23/03/2026
منداڵ و یاری قوڕکاری
سۆران ڕەسوڵ . پسپۆڕی پەروەردەیی
🔹قوڕ و چڵک و پیسی بە شووشتن لادەچێت.
🔹 جلوبەرگی خۆڵاوی دەگۆڕدرێت.
🔹 ماڵ شێواوی و شتومەک ڕێکدەخرێت و کۆدەکرێنەوە.
⛔ بەڵام ئاگاداربە! تەمەنی منداڵی جگەرگۆشەکەت زۆر کورتە و بە زوویی تێدەپەڕێت.
✅ لێگەڕێ با هەتا منداڵن یاری بکەن، با جیهان بپشکنن. لێگەڕێ با کەمێک خۆیان تۆزاوی و قوڕاوی بکەن و خۆیان لە خۆڵ وەربدەن، چونکە ئەوان خەریکی نەخشاندنی یادەوەرییە جوانەکانیانن.
هەموو شتێک پێویستی بە جەنگ و دەنگەدەنگ نییە.
هەندێک جار، باشترین کارێک کە وەک دایکێک بیکەیت، ئەوەیە کە هەناسەیەکی قووڵ هەڵکێشیت و لێگەڕێیت با بە ئارەزووی خۆیان تەمەنی منداڵییان بەسەرببەن...
چونکە لە کۆتاییدا، منداڵ پاک دەبێتەوە، بەڵام کاتی منداڵی ناگەڕێتەوە.
✅ پێویستە دایبابان ئەو ڕاستییە قووڵە فەرامۆش نەکەن کە یاریکردنی منداڵ تەنها لەچوارچێوەی ماڵدا نییە، بەڵکو ئەو یاریکردنەی کە گەورەترین ئامانجەکانی گەشەی تیادا بەدیدەهێنێت یاریکردنی ئەوە لە دەرەوە، یەکێک لە باشترین کەرەستەکانی یاریکردنیش قوڕ و لمە، ئێستا و لە وەرزی بەهار و چوونە گەشت و سەیران باشترین هەلە بۆ منداڵەکانمان کە لە دەشت و دەر کەمێک لە کاتەکانی گەشتەکەیان بە یاری قوڕکاری و لمین بەسەربەرن.
پرسیار: 🔸بۆچی قوڕ و لم یەکێک لە باشترین کەرەستەکانی یاریکردنە بۆ منداڵ؟
1️⃣ لە ڕووی جەستەییەوە بەهێزکردنی ماسولکەکانی دەست و قاچ و هاوسەنگی جەستەیە.
2️⃣ لە ڕووی دەروونییەوە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و زیادکردنی هۆڕمۆنی دڵخۆشییە.
3️⃣ لە ڕووی بەرگرییەوە کەمکردنەوەی ئەگەری ڕەبۆ و هەستیاری لە ڕێگەی بەکتریای سوودبەخش.
4️⃣ لە ڕووی داهێنانەوە پەرەپێدانی خەیاڵ و چارەسەرکردنی کێشە (Problem Solving)
🔹 توێژینەوەکان لەم بارەیەوە سەرسوڕهێنەرن:
چەندین توێژینەوەی زانستی و تیۆری پەروەردەیی جەخت لەسەر گرنگیی یاریکردنی منداڵ لەناو "ژینگەی کراوە" (وەک لم، قوڕ و خۆڵ) دەکەنەوە. ئەم جۆرە یارییانە بە "Sensory Play" (یاریی هەستی) و "Loose Parts Play" (یاریی پارچە سەربەخۆکان) ناسراون.
لێرەدا دیارترین ئەو توێژینەوە و سەرچاوە زانستییانە دەخەینە ڕوو کە پەیوەندیی نێوان ئەم یارییانە و گەشەی منداڵ دەسەلمێنن:
1️⃣ گەشەی داهێنان و بیرکردنەوە: (Cognitive & Creative Development)
یاریکردن بە لم و قوڕ هیچ "یاسایەکی دیاریکراو"ی نییە؛ واتە منداڵ خۆی بڕیار دەدات چی لێ دروست بکات، ئەمەش لوتکەی داهێنانە.
ــ سایمن نیکۆڵسن لەم توێژینەوەیەدا دەڵێت: ژینگەیەک کە کەرەستەی "جوڵاو"ی تێدابێت وەک (لم، ئاو، قوڕ)، هێزی داهێنان لە منداڵدا چەند هێندە دەکات. چونکە ئەم کەرەستانە ڕێگە بە منداڵ دەدەن بە شێوەی بێکۆتایی تاقی بکەنەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن.
2️⃣ گەشەی جەستەیی و ماسولکەکان: (Physical & Motor Skills)
یاریکردن لەناو لم و قوڕ تەنها چێژ نییە، بەڵکو وەرزشێکی تەواوە بۆ ماسولکە وردەکان و گەورەکان.
ــ ئەم توێژینەوەیە کە لە زانکۆی نەرویج لە لایەن توێژەر ئالین ساندسێتەر لە نێوان ساڵانی ۲۰۰۷ ــ ۲۰۰۹ ئەنجامی داوە دەریخست کە یاریکردن لە ژینگەی سروشتیدا (قوڕ، دار، بەرد) دەبێتە هۆی گەشەیەکی خێرای Motor Skills (کارامەیی جوڵە). منداڵان لە کاتی هەڵکەندنی لم یان شێلانی قوڕدا، ماسولکە وردەکانی دەستیان (Fine Motor Skills) بەهێز دەبێت، کە دواتر بۆ نووسین و بەکارهێنانی پێنووس زۆر گرنگە.
3️⃣ تەندروستی جەستەیی و سیستەمی بەرگری: (The Hygiene Hypothesis)
زۆر کەس وا دەزانن خۆڵ و قوڕ زیانبەخشە، بەڵام زانست پێچەوانەکەی دەسەلمێنێت.
