د. کاوە شێروانی

د. کاوە شێروانی په‌یجی فه‌رمی پرۆفیسۆر د. كاوه عبدالكریم شێروانی

د. كاوه عبدالكریم شێروانى له ساڵى ١٩٧٢ له هه‌ولێر له دایكبووه. قۆناغه‌كانى خوێندنى هه‌ر له‌م شاره ته‌واو كرده‌وه، ته‌نها دكتۆراكه‌ى نه‌بیت كه به‌شێكى له ئه‌مریكا له زانكۆى سینسیناتى بووه.
دكتۆراكه‌ى له‌ بوارى گووتارشیکاری سیاسی بووه له زمانی ئینگلیزی، ماسته‌ره‌كه‌ى له بوارى زمانى میدیا بووه. به‌كالۆریوسى له ئه‌ده‌ب و زمانى ئینگلیزی بووه. دبلومێکی دوو ساله‌شى له بوارى كاره‌با هه‌یه.
چه‌ندین پۆستى كارگیری و زانستی بینیوه له‌وانه: سه‌رۆكى به‌شى وه‌رگیران، سه‌رۆكى به‌شى كتێبخانه و زانیارى، به‌ریوه‌به‌رى دڵنیایى جۆرى له سه‌رۆكایه‌تى ده‌سته‌ى خوێندنى ته‌كنیكى، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانى سه‌نته‌رى زانیارى و لیكۆلینه‌وه‌ى ستراتیژی کوردستان، یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى قوتابیان.
ئیستا سه‌رۆكى زانكۆى پولیته‌كنیکی هه‌ولیره.

سیمینارێک لەبارەی ژیریی دەستکرد لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی هەولێر
22/09/2026

سیمینارێک لەبارەی ژیریی دەستکرد لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی هەولێر

20/09/2026

لە زانکۆی ئەربیلی نێودەولەتییەوە ساڵی نوێی خوێندنتان پیرۆزبێت

یونیکۆد و زمانی ستانداری کوردید. کاوە شێروانیلەگەڵ پێشکەوتنە خێراکانی تەکنۆلۆجیا و پەیدابوون و بازدانەکانی ژیریی دەستکرد...
18/09/2026

