری‌و ئاستی هۆشیاری تاك‌و له هه‌موشی گرنگتر بنه‌ما ده‌ستوریه‌كان، رۆڵی گرنگیان ده‌بێت له ره‌نگڕێژكردنی دیمه‌نه سیاسیه‌كانی وڵات.
وه‌ك ده‌وترێت یه‌كێك له هه‌ره خاڵه باشه‌كانی سیستمی په‌رله‌مانی رێگرتنه له دروستبونی دیكتاتۆر، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ره‌خنه له سیستمی په‌رله‌مانی ده‌گرن هه‌ندێ جار ئه‌زمونی ئه‌لمانیای نازی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌دۆڵف هیتله‌ر ده‌هێننه‌وه وه‌ك نمونه‌ی ئه‌و دیكتاتۆرانه‌ی كه له هه‌ناوی سیستمێكی په‌رله‌مانیه‌وه له دایك بو، به‌ڵام راستیه مێژویه‌كه به‌م شێوه‌یه‌یه كه دیكتاتۆریه‌تی ئه‌دۆڵف هیتله‌ر كاتێك به‌رجه‌سته بو كه دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی و سیستمی په‌رله‌مانی به ته‌واوی له وڵات‌دا ئیفلیج كرابو، وه بوبوه پاشكۆیه‌كی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن، با بزانین چۆن؟
له 30 كانونی دوه‌می 1933 ئه‌دۆڵف هیتله‌ر بو به راوێژكاری ئه‌ڵمانیا واته سه‌رۆكی حكومه‌ت، واته به‌رزترین پۆستی سیاسی له‌و وڵاته‌دا، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی قه‌یرانی ئابوری دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه حكومه‌تی ئه‌ڵمانیی كه پێی ده‌وترا كۆماری فایمارو سیستمی په‌رله‌مانی په‌یڕه‌و ده‌كرد، ته‌واو لاواز بو بو، هاوكات ئۆپۆزسیۆنی ئه‌وكاتی ئه‌ڵمانیا داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختیان ده‌كردو له‌وپێناوه‌شدا فشارێكی به‌هێزیان خسته سه‌ر حكومه‌ت‌و سه‌رۆكی ئه‌وكاتی ئه‌ڵمانیا، كه به‌هۆیه‌وه‌یه‌وه حكومه‌ته ئیئتیلافیه‌كه‌ی فایمار هه‌ره‌سی هێنا، له ئه‌یلولی 1930 هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجام دراو حیزبی كۆماری كه پێشتر زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا بو شكستێكی گه‌وره‌ی هێناو حیزبی كرێكارانی ئیشتیراكی نیشتمانی كه كورتكراوه‌كه‌ی بریتی بو له نازی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌دۆڵف هیتله‌رسه‌ركه‌وتنێكی تاراده‌یه‌ك گه‌وره‌ی به ده‌ستهێنا به رێژه‌ی 18.3%ی ده‌نگه‌كان كه ده‌یكرده 107 كورسی، به‌وه‌ش بوه دوهه‌م پارتی گه‌وره له په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی هیچ پارتێكی سیاسی نه‌یتوانی ببێته زۆرینه له په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا جارێكی دیكه كێشه‌كان به‌رده‌وام بون‌و ئه‌مجاره‌ش هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بوه‌وه به میكانیزمی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، له تشرینی یه‌كه‌می 1932 جارێكی دیكه هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامدرایه‌وه‌و حیزبی نازی ئه‌كجاره توانی 33.1%ی ده‌نگه‌كان به ده‌ستبهێنێ‌و له‌گه‌ڵ حیزبی گه‌لی نیشتمانی ئه‌ڵمانی حكومه‌تێكی ئیئتیلافی پێكهێناو له كانونی دوه‌می 1933 هیتله‌ر بو به راوێژكار یان سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌ڵمانیا.
هیتله‌ر دوای وه‌رگرتنی به‌رزترین پۆستی سیاسی له وڵات‌دا كۆمه‌ڵێك ریوشوێ،ی گرته‌به‌ر بۆ چه‌سپاندنی ره‌های ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی، ئه‌وه‌بو له شوباتی 1933دا له روداوێكی ته‌مومژاویدا په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كه پێی ده‌وترا رایخستاج سوتێنراو راسته‌وخۆش هیتله‌ر ده‌ستی تۆمه‌تی بۆ حیزبی شیوعی ئه‌ڵمانی راكێشا، كه به گه‌وره‌ترین به‌ربه‌ستی به‌رده‌م جێبه‌جێ كردنی سیاسه‌ته‌كانی خۆی ده‌زانی، هه‌ربۆیه به زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مان، نوێنه‌ری شیوعیه‌كان‌و به‌شێك له دیموكراته‌كانی له كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان دور خسته‌وه، له‌وكاتانه‌دا هیتله‌ر پرۆژه یاسایه‌كی پێشكه‌شی په‌رله‌مان كرد كه پێی ده‌وترا (قانونی ته‌مكین)، به‌پێی ئه‌و پرۆژه یاسایه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته درایه حكومه‌ت كه بۆ ماوه‌ی 4 ساڵ له‌بری په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا، پرۆژه یاساكان تێپه‌ڕێنی به پاساوی تێپه‌ڕاندنی بارودۆخی وڵات له‌و قه‌یرانه سیاسی‌و ئابوریانه‌ی تێیكه‌وتوه، ئامانجی پرۆژه یاساكه، ئاوێته كردنی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان بو به ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن، سه‌رباری ترسناكی پرۆژه یاساكه‌ش بۆ سه‌ر دیموكراتی ئازادیه سیاسیه‌كان به‌ڵام زۆر به ئاسانی له په‌رله‌ماندا تێپه‌ڕێنراو په‌سه‌ند كرا، به‌وپێیه‌ی ئۆپۆزسیۆن له په‌رله‌ماندا نه‌مابو، واته ئه‌و پرۆژه یاسا ترسناكه له غیابی ئۆپۆزسیۆندا تێپه‌ڕینرا، ئاینده‌ی وڵاتی ئه‌ڵمانیای گۆڕی له سیستمێكی په‌رله‌مانیه‌وه بۆ سیستمێكی سه‌رۆكایه‌تی دیكتاتۆریانه.
له ئابی ساڵی 1934دا پاول فان هێندنبۆرگ، سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیا كۆچی دوایی كرد، له‌بری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، هیتله‌ر به پشت به‌ستن به زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكی ولاتیشی له ده‌ستی خۆیدا كورتكرده‌وه‌و پۆستی فۆهره‌ری خسته سه‌ر خۆی، ئیدی هیچ به‌ربه‌ستێكی یاسایی‌و سیاسی له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانی هیتله‌ردا نه‌مایه‌وه، ئه‌وه‌بو دوای ته‌نها ساڵێك له وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت، هیتله‌ربه پێی ئه‌و رێوشوێنه یاسایی‌و سیاسیانه‌ی گرتیه‌به‌ر هه‌مو روبه‌ره‌كانی ئازادی له وڵات‌دا به‌رته‌سك كرده‌وه‌و نزیكه‌ی 13 هه‌زار كه‌سی خسته نێو زیندانه‌وه به پاساو بیانوی جۆراوجۆر، كه له نێویاندا چه‌ندان سیاسه‌تمه‌دارو رۆژنامه‌نوس‌و فه‌یله‌سوف‌و نوسه‌رو زانا‌و مامۆستای زانكۆ‌و رۆشنبیری تێدابو، له‌وكاره‌شیدا پشتی به‌هێزه تایبه‌ته میلیشیا ئاساكه‌ی به‌ستبو، كه پێیی ده‌وترا (كۆستابۆ) یان پۆلیسی نهێنی.
ئه‌زمونی حوكمی نازی پێمان ده‌ڵێت كه دروستبونی دیكتاتۆر له سیستمی په‌رله‌مانیدا ته‌نها ئه‌وكاتانه ئه‌گه‌ره‌كانیان كراوه‌یه كه دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مانی ده‌بێته دامه‌زراوه‌یه‌كی ته‌شریفاتی‌و ئیفلیج‌و پاشكۆی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن.