ــ ئەم توێژینەوەیە کە لە زانکۆی هێڵسینکی، فینلەندا لە ساڵی ۲۰۲۰ لە گۆڤاری (Science Advances) بڵاوکراوەتەوە، توێژەران دەڵێن: "قوڕ و خۆڵی دارستان"یان هێنایە ناو باخچەی ساوایان. دوای تەنها ٢٨ ڕۆژ، دەرکەوت ئەو منداڵانەی لەناو قوڕ و خۆڵەکەدا یارییان کردبوو، سیستەمی بەرگرییان (Immune System) بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەهێز بووە و بەکتریای سوودبەخشی سەر پێستیان زیادی کردووە، کە دەیانپارێزێت لە هەستیاری (Allergy) و نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
4️⃣ نەخشاندنی یادەوەری و لایەنی دەروونی:
ــ ڕیچارد لۆڤ لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ۲۰۰٥ چاپیکردووە دەیسەلمێنێت کە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سروشت (وەک قوڕبازی) نەک هەر یادەوەرییەکی قووڵ لای منداڵ دروست دەکات، بەڵکو فشاری دەروونی (Stress) کەمدەکاتەوە و سەرنجی منداڵ (Focus) زیاد دەکات. ئەو دەڵێت "هەستەکان" (بینین، بۆنکردن، دەستلێدان لە قوڕ) یادەوەرییەکە لە مێشکدا جێگیر دەکەن.
♦ڕێنمایی زانایان ئەوەیە کە ڕێگە بدەن منداڵ "پیس ببێت" لە کاتی یاری، چونکە ئەو پیسبوونە ڕووکەشییە بناغەی تەندروستییەکی پۆڵایینە بۆ داهاتووی.
پاشماوەی بابەتەکە لە کۆمێنت بخوێنەرەوە.
02/03/2026
" ساڵی ١٩٩٢ بوو ، سەتەلایت زۆر زۆر گران بوو ، نرخی شانی لە شانی خانووی دەدا، بۆیە بە دەگمەن ماڵێک هەبوو هەیبێت، مامۆستا شەماڵ یەکێک بوو لەوانە.
ئەو قەناعەتی بەوە هەبوو کە (ئەگەر سەرچاوەی زانیارییەکانت هەر ئەوانەی خەڵکی بێت، شتێک نابێت هی ئەوە بێت بۆیان باسبکەیت).
ئەو سەتەلایتە یەکێک بوو لە نهێنییەکانی ئەوەی مامۆستا ئەو هەموو زانیارییە هاوچەرخەی لابوو کە سەرنجی خەڵکی ڕادەکێشا.
دوای دوو ساڵ، ڕۆژێک سەتەلایتەکە دزرا، دەشیزانی کێ بردوویەتی. حاجی ئومێد محمد کە یەکێک بوو لە قوتابیەکانی پێی ووت:
- مامۆستا ! بۆ ناچیت لای پۆلیس شکاتی لێبکەیت؟!
-مامۆستا ووتی ئەوە بە ڕاستتە؟!
من خوا خوامە ئەو تاوانەی کەشف نەبێت و خوا لێی خۆش بێت، ڕۆژانە دوعا دەکەم پێی نەزانرێت، ئێستا تۆ دەتەوێت خۆم بچم کەشفی بکەم و ئابڕووی بەرم؟!
گەردنی ئازاد بێت و خودا لێی خۆش بێت !"
ـــــــــــ
وەرگیراوە
لە کتێبی شەماڵێک لە میحرابەوە
27/02/2026
تەنیایی گەورەترین برسێتیە
..............
چەند جارێک لەپاش تەواو بوونی کارەکانی بەڵگەی تاوان ڕێم کەوتۆتە سەر حاڵەتی خۆکوژی ، دوای ئەوەی تیمەکانی بەڵگەی تاوان بە دوای قەوان و شوێن پەنجە و قوتوی دەرماندا دەگەڕان ، من بە چاوێکی کز و پشتێکی چەماوە و سەرێکی سپی ، بەدوای دەستنووس و جل و بەرگ و شێوازی ژوور و لاپەڕەی کتێبەکاندا گەڕاوم ، بۆ شتێک گەڕاوم کە کەس بەلایەوە گرنگ نەبووە، ڕۆژێک لەناوەڕاستی کتێبێکدا دێڕێکم دۆزیەوە نووسرابوو (پێش ئەوەی بیر لە کارەکە بکەمەوە من مردبووم)
من مردبووم ، وەختێک هەموان وەک سەلاجە و تەباخ لە ژوورەکەدا قسەیان لەگەڵ نەدەکردم ، من مردبووم وەختێک وەک مێز و کورسی و کۆمپیوتەری ناو فەرمانگەکە سەیریان دەکردم ، من مردبووم وەختێک وەک ڕاپۆرت و کۆنووسی کۆبوونەوەکان لە حیزبدا سەیریان دەکردم نەک وەکو مرۆڤ ، من مردبووم وەختێک هەمووان ڕەسمیان پێکەوە دەگرت و بەڵام لەپشتی وێنەکە شتێکی تر دەگوزەرا ، من مردبووم ، من و من و هەزار وەختی تر ....هتد
.........................
(هارلی هارلۆ) یەکێک بوو لە دەرونزانە گەورەکان تاقیکردنەوەکەی لەسەر مەیموونی (ڕیزۆس) کە بەیەکێک لە بێڕەحمانەترین تاقیکردنەوەکانی مێژوو دادەنرێت ، تێڕوانینی جیهانی بۆ گەشەی منداڵ و مرۆڤ گۆڕی:-
هارلۆ ویستی بزانێت ئایا منداڵ تەنها بۆ خۆراک دەچێتە لای دایکی، یان بۆ ئارامی و میهرەبانی؟ بۆ ئەمەش دوو جۆر دایکی دەستکردی بۆ مەیمونە ساواکان دروست کرد:
دایکی وایەری (تەلی): کە لە ئاسن دروستکرابوو بەڵام شووشە شیرێکی پێوە بوو بۆ خواردن.
