جوگرافیای کوردستان لە روانگەی ماڵپەڕەکانی باشوری کوردستان
(رووداو، کوردستان٢٤، خەندان و شارپرێس) وەکو نمونە
روپێویی رۆژنامەڤانیی
بەگوێرەی ئەو روپێوییە، کە بۆ (٤) ماڵپەڕی باشوری کوردستان ئەنجاممداوە، ماڵپەڕەکان پڕن لە هەواڵی باشوری کوردستان (هەندێ شاری دیاریکراو) و کەمترین هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان و هیچی کوردستانی سوریان تێدانیە.
روپێوییەکە بۆ (٧) رۆژ ئەنجامدراوە لە ١٨ی نیسان تاوەکو ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢، لەو ماوەیە، هەرچوار ماڵپەڕەکە (٧٥١) هەواڵیان لە بەشی کوردستان بڵاڤکردوە، باشوری کوردستان (٦٠١) هەواڵ، کە (٨٠٪)ی هەواڵەکانی پێکهێناوە، باکوری کوردستان (٧٤) هەواڵ کە (٩.٨٪)ی هەواڵەکان و رۆژاڤای کوردستان (٥٥) هەواڵ ( ٧.٣٪)ی هەواڵەکان و رۆژهەڵاتی کوردستان (٢١) هەواڵ (٢.٧٪) هەواڵەکانی پێکهێناوە، کوردستانی سور بەهیچ کلۆجێک نێوی لەنێو هەواڵەکان نییە.
نێونیشانی دیکەی روپێویەکە
* رۆژهەڵاتی کوردستان هەژارترینە
* سلێمانی زۆرترین و هەڵەبجە کەمترین
*سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و پەکەکە دیارترینن
* وەرگر (خوێنەر) چۆن لەدۆخەکە تێدەگات؟
* لایێنگریی لەچیدا کراوە و چۆن کراوە؟
تێبینی؛
روپێویەکە درێژە، هەرکەس ویستی وردەکاریی دەستبکەوێت نامە بنێرێت، وردەکاریی بۆدەنێرین.
Hiwa Jamal Academy
ئەکادیمیای هیوا جەمال، بۆ راهێنان و پێگەیاندنی راگەیا?
شەش ئاڵەنگاریی بەردەم رۆژنامەڤانان لەبارەی تۆڕەکانی کۆمەڵایێتی
ئا؛ هیوا جەمال
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی هاوبەشی هەردوو Hootsuite وWe Are Social ژمارەی بەکارهێنەرانی تۆڕەکانی کۆمەڵایێتی نزیکدەبنەوە لە ٤.٦٢ ملیارد بەکارهێنەر لە جیهان، بەگوێرەی شیکاریی DataReportal ئەو ژمارەیە نزیکەی ٥٨.٤٪ی دانیشتوانی جیهانە، کەواتە پێویستە رۆژنامەڤانان تۆڕەکانی کۆمەڵایێتی بەکاربێنن بۆ کۆکردنەوەی هەواڵ، سەرەداو و زانینی بۆچونی گشتیی.
لەو ٦ ئاڵەنگارییە ئاگەداربن؛
١. هەواڵی هەڵە و گوماناویی؛
دیارترین ئاڵەنگاریی تۆڕەکانی کۆمەڵایێتی هەواڵی هەڵە و گوماناویی وەکو هەواڵی راست بڵاڤدەکەن، پێویستە رۆژنامەڤانان بە وردی هەواڵی ساختە جیابکەنەوە، لەبەرئەوە دەبێت پێش بڵاڤکردنی هەواڵ، رۆژنامەڤان لە سەرچاوەکەی بکۆڵێتەوە.
دەتوانن، بۆ زانیاری زێدەتر، ئەو ١١ ئامۆژگارییە بخوێننەوە کە ئێستگەی نیشتیمانی گشتی بڵاڤیکردوە، هەروەها نامەی هەواڵیی کە First Draft، پیشکێشیکردوە، رێکخراوێکی نا حکومیی تایبەتە بە چۆنێتی ئاشکراکردنی خەوش و ئاڕاستەکانی راگەیاندنی تازە.