یونیکۆد و زمانی ستانداری کوردی
د. کاوە شێروانی

لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکانی تەکنۆلۆجیا و پەیدابوون و بازدانەکانی ژیریی دەستکرد زۆر بابەتی کۆنی هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراو هاتنەوە بەر باس و لێکۆڵینەوە. یەکێک لەو بابەتانە کێشەی بەستاندارکردنی زمانی کوردییە.
هەوڵ و پڕۆژەی زۆر هەن و هەبوون بۆ بەستانداردکردنی زمانی کوردی. ئەم پرۆسەیە گرفت و بەربەست و ئالنگاری زۆرن. لەلایەکەوە کورد خەریکە ببێتە خاوەنی دوو ستاندار. لەلایەکی ترەوە لەنێو یەک شێوە زاری نیمچە ستاندار کێشەی رێنووس و جیاوازی زار و بنزارەکانمان هەیە.
دەبێ لە زەمەنی ئەی ئای بەگشتی و یونیکۆد بەتایبەتی، بەستاندارکردنی زمانی کوردی چی لێبێت؟
بەکۆدکردنی زمانی کوردی لە سیستەمی یونیکۆد بناغەی هەرە گرنگە بۆ بەستانداردکردنی، چونکە کێشەی سەرەکی کوردی ئەوە نیە کە پیتەکانی نییە، کێشەکە ئەوەیە پیت و دەنگەکانی زۆرن و هەر کەسەو بە جۆرێکی جیاواز دەیانووسی و گۆیان دەکات.
پێش یونیکۆد، بۆ ئەوەی لە کۆمپیوتەردا بە کوردی بنووسیت، دەبوو فۆنتێکی تایبەت دابەزێنیت. ئەگەر تۆ بە فۆنتێکی تر و کەسێکی تر بە فۆنتێکی تر بینووسیایە، هەمان وشە لە بنەڕەتدا دوو کۆدی جیاوازی دەبوو. بۆیە گەڕان و ڕیزبەندی و ڕاستنووسی زۆر زەحمەت دەبوو.
یونیکۆد ئەم کێشانە چارەسەر دەکات:
١. یەک پیت = یەک کۆد
ئێستا بۆ هەموو پیتە تایبەتەکانی کوردی کۆدێکی جیهانی هەیە:
پ، چ، ڤ، ژ، گ، ڵ، ێ، ۆ، ە
یاسای ستاندارد ئێستا دەتوانێت بڵێت: دەبێت وشەی "ڵاڵ" بە پیتی ڵ بنووسیت کە کۆدەکەی U+06B5 ە، نەک بە ل ی ئاسایی. ئەمەش بناغەی ڕێنووسە.
٢. یەک کیبۆردی فەرمی
کاتێک کۆدەکان یەکدەخرێن، دەتوانرێت یەک کیبۆردی فەرمی بۆ سۆرانی و یەک بۆ کرمانجی دروست بکرێت کە لە هەموو مۆبایل و کۆمپیوتەرێکدا وەک خۆی کار بکات. ئێستا لە کوردستان چەندین کیبۆرد هەیە کە هەمان پیت بە کۆدی جیاواز دەنووسن. ستانداردکردنی کیبۆرد یەکەم هەنگاوی ستانداردکردنی نووسینە.
٣. ئامرازەکانی ستانداردکردن
هیچ هەڵەچن (spellchecker)، وەرگێڕی ئۆتۆماتیکی، یان فەرهەنگی ئەلیکترۆنی دروست نابێت ئەگەر بنکەداتاکەی پێشوەختە تێکەڵ بێت. کاتێک هەموو دەقەکان بە یونیکۆد و بە یەک شێواز کۆگا دەکرێن، ئەو کات دەتوانیت:
• فەرهەنگێکی گەورەی کوردی دروست بکەیت
• هەڵەچنی ئۆتۆماتیکی بۆ Word و Google دابنێیت
• زمانی کوردی بخەیتە ناو ئەپەکانی خزمەتگوزارییە جیاجیاکانی وەک پاسپۆرت و سیستەمی حکومی.
ئەم ئامرازانە خۆیان خەڵک فێری ستانداردەکە دەکەن.
٤. ڕیزبەندی ئەلفوبێ
لە سیستەمی CLDR ی یونیکۆد، ئێستا ڕیزبەندی فەرمی بۆ کوردی دیاری کراوە:
ل، ڵ، م، ن ... و لە لاتینیدا: s, ş, t...
بەمەش هەموو فەرهەنگ و لیست و کتێبخانەیەک بە یەک شێواز ڕیز دەبن.
کەواتە بۆچی هێشتا زمانی کوردی بەستاندار نەبووە؟
یونیکۆد تەکنیکەکەی تەواو کردووە، بەڵام بڕیاری مرۆیی ماوە:
١. هێشتا دوو ئەلفوبێمان هەیە - عەرەبی بۆ سۆرانی و لاتینی بۆ کرمانجی.
٢. زۆر کەس هێشتا بێ نیشانە دەنووسێت، وەک e لە جیاتی ê یان s لە جیاتی ş.
٣. دەزگا فەرمییەکان هێشتا یەک کیبۆرد و یەک لیستی پیتی فەرمیان لە قوتابخانە و دامودەزگاکانی پەروەردە خوێندن و دەزگاکانی بەڕێوەبردنی وڵات نەسەپاندوە، بە کەرت گشتی و تایبەتەوە.
بە کورتی: یونیکۆد ستانداری کوردی دروست ناکات، بەڵام ستانداردەکە بەبێ یونیکۆد دروست نابێت.
یونیکۆد وادەکات کە رێنووسی ستانداری کوردی لەسەر کاغەزەوە بگوازێتەوە بۆ ناو مۆبایلی هەموو کەسێک.

سبەی لە یەکەمین کۆنفراسی نێودەوڵەتیی زانستە کردارییەکان و گەشەسەندن لە زانکۆی ئاکرێ لە خزمەتان دەبین.
14/09/2026

سبەی لە یەکەمین کۆنفراسی نێودەوڵەتیی زانستە کردارییەکان و گەشەسەندن لە زانکۆی ئاکرێ لە خزمەتان دەبین.