دایکی قوماشی: کە لە قوماشێکی نەرم دروستکرابوو بەڵام هیچ خواردنێکی پێنەبوو.
پیچەوانەی پێشبینی زاناکان ، مەیموونەکە نزیکەی (١٨ کاتژمێر بە دایکە قوماشەکەوە دەنووسا) تەنها لە کاتی برسێتیدا دەچووە لای دایکە ئاسنەکە کە شیری پێوەبوو.
......................
ئەمڕۆ تۆ دەتوانی ئەو دایکە ئاسنە لە چێشتخانەیەک ، لە ماتۆڕێکی دیلیڤەری ، لە خزمەتکارێک دەست بخەیت خواردنت بۆ ئامادە بکات ، بەڵام دایکێکی میهرەبان ، منداڵێک کە پێستی بەر پێستت بکەوێت ، خیزانێک کە شکست و برینەکانت بلاوێنێتەوە لە کوێ دەهێنیت.
برسێتی دەروونی مرۆڤ بە قاڵبە زیو و بلۆکە دۆلار پڕنابێتەوە ، بە لێکزس و حیمایە و پۆست و پلە و پایە و نازناوی بنەماڵە و زانستی پر نابێتەوە ، مرۆڤ کە دەگاتە ئەو بەرزیە لەهەموو کات زیاتر هەست ئەکات وەک مەیموونەکەی هارلۆ پێویستی بە کەسانێکە بیلاوێننەوە.
لە کۆتایی تاقیکردنەوەکەی (هارلۆ)دا مەیموونەکان زۆرینەیان دەگۆڕان بۆ مەیموونی توندوتیژ کەس نەیدەتوانی دەستیان لێبدات ، ئەمڕۆ ئێمە زۆرینەمان گۆراوین بۆ ئەو مەیموونە توندوتیژە ، کەس ناتوانێت دەست لە ڕۆحمان بدات ، کەس ناتوانێت کۆمێنتمان لەگەڵ بگۆرێتەوە ، کەس ناتوانێت لە حیزب و حوکومەتدا موناقەشەیەکمان لەگەڵ بکات ، لەسەر جادە فولێک هۆڕنێکمان بۆ لێبدات ، دەست بەجی توندوتیژیەکەمان نیشان دەدەین چونکە بەدوای (دایکێکی ئاسن)دا رامان کردووە ، تەنها یاسا و ڕێنماییەکانیان نیشان دەدەین ، فیلمی ڕووت و کامێرای ناو مالەکان لە دژی یەکتر بەکار دەبەین ، کەسمان ناتوانین دەست بەسەر و بە دڵی ئەوی تردا بهێنین کەسمان (دایکێکی قوماش)مان نەبووە، گۆڕاوین بۆ مرۆڤی برسی و توندوتیژ.
....................................
ئەوەی لە میدیاکانەوە بینیمان تەنها مەیموونێک و پارچە قوماشێک نەبوو بەڵکو پەردە لادان بوو لەسەر (هەتیوو بونێکی گەردوونی) کە مرۆڤی مۆدێرن تێیدا دەژی.کاتێک جیهان میهرەبانیت لێ زەوت دەکات ، بەر کۆمەڵە شتێک دەکەویت کە تژییە لە خەمۆکی و ئازار.
ئێمە ملیۆنان "پەیوەندیی وایەریمان" هەیە، بەڵام یەک "باوەشی قوماشیمان" نییە.
لە کۆتایی ڕۆژدا ئەوە گرنگ نییە بەسەر چەند کەسدا سەرکەوتویت ، چەندێک کانزا و زێڕ و زیوت بردۆتەوە ، چەندێک ژمارە چۆتە سەر حسابەکەت ، چەندێک لایک و کۆمێنتت بۆ هاتووە ، ئەوە حسابە ، فێربین چۆن میهرەبان بین لەگەڵ ڕۆحی خۆمان و ئەوانی تر ، ئەگەرنا تەنها وایەرە ئاسنەکان لە خۆمان تیژتر و بکوژتر و غەمگینتر دەکەینەوە.
کورد دەڵێت (ئاو بەدوای بێڵەوە دەڕوات) ئەم هەموو ئازار و تەنهاییەی مرۆڤیش بە دوای پارچەیەک قوماشی نەرم و میهرەبانیەکەوە دەروات.
یەکەم/
مرۆڤی ئەمڕۆ تەنها لە (هیندستان) و (ئەفریکا) لەبرسا نامرن ، ئەمڕۆ مالەکان پڕن لە تەرم ، تەرمی ئەوانەی کە دایکێکی پەڕۆیان دەست ناکەوێت لە کاتی شکست و ئازاردا باوەشی پێدا بکەن ، ئەمڕۆ مالەکان پڕن لە شۆڤاژ و تەلەفزیۆنی سمارت و کەوانتەری ئاخر مۆدێل ، بەڵام میهرەبانی تێدا نییە ، تەماشاکردنی چاوی یەکتری تێدانییە ، هەست کردن بە گریان و فرمێسک و شادی تێدا نییە ، هەروەکو چۆن ماسولکەی مرۆڤ ئەگەر بەکاری نەهێنیت دەپوکێتەوە ، میهرەبانی مرۆڤ ئەگەر بەکاری نەهێنیت ڕۆحی دەپوکێتەوە ،
میهرەبانی لوتفێکی زیادە نییە ، لێرەوەیە کە بابەتگەلێکی وەک جوانی و مۆسیقا و ئاژەڵ و سروشت و گوڵ و ڕێوڕەسمە ئاینیەکان ، تەنها کات بەسەر بردن نین، بەڵکو پێویستیەکن وەک ئاو و هەواو خواردن و سێکس.
