08/06/2026
سەردانی شاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ
زانکۆی ئەربیلی نێودەولەتی
ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٦/٨
شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی تایبەت لە وەزارەتی
خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە سەرۆکایەتی
بەڕێوەبەری خوێندنی تایبەت بەڕێز (د. ئیبراهیم ڕەشید)،
لەلایەن بەرێز سەرۆکی زانکۆ (پ.د.کاوە شیروانی)
پیشوازیان لی کرا
شاندی میوان لیژنە و هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، تاقیگە، بەسەر کردەوە
05/06/2026
ژیری دەسکرد و فرەزمانی
پ. د. کاوە شێروانی
لە سەردەمی ژیری دەسکرد چیتر زمان بەربەست نیە لەبەردەم پەیوەندی نێوان زمان و کەلتورە جیاکان، نەک لەبەرئەوەی خەڵکێکی زۆر فێری زمانی ئینگلیزی بوون، بەڵکو بەهۆی ژیری دەستکردەوە چیتر ئەوانەی تەنها یەک زمان دەزانن لە تێگەیشتن و بەکارهێنانی زمانەکانی تر بێبەش نابن.
ئەگەر سەیری کاری وەرگێڕان بکەین، پێشتر وەرگێڕ دەبوو هەموو ئەو زمانانە بزانێت کە وەرگێڕانی لێ دەکردن یان لۆی دەکردن، بەڵام ئێستا مەرج نیە وەرگێڕ هەموو زمانەکانی لێورگێڕدراو و بۆوەرگێڕدراو بزانێت، بەڵکو دەتوانێت بەشێکی زۆری کارەکەی بە ژیری دەسکرد بکات. ئێستا ڤێرژن و مۆدێلە جۆراوجۆرەکانی ژیری دەسکرد دەتوانن ئاخاوتن بە زمانێک بکەن بە نوسین بە زمانێکی تر، بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ژێرنووسی ڤیدیۆ و فلیمەکان دەمودەست بەرهەمبێنن ( لەبیرمە ١٠ ساڵێک لەمەوبەر ٢٠٠٠ دۆلاریان پێدام بۆ ئەوەی تێکستی فلیمێکی کوردی بکەمە ژێرنووسی ئینگلیزی).
ژیری دەسکرد وای کردوە کە لەیەک کاتدا تێکستەکان، جا چ نووسراو بن یان گوتراو، بە چەندین زمان بەردەستبن، خوێنەر و بینەر بەبێ ئەوەی فرەزمان بن دەتوانن زمانی دڵخوازی خۆیان هەلبژێرن. ئێستا دەتوانیت لەگەل یابانیەک چات بکەیت بەبێ ئەوەی یەک ووشەی یابانی بزانیت، لەگەڵ چینیەک قسە بکەیت بەبێ ئەوەی بزانیت دەنگ و ئاواز و دەربڕینی ووشە و رستە چینیەکان چۆنن.
کاتی خۆی کە ئینتەرنێت هات و گووگل پەیدا بوو، زمانی ئینگلیزی بوو بە پێداویستیەکی هەنوکەیی و دیفۆلت، بەڵام ژیری دەسکرد ئەوەی پێجەوانە کردەوە. راستە ئێستاش زمانی ئینگلیزی گرنگی خۆی لەدەست نەداوە، بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی ژیری دەسکرد، چیتر نەزانینی ئینگلیزی بەربەستێکی گەورە نیە. ئێستا هەموو ئەو زمانانەی کۆد و رێنوس و داتای ئەلیکترۆنی و دیجیتەڵیان هەیە ( بە زمانی کوردیشەوە) کاریان پێدەکرێت و بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ئۆتۆماتیکی وەرگێڕیانیان لێوەدەکرێت و بۆشیان دەکرێت. مۆدێلەکانی ژیری دەسکرد کارلێک لەگەڵ هەموو ئەو زمانانە دەکەن کە داتای دیجیتەلیان هەیە.
بە پێچەوانەی بۆچوونە باوەکان، من پێموایە، لەگەڵ پێشەڤەجوونی ژیری دەسکرد، لە داهاتوودا چیتر باوی فرەزمانی نامێنێت و زمانە کەمینە و بچوکەکانیش چیتر پەراوێز ناخرێن. ئاخێوەرانی ئەم زمانانە بەبەکارهێنانی خزمەتگوزاریەکانی ژیری دەسکرد دەتوانن بە ئاسانی و بەشێوەیەکی دەمودەست و ئۆتۆماتیکی پەیوەندی بە ئاخێوەرانی زمانەکانی تر بکەن و سوود لە بەرهەم و تێکستەکانی هەموو زمانەکانی جیهان وەربگرن.
