Educational Development::گەشەی پەروەردەیی

Educational Development::گەشەی پەروەردەیی

Share

په‌یجێک تایبەت بە دید و تێڕوانینە پەروەردەییەکان

25/02/2026

میسی کاڵەک بە ئەژنۆی خۆی دەشکێنێت و پەشیمانە
ئەو کەملیارد لێرەو خاوەنی هەموو رەفاهیەتێکی ژیانە بەڵام زۆر نیگەران کە گرنگی بەخوێندن و خوێندەواری نەداوە، دەڵێ بم خوێندایە، بە خوێندن زیاتر تێدەگەیشتم و لەزۆر بڕیاری هەڵە دەیپاراستم.
دەڵێ ناهێڵن کوڕەکانی ئەم هەڵەی من دووبارە بکەنەوە.

21/02/2026

وانەیەکی گرنگ لە پێپ گواردیۆلاوە..

08/11/2025

نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی

بابەت: کەی دەست لەکار دەکێشیتەوە؟

بۆ بەڕێز: نەژاد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی

ئەمڕۆ، ئێمەی کۆمەڵێک مامۆستا و پەروەردەکار، لەژێر ناونیشانێکی زل و بریقەداری "سەردەمی نوێی پەروەردە و فێرکردن لەنێوان پێویستی و گەشەسەندندا"، کۆکرابووینەوە بۆ ئەوەی گوێبیستی دیدگا و فەلسەفەی بەڕێزتان بین بۆ ئەم سەردەمە نوێیە. بەڵام بەداخەوە، ئەوەی بینیمان و بیستمان، نەک هەر هیچ پەیوەندییەکی بەو ناونیشانە زلەوە نەبوو، بەڵکو سوکایەتییەکی ڕاستەوخۆ بوو بە کات و ئاستی مەعریفیی ئامادەبووان.

ئێمە نەهاتبووین گوێ لە نمایشێکی "من، من، من" بگرین. نەهاتبووین بۆ ئەوەی جەنابتان هەزار جار دووپاتی بکەنەوە کە "مودیر عام"ن و هەموو شتێک "من کردوومە". ئەم خۆ بەزلزانییە ئیدارییە، نیشانەی کەمیی مەعریفەیە، نەک لێهاتوویی. ئێمە هاتبووین بۆ کاکڵەیەکی مەعریفی، کەچی ئەوەی بینیمان توێکڵەکەشی نەبوو.

جەنابتان، لەبری ئەوەی بە ئەلفێکیش باسی فەلسەفەی "سەردەمی نوێی پەروەردە و فێرکردن..." بکەن، کە دەرکەوت بچووکترین شارەزاییتان تێیدا نییە، پەناتان بردە بەر نەوەد و نۆ سلایدی وشک و ئاماری! لە زیاتر لە سەعاتێک قسەکردنی کەرت و پەرت و پچڕپچڕدا، سەرەڕای چەندین جار ئاگادارکردنەوەی پێشکەشکار، هێشتا هەر نەوەستان. تا بە زەختێکی زۆر ڕاگیران، تازە گەیشتبوونە سلایدی چل و پێنج! بەڕێز، ئەمە ناوی ئیفلاسی مەعریفی و بێسەروبەرەییە لە پێشکەشکردندا.

کارەساتەکە تەنها ئەمە نەبوو. کارەسات ئەو کاتە بوو کە جەنابتان لە ترۆپکی فەلسەفاندنەکەتاندا فەرمووتان؛ تاقیکردنەوە ڕۆحی پەروەردەیە!

ئایا ئێوە دەزانن ئەم قسەیە چ مانایەکی هەیە؟ مانای ئەوەیە کە بەرپرسی یەکەمی پەروەردەی ئەم شارە، باوەڕی بە کۆنترین و دواکەوتووترین ئامرازی پەروەردەی کلاسیک هەیە کە کابووسی داهێنان و بیرکردنەوەی ئازادە. ئەم قسەیە بە تەنها بەسە بۆ ئەوەی بزانین پەروەردەی ئێمە لە چ دەستێکدایە.

لەوەش ناشرینتر، لەناو باڵەخانەیەکی چەند ملیۆن دۆلاریدا، گلەیی نەبوونی باڵەخانەتان دەکرد وەک بیانوویەک بۆ دواکەوتوویی کەرتەکە! جەنابی مودیر، کێشەی ئێمە بینا نییە. کێشەی ئێمە ئەو عەقڵیەتەیە. ئەو عەقڵیەتەی کە ئەگەر هەموو خوێندنگەکانیش بە ملیۆنان دۆلار نۆژەن بکرێنەوە، هەتا عەقڵیەتێکی وەک جەنابتی تێدا بێت کە پێی وابێت تاقیکردنەوە ڕۆحی پەروەردەیە، هەر هەمان دۆخی کارەساتبار دروست دەبێتەوە. تۆ وەک ئەو دکتۆرە وایت کە نەخۆشەکەی لە گیانکێشاندایە، کەچی ئەو باسی بۆیەی دیوارەکان دەکات!

ئێمە دەزانین کە ئەم پۆستە بەرکەوتەی تەسکی حیزبییە و لەسەر بنەمای شارەزایی پەروەردەیی دانەنراوە. بەڵام تا کەی دەبێت مامۆستایان و نەوەی نوێ باجی ئەم بێ شارەزاییە بدەن؟ ئەو مامۆستایانەی کە تەحەممولیان نەکرد و لە ناڕەزایەتیدا هۆڵەکەیان جێهێشت، نوێنەرایەتیی ویژدانی زیندوی پەروەردەیان دەکرد.

من دە جار دەستم بەرز کردەوە تا لەبەردەم هەموواندا هاوار بکەم: بەڕێز، بەم مەعریفە کەمە و ئەم دیدگا هەڵەیەوە، تۆ بۆ لەو جێگەیەیت؟ بەداخەوە سەرەم نەهات بەڵام خۆشبەختانە چەند مامۆستایەکی منەوەرم هێمایان بۆ هەمان داواکاری کرد ئەگەر تێگەیشتبیت.