داهاتووی ژیریی دەستکرد: پێشبینی و چاوەڕوانیەکاند. کاوە شێروانیلەم رۆژگارەدا، ئێستا هەموان باسی داهاتووی ئەی ئای دەکەن، پ...
11/09/2026

داهاتووی ژیریی دەستکرد: پێشبینی و چاوەڕوانیەکان
د. کاوە شێروانی

لەم رۆژگارەدا، ئێستا هەموان باسی داهاتووی ئەی ئای دەکەن، پسپۆڕ و ناپسپۆڕ، زانا و نەزان، خوێندەوار و نەخوێندەوار، گەورە و بچووک، ژن و پیاو. هەندێک بە چاوی گەشبینی و ئەرێنی، هەندێکیش بە رەشبینی و نەرێنی!
دەڵێن ئەی ئای کارەکان لە دەست مرۆڤ دەردێنێت، ئەی ئای مەترسیە، ئەی ئای هەموومان هاک دەکات و کەس هیچی لەدەست نامینێت. هەندێکیش بە گەشبینیەوە تێی دەڕوانن و دەڵێن ئەی ئای دەرفەتە و مرۆڤایەتی دەباتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو، مرۆڤ لە سایەی ئەی ئای ئیتر ئیسراحەت دەکات، کێشەی هەژاری و کەم خۆراکی و نەخۆشی و ناخۆشی نامێنێت، ئەی ئای توانای ئەوەی هەیە وزەیەکی زۆر بەرهەم بێنێت کە سەدان جار لە پێداویستیەکانی دانیشتوانی گۆی زەوی زیاتر بێت.
با ووتەی هەندێ کەسی بەناوبانگتان پێبڵێم، کە هەندێکیان هیوابەخشن و هەندێکیشیان زەنگی ئاگادارکردنەوەن.
ساندار پێچای، بەڕێوەبەری گشتیی گووگل دەڵێت" لەوانەیە ئەی ئای گرنگترین شت بێت مرۆڤایەتی کاری لەسەر کردبێت. لە ئاگر و کارەباش گرنگترە."
تیم کوک بەڕێوەبەری گشتی ئەپل دەڵێت" دەبێت هەموومان دڵنیابین AI بە شێوەیەک بەکاربهێنین کە سوودی بۆ مرۆڤایەتی هەبێت، نەک زیان."
سام ئاڵتمان بەڕێوەبەری گشتی OpenAI دەڵێت "لەوانەیە AI ببێتە هۆی کۆتایی جیهان”.
ستیڤن هۆکینگ، فیزیازانی بەناوبانگ دەڵێت "ژیریی دەستکرد دەتوانێت کۆتایی مرۆڤایەتی بێت."
ئیلۆن مەسک دەڵێت "AI زۆر لە چەکی ئەتۆمی مەترسیدارترە." هەروەها دەڵێت راستە وزە بەرهەمهێنان ئاسان دەکات، بەڵام کۆنترۆڵکردنی زەحمەتە، دەبێت تەرکیزمان لەسەر سەلامەتی AI بێت.
بیل گەیتس دەڵێت "لەگەڵ ئیلۆن مەسک هاوڕام و لەوە تێناگەم بۆچی هەندێک کەس ترسیان نیە و پاڵیان لێی داوەتەوە" و دەڵێت: "کاتێک چەند کەسێک کۆنترۆڵی پلاتفۆرمێک بکەن کە زیرەکییەکی لەڕادەبەدەری هەیە، ئەوە مەترسی بۆ دەسەڵات و یاسا و رێساکان و کۆی ژیانی مرۆڤایەتی دروست دەکات."
لە لایەکی ترەوە هەر ئیلۆن ماسک بەم دواییانە بەشێوەیەکی زۆر گەشبینانە سەیری ئەی ئای دەکات و پێی وایە ئەی ئای خۆشگوزەرانی دروستدەکات و چینایەتی ناهێلێت. لە لێدوانێکی ئەم دواییانەیدا دەڵێت لە جەند ساڵێکی کەمی داهاتوودا ئەی ئای وادەکات رۆڵی پارە نەمێنێت و ئەی ئای بە خۆڕایی هەموو پێداویستیەکانی مرۆڤەکان دەستەبەربکات.
هەموو ئەم خەڵکە شارەزا و ناودارانە لەسەر یەک شت هاوڕان: AI هەم گەورەترین دەرفەتە و هەم گەورەترین مەترسییە. ئەی ئای لە ئێستادا گۆڕانکاری ریشەیی لە گەیشتن بە داتا و زانیارییەکان دروست کردوە، ئێستا ئەی ئای بەقەد هەموو پرۆفیسۆرەکانی جیهان لە هەموو پسپۆڕییەکان زانیاری هەیە و دەتوانێت بەپێی داواکاری مرۆڤ لە چەند چرکەیەک زانیارییەکان دەستەبەربکات، لە داهاتویەکی نزیکیشدا گۆڕانکاری گەورە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا دروست دەکات. بەڵام گرنگ ئەوەیە مرۆڤ بتوانێت بەباشی بەکاری بێنێت.