به‌ڵام دوای ئه‌و ئه‌زمونه تاڵه، په‌رله‌مانی ئێستای ئه‌ڵمانیا، هه‌مان ئه‌و بینایه‌یه كه هیتله‌ر ئیستغلالی كرد بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاته دیكتاتۆری‌و شمولیه‌كه‌ی، به‌ڵام له ئێستادا هۆڵی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته خاوه‌نی گومه‌زێكی شوشه‌ییه، رۆژانه نه‌ك رۆژنامه‌نوسان به‌ڵكو هاوڵاتیانی ئاسایی‌و ته‌نانه‌ت ئه‌و میوانانه‌شی كه سه‌ردانی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ن، بۆیان هه‌یه ئاگادار‌و گوێبیستی راسته‌وخۆو مه‌یدانی هه‌مو دانیشتنێكی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته بن، هه‌ڵبه‌ت شوشه‌یی بونی گومه‌زی په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ئاماژه‌یه‌كی مه‌جازیه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و شه‌فافیه‌ته‌ی كه په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته بڕوای پێیه‌تی.
نیمچه سه‌رۆكایه‌تی
سیستمی نیمچه سه‌رۆكایه‌تی بریتیه له‌و سیستمه‌ی كه هه‌ریه‌كه له ره‌گه‌زه‌كانی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی‌و سیستمی په‌رله‌مانی له‌ناو خۆیدا تیكه‌ڵ كردوه، واته هه‌م سه‌رۆكایه‌تیه‌و هه‌م په‌رله‌مانیشه. به مانایه‌كی دیكه سیستمی نیمچه سه‌رۆكایه‌تی تێكه‌ڵه‌یه‌كه له هه‌ردو سیستمی سه‌رۆكایه‌تی‌و په‌رله‌مانی، كه تیایدا ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن له نێوان سه‌رۆكی ولات‌و سه‌رۆكی حكومه‌تدا به‌شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ دابه‌شكراوه‌و هه‌ردو پۆسته‌كه خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی تایبه‌ت‌و یاسایین له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ش له چوارچێوه‌ی ده‌ستورێكدا كه بنه‌ما سیاسی‌و یاساییه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا ده‌ستنیشانكردوه.
له سیستمی نیمچه سه‌رۆكایه‌تیدا، په‌رله‌مان راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن گه‌له‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت، له هه‌مانكاتدا سه‌رۆكیش هه‌ر له‌لایه‌ن گه‌له‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێت، ئه‌گه‌رچی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه شه‌رعیه‌تی پێده‌درێت‌و ده‌ستنیشان ده‌كرێت، به‌لام هاوشێوه‌ی سیستمی په‌رله‌مانی له‌به‌رده‌م ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌دا به‌رپرسیاره‌و په‌رله‌مان توانای لێپێچینه‌وه‌و متمانه وه‌رگرتنه‌وه‌ی هه‌یه له حكومه‌ت. سیستمی نیمچه سه‌رۆكایه‌تی سیستمێكی ئاڵۆزه‌و له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی دیكه ده‌گۆڕێت‌و به پله‌ی یه‌كه‌م پابه‌ندی ده‌ستورێكی به‌هێزو ئاشكرایه كه سه‌رده‌م جومگه سه‌ره‌كیه‌كانی ده‌زگای حوكمڕانی به‌شێوه‌ی یاسایی رێكخستوه.
له‌م سیستمه‌دا سه‌رۆكی وڵات ده‌سه‌ڵاتێكی ره‌مزی‌و ته‌شریفاتی نیه، هه‌روه‌ك ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش بونی هه‌یه‌و له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا به‌رپرسیاره، له سیستمی نیمچه سه‌رۆكایه‌تیدا له‌به‌رئه‌وه‌ی سه‌رۆك شه‌رعیه‌ت راسته‌وخۆ له میلله‌ته‌وه وه‌رده‌گرێت كۆمه‌ڵێك سه‌ڵاحیاتی زۆری هه‌یه، له‌وانه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان‌و راگه‌یاندنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت، هه‌روه‌ها مافی سه‌پاندنی حاڵه‌تی له‌ناكاوی هه‌یه‌و له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا نوێنه‌رایه‌تی وڵات ده‌كات‌و ده‌توانێت بۆ مه‌سه‌له چاره‌نوسسازه‌كان پشت به پرۆسه‌ی ریفراندۆم‌و راپرسی ببه‌ستێ كه ئه‌و بریارو راسپاردانه‌ش له ئاستی ئه‌و یاسایانه‌دایه كه په‌رله‌مان په‌سه‌ندی ده‌كات.