تکایە، لەپێناوی چاکەی گشتیدا، کەی دەست لەکار دەکێشیتەوە؟ کاکە، ئەگەر زەڕەیەک حورمەتت بۆ عەقڵی ئامادەبووان و خۆشەویستیت بۆ پەروەردە هەیە، تۆ بۆ ئەو جێگەیە نابیت. تکایە، کەی دەست لەکار دەکێشیتەوە؟

لەگەڵ ڕێزی...

ڕەوا هەژار

تێبینیی کۆتایی

من تا ئێستا و دوای نزیکەی دە ساڵ ئەزموونی مامۆستایەتی و پەروەردە، زاتم نەکردووە بڵێم شارەزای بواری پەروەردەم، بەڵام لە چاو جەنابتا، خۆم بە عەللامە دەزانم.

01/10/2025

پەروەردە و عەسکەرتاریەت

جاران تێبینییەک دەکرا کە هاوکات وەک کێشەیەکی بونیادی لە پەروەردە و جۆری تێڕوانینی قوتابیان و تەنانەت خێزانەکانیش دەخرایە ڕوو؛ ئەویش بریتی بوو لەوەی زۆرینەی قوتابیان دەیانویست لە ئایندەدا ببن بە دکتۆر یاخود ئەندازیار! بەداخەوە لەسایەی ئەو هەلومەرجەی لەم ساڵانەی دواییدا هاتووەتە ئاراوە و هاوکات لەژێر کاریگەریەکانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و ئەو قەیرانی بێکارییەی یەخەی کۆمەڵگەی ئێمەی گرتووە، ئێستا لە بری دکتۆر و ئەندازیار، زۆرینەی قوتابیان خەونی بوون بە چەکدار و عەسکەریان هەیە!

کاتێک حکومەت و دەسەڵاتداران قەیران دوای قەیران ڕووبەڕووی کۆمەڵگەی دەکەنەوە و خەڵکیان تووشی قاتوقڕی و نەداری کردۆتەوە، هەلی کار بۆ هەڵگری بەرزترین بڕوانامەکانیش لە ئارادا نەبێت؛ کارمەند و مامۆستای حکومی حاڵیان شڕە و لەولاشەوە دامەزراندن بە تەنها بۆ هێزی چەکدار کراوە دەبێت(بە تایبەت هێزە حیزبیەکان). ئاخۆ دەمەزراوە ئەمنیەکان لە وڵاتی ئێمەدا کێشەی کەمی ژمارەی هێزی چەکداریان هەیە؟!
کاتێک تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پڕ دەبن لە نمایشی سەربازی و کەسانی سەربازی لە هەرە دیارترین و پڕ بینەرترین کەسانی ناو ئەو تۆڕانە دەبن؛ سەرۆک حیزب بە خۆشییەوە باس لە خولیای بۆ چەک و تەقەکردن دەکات! ئیدی قوتابی و منداڵی ئێمە چۆن خەون بە گرتنەدەستی چەک و تەقوتۆقەوە نابینێت؟!
سەرباری ئەمانە کاتێک پەروەردە و دامەزراوەکانی بێ بودجە و بێ حاڵوماڵن؛ هێزی ئەمنی خێریان پێدەکات و کەرەستەیان بۆ دابین دەکات(ڕاستتر بڵێین لە لایەن بەرپرسانی پەروەردە و هەندێک مامۆستاوە داوەت دەکرێن) وەک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە قەزای ڕزگاری بینیمان! ئەوکات قوتابیانی تەنانەت بازنەی یەکەمیش کەڵکەڵەی وازهێنان لە قوتابخانە و پۆشینی جلی سەربازییان لا دروستدەبێت.
ئایا نمایشی هێزی چەکدار لە قوتابخانەکان بە دەمامکەوە چ جۆرە بیرکردنەوەیەک لای قوتابیەکی بازنەی یەکەم و دووەم دروست دەکات؟!.. کامە تیۆر و یاسای پەروەردەیی جیهانی و تەنانەت ناوخۆییش پاڵپشتی وەها کارێک دەکات؟!
هێزی سەربازی نیشتمانی لە هەموو شوێنێک و لای هەموو کەسێک ڕێزلێگیراوە؛ بۆ ئاشتبوونەوەی کۆمەڵگە و پتەوکردنی پەیوەندی خەڵک و هێزە چەکدارەکانیش چەندین ڕێی و جێی یاسایی و پەروەردەیی هەن و دەکرێ لە کات و شوێنی خۆیدا جێبەجێبکرێن. لە ڕاستیدا گرنگترینیشیان مامەڵەی خودی ئەو هێزە چەکدارانەیە لە کاتی بەرکەوتنیان لەگەڵ خەڵک و ڕووداوە ئەمنیەکاندا!
پرسیارەکە ئەوەیە؛ گشت یاسا و ڕێنمایی و ئامۆژگارییە پەروەردەیەکان جەخت لە پەروەردەکردنی خوێندکار لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیان و مەدەنیەت و خۆشەویستی دەکەنەوە. هاوکات لەسایەی ئەو هەموو توندوتیژی و ڕووداوی کوشتنانەی لە وڵاتی ئێمەدا ڕوودەدەن، چ حەوجە دەکات بەوەی منداڵی ئێمە لەسەر توندوتیژی و شەڕەتەقە پەروەردە بکرێت!
ئێمە بۆ خۆمان لە ڕابردوودا و تاوکو ئێستاش کێشەی مامەڵەکردنی سەربازییانەی زۆرینەی مامۆستایانمان هەبوو لە قوتابخانەکاندا، جا بێنە ئێستا بە کرداری ناوەندە پەروەردەییەکانمان دەبنە جێگەیەک بۆ خەونی بەچەکداربوون!
بەڕێزان لەوەدا کایەی پەروەردە و سەربازی دوو کایەی جیاوازن لە جۆری بیرکردنەوە و مامەڵە و بەڕێوەبردنداندا، نەنگی نیە بۆ هیچ کامێکیان، بەڵام کاتێ بەو جۆرە تێکەڵ دەکرێن ئەوا بەداخەوە ئایندەیەکی باش چاوەڕوانی منداڵی کورد و کۆمەڵگەکەشمان ناکات. کە بۆ خۆی لە بنەڕەتدا سیخناخە بە گرژی و توندوتیژی..