کورتە مێژووێکی ژیریی دەستکرد AI دەتوانین زۆر بە کورتی مێژووی ژیریی دەستکرد بکەین بە حەفت قۆناغی سەرەکی:1. سەرەتا و بناغە...
04/09/2026

کورتە مێژووێکی ژیریی دەستکرد AI
دەتوانین زۆر بە کورتی مێژووی ژیریی دەستکرد بکەین بە حەفت قۆناغی سەرەکی:

1. سەرەتا و بناغە: 1940 بۆ 1955
سەرەتای ژیریی دەستکرد لە پرسیارێکی فەلسەفیەوە دەستیپێکرد: ئایا دەکرێت ماشین بیر بکاتەوە؟
• 1943: وارن مەککەلۆچ و واڵتەر پیتس یەکەم مۆدێلی بیرکارییان بۆ تۆڕی دەماری دەستکرد دروست کرد.
• 1950: ئالان تورینگ تاقیکردنەوەی بەناوبانگی تورینگی بڵاوکردەوە بۆ پێوانی ژیری ماشین.

2. قۆناغی لەدایکبوونی ناوەکە: 1956
لە کۆنفرانسی دارتمۆس لە ئەمریکا، زانای کۆمپیوتەر جۆن ماکارسی بۆ یەکەمجار زاراوەی ژیریی دەستکرد "Artificial Intelligence"ی بەکارهێنا. لەوێوە بە فەرمی بووە بوارێکی زانستی سەربەخۆ.

3. قۆناغی سیستەمە سەرەتاییەکان: 1956 بۆ 1973
لەم قۆناغەدا زانایان زۆر گەشبین بوون کە لە ماوەی بیست ساڵدا ڕۆبۆتی ژیری وەک مرۆڤ دروست دەکەن.
• 1966 بەرنامەی ELIZA دروست کرا، یەکەم chatbot کە وەک دکتۆرێکی دەروونی قسەی دەکرد.
• لەم سەردەمەدا AI زۆرتر لەسەر یاسا و لۆژیک کاری دەکرد، نەک فێربوون.

4. قۆناغی سڕبوون و وەستانی ژیری دەستکرد: 1974 بۆ 1993
ژیریی دەستکرد بە قۆناغێکی سست بوون و سڕبوون تێپەڕی کە حکومەت و کۆمپانیاکان پارەی تەرخانکراویان بۆ ژیریی دەستکرد بڕی چونکە ئەنجامەکان زۆر لەوەی چاوەڕوان دەکرا کەمتر بوون.
• زستانی یەکەم (1974-1980): کۆمپیوتەرەکان لاواز بوون و نەیاندەتوانی کێشە ئاڵۆزەکان چارەسەر بکەن.
• زستانی دووەم (1987-1993): سیستەمی Expert Systems کە زۆر گرانبوون و شکستیان هێنا.

5. قۆناغی سەردەمی فێربوونی ماشین - 1993 بۆ 2011
بە هاتنی ئینتەرنێت و داتای زۆر، بۆچوونەکە گۆڕا: لەبری ئەوەی یاسا بە ماشین بڵێن، بیرۆکەی ئەوەی با ماشێن خۆی لە داتاوە فێربێت هاتە ئاراوە.
• 1997: کۆمپیوتەری Deep Blueی IBM لە شەترەنجدا لە گاری کاسپارۆڤی پاڵەوانی جیهانی بردەوە.
• 2011: سیستەمی Watson لە بەرنامەی Jeopardy بردەوە.

6. قۆناغی شۆڕشی فێربوونی قووڵ: 2012 بۆ 2017
ئەمە خاڵی وەرچەرخان بوو.
• 2012: تۆڕی AlexNet لە ناسینەوەی وێنەدا شۆڕشێکی بەرپاکرد و سەلماندی Deep Learning زۆر بەهێزە.
• 2017: گووگڵ توێژینەوەی "Attention Is All You Need"ی بڵاوکردەوە و تەکنەلۆژیای Transformer*ی داهێنا. ئەمە ئەو بناغەیەیە کە هەموو AIیەکانی ئێستا لەسەری دروست کراون.