چەقۆی دەروونی مرۆڤ لەوە کولترە ، بتوانێت بەبێ هەسانی خۆشەویستی دڵڕەقی ئەم ژیانە ببڕێت.
باوەشی (دایک) لە هەریری نەرم دروست کراوە ، هەرچی گریان و خۆ پیسکردن و برسێتی مندالە دەیگرێتە خۆی ، باوەشی نیشتیمان دەبێت وابێت ، هی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتری دەبێت وابێت ، هی حیزب و حوکومەت و خیڵ و خیزان دەبێت وا بێت ، بەڵام لەڕاستیدا وەها نین، بۆیە هەموومان برسی و گرینۆک و تەنهاین.
(هایدیگەر) باس لەوە دەکات کە مرۆڤ فڕێدراوەتە ناو جیهانێک کە پڕە لە دڵەڕاوکێ. ئێمە هەموومان ئەو ساوا ترساوانەین کە لە ناوەڕاستی ژوورێکی سارددا ، کۆمەڵگایەکی ساردا فرێدراوین و وەک مەیموونێک وەک مرۆڤێک بەدوای پارچە قوماشێکدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی پێمان بڵێت: (مەترسە هەموو شتێک باشە ، من لێرەم دایکت لێرەیە ، نیشتیمان لێرەیە).
دووەم/
مرۆڤ تەنها ئەو کاتە "مرۆڤە" کە لەلایەن یەکێکی ترەوە بە میهرەبانییەوە بەرکەوتنی هەبێت. بەبێ میهرەبانی، ئێمە تەنها ئامێرێکی بایۆلۆژین کە شیر دەخۆین و چاوەڕێی مەرگ دەکەین
"تەنیاییەکی پڕ لە ژاوەژاو"
یەکێک لە دەرەنجامە قووڵەکانی هارلۆ ئەوە بوو کە مەیمونە گۆشەگیرەکان، کاتێک دەخرانە ناو مەیمونەکانی تر، نەدەتوانرا تێکەڵ بن. ئەمە پێی دەوترێت "کەمئەندامیی سۆزداری".
ئەمڕۆ زۆربەی ئێمە تووشی ئەم کەمئەندامییە بووین. لە سۆشاڵ میدیادا هەزاران هاوڕێمان هەیە، بەڵام کاتێک خەمێکمان هەیە، پەنا دەبەین بۆ "بێدەنگی". چونکە ئێمە فێری "پەیوەندیی وایەری" بووین (کورتەنامە، ئیمۆجی، لایک)، بەڵام زمانی "قوماش"مان لەبیر کردووە (سەیرکردنی چاو، گرتنی دەست، بێدەنگییەکی پڕ لە تێگەیشتن).
سێییەم/
هارلۆ سەلماندی کە ئەخلاق و کۆمەڵایەتیبوون لە "سۆز"ەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە "یاسا". ئەو مەیمونانەی بێ میهرەبانی گەورە بوون، دواتر نەیاندهەێشت کەس نزیکیان بێتەوە و دەبوونە دایکی دڵڕەق.
ئەمە پێمان دەڵێت: "ئەو توندوتیژییەی لە جیهاندا دەیبینین، زۆرجار برسییەتییەکی کۆنی سۆزە کە بە ئاسن و چەک پڕ ناکرێتەوە.
ئەمە وەڵامی ئەو بەریزانەش دەداتەوە کە دەڵێن هەزاران منداڵ و مرۆڤ لە جیهاندا دەکوژرێن کەچی جیهان بە مەیمونێکەوە سەرقاڵە ؟ لە ڕاستیدا ئەوە جیهان نییە بە مەیموونێکەوە سەرقاڵە ، ئەوە مرۆڤی مۆدێرنە لە ڕێگەی مەیموونێک و پارچەیەک قوماشەوە ، خەریکی تێڕامانە لەو هەموو وەحشەت و بەربەریەتەی کە بەرامبەر یەکتری دەیکەن و لە هۆکارەکانی بێئاگان.
هانا ئارێنت :- باس لەوە دەکات کە مرۆڤ دەبێت لە جیهانی گشتیدا کار بکات، بەڵام پێویستی بە "شوێنێکی تایبەت"یش هەیە بۆ حەسانەوە.
هارلۆ نیشانی دا کە "ناوەوەی مرۆڤ" تەنها بە کار و ئیش و "خواردنی شیر" پڕ نابێتەوە. ئەگەر شوێنێکی "نەرم" (قوماشی) نەبێت بۆ گەڕانەوە، مرۆڤ لەناو جیهانی گشتیدا دەسوتێت.
"میهرەبانی، ئەو قوماشەیە کە فەلسەفە پێی دەڵێت 'مانا'. ئەگەر مانا نەبێت، هەموو شیرەکانی جیهان ناتوانن ڕێگری لە مردنی ڕۆح بگرن..
لینکی تاقیکردنەوەکەی هارلی هارلۆ لێردە دادەنێم ، بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ، تاقیکردنەوەکە بە وردی ببینن و خۆیان مانا و مەغزای قوڵی لێهەڵبهێنجێنن و تێبگەن ئێمەی مرۆڤ چەند بەد بەختین و چەند تەنها و ترساوین و چۆن جیهان و ئاژەڵانیشمان بە خۆمانەوە گیرۆدە کردووە ، هەر بەهۆی ئەوەی بەسەر خۆماندا هاتووە ، هیچ هەستێکمان بەرامبەر مرۆڤ و ئاژەڵ و ژینگە و درەخت و منداڵ و ماڵ و هاورێ و کەسوکار نەماوە
https://www.youtube.com/watch?v=Fb2U1EbTbkc
نوقتە سەری دێڕ.....
..................................................
