31/05/2024
بیرکردنەوە چییە؟
بیرکردنەوە پرۆسەیەکی هۆشەکییە واتە کردەیەک نییە کە بکرێت بە چاو ببینرێت. هەروەها لە ڕێگەی هێماکانەوە بە ئەنجام دەگات، واتە بە هۆی خوێندنەوەی پەیوەندیی نێوان دال و مەدلولەکانەوە بەدی دێت. مێشکی مرۆڤ بەردەوام داتا و زانیارییەکان وەردەگرێت و دەیانگۆڕێت بۆ بیرکردنەوە.
سەبارەت بە بیرکردنەوە ڕوانگە و بۆچوونی جۆراوجۆر هەیە، لەگەڵ ئەمەشدا هەمووان لە سەر ئەوە کۆکن کە بیرکردنەوەی دروست و ئامانجدار کامڵبوون بەدوای خۆیدا دەهێنێت و مرۆڤ لە ڕێگەی بیرکردنەوەوە دەتوانێت ژیانێکی هۆشیارانە بگرێتە بەر و بەردەوام لە پێشکەوتندا بێت.
لە فەرهەنگی دەرونناسیی ئەنجومەنی پزیشکانی دەرونیی ئەمریکا(APA)دا بەم جۆرە بیرکردنەوە ناسێندراوە:
کردەیەکی زانینییە کە تێیدا ئایدیا و وێنە و هێما هۆشەکییەکان و هەموو توخمە گریمانەییە هزرییەکان ئەزمون یان دەستکاری دەکرێن. کردەیەکی نەبینراو و ڕەمزییە کە ڕێگەمان پێدەدات کاریگەریی دەرونناسی دروست بکەین و نموونەگەلێک بۆ تێگەیشتن لە جیهان دروست بکەین. بیرکردنەوە بە پرۆسەیەکی نەبینراو هەژمار دەکرێت چونکە بیرکردنەوەکانمان و پرۆسەکانی پەیوەست بە بیرکردنەوەکانمان ناکرێت ڕاستەوخۆ ببینرێن. بیرکردنەوە وەکو پرۆسەیەکی ڕەمزی درک دەکرێت چونکە بە سودوەرگرتن لە هێما و ڕەمزە هۆشەکییەکان و نواندنەوە کاردەکات.