هەردی عەباس/ مامۆستا و ڕاهێنەری پەروەردەیی

14/09/2025
21/08/2025

🔴 ئاگەداری..
ناونوسین بۆ ئەم ساڵی خوێندن لە ناوەندی پەروەردەی پێشوەختەی کەلار بۆ منداڵانی خاوەنپێداویستیی تایبەت دەستپێدەکات.

🔷 خزمەتگوزارییەکان:
-پشتیوانیی حکومی بەردەوام.
-ڕاهێنانی تایبەت و بێ بەرانبەر بەپێی پێداویستی هەر منداڵێک.
-ڕاهێنان لەڕووی (جەستەیی-دەروونی-ژیری)یەوە.
-بەشداریکردنی باوانی منداڵ لەپرۆسەی گەشەپێدان و ڕاهێنانی جگەرگۆشەکانیاندا.

🔻 تێبینی: وەرگرتنی منداڵ لەسەر بنەمای چەند پێوەرێک بۆ ئەم ساڵی خوێندن وەک ئەزمونێکی نوێ سنووردارە.
-تەمەنی منداڵی خاوەنپێداویستیی تایبەت لە خوار شەش ساڵان دەبێت.
- سەنتەرەکە حکومیە و بێبەرامبەرە
🔸 ناوونیشانی ناوەندی پەروەردەی پێشوەختەی کەلار بۆ منداڵانی خاوەنپێداویستیی تایبەت:
کەلار- بینای باخچەی ساوایانی کەلار، تەنیشت قوتابخانەی لەیلا قاسم.

📢 ناوتۆمارکردن: لە ڕۆژانی یەکشەم و دووشەم و سێشەم 24،25،26/8/2025
کاتژمێر: نۆی سەرلەبەیانی بۆ دوازدەی نیوەڕۆ.
-پێداویستییەکانی ناوتۆمارکردن: ناسنامە و ڕاپۆرتی پزیشکی کە دەستنیشانی حاڵەتی منداڵەکەی کردبێت.

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بەم ژمارە مۆبایلانەوە بکەن:
07761252025
07730240909

20/08/2025

پێویستیی شارێک و ئاوڕدانەوە لە سەدان منداڵ و خێزان

سڵاو هاوشارییانی ئازیز:
لەپێناو دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی باشتر و پەرەپێدان و بەگەڕخستنی تواناکانی منداڵانی خاوەنپێداویستیی تایبەت لە دەڤەری (گەرمیان)دا، لەچوارچێوەی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردنی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا، بۆ ئەم ساڵی خوێندن ناوەندی پەروەردەی پێشوەختەی کەلار بۆ منداڵانی خاوەنپێداویستیی تایبەت دەکرێتەوە.

ئامانج لە کردنەوەی ئەم ناوەندە پەرەپێدانی توانا جەستەیی، هزری، ڕەفتارییەکان و پێشکەشکردنی چارەسەرکردنە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانە بۆ منداڵانی خاوەنپێداویستیی تایبەت و پشتیوانیکردنی خێزانەکانیان بە گرتنەبەری کۆمەڵێک هەنگاو و ڕێوشوێنی پێویست لەلایەن ستافێکی شارەزا و دڵسۆز و ماندووێتینەناسەوە لە ژینگەیەکی لەبار و پارێزراودا و بەبێ بەرانبەر.

🔷 خزمەتگوزارییەکان:
-پشتیوانیی حکومی بەردەوام.
-ڕاهێنانی تایبەت و بێ بەرانبەر بەپێی پێداویستی هەر منداڵێک.
-ڕاهێنان لەڕووی (جەستەیی-دەروونی-ژیری)یەوە.
-بەشداریکردنی باوانی منداڵ لەپرۆسەی گەشەپێدان و ڕاهێنانی جگەرگۆشەکانیاندا.

🔻 تێبینی: وەرگرتنی منداڵ لەسەر بنەمای چەند پێوەرێک بۆ ئەم ساڵی خوێندن وەک ئەزمونێکی نوێ سنووردارە.
-تەمەنی منداڵی خاوەنپێداویستیی تایبەت لە خوار شەش ساڵان بێت.

🔸 ناوونیشانی ناوەندی پەروەردەی پێشوەختەی کەلار بۆ منداڵانی خاوەنپێداویستیی تایبەت:
کەلار- ناوبازاڕ- بینای باخچەی ساوایانی کەلار، تەنیشت قوتابخانەی لەیلا قاسم.

📢 ناوتۆمارکردن: لە ڕۆژانی یەکشەم و دووشەم و سێشەم 24،25،26/8/2025
کاتژمێر: نۆی سەرلەبەیانی بۆ دوازدەی نیوەڕۆ.
-پێداویستییەکانی ناوتۆمارکردن: ناسنامە و ڕاپۆرتی پزیشکی کە دەستنیشانی حاڵەتی منداڵەکەی کردبێت.

بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بەم ژمارە مۆبایلانەوە بکەن:
07761252025
07730240909

20/08/2025

🔴 بەم زووانە..
(ناوەندی پەروەردەی پێشوەختەی کەلار بۆ منداڵانی خاوەنپێداویستی تایبەت) دەکرێتەوە..

♦لە ناوەندەکەدا منداڵانی
خاوەنپێداویستی تایبەت مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکرێت.

♦ناوەندی پەروەردەی پێشوەختەی کەلار ناوەندێکی حکومیە و منداڵان بێبەرامبەر
تێیدا وەردەگیرێن.

ناونیشان: بینای باخچەی ساوایانی کەلار، تەنیشت قوتابخانەی لەیلا قاسم
ژ.م 07761252025

12/08/2024

منیش پیرۆزبایی لە سەرۆکی نوێی زانکۆ ئەکەم

زانکۆ وەک دامەزراوەیەکی گرنگی ئەکادیمی و زانستی چاوەڕێ دەکرێت خاوەن ڕۆڵ و پێگەی گرنگی خۆی بێت لە هەمبەر پێشکەوتنی کۆمەڵگا و ئاراستەکردنی پرس و ئاریشە ناوچەیی و هەرێمیەکاندا. لەم نێوەندەشدا کەسی سەرۆکی زانکۆ وەک بڕیاردەری یەکەمی دامەزراوەکە، بێشک کاریگەری لە ڕادەبەردەری لە پێشوەچوون یا پاشوەچوونی ئەو ناوەندە ئەکادیمیە دانسقەیەدا دەبێت..
هەڵکەوتەی زانکۆی گەرمیان لە ناوچەیەکدایە کە هێشتا بۆنی سوتوو و نەهامەتی مێژووی خەڵکە بەشمەینەتەکەی بە تەواوەتی دانەمرکاوەتەوە، هەر بۆیە ئەوە ئەهێنێت هاوڵاتی و تاکی ئێرە هەڵوەستە و پرسیاری جدی لەسەر دۆخ و ئاستی زانکۆکە هەبێت..