04/02/2026
ڕۆڵی دایک لە پەروەردەکردنی منداڵدا
ئیمان ئەحمەد
ڕۆڵی دایک لە پەروەردەکردنی منداڵدا، (بە عەرەبی: دور الأم في تربية الأبناء، بە ئینگلیزی: The role of the mother in raising children)، پێکهاتەی جەستەیی و دەروونی دایک لەگەڵ پەروەردەکردنی منداڵەکانیدا دەگونجێت، سەرەتا لە خۆراک پێدانیان و گرنگیدان بە تەندروستی و جلوبەرگەکانیانەوە، تا دەگاتە پێدانی هەستی خۆشەویستی و ناسکی کە دڵخۆشی و هەستکردن بە ئاسایشیان پێدەبەخشێت پشتگیری لە گەشەکردنی جەستەیی و دەروونی منداڵەکانی دەکات، بەشدارییەکی بنەڕەتی دەکات لە تێکەڵبوونیان لەگەڵ خێزان و ژینگەی کۆمەڵایەتی و پێکهاتنی کەسایەتییەکانیان مانگی ژیانی منداڵەکە تا تەمەنی یەک ساڵ و نیو ئەگەر منداڵان لەم ماوەیەدا بۆ ماوەی سێ بۆ پێنج مانگ لە دایکیان دابڕێن، ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەکردنی جەستەیی، سۆزداری، کۆمەڵایەتی و زمانەوانییان دەبێت.
#پەیوەندییەکی سۆزداری زۆر بەهێز لە نێوان دایک و منداڵەکانیدا هەیە، ئەو یەکەم کەسە کە پێش هەموو کەسێک هەستیان پێدەکات و درک بە پێداویستییەکانیان دەکات، دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست کە پشتگیری لە گەشەی منداڵان بکات و پەرە بە لێهاتووییەکانیان بدات، ئەمەش بە دابینکردنی تایبەت بۆ جووڵە و یاریکردن و پێدانی دەرفەت بۆ ئازادکردنی وزە و داهێنانەکانیان ئەنجام دەدرێت وەک:
#تێگەیشتن لە هەستی منداڵەکانی و ئەوەی لە مێشکیاندایە لە ڕێگەی کردار و دەربڕینی زارەکییانەوە.
پشتگیریکردن لە متمانە بەخۆبوونی منداڵان بە هەمیشە لە دەوروبەریان و یارمەتیدانیان بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان.
دروستکردنی جۆرێک لە یەکگرتوویی خێزان، ئەمەش لەڕێگەی حەزی ئەوەوەیە بۆ بەسەربردنی زۆرترین کات لەگەڵ منداڵەکانی و کۆکردنەوەیان لە دەوری مێزی نانخواردن لە هەموو ژەمێکدا لە ڕۆژدا، ئەمەش واتای خێزانەکەیان بەهێز دەکات و خۆشەویستی و پەیوەندییان بە خێزانەکەیانەوە زیاد دەکات.
فێرکردنی منداڵەکانی ئەرێنی بە بینینی خۆڕاگری و وازنەهێنان، توانای مامەڵەکردن لەگەڵ سەختییەکانی ژیان و بەرگەگرتنی ماندوێتی.
فێرکردنی کۆڵنەدانی منداڵەکانی بە دەربڕینی ئەوەی کە چەندە هەست بە ڕازیبوون و دڵخۆشی و بە ئەنجام گەیاندن دەکات کاتێک دەیبینن ماندوو بووە.
گرنگی ڕۆڵی دایک لە پەروەردەکردنی منداڵدا
دایک منداڵەکانی وەک یەکێک لە نیعمەتەکانی خودا دەبینێت لەسەری، باری خۆراکدان و چاودێریکردنیان هەڵدەگرێت تا بتوانن پشت بە خۆیان ببەستن ئەم ئەرکانە پێویستیان بە ئئارامگرتن و کۆڵنەدانێکی زۆر هەیە لەلایەن ئەوەوە، هەروەها دایکەکەش بە یەکەم مامۆستا لە ژیانی منداڵەکانیدا دادەنرێت، ئەو کەسەیە کە فێری کارامەیی سەرەتایی ژیانیان دەکات، وەک قسەکردن و ڕۆیشتن، هەروەها سەرچاوەی هەموو زانیاری و ڕاستی و هەستەکانە بۆیان، ئەو کەسەیە کە فێری هەستی مرۆڤایەتییان دەکات، وەک خۆشەویستی و بەزەیی و سۆز و ڕەوشتی باش، وەک یەکسانی و ڕێزگرتن و بەخشندەیی.
منداڵان زۆربەی کاتەکانیان لەگەڵ دایکیان بەسەر دەبەن، زۆر کاریگەرییان لەسەرە و باوەڕیان پێدەکات و گوێڕایەڵی دەکەن، بۆیە دایک بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە لە دڵخۆشی منداڵەکانی و پێکهێنانی کەسایەتییان بە شێوەیەکی ئەرێنی منداڵەکان هەروەها دایکی خۆیان وەک هاوڕێی خۆیان دەبینن چونکە ئەو کەسەیە کە کاتەکانیان هاوبەش دەکات و یاری لەگەڵ دەکات وەک نموونەیەک بۆیان، بۆیە لاسایی دەکەنەوە و ئارەزووی ئەوە دەکەن کاتێک گەورە دەبن وەک ئەو بن.