7. قۆناغی تەقینەوە و بڵاوبوونەوەی خێرای ژیریی دەستکرد: 2020 - 2026.
لەم قۆناغەدا ژیریی دەستکرد لە تاقیگەوە هاتە ناو ماڵی هەموو کەسێک
• 2020-2022: مۆدێلەکانی وەک DALL-E و Midjourney بڵاوبوونەوە کە توانای ئەوەیان هەبوو لە دەقەوە وێنە دروست بکەن.
• تشرینی دووەمی 2022: OpenAI بەرنامەی ChatGPT*ی بڵاوکردەوە. لە ماوەی 2 مانگدا ژمارەی بەکارهێنەرانی گەیشتە 100 ملیۆن کەس، خێراترین بڵاوبوونەوە لە مێژووی تەکنەلۆژیادا.
• 2023-2026: ئێستا AI لە هەموو شوێنێک و لە هەموو شتێکدایە - لە مۆبایلەکەت، لە پزیشکی، لە فۆتۆشۆپ، لە گووگڵ، لە مێتا، و بووەتە یاریدەدەری ڕۆژانەی ملیارەها کەس.

بە کورتی: ژیریی دەستکرد لە بیرۆکەیەکی فەلسەفییەوە (1950)، بوو بە پرۆژەیەکی زانستی (1956)، دوو جار شکستی هێنا و سست بوو، بەڵام بە پێشکەوتنی داتا و ئینتەرنێت زیندوو بووەوە و لە 2022وە بوو بە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان.

مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد د. کاوە شێروانیمۆدێلەکانی ژیری دەستکرد (AI) زۆرن و پۆلینکردنیان تۆزێک زەحمەتە. ئەم مۆدیلانە وەک...
28/08/2026

مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد
د. کاوە شێروانی
مۆدێلەکانی ژیری دەستکرد (AI) زۆرن و پۆلینکردنیان تۆزێک زەحمەتە. ئەم مۆدیلانە وەک بنەماڵەیەک وان، هەموویان هەر ژیری دەستکردن بەڵام هەر یەکەیان بۆ کارێکی جیاواز دروست کراوە. دەتوانین بە دوو شێواز پۆلێنیان بکەین:
یەکەم: بەپێی شێوازی فێربوون (پۆلێنی زانستی)
ئەمە پۆلێنی بنەڕەتییە لە سادەوە بۆ ئاڵۆز:
١. ژیری دەستکردی کلاسیک (Symbolic AI)
کۆنترین جۆرە. مرۆڤ یاساکانی بۆ دەنووسی: بۆ نموونە پێی دەگووت ئەگەر ئەمە ڕوویدا ئەوە بکە.
بەکارھێنان: یاری شەترەنجی کۆن، سیستەمی شارەزای پزیشکی سەرەتایی.
٢. فێربوونی ئامێری (Machine Learning - ML)
لە جۆرە مۆدێلانەدا، مرۆڤ یاسای بۆ نانووسێت، بەڵکو داتای زۆری پێ دەدات و خۆی فێری دۆزینەوەی شێواز و پاتێرنەکان دەبێت.
بەکارھێنان: پێشبینیکردنی کەشوهەوا، دیاریکردنی ئیمەیڵی سپام.
٣. فێربوونی قووڵ (Deep Learning)
پێشکەوتووترین جۆری ML یە. لە مێشکی مرۆڤەوە وەرگیراوە و بە ملیۆنان چین تۆڕی دەماری دەستکردی (Neural Network)ی هەیە.ئەمەیان بەڕاستی شۆڕشێکە و ئێستا رۆژ دوای رۆژ پێشدەکەوێت. ChatGPT و هەموو شتەکانی تر لەسەر ئەم بنەمایە دروست کراون.