01/06/2026
Call for Papers
Dear researcher, the Academic Journal of International University of Erbil (AJIUE) will be
available with new Academic staff and a new design. We are now accepting submissions and we
would like to work with you as a reviewer in the below specialty, we appreciate your supports.
Sciences:
• Chemistry
• Biology
• Microbiology
• Immunology
• Artificial Intelligent
• Computer Science
• Environmental Science
• Biomedical Sciences
Business and Economics:
• Economics
• Business Administration
• Accounting
• Finance and Banking
• Marketing
Art:
• English Language
Law:
• Law
• International relation
Registration link: Register | Academic Journal of International University of Erbil
بانگهێشت بۆ توێژینەوە
مامۆستایانی زانکۆ و توێژەرانى ئازیز، گۆڤاری ئەکادیمی زانکۆی ئەربیلی نێودەوڵەتی (AJIUE) بە ستافی نوێی ئەکادیمی و دیزاینێکی نوێ بەردەستە. ئێمە ئێستا توێژینەوەکان وەردەگرین و دەمانەوێت وەک هەڵسەنگێنەر لەم پسپۆڕیانەی خوارەوە لەگەڵ ئێوە کار بکەین، هاوکاریتان بەرزدەنرخێنین:
زانستەکان:
• کیمیا
• زیندەوەرزانی
• مایکرۆبایۆلۆجی
• بەرگری ناسی
• زیرەکی دەستکرد
• زانستی کۆمپیوتەر
• زانستی ژینگە
• زانستی بایۆپزیشکی
کارگێری و ئابووری:
• ئابووری
• کارگێری کار
• ژمێریاری
• دارایی و بانکداری
• بەبازاڕکردن
ئینگلیزی:
•زمانی ئینگلیزی
یاسا:
• یاسا
• پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان
01/06/2026
قوتابیانی زانکۆی ئەڕبیلی نێودەوڵەتی بەشداریان لە بەرنامەیەکی تایبەتی کەنالی روداو تیڤیان کرد.
لەسەر بانگهێشتی تایبەتی کەناڵی ڕووداو ژمارەیەک لە قوتابی و مامۆستایانی زانکۆکەمان بەشداریان کرد لە بەرنامەی لەگەڵ ڕەنجی ڕوداو؛ کە تایبەت بوو بە (بازاڕی ئۆنڵاین).
30/05/2026
پرسەنامە
بە دڵێکی پڕ لە داخەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێز دکتۆر (جعفر کاظم) دەکەین، بەهۆی کۆچی دوایی کردنیان.
بەڕێزیان لە ساڵانی ڕابردوودا وەک سەرۆکی بەشی کیمیا لە زانکۆی ئەربیلی نێودەولەتی خزمەتێکی زۆری بە قوتابیان و دامەزراوەی ئەکادیمی کردووە.
رۆحی شاد بێت!
(پ.د.کاوە شیروانی)
سەرۆکی زانکۆی ئەربیلی نێودەوڵەتی
30/05/2026
با منداڵەکانمان فێرببن ژیری دەسکرد بەکاربێنن!
پ. د. کاوە شێروانی
هەروەک فێبوونی ژمارەکان و لێخوڕینی پاسکیل وبەکارهێنانی ئینتەرنێت، بەکارهێنانی ژیری دەسکردیش بۆ منداڵان پێویستە، پرسیارەکە رێپێدان و رێپێنەدان نیە، بەڵکو چۆن و کەی، لە چ تەمەنێک و بە چ مەبەستێک بەکاریبێنن؟
توێژینەوەکان دەڵێن ژیری دەسکرد هانی پرۆسەی فێربوونی منداڵان دەدات، داهێنانیان زیاد دەکات، فێرە بەهرەی دیجیتەلیان دەکات، متمانە و بڕوابەخۆبوونیان زیاد دەکات و سەرچاوەیەکی نایابی زانیاری و زانستە. بەڵام لە هەمان کاتدا، زانیاری هەڵە و نادروستیشی تێدایە و نابێت مناڵان زۆر پشتی پێببەستن، بەتایبەتی لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا، چونکە توانای لێکجیاکردنەوەی زانیاری راست و ناڕاستیان نیە. لەلایەکی تریشیەوە تایبەتمەندی و نهێنیەکان ناپارێزێت و منداڵانیش توشی گۆشەگیری دەکات. بەکارهێنانی ژیری دەسکرد بەپێی تەمەن بەم شێوەیەی خوارەوە دروستە:
- لە تەمەنی ٥ بۆ ٨ ساڵی دەبێت دایک و باب لەگەڵی بن و پێکەوە کیبۆردەکە بەکاربێنن.
