11/08/2026
چالاکی وەرزشی ...
گەشتێکی شاخەوانی بۆ لووتکەی هەڵگورد (بەرزی ٣٦٠٧م).
لە ڕێکەوتی (٨/٨/٢٠٢٦) لە چوارچێوەی چالاکییە شاخەوانییەکانی گروپی شاخەوانیی «هاوڕێیانی پەیمانگا»، گەشتێکی شاخەوانیمان بۆ لووتکەی شاخی هەڵگورد ئەنجامدا، بە بەشداری پێنج ئەندام و بە سەرپەرشتی «د. ڕاستی نظیف صابر» و ڕێبەری کاک «دڵشاد مەجید».
لە کاتژمێر ٤:٠٠ی بەیانی لە کۆیەوە بەڕێکەوتین بەڕەو قەزای چۆمان، لەوێشەوە بەڕەو گوندی ناوەندە و دواتر بەرەو بناری شاخی هەڵگورد.
یەکێک لە جوانترین بەشەکانی ئەم گەشتە، ئەو سروشتە سەرسوڕهێنەرە بوو کە لە ڕێگاکەدا و لە دەوروبەری هەڵگورد بینیمان. ئاوی ساردی بەفر بەنەرمی لە نێوان بەرد و شاخەکاندا دەڕۆیشتن و تاڤگەکان دەنگ و سەدایان وەک مۆسیقا دەخستە دڵ و دەروونەوە.
لە هەموو لایەکەوە دیمەنی چەشمەندازی سەوزایی، دۆڵ و چیا تابلۆیەکی ڕەنگینیان نەخشاندبوو. لەنێو ئەم سروشتە دڵڕفێنەدا شوان و مەڕ و ماڵە مەڕدارەکان بەشێک بوون لە جوانی ئەو تابلۆیە و سادەیی ژیانی ناوچەکە؛ دیمەنێک کە مرۆڤ لە جەنجاڵی شار دوور دەخاتەوە و پەیوەستی سروشت و ژیانی سادە و ڕەسەنی کوردستانی دەکات..
دوای گەیشتن بە لووتکەی سەرکەشی شاخی هەڵگورد، لەو بەرزییە دڵڕفێنەدا ژەمی نیوەڕۆمان خوارد، بەدەم قسەی خۆش و گێڕانەوەی بەسەرهات و پێکەنینەوە چەندین وێنەمان گرت بۆ یادگاری. لە تەنیشت تاڤگەکان، دەنگی ئاو، بەردەباز، ساردیی هەوا، سەوزایی و دیمەنی شاخەکان هەموویان وایان کرد ئەو ڕۆژە ببێتە یادەوەرییەکی جوان و لەبیرنەکراو.
پاشان بە دڵخۆشی و سەلامەتی گەڕاینەوە بۆ خاڵی دەستپێک و لەوێشەوە بەڕەو شاری کۆیە گەڕاینەوە.
«هەڵگورد تەنها لووتکەیەکی بەرزی شاخ نییە؛ چیرۆکێکە لە بەفر و ئاو و سەوزایی، لە دەنگی تاڤگە و هەناسەی شاخ، کە هەر هەنگاوێک بەرەو لووتکە، زیاتر دڵ بە جوانیی خاک و نیشتیمان پەیوەستدەکات. لەوێ، لەسەر لوتکە و شان و ملی هەڵگورد، جوانیی کوردستانمان نەک تەنها بە چاو، بەڵکو بە دڵ بینی. هەڵگوردمان جێهێشت و دیمەن و یادگارییەکانمان لە دڵدا نەخشاند«.
بەشداربووان:
• د. ڕێبین عبدالخالق عبداللە
• د. کۆچەر خسرەو صالح
• مامۆستا ڕابەر عزیز ڕشید
• مامۆستا کامەران عزیز صابر
• د. ڕاستی نظیف صابر
سوپاس و پێزانین بۆ هەموو بەشداربووان و بەڕێوەبەرانی ئەم چالاکییە، کە بە هاوکاری و هاوڕێیەتییەکی جوان، ئەم گەشتەیان کردە ڕۆژێکی پڕ لە خۆشی و یادەوەری.
دەستەی کارگێڕی گروپی شاخەوانیی «هاوڕێیانی پەیمانگا».