دووەم: بەپێی کارەکەیان (ئەوەی ئێستا لە بازاڕدایە و تۆ ڕۆژانە دەیبینی)
ئەم جۆرە مۆدێلانە زۆر گرنگن بۆ کاری رۆژانەی مرۆڤەکان، کە پێی دەوترێت مۆدێلی بناغە (Foundation Models). ئەمانەش لە چەند مۆدێلێک پێکدێن، لەمانە:
١. مۆدێلی زمانی گەورە (LLM - Large Language Models)
ئەمانە لەسەر دەقی زۆر ڕاهێنراون و دەتوانن بنووسن، وەڵام بدەنەوە، وەرگێڕن، کۆد بنووسن.
• GPT-4o / GPT-5 لەلایەن OpenAI: بەهێزترینە لە نووسین و لۆژیکدا. ChatGPT لەسەر ئەمە کار دەکات.
• Claude 3.5 Sonnet لەلایەن Anthropic: زۆر باشە لە نووسینی درێژ، شیکردنەوەی دۆکیومێنتی گەورە .
• Gemini 2.0 لەلایەن Google: بەهێزە لە زانیاری ڕۆژانە چونکە بەستراوەتەوە بە گەڕانی Google ەوە.
• Llama 3 لەلایەن Meta: مۆدێلێکی کراوەیە (Open Source) و زۆر کەس لە کوردستانیش دەتوانن بە خۆڕایی دایبگرن و بیکەنە کوردی.
٢. مۆدێلی وێنە (Image Generation Models)
لە دەقەوە وێنا دروست دەکەن.
• Midjourney: جوانترین و هونەریترین وێنە دروست دەکات.
• DALL·E 3: لەناو ChatGPT دایە.
• Stable Diffusion: کراوەیە و دەتوانیت لەسەر کۆمپیوتەری خۆت دایبمەزرێنیت.
٣. مۆدێلی ڤیدیۆ (Video Generation Models)
نوێترین شۆڕشە.
• Sora لەلایەن OpenAI و Veo لەلایەن Google: لە دەقەوە ڤیدیۆی ڕاستەقینە دروست دەکەن.
• Runway: بۆ مۆنتاژ و دەستکاریکردنی ڤیدیۆ.
٤. مۆدێلی فرە-ڕەهەند (Multimodal Models)
ئەمانە دەتوانن لە یەک کاتدا گوێ بگرن، ببینن، بخوێننەوە و قسە بکەن. وەک مرۆڤ وان.
نموونە: GPT-4o دەتوانیت وێنەیەکی نیشان بدەیت و پێی بڵێیت "ئەمە چییە؟" و وەڵامت بداتەوە، یان دەنگت بۆ بنێریت. ئەمە داهاتووی پەروەردەیە.
٥. مۆدێلی تایبەتمەند (Specialized Models)
• بۆ دەنگ: ElevenLabs بۆ دروستکردنی دەنگ
• بۆ مۆسیقا: Suno
• بۆ کۆد: GitHub Copilot
بۆ کوردستان کامەیان گرنگە؟
ئەگەر تۆ مامۆستا یان قوتابی بیت لە کوردستان:
١. بۆ وانە و توێژینەوە: Claude و ChatGPT (GPT-4o)
٢. بۆ وێنەی پەروەردەیی: Midjourney یان DALL·E
٣. بۆ ئەوەی خۆت مۆدێلێکی کوردی دروست بکەیت: Llama 3 چونکە کراوەیە
لە کۆتاییدا، مۆدێلەکانی ژیریی دەستکرد گەلێک زۆرن و رۆژ لە دوای رۆژ گەشە دەکەن، لەوانەیە بەوە رانەگەین کە پۆلێنیان بکەین، چونکە مانگانە مۆدێلی نوێ و شێوازی نوێ دێنە ئاراوە. ئەمە تەنها پۆلینکردنێکی سادە بوو بۆ تێگەیشتن لە مۆدێلەکانی ژیری دەستکرد.

لە چوارچێوەی زەکاتی زانست، لە زانکۆی ئەربیلی نێودەوڵەتیی ئامادەین یارمەتی ئەوانە بدەین کە دەیانەوێت شارەزای ژیریی دەستکر...
22/08/2026

لە چوارچێوەی زەکاتی زانست، لە زانکۆی ئەربیلی نێودەوڵەتیی ئامادەین یارمەتی ئەوانە بدەین کە دەیانەوێت شارەزای ژیریی دەستکرد ببن یان هەر پرسیارێک، پێشنیازێک یان پڕۆژەیەکی پەیوەندارییان هەیە.

https://www.facebook.com/share/p/19NpyS1rB8/?mibextid=wwXIfr

ژیری دەستکرد بە خۆڕایی ...
لە چوارچێوەی پڕۆژەی زەکاتی زانست ، زانکۆی ئەڕبیلی نێودەوڵەتی پڕۆژەی ( زەکاتی زانست - زەکاتی AI ).
بۆ ئەم مەبەستە هەموو ڕۆژانی چوارشەممە لە کاتژمێر ٢:٠٠ – ٤:٠٠ ی پاش نیوەڕۆ لە نێو کامپی زانکۆ و بە مەبەستی یارمەتی دان لە بواری ژیری دەستکرد دا لە خزمەتتانداین. ئامادەی وڵامدانەوەی هەر پرسیار و ئەنجامدانی یارمەتییەکین کە بۆ فێربوون و بەکارهێنانی AI پێویستتانە.