ڕەهەندەکانی ڕۆڵی دایک لە پەروەردەکردنی منداڵان
بەشێکی زۆر لە بارگرانی بنیاتنانی خێزان لە ئەستۆی دایکدایە کە بە یەکەیەکی بنەڕەتی بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگا دادەنرێت دایک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە وردەکارییەکانی بابەتە خێزانیی و کۆمەڵایەتییەکان و لە زۆر لایەنی دیکەشدا، بەم شێوەیە:
:
فەرهەنگ و مەعریفەی مرۆڤ پەیوەستە بەو ژینگەیەی کە تێیدا گەورە دەبێت، کاریگەری دایک لە داڕشتنی کولتوری منداڵەکان تا ئەو جێگایەی کە دەکرێت زۆرە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆربەی کاتەکان لەگەڵیدا بەسەر دەبەن و لە ژێر کاریگەری ئەو منداڵەدان، دایک بیرۆکه و زانست و هه موو شتێک که بڕوای پێیه بۆ منداڵه کانی دەگوازێتەوە و هه موو ئه و بیرۆکانه له ناویاندا چێنراون و ناسنامه ی کولتوورییان دیاری ده که ن.
:
کەلتووری کۆمەڵایەتی و سیاسیی منداڵ پەیوەستە بە باوک و دایکەوە، بەڵام دایک لەم لایەنەدا کاریگەری زیاتری لەسەر منداڵ هەیە، ئەمەش لە ڕێگای ئەوەی کە فەرمانیان پێدەکات و لێیان قەدەغە دەکات، بۆیە باش و خراپی لێ فێر دەبن، هەروەها بەرگریکردن لە ڕاستی و خۆشەویستی نیشتمانیان تێدا دەچێنێت، ڕێنمایییان دەکات بۆ پێکهێنانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی دروست.
:
بەڕێوەبردنی ئابووریی ماڵ لە لایەن دایکەوە کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی ئابووری منداڵەکانی هەیە، دەربڕینی بۆچوونی خۆی سەبارەت بە کارەکانی هاوسەرەکەی، بۆچوونی منداڵەکان سەبارەت بەم جۆرە کارە یان بازرگانییە لە قاڵب دەدات ئەگەر ستایشی کارەکانی هاوسەرەکەی بکات و قەدری بزانێت، ئەوا منداڵەکان پێیان وایە جۆری کارەکەی باوکیان گرنگ و گرنگە بەڵام ئەگەر دایک هەمیشە ڕەخنە لە کارەکانی باوک بگرێت، منداڵەکان پێیان وایە ئەم کارە بێسوودە و هیچ گرنگییەکی نییە.
:
تاقیکردنەوە زانستییەکان سەلماندوویانە کە زۆربەی ئەو بەها ڕەوشتیانەی کە منداڵ لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانیدا فێری دەبێت، تا گەورە دەبێت لەگەڵیدا بەردەوامن وەک خۆشەویستی و پاکیزەیی و فێریان دەکات جیاوازی بکەن لە نێوان چاکە و خراپە، لە نێوان جوان و ناشرین.
پێشنیاری پەروەردەیی بۆ دایک لە پەروەردەکردنی منداڵدا
زۆر پێشنیاری پەروەردەیی هەیە کە لەلایەن ئاماژە پەروەردەییە تایبەتمەندەکانەوە پێشکەش دەکرێن، لەوانە ئەمانەی خوارەوە:
:
دایک دەبێت هەست بە گرنگی ڕۆڵی خۆی بکات لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیدا، بەو پێیەی بەرپرسیارە لە داڕشتنی کەسایەتی منداڵەکانی لە هەموو لایەنە جەستەیی و دەروونی و ڕۆحییەکانیان، وەک چۆن پەروەردەکردنی بۆیان سنووردار نییە بە فەرمان و قەدەغەکردنەکان، بەڵکو بەشێکی گەورەی داهاتوویان دیاری دەکات.
:
دایک منداڵەکانی بە فەرمان ڕادێنێ بە بەڕێوەبردنی کاروباری ماڵەوە و گرنگیدان بە ڕێکخستنی ژوور و کەرەستە و دانانی کاتی ژەمەکان و کۆنترۆڵکردنی چۆنیەتی مامەڵەکردن و پێشوازیکردن لە میوانەکان.
:
دایک دەبێت هەمیشە هەوڵبدات ئەزموونی پەروەردەیی خۆی زیاد بکات لە باوەڕەکەی بە گرنگی ڕۆڵی خۆی وەک دایک. ئەمەش بە خوێندنەوەی کتێبی پەروەردەیی و پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکانیان، وەبەرهێنان لە کۆبوونەوەی خێزانی بە ئاڵوگۆڕی زانیاری و ئامۆژگاری پەروەردەیی و سود وەرگرتن لە ئەزموونی دایکانی دیکە لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان، ئەمە جگە لەوەی سوود لە ئەزموونە کەسییەکانی خۆی وەردەگرێت. بە پەرەپێدانی چارەسەری لەگەڵ منداڵەکانی و سوود وەرگرتن لە هەڵە پەروەردەییەکانی لەگەڵ منداڵی یەکەمیدا بۆ ئەوەی لەگەڵ منداڵی دووەمدا لێیان دوور بکەوێتەوە، دوورکەوتنەوە لە هەڵەکانی لەگەڵ منداڵی دووەم و دووبارە نەکردنەوەیان لەگەڵ منداڵی سێیەم.
:
زۆر گرنگە دایک و باوک ڕێکبکەون لەسەر پلانێکی پەروەردەیی کە دەیانەوێت لەگەڵ منداڵەکانیان پەیڕەوی لێبکەن، هەروەها دڵنیابن لەوەی پەیوەندی نێوانیان باش بێت بەهۆی کاریگەریی دەروونی لەسەر دایک لە توانایدا هەروەها گرنگیدان بە منداڵەکان و پەروەردەکردنیان بە شێوەیەکی دروست ئەرکی دایک و باوکانە کە لە کۆتاییدا متمانەی هەریەکەیان لە منداڵەکانیاندا بچێنن، باوک خۆی لە تاوانبارکردن و ڕەخنەگرتن لە دایک لە بەردەم منداڵەکانی بەدوور دەگرێت، هەروەها دایک بۆ منداڵەکان ڕوون دەکاتەوە کە باوک سەرقاڵی خۆیەتی، چونکە بە دوای بەرژەوەندیی ئەوان و خزمەتی کۆمەڵگادا دەگەڕێت.