٢. وریابە لە سەرچاوەی هەواڵ؛
هەندێجار هەواڵی هەڵە و گوماناویی بێمەبەست بڵاڤدەبێت، بۆنمونە هەندێ ماڵپەڕ هەواڵی تەنز دادەنێن، وادەزانیت راستە، بەڵام زۆرتر ئەو هەواڵانە لەلایێن کەسانێکەوە ئاڕاستەی جەماوەر دەکرێن تاوەکو بۆچونی گشتیی تاقیبکەنەوە، بەڵام پێویستە رۆژنامەڤان پرسیار لەسەرچاوەی هەواڵەکە بکات و خۆی لێدوان وەربگرێت.
٣. تایبەتمەندێتی بڵاڤکردن؛
پێویستە هەموو رۆژنامەڤانان و بەکارهێنەرانی تۆڕەکانی کۆمەڵایێتی بەباشی لە کاردانەوەی ئەو بابەتانە ئاگەداربن کە پۆستیدەکەن، چونکە هەندێ دەوڵەت لە چۆنێتی بەکارهێنانی تۆڕەکانی کۆمەڵایێتی دەپێچنەوە، واتە دەشێت دەوڵەتێک بتخاتە لیستی سەرپێچیکاران بەهۆی بڵاڤکردنی بابەتێک، وریابە، تۆڕەکانی کۆمەڵایێتی نێودەوڵەتیین نەوەکو نێوخۆیی.
٤. خۆچاودێریی؛
لەگەڵ زیادبونی هەواڵی هەڵە و گوماناویی، پێویستە هەرکەس چاودێری خۆیبێت، واتە ئەوەی لە رۆژنامەڤانیی پێیدەگوترێت دەرگەوان، خۆت ئەنجامی بدەیت، چەندجار ئەو بابەتە بخوێنیتەوە پێشبڵاڤکردن.
باشترە لانیکەم ١٠ خولەکی پاش بڵاڤکردنی بابەت (هەواڵ) تەماشای تێچێنەکان بکەیت، چونکە رەنگە هەڵەتکردبێت و کەسانێک ڕاستیبکەنەوە، مەترسە لە راستکردنەوە.
٥. باشترینەکان پێشکێشبکە؛
تۆڕەکانی کۆمەڵایێتی بەجۆرێک دروستکراون، ئەوەی پێتخۆشە دەیبینیت نەوەکو ئەوەی پێویستتە، لەبەرئەوە هەر بابەتێک شوێنکەوتوانت پێیانخۆشنەبوو، نایبینن، کەواتە بابەتەکەت نەبینرا.
بەهۆیی فرەیی و تایبەتمەندیی تۆڕەکان پێویستە تایبەتمەندییان بپارێزیت، بەڵام مەرجنییە ئەوەی لە فەیسبوک بوو لە ئینستاگرام هەبێت، هەروەها تۆ پێویستە ئەو تایبەتمەندییە بزانیت.
٦. لە کات و وزە، وەبەرهێنان بکە؛
سیمون کیمب، خاوەن و بەڕێوەبەری گشتی لینکدئین، دەڵێت؛ بەکارهێنەرانی تۆڕەکانی کۆمەڵایێتی لە ساڵی ٢٠٢٠ هێندەی ١.٢٥ ملیارد ساڵ تۆڕەکانیان بەکارهێناوە، بەکارهێنەران یێک لەسەر سێی کاتەکانیان بە تۆڕەکانی کۆمەڵایێتی بەسەربردوە. بەگوێرەی گرنگیپێدان و جوگرافیای بەکارهێنەران، تۆڕەکان گۆڕاون.
دەتوانن زانیاری زێدەتر لەم لینکانە وەربگرن
https://firstdraftnews.org/about/
https://datareportal.com/.../digital-2022-global-overview...
https://ijnet.org/en
کێ لەبارەی چی دەدوێت؟
نوسینی؛
لەساڵانی رابردوو تاوەکو ئێستا، دیاردەی ناپیشەیی رۆژنامەڤانیی پەیدابوە، هەرکەس لێدوانیدا لەبارەی هەر بابەتێک بێگوێدانە پسپۆڕیی و بەرپرسیارێتی لێیوەردەگیرێت و بڵاڤدەکرێتەوە.