__________________________________________

الذكاء الاصطناعي مجانًا للجميع

في إطار مبادرة «زكاة العلم»، تعلن الجامعة اربيل الدولية عن إطلاق مبادرة «زکاة العلم - زكاة الذكاء الاصطناعي»، بهدف مساعدة الطلبة والمهتمين على تعلّم الذكاء الاصطناعي والاستفادة من أدواته في الدراسة والعمل والحياة اليومية.

كل يوم أربعاء
من الساعة 2:00 إلى 4:00 مساءً
حرم الجامعة اربيل الدولية

نحن هنا لمساعدتكم في تعلّم الذكاء الاصطناعي والإجابة عن أسئلتكم و استفساراتكم وتقديم الإرشاد حول كيفية استخدام أدوات وتقنيات AI بطريقة سهلة وفعّالة.

لا تترددوا في زيارتنا — تعلّم الذكاء الاصطناعي يبدأ بخطوة!

__________________________________________

ZAKAT AI | Free Weekly AI Guidance Program
As part of the Zakat Al-Elm Project, the International University of Erbil (IUE) is pleased to introduce Zakat AL ELM -Zakat AI, a free weekly guidance program designed to support students, staff, and members of the community in understanding and effectively using Artificial Intelligence.

📅 Every Wednesday

⏰ 2:00 PM – 4:00 PM

📍 International University of Erbil Campus
The program provides an opportunity to:

• Explore the fundamentals and applications of Artificial Intelligence
• Learn how to use AI tools effectively and responsibly
• Ask questions and discuss AI-related topics
• Receive practical guidance and feedback from professional instructors

Whether you are new to AI or looking to strengthen your existing knowledge, Zakat AI welcomes you to learn, explore, and engage with the opportunities offered by Artificial Intelligence.

Free of charge | Open to everyone | No registration required
International University of Erbil
Knowledge Shared. Opportunities Created.

ژیریی دەستکرد و دەروونناسی: کاتێک دوو ژیری بەیەک دەگەند. کاوە شێروانیلە رواڵەتدا وادیارە دەروونناسی و ژیریی دەستکرد دوو ...
21/08/2026

ژیریی دەستکرد و دەروونناسی: کاتێک دوو ژیری بەیەک دەگەن

د. کاوە شێروانی
لە رواڵەتدا وادیارە دەروونناسی و ژیریی دەستکرد دوو بواری جیاوازن. یەکیان مامەڵە لەگەڵ مرۆڤی زیندوو و هەست و سۆز و نائاگایی دەکات، ئەوەی تریان مامەڵە لەگەڵ کۆد و داتا و ئەلگۆریتم. بەڵام لە ڕاستیدا ئەم دوو بوارە لە بنەڕەتدا یەک پرسیاری گەورەیان هەیە: ژیری چییە و چۆن کار دەکات؟
پەیوەندییەکە ئێستا بووەتە پەیوەندییەکی دوو لایەنە، هەریەکەیان یارمەتی ئەوییتر دەدات.
1. چۆن دەروونناسی یارمەتی ژیریی دەستکردی داوە؟
ژیریی دەستکرد لە سەرەتادا هەوڵی دەدا وەک ژیریی مرۆڤ بیر بکاتەوە، بۆیە ناچار بوو لە دەروونناسییەوە فێر ببێت.
أ. تێگەیشتن لە بیرکردنەوە: دەروونناسانی وەک پیاجێ پێیانوایە کە دەروونناسیی زانستێکە کاری لەسەر ئەوە کردوە کە منداڵ چۆن زمان فێر دەبێت و مرۆڤ چۆن کێشەکان چارەسەر دەکات. ئەمە بووە بنەمای دروستکردنی مۆدێلەکانی فێربوونی قووڵن Deep Learning.
ب. بیرکردنەوەی لایەنگرانە (Cognitive Biases): دەروونناسی ئەوەی دەرخستووە کە مرۆڤ هەمیشە لۆژیکی نییە. ئێمە ترسمان هەیە، لایەنگریمان هەیە، لە ژێر گوشاردا بڕیاری هەڵە دەدەین. زانایانی AI ئێستا ئەمە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی تێبگەن بۆچی AI خۆشی هەمان هەڵە دەکات، چونکە لە داتای مرۆڤەوە فێر بووە.
ج. فێربوون بە پاداشت و سزا Reward and Punishment : تیۆری فێربوون لە دەروونناسیی ڕەفتاریدا - کە مرۆڤ و ئاژەڵ بە پاداشت و سزا فێر دەبن - بووە بنەمای یەکێک لە بەهێزترین شێوازەکانی AI کە پێی دەوترێت Reinforcement Learning. هەمان ئەو شێوازەی کە ChatGPT و یاریزانە زیرەکەکانی یارییەکان پێی ڕاهێنراون.
2. چۆن ژیریی دەستکرد یارمەتی دەروونناسی دەدات؟
ئێستا AI بووەتە گەورەترین تاقیگە بۆ دەروونناسیی. AI لە زۆر لایەنەوە یارمەتیی دەروونناسی دەدات، لەوانە:
أ. دەستنیشانکردنی پێشوەختە: ئەلگۆریتمەکان دەتوانن لە شێوازی نووسین، دەنگ، یان تەنانەت شێوازی بەکارهێنانی مۆبایلەوە نیشانەکانی خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، و ئۆتیزم بدۆزنەوە، زۆر پێش ئەوەی مرۆڤ خۆی هەستی پێ بکات. بۆ نموونە، گۆڕان لە خێرایی تایپ کردن یان بەکارهێنانی وشەی نەرێنی دەتوانێت ئاماژە بێت.
ب. چارەسەری دەروونی دەستڕاگەیشتوو: چاتبۆتە دەروونییەکانی وەک Woebot و Wysa بە شێوازی چارەسەری مەعریفی-ڕەفتاری (CBT) قسە لەگەڵ خەڵک دەکەن. ئەوان جێگەی پزیشک ناگرنەوە، بەڵام یارمەتییەکی باش و ئاسان و 24 کاتژمێریی دەستەبەردەکەن، بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی شەرم دەکەن بچنە لای پزیشک.
ج. لێکۆڵینەوە لە مێشک: AI دەتوانێت ملیۆنان داتای وێنەی مێشک (fMRI) شی بکاتەوە و پەیوەندی بدۆزێتەوە کە مرۆڤ بە تەنیا ناتوانێت بیدۆزێتەوە. ئەمە یارمەتیمان دەدات تێبگەین خەیاڵ، یادەوەری و خەون لە کوێی مێشکدا دروست دەبن.