- لە تەمەنی ٩ بۆ ١٢ ساڵی دەبێت سەرپەرشتی بکرێن و ئەرکیان پێبسپێردرێت و هاوکێشەکانیان پێ حەلبکرێت.
- لە تەمەنی ١٣ بۆ ١٧ ساڵی لەژێر رێنوێنی پەروەردەکار توێژینەوە بکەن.
بەشێوەیەکی گشتی منداڵان دەبێت فێری یاسای سێ بنەمایی بکرێن کە بریتیە لە:
1. منداڵان دەبێت یەکەمجار خۆیان هەوڵبدەن و مێشکی خۆیان بەبێ بەکارهێنانی ژیری دەسکرد بەکاربێنن و وەڵامەکان بەدەستبێنن.
2. ژیری دەسکرد بەکاربێنن و وەڵامەکانی خۆیان لەگەل وەلامەکانی ئەو بەراورد بکەن.
3. لەگەڵ دایک و باوک یان پەروەردەکارێک بەشێوەیەکی شەفاف تاوتوێی ئەنجامەکان بکەن.
لە کۆتاییدا قەدەغەکردنی ژیری دەسکرد لە منداڵان باش نیە و بەدوادەکەون، لەهەمان کاتدا ئازادکردنیان بەبێ چاودێری و راهێنان وەکو ئەوە وایە ترۆمبێل بدەی بە منداڵێک و بە ئارەزوی خۆی لێیبخوڕێت.
26/05/2026
جەژنی قوربانتان پیرۆز بیت
22/05/2026
ژیری دەسکرد و داهاتووی زانکۆکانی کوردستان
پ. د. کاوە شێروانی
سەرۆکی زانکۆ ئەربیلی نێودەولەتی
لەگەل پێشکەوتنە زۆر خێراکانی ژیری دەسکرد، زانکۆکانی کوردستان بیانەوێ و نەیانەوێ دەبێت بگۆڕێن. ئەم گۆڕانکاریەش پشت بە سێ شت دەبەستێت کە بریتین لە سیاسەتی حکومەتی هەرێم، دەسپێشخەری زانکۆکان بۆ زیادکردنی پرۆگرامە تایبەتەکانی ژیری دەسکرد، هەروەها گۆڕینی شێوازی فێرکردن و فێربوون لە وانەگوتنەوە بۆ تۆڕەکانی بنیادنانی توانا و بەهرەکان.
سەبارەت بە خالی یەکەم، حکومەتی هەرێمی و کورستان و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبەردەم بەرپرسیاریەتێکی گەورەدان، پێویستیان بە سیاسەتێکی نوێی وا بۆ زانکۆکان و دەزگاکانی خوێندنی باڵا هەیە کە لەگەل پێشکەوتنە خێراکانی بواری ژیری دەسکرد بگونجێت. ئەمەش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە کە واز لە سیاسەتی مەرکەزی بهێنرێت و دەسەڵات و سەربەخۆیی زیاتر بدرێت بە زانکۆکان. لە ساڵانی رابردوودا لە گوتاری وەزارەتی خوێندنی باڵادا چەمکەکانی سەربەخۆیی زانکۆکان و قوتابیان وەک ناوەندی پرۆسەی خوێندن و برەودان بە تەکنۆلۆجیای نوێی و ژیری دەسکرد و پۆڵی زیرەک و ناسنامەی دیجیتەڵی شوێنی خۆیان کردۆتەوە و زۆر باسی لێوە دەکرێت و بووە بە جێگەی مشتمڕو و دیبەیتی وتار و سیمنار و وۆرکشۆپ و کۆنفراسەکان، بەڵام تا ئێستا بەپێی پێویست بەشێوەیەکی پراکتیکی کاری لەسەر نەکراوە. یاسا و رێسا و رێنماییەکان هەر ئەوانەی پێشوون و بەپێی پێویست نەگۆڕاون. زۆر گرینگە کە حکومەت و وەزارەت ئەوە بزانن تا ساڵی ٢٠٣٠ ( کە زۆر کەمی ماوە) دەزگاکانی خوێندنی باڵا دەبێت هەمویان بەشێوەیکی دیجیتەڵی بەرێوەببرێن، ژیری دەسکرد لە فێربوون و پرسیار دانان و نمرەدانان و هەڵسەنگاندن بەکاربهێنرێت، هەروەها خزمەتگوزاری قوتابی و فێرخوازان لەسەر بنەمای کلاود (cloud-based student services) دەبن بە شتێکی ئاسایی.