لەوە ناپیشەییتر، #رۆژنامەڤان و میدیاکاران خۆیان لێدوان لە خۆیان وەردەگرن و لەبارەی زۆر بابەت دەدوێن، یان گوتارەکانیان دەکەنە هەواڵ.
بەشی زۆری ئەو دیاردە ناپیشەییە، بەهۆی ناچارکردنی حزب و لایێنەکانە لەکاتی دۆخی ئاڵۆز یان ململانێی حزبی و تەنانەت کەسیی.
هۆی سەرەکی ئەو ناپیشەییبونە لە وەرگرتنی لێدوان و #هەڤپەیڤین، لەبەرئەوەیە زۆرینەی میدیای باشوری کوردستان، حزبین یان نزیکن لە حزبەکان و کەسێتیی نێو حزبەکان، بەشی بەرچاوی ئامرازەکانی راگەیاندن وەکو ئۆرگانی حزبیی بەکاردەهێنێن، بەکورتی، زێدەتر ئەرکی حزبیی رادەپەڕێنن نەوەکو پیشەی راگەیاندن.
کەواتە ؟
ئەوەی ئێستا دەبینرێت، کەسانێک هەن، دەتوانین نێویان بنێین #لێدوانچی، واتە لەهەموو بابەتێک دەدوێن، بۆنمونە، ئەگەر باسەکە پێوەندی بە کێشەی نێوان عیراق و هەرێمی کوردستان بوو لێدواندەدات، ئەگەر پێوەندی بە کاری رۆژنامەڤانیی هەبوو لێدواندەدات، هەمانکەس ئەگەر پێوەندی بە جەنگی ئۆکراین و روسیا بوو لێدواندەدات، لەبارەی گفتوگۆی رێکەوتنی ئەتۆمیی ئێران، ئەمریکا و ئەوروپا دەدوێت، لەکێشەی نێوان پەکەکە و تورکیا بۆچونی هەیە، لەبارەی ناکۆکی نێوان حزبەکانی کوردستان بەدڵنیایی دەتوانێت بدوێت.. چەندین بابەتی دیکە، تەنانەت پیسبونی ژینگە و قەیرانی دارایی و کەمیی خزمەتگوزاریی.. هەموی بەکاری خۆی دەزانێت، چونە بەشێکی ئەو کەسانە، لەیێککات چەندنی کاریان هەیە، ئەندامی حزبن، ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنوسانن، لەسەنتەرێکی حزبیی کاردەکەن، لە مەکتەبی راگەیاندنن، فەرمانبەری حکومەتن، و لە ئامرازێکی راگەیاندن دەوامیان هەیە، وەکو چاودێری سیاسیی دەتوانێت شرۆڤە بکەن..
رۆژنامەڤان نابێت لێدوان لەم جۆرە کەسانە وەربگرێت، نابێت رێگەی بدرێت لەبارەی هەموو بابەتێک بدوێت.
کەسانێکی دیکە هەن پەرلەمانتارن، لە لیژنەیەکی تایبەتمەند، بەڵام لە زۆر بابەتی دیکە دەدوێن، بەتایبەت ئەگەر لەبەرژەوەندی حزببێت، یان وەکو لایێنی جێبەجێکار دەدوێن، رۆژنامەڤان بەهیچ جۆرێک نابێت لێدوان لە پەرلەمانتار وەربگرێت و پرسیاری بڕیاری حکومەتی لێبکات، یان وەکو لایێنی جێبەجێکار پرسیاری لێبکات، نابێت، لەبارەی لیژنەیەکی پەرلەمانی پرسیاری لێبکات کە تێیدا ئەندام نییە، نابێت پرسیاربکەیت لە پەرلەمانتار، کەی موچە دێت؟ کەی پلە بەرزکردنەوە دەستپێدەکات؟ کەی دامەزراندن دەستپێدەکات؟ بۆچی پلانی ئابوریی نییە؟ بۆچی یەکێتی و پارتی رێکناکەون؟ بۆچی حکومەت پێکنایێت؟ هەموو ئەو پرسیارانەی کاری حکومەتەن، تەنیا لەوکاتە دەتوانیت لێدوانی لێوەربگریت کە بەدواچونەکانی بۆ حکومەت ئەنجامی هەبوبێت، پرسیار لە ئەنجامی بەدواداچونێکی بکرێت.