هەرچەندە ژیریی دەستکرد یارمەتیدەرێکی باشی دەروونناسیە بەڵام بێ مەترسیش نیە. لێرەدا مەترسی دروست دەبێت، کاتێک AI فێر دەبێت سۆزی مرۆڤ بناسێتەوە، بەمەش دەیوانێت یاری بە هەست و سۆزی مرۆڤەکان بکات، بۆ نموونە:
1. دەستکاریکردنی سۆز: ئەگەر ئەپێک بزانێت تۆ دڵتەنگیت، دەتوانێت ڕیکلامێکت پیشان بدات کە بە ئاسانی بیکڕیت.
2. پاراستنی نهێنی: داتای دەروونی، هەستیارترین داتای مرۆڤە. ئایا کێ مافی ئەوەی بە AI داوە گوێ لە خەمۆکی و خۆشیەکانی تۆ بگرێت و پەی بە نهێنیە تایبەتەکانی تۆ ببات؟
3. پەیوەندییە ساختەکان: زۆر کەس دەست دەکەن بە دروستکردنی پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ AI. ئایا ئەمە چارەسەری تەنیاییە، یان قووڵکردنەوەیەتی؟

کەواتە ئایندەی پەیوەندی نێوان ژیریی دەستکرد و دەروونناسی ەرەو کوێ دەڕوات و چی لێدێت؟ ئایندە ئەوە نییە کە AI ببێتە دەروونناس، بەڵکو ئەوەیە کە دەبێتە یاریدەدەری دەروونناس. بەشێوەیەک کە پزیشکێک بە یارمەتی AI بتوانێت زووتر نەخۆشی دەستنیشان بکات، پلانی چارەسەری کەسێتی بۆ هەر نەخۆشێک دابنێت، و کاتێکی زیاتری هەبێت بۆ گوێگرتنی مرۆڤانە.
ژیریی دەستکرد ئاوێنەیەکە. هەرچەندە زیاتر لە ئاوێنەکە نزیک دەبینەوە، زیاتر لە خۆمان، لە مێشکی خۆمان، و لە ماهیەتیی مرۆڤ تێدەگەین.

Address

Zanko Village 2
Irbil

Website

Alerts

Be the first to know and let us send you an email when د. کاوە شێروانی posts news and promotions. Your email address will not be used for any other purpose, and you can unsubscribe at any time.

Contact The School

Send a message to د. کاوە شێروانی:

Shortcuts

Share