خاڵی دووەم ئەوەیە کە بەرپرسیاریی زانکۆکانی کوردستانە ئەوەیە کە زانکۆکان نابێت تەنها بەکارهێنەری ژیری دەسکرد بن بەڵکو ببن بە بەرهەمهێنەری ژیری دەسکرد. ئەمە جگە لەوەی کە نابێت تەنها بەش و پرۆگرامەکانی ژیری دەسکرد وەک یەکەیەکی نوێ لە زانکۆکان بکرێنەوە بەڵکو دەبێت لە هەموو بەشەکانی تریش بخوێندرێت، چۆن لە بەشی تەکنۆلۆژیای زانیاری کۆمپیوتەر ژیری دەسکرد دەخوێنرێت بەهەمان شێوە لە بەشەکانی زمانەکان و یاسا و بایۆلۆژی و شەریعە وهەموو بەشەکانی تیش بخوێنرێت. دەبێت سەنتەری توێژینەوەی ژیری دەسکرد لەزانکۆکان دابنرێت و هانی پێشبڕکێی دروستکردن و بەکارهێنانی ژیری دەسکرد لەنێو مامۆستایان و قوتابیان بدرێت.
خاڵی سێیەمیش تایبەتە بە شێوازی وانەگوتنەوە و پێگەیاندنی مامۆستایان، بە شێوەیەک کە لەگەڵ سەردەمی پێشکەوتنەکانی ژیری دەسکرد بگونجێت. دەبێت خوێندن لە تیۆریەوە بگۆڕدرێت بەرەو پراکتیک و کرداری، زۆر گرنگە زانکۆکان سیاسەتی خوێندنی خۆیان بەرەوە زانستە کرداریەکان (applied science) ببەن، بۆ ئەوەی قوتابیان فێری چارەسەری کێشەکان ببن نەک تەنها لەبەرکردنی وانەکان بە مەبەستی دەرچوون لە تاقیکردنەوەکان. زانکۆکان دەبێت ئەوە بزانن کە چیتر کاری ئەوان تەنها ئەوە نیە کە کادر و کارمەند بۆ دامەزراوەکانی کەرتی گشتی و تایبەت بەرهەمبێنن بەلکو دەبێت سەرکردەی دیجیتەلی بەرهەمبێنن.
زۆر گرنگە کە زانکۆکان خەمی پێگەیاندنی مامۆستایانیان بێت، ئەوەندەی گرنگی بە گۆڕینی پرۆگرامەکانی خوێندن دەدەن زۆر زیاتر گرنگی بە پێگەیاندنی مامۆستایان بدەن، چونکە لە پرۆسەی خوێندن و فێربوندا مامۆستا رۆڵی سەرەکی دەبێت. ئەگەر مامۆستا شارەزا نەبێت لە تەکنۆلۆجیای سەردەم و بەکارهێنان و بەرهەمهێنانی پیشەسازی ژیری دەسکرد چۆن دەتوانێت قوتابیان فێری ئەم تەکنۆلۆجیا نوێیە بکات و سەرکردەی دیجیتەلیان لێ دروست بکات؟
لەلایەکی تریشەوە دەبێت بیرکردنەوەی فێرخوازان و دایکان و باوکانیش بگۆردرێت و چیتر بیر لە زانکۆ نەکەنەوە وەک شوێنێکی وەرگرتنی بڕوانامە، بەڵکو دەبێت زانکۆ وا ببینن کە شوێنی فێربوون و ئاشنابوونە بە بەهرە و توانای نوێ و شوێنی پێگەیاندنی کادر و سەرکردەی دیجیتەلیە.
لە کۆتاییدا، من ناڵێم لەگەڵ پێشکەوتنە خێراکانی ژیری دەسکرد زانکۆکان نامێنن، بەڵکو دەڵێم زانکۆکان دەبێت خۆیان بگۆڕن ئەگەرنا زۆر بەدوا دەکەون. دڵنیام تا ساڵی ٢٠٣٠ شێواز و پەیکەر و ژێرخانی زانکۆکان بە تەواوی دەگۆڕێن، لەوانەیە مۆدیلی چوار ساڵ خوێندن لەناو کامپی زانکۆکان و شێوازی وانگوتنەوە بەشێوەیەک بگۆڕێت کە پەیکەری ئێستای زانکۆکان دەرەقەتی نەێیت، ئەو زانکۆیانە دەمێنن و سەردەکەون کە روو لە تەکنۆلۆجیای نوێ و ژیری دەسکرد دەکەن. پرسیاری کۆتاییش بۆ ئێوە بەجێدەهێلم، ئایا تا چەند زانکۆکانی کوردستان خۆیان بۆ ئەم گۆڕانکاری و پێشهاتانە ئامادەکردوە؟
20/05/2026
بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیە ئەکادیمیەکان بە یاوەری چەند بەڕێوەبەرێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەردانی زانکۆی ئەربیلی نيودەوڵەتی کرد بە مەبەستی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی
(پ. د. کاوە شێروانی) وەک سەرۆکی زانکۆ