دیاردەیەکی دیکە، هەندێ، سەرۆک حزب، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، سەرکردایەتی و کادری حزبەکان، لەمسەری زانست بۆ ئەوسەری سیاسەت، لەمسەری ئایین بۆئەوسەری ژینگە دەدوێن، تەنانەت ئەوەی پێوەندی بە بیردۆز و دۆزینەوەی زانست هەیە هەر گفتوگۆی لەبارەوە دەکەن، میدیا وەکو دەستهاتی گەورە لێدوانەکان بڵاڤدەکەن، ئەوە وەکو تاوانی رۆژنامەڤانیی نێودەبەم، چۆن کەسێک لێدوانی لێوەردەگریت، بۆنمونە، خۆی دەرچوی هیچ بەشێکی زانستیی نییە، بەڵام پێتدەڵێت، ئاوی گەرم بخۆیتەوە باشترە لە ئاوی سارد، یان دەڵێت، هەستدەکەم، گەرما زیانی زیاترە لە سەرما، یان هەستدەکەم، ئەمساڵ وشکەساڵیبێت.. چ کاتێک زانست بە هەست بڕیاریلێدراوە، لەوە گەورەتر رۆژنامەڤانەکە دەیکات کە لێدوانی لێوەردەگرێت و بڵاڤیدەکات.
؟
١. ئەگەر بنکۆڵکاریی ئەنجامدابوو، ماوەی زۆر سەرقاڵیبوو، لەورێگەیە چەندنی بابەتی گرنگی بینیوە و کۆیکردوەتەوە، دەتوانێت تەنیا لەوبارەوە بدوێت.
٢. ئەگەر لە شوێنی روداوێک بوو، روداوەکانی بینیبوو، وەکو #چاوەر (شاهێدحاڵ) دەتوانێت روداوەکە بگێڕێتەوە، نمونەی پەیامنێرەکان، بەڵام ناتوانێت، بڵێت، بەبۆچونی من فڵانە لایێن لەپشت ئەو کردەوەیە، بەبۆچونی من گفتوگۆکان ناگەنە ئەنەجام.
٣. روداوێک بەسەرخۆی هاتوە، وەکو دەستگیرکردن، برینداربون و ئازاردان، بەڵام وەکو خۆی بێ تێکەڵاوکردنی هەست و سۆز.
٤. رۆژنامەڤانی تایبەتمەند، وەکو (وەرزشی، تەندروستی، پەرلەمانیی.. هەر بوارێکی دیکە) دەتوانێت شرۆڤەبکات نەوەکو لێدوان و بۆچون دەرببڕێت، بێگومان شرۆڤە تایبەتمەندی خۆی هەیە، (لەداهاتوو باسیدەکەین)، بەڵام بەکورتی؛ ئەنجامی زانیاری باسدەکەیت، وەکو دەڵێیت؛ لەبەرئەوەی سەلمێنراوە دوو کۆی دوو چواردەکات، کەواتە چوارکەس لەو ژورەن چونکە سەرەتا دوو کەس چونە ژور و پاشان دوو کەسی دیکە، پیشتر خۆم لە ژورەکەبوم کەسی لێنەبوو، بەڵام ئەگەر پیشتر ژورەکەت نەپشکنیبوو، بزانیت بەتاڵە یان کەسی دیکەی لێیە، ناتوانیت بڵێیت چوارکەس لەژورەوەن، دەبێت لێدوانی کەسێک لەوانە وەربگریت کە لەژورەوەیە و بڵێێت؛ بە گوتەی فڵانکەس چوارکەسن.