لەم ڕۆژانەدا سەرۆکی نوێی زانکۆکە دەستبەکار بووە، لە پاش قایلبوونی ڕێز بۆ پێگەی زانستی و ئیداری سەرۆکی زانکۆ و سەرجەم ئەکادیمیانی زانکۆکە.. بەندە ئەگەر هەلی ئەوەم بۆ ڕەخسابا کە لە نزیکەوە سەرۆکی زانکۆ ببینم، هەرچەندە لە ئێستادا لەتاو زۆری (سەردانی سەرجەم چین و توێژەکان بە مەبەستی پیرۆزبایی) ڕەنگە ئەوە کارێکی مەحاڵ بێت!
بە هەر حاڵ، بەندە لە دوای پیرۆزبایی لێم ئەپرسی: بەڕێز سەرۆکی زانکۆ، ئێوە پلانتان بۆ چوار ساڵی ئایندەی زانکۆکە چیە؟ بە تەمان لە ڕووی ئاستی زانستیەوە زانکۆکە بە کوێ بگەیەنن؟ بەرنامەتان بۆ باشکردنی ژینگەی ناو زانکۆکە چیە؟ بۆیە هەر لە سەرەتاوە باسی ژینگەی ناو زانکۆم ئەکرد، چون بەڕاستی لە ئێستادا کامپی زانکۆی گەرمیان زیاتر لە سەحرای نوگرەسەلمان و وێرانەی دوای جەنگ ئەچێت تاوەکو زانکۆیەکی سەردەمیانە، زەویەکی وشکهەڵاتووی قەرەبروت! ئەمە لە کاتێکدا ژینگەی زانکۆ یەکێکە لە گرنگترین ئەو فاکتەرانەی کە لە ڕیزبەندی زانکۆکاندا حسابیان بۆ ئەکرێت..
دەبێ لێرەدا ئەوە بڵێم، ئایا سەرەتای ماوەی دەستبەکاربوون لە پێگەیەکی وا گرنگدا، قابیلی ئەوەیە شەو و ڕۆژ بخرێتە سەر یەک بۆ تێگەیشتن لە کێشە و ئاریشەکانی زانکۆکە، بۆ کار و پلان بە مەبەستی چارەسەر، یاخود پێشوازیکردن لە سەرجەم چین و توێژەکان!(پەیجی زانکۆی گەرمیان تەنیا لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا زیاتر لە دوو سەد وێنەی پیرۆزبایی پۆست کردووە!)

هەر لەو چاوپێکەوتنەدا دەمپرسی: ئایا ئەتوانن بەڵێنی ڕەچاوکردنی پێوەری کارامەیی زانستی و پیشەیی لە دانانی پۆستە زانستی و ئیداریەکانی زانکۆدا بدەن؟! ئایا دەست بۆ دورخستنەوەی دەستی حیزب و کوتلەگەری و پێوەری نزیکایەتی ئەبەن؟ کەوا لە ماوەکانی ڕابردووودا لە زانکۆکەدا دەنگیدابوویەوە و توانا مرۆییەکانی فەتارەت بردبوو!

سەرجەم دانیشتووانی گەرمیان چاوەڕێدەکەن ئاخۆ لە چوار ساڵی ئایندەدا زانکۆ بە تەواوی ستافی ئەکادیمی و خوێندکارانی ئەوێ(کە گرنگترین ڕەگەزی ناو زانکۆن)، چ قسە و چارەسەرێکی جددیان لەسەر پرسە گەرمەکانی ئەم ناوچە کارەساتبارە دەبێت؟! پرسەکانی وەک نەبوونی هەلی کار، خراپی خزمەتگوزایە گشتیەکان، کەیسی ڕووباری سیروان، کەرتی پەروەردە و تەندروستی خراپی ناوچەکە، کێشەی گەندەڵی و سەروەرنەبوونی یاسا، و دەیان پرسی تری ناوچەکە لە سایەی پلان و پێشنیاری زانکۆکەیاندا بە وێ دەگەن.

سەرۆکی زانکۆ کە پلەکەی بریکاری وەزیر و ئەندامی ئەنجوومەنی وەزارەتیشە لە هەمان کاتدا، ئایا چۆن ئەبێت پێشوەختە ڕووئیا و بەرنامە و پلانی خۆی بۆ ماوەی ئایندەی سەرۆکایەتیەکەی ڕوو نەکات؟ هەر کێیەک لەسەر کورسی سەرۆکایەتیەکەی دابنیشێت چ زیادەیەکی بۆ گەرمیان لە لایەک و، داڕشتنی سیاسەتی گشتی زانکۆیی و ڕەوتی خوێندن لە وڵاتەکەدا، لە لایەکی تر پێ دەبێت؟!