:
گرنگە کاتێک هەڵەیەک دەکات بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ منداڵدا بکرێت، بەو پێیەی کە کامڵ نین و لەوانەیە هەڵە بکەن، هەروەها ڕۆڵی دایک لێرەدا ڕێنماییکردنە و گاڵتەیان پێنەکات، هەروەها دەبێت هاوسەنگی هەبێت لە سزادانیان بۆ ئەوەی سزاکە لەگەڵ ئەو هەڵەیەی کە کردوویانە بگونجێت و تۆڵەسەندنەوە نەبێت لە بەرامبەریان کە تووڕەیان کردووە دایکیش دەبێت وریا بێت لە کۆنتڕۆڵکردنی توڕەیی خۆی و قسەی قێزەون یان سووکایەتیکردن بەو منداڵە نەڵێت کە هەڵەی کردووە، جگە لەوەی منداڵەکە شەرمەزار نەکات بە سەرزەنشتکردنی لەبەردەم کەسانی تردا.
24/01/2026
١٠ خاڵی گرنگ
لە پەروەردەی منداڵدا پێویستە ڕەچاوی بکەیت
تا منداڵەکەت عاقڵ و دڵخۆش بێت!
یەکێک لەباشترین شانسەکان لە ژیان هەتبێت ئەوا هەبوونی منداڵییەکی ئارام و باشە، تەمەنی منداڵی قۆناغێکی هەستیار و تایبەتە لە ژیانی هەرکەسێکدا، ئێمە لێرەدا بە چەند توێژینەوەیەکی زانستیتان ئاشنا دەکەین کە منداڵێکی دڵخۆش و تەندروست بەرهەم دێنێت:
– کاتێکی زۆریان پێ بدەن بۆ یاری کردن:
سەرەکیترین بەرپرسیاریەتی بۆ منداڵ یاریکردنە، منداڵ پێویستە یاری بکات و فێرببێ خۆی ژوورەکەی پاک بکاتەوە، پیتەر گرێی زانای دەروونناسی منداڵ، لە زانکۆی بۆستنی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دەڵێت”منداڵ وانەکانی ژیان لە هاوتەمەنەکانیەوە فێر دەبێت نەک لە پێگەیشتووەکان، ئەوان ناتوانن فێربن یان کارلێک بکەن لەگەڵ گەورەکان، کەواتە بهێڵن منداڵەکانتان بچنە دەرێ و تێکەڵی هاوتەمەنەکانیان بن”
ـ مەهێڵە منداڵەکەت گوێبیستی دەمەقاڵی و کێشەکانتان بێت:
مێشکی منداڵان پێکدێت لە توانایەکی گەورەی فێربوون و هەستیاری هەر لە منداڵیەوە، کاتێک ئەوان گوێبیستی کێشەی گەورەکان دەبن ئەوا ڕاستەوخۆ کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر دەرونیان دەبێت.کەواتە هەرگیز مەهیڵە منداڵەکەت گوێبیستی کێشەو گفتوگۆو دەمەقەڵیەکان ببێت.
– هەرگیز بەمنداڵانی تر بەراوردی مەکە:
پاڵنەری سەرکەوتن لە کۆمەڵگادا خۆ بەراوردنەکردنی تاکەکانە بەوانی تر، مرۆڤ هەمیشە خۆی بێت باشترە، لە منداڵانیش بەهەمان شێوە بەراوردکاری باوەڕ بەخۆبونیان کەم دەکاتەوە.
ـ فێریان بکە هەستە نەرێنیەکانیش هەن و باسیان لێوە بکات:
هەموو منداڵێک جاروبار بە ترس و دڵە ڕاوکێ دا تێپەڕ دەبێت لەسەر زۆر شت، جا پێویستە تێیان بگەینیت کە ئەو هەستانە ئاسایین و بتوانێ باسیان لێوە بکات، تا بەیەکەوە بتوانن چارەسەریان بکەن.
– ئاشنابوون بە تواناکانیان:
هەر منداڵێک پێویستە بزانێت کە هەرشتێک بەدەست بێت پێویستی بە ڕەنج دانە، ئەوە گرنگە منداڵ پاڵ بەخۆیوە دەنێت بۆ کردنی هەر شتێک، پێویستە هانبدرێن لەلایەن گەورەکانەوە بۆ جێبەجێ کردنی چەند ئەرکێکی قوورس بۆنمونە هانیان بدەیت بە وشەی ئەرێنی وەكو تۆ دەتوانیت، تۆ باشی تۆ زیرەکیت.
ـ نرخ بۆ کەلتورە خێزانیەکان دابنێت:
بوون لەگەڵ خێزان و خۆشەویستی هێزێکی زۆر ئەداتە منداڵ و پاڵی پێوەدەنێ بۆ پێشەوە، دەربڕینی خۆشەویستی و ڕێزگرتن لەناو خێزان یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی پێگەیاندنی منداڵێکی تەندروست و دڵخۆش، پەیوەندی نێوان دایک و باوکان و منداڵ ئاڵوگۆڕکردنی هەستەکانیان پەیوەندیێکی بەتین لەنێوانیان دروست دەکات.
– بهێڵە شانسیان تاقی بکەنەوە:
منداڵا پێویستیان بە چاودێریکردنێکی سنوردار هەیە، ناکرێت دایکان و باوکان چاویان لەسەر هەر هەنگاوێکیان بێت، لەتوێژینەوەک کە زانایانی دەروون ناسی منداڵ دەریدەخەن کە بە زۆر گرنگی دان بە منداڵ و زۆر چاو لەسەر بونیان ڕەنگە کەمتر نەخۆش کەون و کەمتر توشی گرفت ببن، بەڵام کەمتر ئەزموون دەکەن و فێر دەبن.