٥. توێژەری رۆژنامەڤانیی، باسی کاری رۆژنامەڤانیی بکات.
کەواتە چارەسەری ئەوە چییە و چۆن دەکرێت؟ لەداهاتوو لەبارەی دەدوێین.
کێ رۆژنامەڤانە و کاری چییە؟
چۆن و لەکوێ دەبیتە رۆژنامەڤان؟
نوسینی: هیوا جەمال
کۆمەڵێک پرسیارم بۆهاتون، لەبارەی بونە رۆژنامەڤان، دەپرسن؛ چۆن دەتوانین ببینە رۆژنامەڤان؟ لەکوێوە دەستپێبکەین؟ چۆن پەرە بە تواناکانمان بدەین؟ هەوڵدەدەم بە کورتی وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەمەوە.
؟
رۆژنامەڤانیی وەکو هەر پیشەیێکی دیکە، پێویستی بە پیشەوەرە، بنچینەی پیشەکە فێربونە، کەس فێرنابێت ئەگەر هەوڵی بەردەوام و بێپچڕانی نەبێت، بەکورتیی، رۆژنامەڤان پیشەوەرێکە، بەردەوام لەهەوڵدانە بۆ فێربون، بێئەوەی لەپیشەکەی ماندو و بێزاربێت.
هەندێ تایبەتمەندی رۆژنامەڤان؛
١. خوێنەربە، پێویستە بەردەوام بخوێنێتەوە، لەهەموو بوارەکان، فەلسەفە، هۆنراوە، رۆمان و چیرۆک، جگەلەمانە بەگوێرەی تایبەتمەندی بواری رۆژنامەڤانیی کتێبی دیکە بخوێنێتەوە.
٢. پێویستە هەفتانە تەماشای فیلم بکات، بەگوێرەی تایبەتمەندی بواری رۆژنامەڤانیی، وەکو فیلمی دۆکیومێنتەریی، مێژویی، سیاسیی، هونەری، وەرزشی، ژینگە و تەندروستی.
٣. رۆژانە، بەدواچونی هەواڵ و زانیاری هەبێت، هەڤپەیڤین و راپۆرتی رۆژنامەڤانیی بخوێنێتەوە و تەماشایان بکات.
٤. پێوەندی بەرفراوانی هەبێت، لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە.
٥. پیشەی رۆژنامەڤانیی لە پیشەکانی دیکە جیابکاتەوە.
کاری رۆژنامەڤان، لە پێناسە کلاسیکەکەی بریتییە لە گەیاندنی داواکانی جەماوەر بە دەسەڵات و وەرگرتنی وەڵامی دەسەڵات بۆ جەماوەر، لە سەردەمی تازە، هەندێکی پێناسەکە گۆڕانی بەسەرداهاتوە و بۆی زیادبوە، وەکو، بنکۆڵکاریی زانیاری و چۆنێتی دروستبونی هەواڵ و هۆی روداوەکان.
؟
بەرلەوەی بەدوای ئەوەدا بگەڕێیت، چۆن و لەکوێ دەتوانیت فێری پیشەی رۆژنامەڤانیی ببیت، پێویستە لەخۆت بپرسیت، توانای ئەم کارەت هەیە؟
وەڵامەکەی ئاسانە، رۆژنامەڤانیی وەکو هەر کار و پیشەیێکی دیکە، سێ گۆشەی هەیە، گۆشەیێکیان تەکنیک و هونەرە، زانست ئەوی دیکە و بەهرەی رۆژنامەڤانیی هەرە گرنگترینیانە، دوو گۆشەیان بواری فێرکردنن، بەڵام بەهرەی رۆژنامەڤانیی ئەگەر نەتبوو فێری نابیت.
لەبارەی تەکنیک و زانستی پیشەی رۆژنامەڤانیی، دوو رێگە هەن، بەڵام هەریێکەیان دەتگەیێنێتە رێگەیەکی جیاوازی بوارەکە.