بەو بۆنەیەوە شیاوی هەڵوەستەلەسەرکردنە ئایا هیچ کەس و لایەنێک هەڵسەنگاندنی زانستی و لۆژیکی بۆ ئاستی بەڕێوەبردنی زانکۆکە لە چوار ساڵی ڕابردوودا کردووە؟ زانکۆکە لە کوێوە گەیشت بە کوێ، چەند لەسەدی پلانەکان جێبەجێکران؟ کێشەکان چارەسەر کران یا چەند هێندە بوون؟
لەم پەیوەندەدا ڕاستیەک هەیە دەبێ جەختی لێبکەینەوە؛ ستافی ئەکادیمی زانکۆ و سەرجەم مامۆستایان، بەرپرسیارێتی گەورەی مێژوویی لە چاودێریکرنی ڕەوتی بەڕێوەبردنی زانکۆیان لە ئەستۆدایە و لە حاڵەتی بێدەنگبووندا بەرامبەر کەموکورتیەکان، بەرپرسیارێتی مێژوویی وە ئەستۆ دەرگرن..
هەر بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین؛ داخۆ لە سەردانەکانی پیرۆزباییدا چەندێک لەو پرس و ئاریشانەی سەرەوە شرۆڤە و باس کراون؟

دوبارە پیرۆزە و بە هیوای ئاوەدانی و پێشکەوتنی زیاتر بۆ زانکۆی گەرمیان..
هاوڵاتی: هەردی عەباس

10/08/2024

مرۆڤایەتی لە سەردەمی ژیری دەستکردا

لەم ڕۆژگارەدا، مرۆڤایەتی لەگەڵ چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشدا دەست و پەنجە نەرم دەکات، ژیری دەستکرد ئەو حەکایەتە سەرسوڕهێنەرەیە کە بە شێوازێکی جودا لەو شۆڕشانەی کە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕوویانداوە مانا بە ژیانی مرۆڤەکان دەبەخشێت.

وا بیربکەرەوە لە ساڵی (٢٠٥٠)دا ژیان بەڕێ دەکەیت، هەموو ئەو ئیشانەی مرۆڤەکان بە ئاگاییەوە ئەنجامی دەدەن، ڕۆبۆتەکان بە هوشیاری و هەست و سۆزەوە، ئاسانتر و باشتر لە مرۆڤەکان جێبەجێی دەکەن. لە بیست و پێنج ساڵی داهاتوودا، تەکنۆلۆجیای ژیری دەستکرد کۆنترۆڵی ژیانی مرۆڤەکان دەکات، ئایا ژیان لە دنیایەکی وادا بۆ مرۆڤەکان چ مانایەکی دەبێت؟

ئالان تورینگ بیرکاریزانی بەریتانی کە بە باوکی زانستی کۆمپیوتەر دەناسرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵی (١٩٥٠) لە توێژینەوەیەکیدا دەپرسێت: "ئایا ئامێرەکان دەتوانن بیربکەنەوە؟" بۆ ئەو مەبەستە تاقیکردنەوەی تورینگی داهێنا. لە ڕاستیدا، چیرۆکی ژیری دەستکرد لەگەڵ جۆن مەکارسی (١٩٢٧ - ٢٠١١) دەست پێدەکات. مەکارسی کە بە باوکی ژیری دەستکرد دەناسرێت بۆ یەکەمجار لە کۆنفرانسێکدا لە کۆلێجی دارمۆس ساڵی (١٩٥٦) لە توێژینەوەیەکیدا ئەم زاراوەیەی داهێنا. مەکارسی پێی وایە، ژیری دەستکرد بریتییە لە "زانستی ئەندازیاری دروستکردنی ئامێری زیرەک." واتا زانستی دروستکردنی ئامێر و پرۆگرامکردنی لە ڕێگەی بەرنامەسازی کۆمپیوتەرییەوە، کە ئامێرەکان توانای بیرکردنەوەیان هەبێت بە هەمان شێوەی مێشکی مرۆڤ، هەروەها فێربوون و بڕیاریاردان و مامەڵەکردنیان بە هەمان ئاستی بڕیاردان و فێربوون و مامەڵەکردنی مرۆڤ بێت!

لە کاتێکدا دەتوانین بە مۆدێلێک بڵێین زیرەک و بە سیستەمی ژیری دەستکرد ئیش دەکات، ئەگەر ئەم سێ تایبەتمەندییە سەرەکییانەی خوارەوەی تێدا بێت:
١- توانای فێربوون: واتا ئەو ئەلگۆریتمەی کە لە دیزاینکردنی مۆدێلەکەدا بەکاری دەهێنین هاوشێوەی مێشکی مرۆڤ توانای فێربوونی هەبێت.
٢- کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتا: مۆدێلەکە توانای کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتاکانی هەبێت و پەیوەندی و گشتاندن لە نێوان داتاکاندا دروست بکات.
٣- بڕیاردان: سیستەمەکە لەسەر بنەمای پرۆسەی شیکردنەوەی داتاکان توانای بڕیاردانی دروستی هەبێت.

بۆ ئەوەی بتوانین مۆدێلێک دروست بکەین ئەو سێ تایبەتمەندییەی سەرەوەی تێدابێت و بە باشی ئیش بکات، پێویستمان بە کۆمپیوتەری تایبەتمەندی بەرز و داتای گەورە هەیە. داتای زۆر یاخود داتای گەورە سامانی ڕاستەقینەی ئەو سیستەمانەیە کە بە تەکنۆلۆجیای ژیری دەستکرد ئیش دەکەن وەکو ئەو ئەپڵیکەیشنانەی کە بۆ گفتوگۆکردن سوودیان لێدەبینین یان ئۆتۆمبێلی بێ شۆفێر (ئۆتۆمبێلی خودئاژۆ). بەبێ بوونی داتای گەورە، ناتوانرێت تەکنۆلۆجیای ژیری دەستکرد و ڕۆبۆتەکان دیزاین بکرێن. بەبێ بوونی داتای گەورە ناتوانرێت شیکردنەوە بۆ هەستی کەسەکان و پێداویستییەکانیان بکرێت، هەروەها مەحاڵە بەبێ بوونی داتای گەورە (ماڵی زیرەک، شاری زیرەک، کۆمەڵگەی زیرەک و ........ هتد) دروستبکرێت. واتا، داتای گەورە ڕۆحی ڕاستەقینەی سیستەمە دەستکردە زیرەکەکانە! حکومەتی بەریتانیا لە ساڵی ٢٠١٢ داتای گەورەی بە یەکێک لە هەشت تەکنۆلۆجیا گەورەکانی داهاتووی ژیانی مرۆڤایەتی دەستنیشان کرد.

