19/08/2026
پەیامی هاوخەمی، دەستخۆشی و پێزانینی ( مەڵبەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی ساداتی پیرخدری شاهۆ ) سەبارەت بە ڕووداوی نەخوازراوی ئاگرکەوتنەوەکەی ناوچەی تانجەرۆ.
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، بۆ ڕووداوی نەخوازراوی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگاکانی سوتەمەنی لە ناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی، کە بەهۆیەوە زیانێکی گەورەی مادی لێکەوتەوە و ژمارەیەک لە کارمەندان و هاووڵاتییانی بەشداربووی کوژاندنەوەی ئاگرەکە بریندار بوون.
لە ناخەوە داواکارین لە پەروەردگاری میهرەبان، شیفای عاجل و تەواو بە هەموو بریندارانی ئەم ڕووداوە ببەخشێت، بەتایبەتی ئەو بەڕێزەی کە سووتاوییەکەی سەختە و لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە. هیواخوازین بە بەزەییی خوای گەورە و هەوڵی بێوچانی پزیشکان، بە سەلامەتی ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنێت و بگەڕێتەوە نێو خێزان و کەس و کاری.
هاوکات بە بەرزییەوە ڕێز و پێزانینی خۆمان دەردەبڕین بۆ هەڵوێستی مەردانە، باوەڕبەخۆبوون و ئیماندارانەی کاک (شێخ عەبدوڵڵا شێخ جەلالی سیرین)، خاوەنی کۆگا سووتاوەکان، کە سەرباری زیانە مادییە گەورەکان، بە دڵێکی ئارام و بە ڕەزامەندییەوە بەرامبەر قەزا و قەدەری ئیلاهی وەستایەوە و سوپاسگوزاریی خوای گەورەی کرد، ئەم هەڵوێستە نەجیبزادەییە ڕەنگدانەوەی پەروەردەی بەرز و ڕەسەنایەتیی جەنابی (حاجی شێخ جەلال سیرین)ی باوکیان و تەواوی بنەماڵەی ساداتی سیرینە—کە هەمیشە وەک کەسایەتیەکی خێرخواز و دیاری کۆمەڵایەتی و بازرگانی (بە شایەتیی خەڵک بۆ خزمەت پاکییان)، جێی شانازیی شاری سلێمانین.
لە پەروەردگاری میهرەبان داواکارین بە گەورەییی خۆی، بە خێر و بەرەکەت جوبران و قەرەبووی تەواوی زیانەکانیان بۆ بکاتەوە، بەرەکەت بخاتە تەمەن و ماڵیان و لە کۆسپ و بەڵای گەورەتری ڕۆژگار بیانپاریزێت.
سوپاس و ڕێز بۆ بەشداربووانی دامرکاندنەوەی ئاگرەکەی تانجەرۆ:
• هاووڵاتییانی خۆبەخشی سلێمانی
• تیمەکانی بەرگریی شارستانی
• هێزەکانی ئاسایش
• پۆلیسی فریاکەوتن
• پۆلیسی هاتووچۆ
• کارمەندانی تەندروستی
• و هەموو ئەو کەسانەی بە هەر شێوەیەک بەشدارییان کرد لە کۆنترۆڵکردن و دامرکاندنەوەی ئاگرەکە.
خۆشەویستانی شاری سلێمانی، بە هەستی ڕێز و پێزانینەوە سوپاسی دڵسۆزانە و بەشداریی بێوچانتان دەکەین لەم ڕووداوەدا. هەموو ئەوانەی لەو ساتە هەستیارەدا بە هەوڵ و ماندووبوونی بەردەوام ڕۆڵیان گێڕا لە پاراستنی ژیان و سامان و کەمکردنەوەی زیانەکان، شایەنی بەرزترین ڕێزن.
دەستی ماندوبوونتان دەگوشین. هەمووتان پارێزراو بن و خودای گەورە سلێمانی و کوردستان لە هەموو بەڵایەک بپارێزێت.
مەڵبەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی ساداتی پیرخدری شاهۆ
١٩ ، ٨ ، ٢٠٢٦