بۆئەوەی ببیە رۆژنامەڤان پێویستە راهێنان ببینیت، بۆئەوەی ببیتە توێژەری بواری رۆژنامەڤانیی پێویستە زانستی رۆژنامەڤانیی (ئەکادیمی) بخوێنیت.
کەواتە ئەگەر دەتەوێت ببیتە توێژەری بواری رۆژنامەڤانیی، لە پەیمانگە و زانکۆ، فێردەبیت.
دەتوانم بە کورتی بڵێم؛ خوێندنی ئەکادیمی چرایە بۆ روناککردنەوەی رێگەی تاریکی پیشەکە، بەڵام پێویستە راهێنان ببینیت تاوەکو بتوانیت بەو رێگەیە بڕۆیت.
ئەگەر دەتەوێت ببیتە رۆژنامەڤان و کاری رۆژنامەڤانیی بکەیت وەکو، پەیامنێر (پەیامهێن)، بێژەر و پیشکێشکار، پرۆدیوسەر و هەواڵساز، پێویستە راهێنان ببینیت، بەڵام راهێنانی کردارەکی (پراکتیک)، ئەوە تەنیا بە چەند کاژێر و رۆژ ناکرێت، پێویستە کاتی بۆتەرخانبکەیت.
26
رۆژنامەڤان لە دۆخی ئاڵۆز چۆن کاردەکات؟
نوسینی؛
ئەگەرچی بۆ رۆژنامەڤان هەموکات پێویستە، بە وردیی و پیشەیی کاربکات، بەتایبەت نوسین و داڕشتنی هەواڵ و ئەنجامدانی کاری رۆژنامەڤانیی لە هەموو ژانرەکان، بەڵام لەو دۆخانەی زۆرتر ململانێکان لە هەڵکشانن زێدەتر پێویستی بە وریابونە.
؟
ماوەی هەڵبژاردنەکان، کاتی جەنگ، گەرمبونی ململانێی حزب و لایێنەکان، ئاڵۆزبونی پێوەندی دولایێن، حکومەت و دەوڵەتان، دۆخی ئاڵۆزن، کاری رۆژنامەڤانیی لەوکاتانە هەستیاریی نائاسایی پێویستە.
؟
دەنگۆ، واتەوات، سەرچاوەی نادیار،هەواڵی بێسەرچاوە، بەڵگەنامەی ساختە و دەنگوڕەنگی دەستکاریکراو، هاککردنی لاپەڕەی فەرمی و ماڵپەڕ، بەکارهێنانی میدیا، هەڕەشە و هەڵفریوان لەوکاتانە زێدەتر بڵاڤدەبن.
رەنگە لایێنێکی ململانێ، بەمەبەست، دەنگۆ و واتەوات بڵاڤبکات، یان باڵۆنی دەنگۆ هەڵبدات، تاوەکو بۆچونی جەماوەر تاقیبکاتەوە.
پێویستە رۆژنامەڤان بەرانبەر هەموو هەواڵ و زانیاری و بۆچونەکان هەستیاربێت و بەگومانبێت، پێویستە بەردەوام بگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە و بنچینەی زانیاریی و هەواڵەکە.
؟
رۆژنامەڤان تاوەکو بزانێت زانیاری یان هەواڵەکە راستە، پێویستی بەم هەنگاوانەیە؛
١. سەرچاوەی زانیاریێکە بدۆزێتەوە.
٢. یەکلایێنە زانیاری و هەواڵ بلاڤنەکات، تاوەکو لە هەردولا لێدوان وەردەگرێت.
٣. هەر بەڵگەنامە، یان پۆستی تۆڕی کۆمەڵایێتی بینی و دەستیکەوت، راستەوخۆ لەگەڵ لایێن یان شوێنی دەرچونی پێوەندیبکات.
٤. دوجاردڵنیایی (دەبڵ چەیک) وەربگرێت.
٥. هەموو لێدوانی وەرگیراوی لایێنەکان تۆماربکات بە دەنگ و رەنگ.