بیروڕای جیاواز لە بارەی ژیری دەستکردەوە

لە ئێستادا ژیری دەستکرد، لە زۆرینەی بوارەکانی ژیاندا پێشکەوتنی تەکنیکی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە، لە بوارەکانی پیشەسازی و پەروەردە و تەندروستی و کشتوکاڵ و سەربازی و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ و لایەنەکانی تری ژیاندا لە گەشەکردندایە. لە لایەکی دیکەوە، بڵابوونەوەی ئەپڵیکەیشنەکانی ژیری دەستکرد ترس و نیگەرانی زۆری لە ژیانی مرۆڤەکاندا دروستکردووە، وەکو زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و دروستکردنی هەواڵی ساختە، هەروەها ساختەکردنی (دەنگ، ڕوخسار و ڤیدیۆی) مرۆڤەکان و نادروستی لە داتاکاندا کە ڕەنگە ببێتە هۆی لایەنگیری لە بڕیارداندا، یاخود دانانی چیپی پرۆگرامکراو لە ناو مێشکدا بە مەبەستی وەرگرتنی کۆپییەک لە بیرکردنەوەی مرۆڤەکان.

پسپۆڕان بۆچوونی جیاوازیان هەیە لەسەر ژیری دەستکرد، بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەم تەکنۆلۆجیایە ژیانی مرۆڤەکان باشتر و ئاسانتر دەکات. مارک زوکەربێرگی دامەزرێنەری کۆمپانیای مێتا، بۆچوونی وایە ئەو کەسانەی کە لە تەکنۆلۆجیای ژیری دەستکرد دەترسن، مرۆڤەکان بەرەو وەهم و چەواشەکاری دەبەن. هەندێک لە زانایان و پسپۆڕانیش ڕای جیاوازیان هەیە و پێیان وایە ئەم تەکنۆلۆجیایە کاردانەوەی ترسناکی بۆ مرۆڤایەتی دەبێت. ئیلۆن ماسک دامەزرێنەری کۆمپانیاکانی (تێسلا، سپەیس ئێکس، نیورۆلینک و ...... هتد) کە خودی خۆی پەرە بەم تەکنۆلۆجیایە دەدات، پێی وایە ژیری دەستکرد مرۆڤایەتی بەرەو جەنگی جیهانی داهاتوو دەبات، هەروەها فیزیازانی براوەی خەڵاتی نۆبڵ ستیڤن هاوکینگ ئاماژەی بۆ ئەوە دەکرد کە پەرەسەندنی ژیری دەستکرد ڕەنگە ڕێگە بۆ کۆتایهاتنی ڕەگەزی مرۆڤ خۆش بکات. نیک بۆسترۆم پرۆفیسۆر و پسپۆڕی بواری ژیری دەستکرد ئاماژە بە ترسناکی ئەم تەکنۆلۆجیایە دەکات و پێی وایە پێویستە ژیری دەستکرد لە ژێر دەسەڵاتی مرۆڤەکاندا بمێنێتەوە و دەرفەت بە ڕۆبۆتەکان نەدرێت، بۆ ئەوەی نەبنە هۆی مەترسی بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی.

ژیری دەستکرد لە دوانەیەک دەچێت کە یان بەختەوەری یان نیگەرانی گەورە بۆ مرۆڤایەتی دەهێنێت. کێشە لە خودی تەکنۆلۆجیای ژیری دەستکردا نیە، بەڵکو کێشە لە چۆنێتی بەکارهێنانی ئەم تەکنۆلۆجیایە لە لایەن مرۆڤەکانەوە. ژیری دەستکرد هەروەکو چۆن سوودی هەیە، بە هەمان شێوە زیانیشی هەیە، وەکو داهێنانی فڕۆکە وایە، دەتوانێت ژیانی مرۆڤایەتی خێراتر و ئاسانتر و باشتر بکات، دەشتوانێت ژیانی مرۆڤەکان لەناو ببات، هەروەکو لە سیستەمی ئیشكردنی درۆنەکان و تەکنۆلۆجیای سەربازی پێشکەتوودا دەبینرێت. سەرەڕای درککردنی پسپۆڕان و لایەنگیری هەر کەسەیان لە بۆچوونەکەی خۆی، تەکنۆلۆجیای ژیری دەستکرد جۆرێک لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی تووشی هەمووان دەکات. پسپۆڕان پێیان وایە لە داهاتووی نزیکدا، هەر لایەنێک خاوەندارێتی ژیری دەستکرد بکات، ئەوا حکومی جیهان و داهاتووی مرۆڤایەتی دەکات!

ترسناکی سیستەمەکانی ژیری دەستکرد لەوەدایە کە کۆمپانیاکان و حکومەتەکان ئەم تەکنۆلۆجیایە بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی مرۆڤەکان بەکاربهێنن. مەترسییەکە لەوەدایە کە حکومەتەکان و کۆمپانیاکان بە هەماهەنگی لە ڕێگەی سوودبینین لەم تەکنۆجیایەوە لەبارەی ژیانی تایبەتی مرۆڤەکانەوە زیاتر لە خۆیان زانیارییان هەبێت و شارەزای ژیانیان بن، هەروەها زانیارییەکانیان بە مەبەستی سیاسی بەکاربهێنن. ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات دەستکاری هەست و بۆچوون و هەڵبژاردن و ئازادی و بیرکردنەوەی مرۆڤەکان بکەن. ئەم کۆنترۆڵکردنە لەوەوە دێت کە کۆمپانیاکانی بواری تەکنۆلۆجیا لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنەکانی سۆشیال میدیا، یاخود ئەپڵیکەیشنە زیرەکەکانی ترەوە بتوانن دەستبکەن بە چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی ئەوەی کە لە جەستە و مێشكی مرۆڤەکاندایە. ژیری دەستکرد دەگاتە ئاستێک گەر مرۆڤەکان بەکاریشی نەهێنن ئەوا ئەو مرۆڤەکان بەکاردەهێنێت.