له هه‌مانكاتدا جیاوازه له سیستمی سه‌رۆكایه‌تی چونكه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بونی هه‌یه‌و بونه‌كه‌شی پابه‌ندی ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌ڵاحیات‌و ده‌سه‌ڵاتی جیاوازه كه نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن ده‌كات‌و له‌به‌رده‌م په‌رله‌ماندا لێپرسراوه، به‌ومانایه‌ی په‌رله‌مان ده‌توانێت ماتمانه‌ی لێوه‌ربگرێته‌وه‌و له‌كاری بخات. دیاره هه‌مو ئه‌و رێوشوێن‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ش پشت به بونی ده‌ستور ده‌به‌ستێت.
له گرنگترین خاڵه لاوازه‌كانی سیستمی نیمچه سه‌رۆكایه‌تی ئه‌وه‌یه كه زۆرجار ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی وڵات‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانتوشی به‌ریه‌ك كه‌وتن ده‌بن ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ردوكیان نوێنه‌رایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ئه‌كه‌ن‌و روبه‌ره‌كانی كاركردنیان زۆر نزیك‌و به‌یه‌كداچوه، به‌وه‌ش پرۆسه‌ی سه‌ربه‌خۆ بون‌و جیاكردنه‌وه‌ی هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێ كردن‌و یاسادانان‌و دادوه‌ری روبه‌روی قه‌یران‌و كێشه ده‌بێته‌وه.
نیشتمانی سه‌ره‌كی ئه‌م سیستمه وڵاتی فه‌ره‌نسایه‌و مێژوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1958 كاتێك له‌سه‌رده‌ستی شارل دیگۆل كۆماری پێنجه‌می فه‌ره‌نسا له مێژوی ئه‌و وڵاته‌دا دروستده‌كات، ئه‌ویش به‌هۆی قه‌یرانه‌كانی داگیركردنی جه‌زائیره‌وه زنجیره‌یه‌ك قه‌یرانی سیاسی‌و یاسایی روبه‌روی فه‌ره‌نسابوه‌وه شارل دیگۆلی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی فه‌ره‌نسا ناچاربو هه‌مواری ده‌ستور بكاته‌وه‌و بنه‌مای سیستمێكی نوێ بهێنێته‌وه ئاراوه كه له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا به سیستمی نیمچه سه‌رۆكایه‌تی ناسرا. له‌ئێستادا نزیكه‌ی 45 وڵات په‌یڕه‌وی له سیستمی نیمچه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كه‌ن له نێویاندا (به‌رازیل، فینله‌ندا، سكۆتله‌نداو پورتوگال).
له هه‌رێمی كوردستان چی په‌یڕه‌و ده‌كرێت؟
هه‌رچی په‌یوه‌ندی به كوردستانیشه‌وه هه‌یه، راسته ئه‌وه نزیكه‌ی 20 ساڵی خاوه‌نی په‌رله‌مان‌و سیستمی كاری په‌رله‌مانین، به‌ڵام له ساده‌ترین به‌ركه‌وتدا ده‌ستوپه‌نجه له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كی خراپ‌دا نه‌رم ده‌كه‌ین، وێنه‌ی په‌رله‌مانێك كه به‌چه‌ندین هۆكاری خودی‌و بابه‌تی له‌ئێستادا له‌به‌رده‌م ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی‌و مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كان، خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی لاواز‌و نائه‌كتیڤ‌و له‌باشترین حاڵه‌تیشدا بێ كاریگه‌ری‌و حساب بۆ نه‌كراوه. له‌به‌رامبه‌ردا پرۆسه‌یه‌كی فره‌ره‌هه‌ند له تارماییدا كار ده‌كات بۆ تۆخكردنه‌وه‌ی وێنه‌كانی سه‌رۆك‌و داكوتینی ره‌گه‌كانی سیستمی سه‌رۆكایه‌تی، ئه‌گه‌رچی تائێستا ئه‌و پرۆسه‌یه شه‌رمنانه له‌نێو هاوكێشه سیاسیه‌كانی كوردستاندا خۆی نمایش ده‌كات به‌ڵام ئاماژه سیاسیه‌كان هێما بۆ واقیعێكی كاره‌ستبار ده‌كه‌ن واقیعێك كه تیایدا رۆژانه ده‌سه