٦. وێنە (پرێنتسکرین و سکان)ی پۆست و بەڵگەنامەکان بکات و بۆماوەی لانیکەم سێ هەیڤ بیانپارێزێت.
#جگەلەوانە، سەرنجی ئەمانە بدە؛
١. راگەیێندراو بەتەنیا هەواڵی لێدروستناکرێت، مەگەر لێدوانی لایێنی پێوەندیداری لەگەڵبێت.
٢. راگەیێندراو هەواڵنییە، بەڵکو نێوەرۆکی راگەیێندراو هەواڵە.
٣. لێدوانی لایێنێکی ململانێ بەتەنیا هەواڵی پیشەیی نییە، بەڵکو دەبێت لێدوانی هەردولای تێدابێت.
٤. هەواڵ، زانیاری تازەیە.
روماڵی دۆخی ئاڵۆز جیاوازە لە دۆخەکانی دیکە، لەداهاتوو لەوبارەوە سەرنجی زێدەتر بڵاڤدەکەین.
29/03/2022
ئاگر لە بەخدا و دوکەڵ لە کوردستان
جارێکی دیکە لەبارەی پیشەییبون
هیوا جەمال
رەنگە زۆرینە کۆکبن لەبارەی بێلایێننەبونی میدیا، بەڵام پێویستە هەموان کۆکبن، لەبارەی پیشەییبون، ئەگەرچی پاڵپشتی دارایی و ئایدۆلۆژی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، کاریگەریی دەبێت، زێدەتر لەوکاتانە کاریگەریی دەردەکەوێت، هەستیاریی لەنێوان حزبەکان و ململانێ هەبن.
نمونەی زیندوو؛
روداوی سوتاندنی بارەگەی لقی بەخدای پارتی دیموکراتی کوردستان نمونەی تازەی کاریگەریی و لایێنگرییە، لێرەدا ماوەی ١٤ کاژێری رابردو وەردەگرم، ( کاژێر ٢:٠٠ تاوەکو ١٦:٠٠).
زانیاری سەرەتایی هەواڵەکە ئەمانەن؛ بارەگەی پارتی لەبەخدا سوتێنرا، کۆمەڵێک زۆرینەیان گەنجن، بەفەرمی خۆیان نەناساندوە، هەندێ لەوانەی سوتاندیان، ئاڵای سپی، زەرد و سەوز پێکەوەیان پێبوە، رەنگ و دروشمیان نزیکن لە هەندێ گروپی نێو حەشدی شەعبی، هەروەها وێنەی سەید عەلی سیستانیان پێبوە، بەعەرەبی دروشم دەڵێنەوە..
پاشان کاردانەوەی بەدواهات (راگەیێندراو، لێدوان، کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی).
نمونەی ١٤ کاژێری رابردوو، مەبەستەکە زەلالدەکات، بەتایبەت کاتێ لە میدیای جیاجیای لایێنەکان بڕوانین؛
لەوماوەیە حەفت سەکۆی میدیایی وەکو نمونە وەردەگرین کە زمانحاڵ یان نزیک لە یەکێتی و پارتی و نەوەی نوێن. ئەو لاپەڕانە تەنیا لە فەیسبوک ٧٦ هەواڵ، وێنە، دیمەن و لێدوانیان بڵاوکردوەتەوە.
زۆرترین هەواڵ لاپەڕەی (پی یو کەی مێدیا) بڵاویکردوەتەوە (١٦ بابەت) ، کەمترین بابەت لاپەڕەی (ئین ئاڕ تی) بڵاویکردوەتەوە (٥ بابەت).
بە سێ کەناڵی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ( پی یو کەی، گەلی کوردستان و کوردستان نیوز) ٣٧ بابەتیان بڵاوکردونەوە، بە سێ کەناڵی پارتی و نیزیک لە پارتی ( کوردستان تیڤی، کوردستان ٢٤ و رووداو ) ٢٧ بابەتیان بڵاوکردونەوە.