هۆشمەندی لە نێوان ژیری مرۆڤ و ژیری دەستکردا

لە ڕاستیدا، جیاوازییەکی جەهەری لە نێوان زیرەکی و هۆشـمەندی هەیە، سیستەمەکانی ژیری دەستکرد زیرەکن بەڵام هوشیارنین واتا نەگەیشتوون بە قۆناغی هۆشمەندی. لە کاتێکدا، زیرەکی بریتییە لە توانای چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەوە هۆشمەندی توانای هەستکردنە بە شتەکان لەوانە: خۆشەویستی، ڕق، چێژ، ئازار. مرۆڤی ژیر بونەوەرێکی ئاگامەندە، واتا بە تێڕامان و تێگەیشتنێکی قوڵەوە لێکدانەوە و ڕاڤەی پرسە گرنگەکان دەکات. لە ئێستادا، ئێمە لە قۆناغی ژیری دەستکردی لاوازداین، هێشتا نەگەیشتووین بە قۆناغی ژیری دەستکردی گشتی (لەم قۆناغەدا، ژیری ڕۆبۆتەکان دەگاتە ئاستی ژیری مرۆڤەکان). لەدوا قۆناغدا، دەگەینە ژیری دەستکردی سەروو زیرەکی (لەم قۆناغەدا، ڕۆبۆتەکان کۆنترۆڵی ژیانی مرۆڤەکان دەکەن و ئاستی ژیریان دەگاتە سەروو ئاستی ژیری مرڤەکان).

لە کاتێکدا، کۆمپانیاکان ناچار بوون لە نێوان زیرەکی و هۆشیاریدا هەڵبژێرن، لەو کاتەدا بە ئەگەرێکی زۆر ناچار دەبن زیرەکی هەڵبژێرن. کاتێک ئۆتۆمبێلی خودئاژۆ جێگای ئۆتۆمبێلی کلاسیکی بگرێتەوە، کاتێک ڕۆبۆتێکی پزیشک لە بڕی پزیشکێکی مرۆڤ ئیشەکان باشتر ئەنجام بدات، ئیدی لە سەرانسەری جیهان ملیۆنان شۆفێر و پزیشک بێکار دەبن، هەرچەندە ئۆتۆمبێلی زیرەک و ڕۆبۆتەکان وەکو مرۆڤەکان خاوەنی هیچ درک و ئاگاییەک نین. ئەم تەکنۆلۆجیایە دەرفەتی نوێی کارکردن دەڕەخسێنێت، ئەگەر کۆمپانیایەکی بواری گواستنەوە بیەوێت هەموو ئۆتۆمبێلەکانی شارێکی گەورە خودئاژۆبن و پێکەوە لە سیستەمێکی پێشکەوتووی ژیری دەستکردا دابنرێن و لەڕێگای ئینتەرنێتێکی بەهێزەوە چاودێری بکرێن. ئەوە دەتوانن بە داگرتنی کلیکێک (گرتەیەک) لە کەمترین کاتدا پێکەوە پەیوەندی دروست بکەن و نوێیشببنەوە و باشتر لە مرۆڤەکان ئیشەکەیان ئەنجام بدەن.

ئێمەی مرۆڤ لە بنەڕەتدا، خاوەنی دوو جۆر توانا و لێهاتووین، توانای جەستەیی و توانای فێربوون (مەعریف)ی، ئەگەر کۆمپیوتەرەکان لەم دوو کارامەییەدا لە مرۆڤەکان بە تواناتر و باشتربن ئەوە لە کارە نوێیەکانیشدا لە مرۆڤەکان باشتر دەبن. ئەو کات لە وەها دنیایەکدا مرۆڤەکان دەبێت چی بکەن؟ لە جیهانێکی وادا نەوەیەکی گەورەی بێکەڵک دروست دەبێت. لە ئێستادا هیچ مۆدێلێکی ئابوریمان نیە لەبەرانبەر وەها دۆخێکدا. ڕەنگە ئەمە گرنگترین ئاڵنگاری و گەورەترین پرسیاری سیاسی و ئابوری سەدەی بیست و یەکەم بێت. لە کاتێکدا، ئێمەی مرۆڤ بۆ هەر پرسێک یاخود وەڵامی هەر پرسیارێک پشت بە سیستەمەکانی ژیری دەستکرد ببەستین، ئەوە بەشێکی زۆری ژیری یاخود یادەوەری لە دەست دەدەین و چیتر ناتوانین پشت بە بیرکردنەوە و توانای مەعریفی خۆمان ببەستین. ئێمە هەتاوەکو زیاتر گفتوگۆ لەگەڵ ئەو ئەپڵیکەیشنانە بکەین کە بە ئەلگۆریتمەکانی ژیری دەستکرد ئیش دەکەن، ئەوە ئەوان زیاتر ڕاهێنان لەسەر داتاکان دەکەن و فێردەبن و بانکی زانیاری و مەعریفییان دەوڵەمەندتر دەبێت، چونکە توانای دروستکردنی پەیوەندی و گشتاندنی بیرۆکەکانیان هەیە.

گەر بمانەوێت ئاوڕێک لە لایەنی تەندروستی مرۆڤەکان بدەینەوە، بۆ نموونە لە بواری پزیشکیدا دوو قۆناغی گرنگمان هەیە: قۆناغی یەکەم: دەستنیشانکردنی جۆری نەخۆشییەکەیە، قۆناغی دووەم: چارەسەرکردنی نەخۆشییەکەیە، ئێستا ئەلگۆریتمەکان زۆر بە وردی دەستنیشانی نەخۆشییەکان دەکەن و بە دروستیش پێشنیاری دەرمان یاخود نەشتەرگەری دەکەن، ئەمەش هاوکارێکی باشی پزیشکەکان و نەخۆشەکانیش دەبێت. بەڵام لێرەدا، ئەلگۆریتمەکان یاخود سیستەمەکانی ژیری دەستکرد خاوەنی هیچ جۆرە هۆشمەندییەک یاخود هەستێک نین، بەڵام پزیشکێکی مرۆڤ دەتوانێت بە شێوازێکی عاقڵانەی پڕ لە هەست و سۆز گفتوگۆ لەگەڵ نەخۆشەکان بکات، ئەمەش بۆ لایەنی دەروونی نەخۆشەکان گەلێک پێویست و گرنگە. تەکنۆلۆجیای ژیری دەستکرد توانای دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی هەر خانەیەکی شێرپەنجەیی دەبێت، ئەمەش دەبێتەهۆی چارەسەرکردنی نەخۆشی شێرپەنجە پێش ئەوەی گەشە بکات و بڵاوببێتەوە لە ناو جەستەی نەخۆشەکاندا.

دەرئەنجام

ڕۆبۆتەکان بۆ ئەوەی بتوانن جێگای مرۆڤەکان بگرنەوە دوو کارامەیی گرنگ هەیە پێویستە بە دەستیبهێنن، یەکەم: بتوانن ببنە خاوەنی ئاگایی واتا هۆشمەندی و هەست و سۆزی تایبەت بە خۆیان هەبێت. دووەم: گرنگە بتوانن بەبێ دەستێوەردانی مرۆڤەکان سەربەخۆ ئیشەکانی خۆیان بە دروستی ئەنجام بدەن. ڕۆبۆتەکان بۆ ئەوەی بتوانن ئاراستەی ژیانی مرۆڤەکان بکەن، پێویستە ئازاد و سەربەخۆبن و توانای دروستکردن و داهێنانیان هەبێت و بیرۆکەی نوێ بەرهەم بهێنن.

لە ڕاستیدا، سیستەمەکانی ژیری دەستکرد لە داهاتووی نزیکدا دەبنە خاوەنی دوو توانای گرنگ، ئەوانیش توانای پەیوەندی دروستکردن و توانای نوێبوونەوە لە کەمترین کاتدا. لە داهاتووی نزیکدا، ڕۆبۆتەکان توانای ئەوەیان دەبێت کۆنترۆڵی ژیانی مرۆڤەکان بکەن، هەروەکو چۆن بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی ئەفسانەکان و حەکایەتەکان و دینەکان و ئایدیۆلۆژیاکان ژیانی مرۆڤەکانیان ئاراستە کردووە. بۆ ئەوەی ببینە بەشێک لە پێشکەوتنەکانی دنیا، پێوستە پەرە بەم تەکنۆلۆجیایە بدەین. لە کۆتایدا، ئێمەی مرۆڤی ژیر لە تەکنۆلۆجیای ژیری دەستکرد بترسین یاخود بەبێ نیگەرانی ئیشی لەسەر بکەین، ڕێگری لەم تەکنۆلۆجیایە بکەین یاخود پەرەی پێبدەین، ڕاستییەک هەیە گرنگە بیزانین، داهاتووی مرۆڤایەتی بەدەست ئەم شۆڕشە تەکنۆلۆجییە سەرنجڕاکێشەوە دەبێت.

سەرچاوەکان

- مکس تگمارک. ٢٠١٧. زندگی ./٣ - انسان بودن در عصر هوش مصنوعی. ترجمە: محمد میثم محمدامینی.
- یووڤاڵ نووح هەراری. ٢٠٢١. هۆمۆدیۆس. وەرگێڕانی: عەلی نادر.
- Pshtiwan J. Karim, Sabah R. Mahmood, Melike Sah. 2023. Brain Tumor Classification using Fine-Tuning based Deep Transfer Learning and Support Vector Machine. International Journal of Computing and Digital Systems.
- د. ئیهاب خەلیفە. ٢٠٢٤. کۆمەڵگای دوای زانیاری. وەرگێڕانی: نەوزاد عومەر عەلی.
..........................................
پشتیوان جبار

10/08/2024

هۆکاری بێ تاقەتی و دڵتەنگی مرۆڤەکان چییە ؟
دەرونناسێک بە ناوی ماسلۆ ٥٠ ساڵ لەمەو پێش وەڵامەکەی زۆر بە جوانی ئاشکراکردووە...
ئەو پاڵنەر و هاندەرانەی مرۆڤەکان ئەجوڵێنن لە ژیاندا
ماسلۆ هەرەمێکی لێ دروستکردن و پۆلێنی کردن بۆ :

١. نیازو پیداویستیە فسیۆلۆجیەکان : ئەمەش سەرەتایترین پێویستی مرۆڤە وەک هەناسەدان ، نان و ئاو ، خەوتن و سێکس و سەرئاوکردن.

٢. سەلامەتی و دڵنیایی : مرۆڤەکان هەوڵەدەن خۆیان و ماڵ و مناڵ و پیشەو پارەو داراییان سەلامەت بێت.

٣. خۆشەویستی و مەحەبەت : مرۆڤەکان کاتێک نیازەسەرەتاییەکانی خاڵی یەکەم و دووەمیان دەستەبەرکرد هەوڵی ئەوەدەدەن خۆشەویستی لەگەڵ هاوڕێ و هاوسەرو کەسانی نزیکیاندا بگۆڕنەوە، بە دوای پەیوەندی عاشقانەو قوڵبونەوەی ناخ و هەستەکانیانەوەن...

٤. عزەت و حورمەتی نەفسی self esteem : ئینسانەکان لە دوای نیازەکانی پێشوو وێڵن بە دوای ئەوەی بڕوایان بە خۆیان بێت و ڕێزی خەڵکی بگرن و خەڵکی ڕیزیان بگرن و حسابیان بۆ بکرێت لە ناو خەڵکدا.

٥. خۆسەلماندن و شکۆفابوون self actualization : لە کۆتایدا مرۆڤ وێڵە بە دوای مۆراڵ و بەرهەمداری لە ژیاندا و هەوڵی کیشەچارەسەرکردن و قبوڵکردنی ڕاستیەکان دەدات.

ئێستا پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە زۆربەی خەڵکی ئێمە لە کوێی ئەم هەرەمەدا خۆی ئەبینێتەوە؟
ئەگەر بە ووردی دیقەت بدەیت خاڵی یەکەم و دوەمی هەرەمەکە، پێداویستیە بنەڕەتیەکانی ئیمەن و هێشتا بەردەست نین بۆ زۆرینەی خەڵک و زۆربەی هەرەزۆری تاکی ئێمە وێڵە بە دوای نان و ئاوێکی باش و خەوێكی راحەت و سێکس و سەلامەتی ماڵ و مناڵیدا، ئەمەش هۆکاری سەرەکی بێ تاقەتی زۆرینەی کۆمەڵگەیە ، چونکە خاڵی یەکەم و دووەم ئەگەر بەردەست نەبوون مرۆڤەکان توشی شڵەژان و تێکچونی باڵانسی دەرونی دەبن...
م. دڵشاد ساڵح

Want your school to be the top-listed School/college in Kalar?

Click here to claim your Sponsored Listing.

Location

Website

Address


Kalar