رێژەی بەرچاوی ئەو بابەتانەی بڵاوکراونەوە بە ئاشکرا لایێنگریی و جوڵاندن و دنەدانی تێدایە، کەمتر وەکو بابەتی رۆژنامەڤانیی پیشەییانە بڵاوکراونەوە، بەتایبەت لە بەکارهێنانی دەستەواژە و رستەکان، ( نێونیشان و پێشەکی).
نمونەی هەندێ لەو نوسینانە کە ناچنە خانەی هەواڵ (ئەنجامی خۆڵ لەچاو کردن!!! وەزارەتەکەی رێبەر ئەحمەد کادیرێکی پارتی کردە قوربانی. بە ھیچ شتێک پینەو پەڕۆ ناکرێت!!! عوزر لە قەباحەت بەد ترە!!! لهسهر ئهم تویتهی كادرێكی دیاری پارتی، بارهگای پارتی لهبهغدا لهلایهن شیعهكانهوه سوتێنرا. بەڵام بۆ شکاندنی شوشەکانی لقی چوار لە شاری سلێمانی ساڵی ٢٠١١ ، سکاڵایان تۆمارکرد و چەند گەنجێکیشیان شەهید کرد. خۆ چەماندنەوەیەکی تری پارتی !!(
لەم بابەتە دەبێت کێ لێدوانی لێوەربگیرێت؟
# ئەوکەسە یان ئەو کەسانەی بارەگەیان سوتاندوە
# ئەو حزبەی بارەگەی سوتاوە
# ئەو کەسەی تویتێکی نوسیوە و دەگوترێت هۆکاربوە
# لایێنی مەرجەعیەت (لێڤەگەر) رەنگە گوتەبێژ بەنێوی سەید سیستانی یان بەڕێوبەری نوسینگەی یان کەسێکی دیکەی رێگەپێدراو.
# حکومەت، لایێنی پۆلیس و ئاسایش
حاڵەتێکی نەخوازراو پەیدابوە لە کاری رۆژنامەڤانیی کوردیی، بەکارهێنانی نەرین و بۆچونی خەڵکە وەکو هەواڵ یان سەرچاوەی هەواڵ، ئەوە دیاردەیەکی ناسروشتیی نێو راگەیاندنی کوردییە و گونجاونییە.
خاڵێکی گرنگ، بەتایبەت ئەوکەناڵانەی بانگەشەی پیشەییبون یان "سەربەخۆبون" دەکەن، ناکرێت ئەو تەوژمانە ئەوان بگرێتەوە، هەندێجار کەناڵی ئێن ئاڕ تی، هەمان دۆخی کەناڵەکانی ئۆپۆزسیۆن (دژبەر) وەردەگرێت، پیشەییبون لەدەستدەدات، لەم روداوە لێدوانێکی داناوە، لەسەر لێدوانەکە نوسیوێتی؛ " بەڵام بۆ شکاندنی شوشەکانی لقی چوار لە شاری سلێمانی ساڵی ٢٠١١ ، سکاڵایان تۆمارکرد و چەند گەنجێکیشیان شەهید کرد". دەبوو ئەو بۆچونە کەسێکی دیکە بیڵێت، هەرچەندە ئەوە بەهای هەواڵی نییە.
کۆتایی..
لێدوانی ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی راگەیاندنی یێک لەو حزبانەم بینی بڕوامنەکرد بەوجۆرە دوابێت، بە زمانی عەرەبی گوتەکەی بڵاوکراوەتەوە و لە لاپەڕەی خۆی پەخشیکردوە، دەڵێت؛ "رۆژانە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایێتی بە زمانی کوردیی، سوکایەتی بە هەموو پیرۆزییەکانی خەڵک دەکرێت".
تێبینی؛ ئەم بابەتە زێدەتر بۆئەوانەیە لەبواری میدیا کاردەکەن.
لەگەڵ هیوا جەمال راهێنان ببینە
08/03/2022
08/03/2022
هەندێ لە بەشداربوانی خولی راهێنانی پێشكێشكاریی لە هەولێر
Click here to claim your Sponsored Listing.
Location
Category
Contact the school
Telephone
Website
Address
Irbil
44001