ـ هەستی بەرپرسیارەتی خۆییان پێ ببەخشن:
پێویستە منداڵ فێری گرتنە ئەستۆی هەندێک بەرپرسیاریەتی ببێت وەکو خاوێنکردنەوەی ژوورەکەی، ئەرکەکانی ماڵەوەی، چونکە کاتێ منداڵ دەڵێت من ناتوانم ئەمە بکەم بە تەنیا تۆش یارمەتی بدەیت لە هەموو جارەکان ئەوا فێری تەمبەڵی دەبێت و ناتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت، هەمیشە چاوی لەوە دەبێت دەستی یارمەتی بۆ درێژ بکرێت.
ـ دروستکردنی یادگاری جوان:
لە چەند توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤارد سەلمێنراوە کە ئەو کەسانەی لەسەردەمی منداڵیدا یادگاری جوانیان هەبووە کەمتر توشی لادانە ڕەوشتییەکان بوونەتەوە، بە پێی ئەوە زۆربەی ئەو کەسانەی لە دەستەی خێرخوازی و خۆبەخشی کاردەکەن لەوانەن کە منداڵیێکی باشییان هەبووە.
ـ خۆشت دڵخۆش بە:
منداڵان زۆربەی هەستەکان لە گەورەکانەوە فێر دەبن، دڵتەنگی و پێکەنین و دڵخۆشی تۆ ڕەنگدانەوەن لەسەردەروونی منداڵەکەت، بۆیە لەبەر خۆت و ئەو پێویستە دڵخۆش بیت
ـــــــــــ
وەرگیراوە
لە سایتی خێزان
ـــــــ
لە پێناوی سوودمەند بوونی زۆرترین کەس
پێنج کۆمێنت بنوسە
18/01/2026
7 وانەی بەهێز و بەنرخ و بەبەها لە گیاندارانەوە فێربە
١- جاڵجاڵۆکە: شوێن نێچیر ناکەوێت، بەڵکو تۆڕێک دروستدەکات و چاوەڕێی دوژمن دەکات.
ماڵەکەت ئامادە بکە بۆ ئەوەی خرمەتت بکات و لە بەرژەوەندی خۆت بێت.
٢- پڵنگی ڕەش: لەسێبەردا ڕاودەکات، وە دەرناکەوێت تا دڵنیا نەبێت کە سەرکەوتووە.
بەنهێنی کار بکە، خەڵک سەرسام بکە بە ئەنجامەکان نەک بە قسەکردن.
٣- گورگ: بە تەنها بەهێزە، بەڵام لەگەڵ گەلە گورگ بێت ئەوا شکست نابێت.
بازنەیەک دروست بکە کەسایەتیت بەرزبکات، و پارێزگاریت لێ بکات، و پاڵنەرت بێت بۆ پێشەوە.
٤- پڵنگ: تەرکیزی لەسەر نێچیرەکەی دەکات بە لەسەرخۆ، و دەستناکات بە شوێن کەوتنی نێچیرەکەی تا دڵنیا دەبێت لە بوونی.
پلانی وردو و لەسەرخۆ داڕێژە، و بە خێرا بجوڵێ.
٥- ماسی قرش: بەهیچ شێوەیەک لە جوڵە ناوەستێت، ئەگەر بوەستێت دەمرێت.
بەردەوام بە لە پێشکەوتن، تەنانەت ئەگەر بە هەنگاوی بچووک بێت، چونکە وەستان ڕێگرە لە پێشکەوتن.
٦- شێر: متمانەی بە خۆی وایکردووە هەرچی گیاندار هەیە لێیبترسن.
خۆتان بە هەمان شت بڕازێنەوە بە متمانە بەخود، خەڵک هەست بە بەهێزیت دەکەن کاتێ دەتبینن.
٧- هەڵۆ: لە هەرچی باڵندە هەیە بەرزتر دەبێتەوە، بۆیە هەموو شتێک بە ڕوونی دەبینێت.
هەنگاوێک بگەڕێرەوە دواوە، بە جوانی و بەوردی تەماشا بکە، پاشان لێکدانەوە بکە بۆ هەڵبژاردنەکانت.
ئامادەکردن: شێرزاد سەیدزادە
15/01/2026
پیرۆزبێت یادی شەوڕەی پێغەمبەرمان محمد درودی خوای لەسەر
﴿سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَىٰ بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِّنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آيَاتِنَا إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ﴾
13/01/2026
لەبەر 8 هۆکار مۆبایل بۆ منداڵەکانتان مەکڕن!👇
1. پرۆسەی گەشەی بەشە جیاوازەکانی مێشکی منداڵ دوا دەکەوێت.
2. زیرەکیی هەستیی منداڵ لاواز دەبێت.
3.گەشەی قسەکردنی منداڵ لاواز .
4. ئەگەری قەڵەوبوونی منداڵ زیاتر دەبێت.
5. ئێسکە پەیکەری منداڵ دووچاری گرفت دەبێتەوە.
6.خەوی منداڵ تێک دەچێت.
7. توانای کۆ بیری و فێربوونی منداڵ لاواز .
8. ئەگەری تووشبوونی منداڵ بە هەندێک جۆر لە شێرپەنجە زیاتر دەکات
09/01/2026
ئەو ئاگرەی کە خۆی کوژایەوە ، واتا هەموو شتێکی سووتاندووە!!!
...........
لە جەنگی (ئاسکلوم)دا ، هەرچەندە یۆنانییەکان ، بەسەر ڕۆمانییەکاندا سەرکەوتن ، بەڵام بەهۆی ئەو زیانە گەورەیەی کە بەر یۆنانییەکان کەوت و ژمارەیەکی زۆر لە پاڵەوان و ئەفسەر و خەڵکی شارەزایان کوژرا ، کاتێک پیرۆزباییان لە (پیرۆس)ی پاشای یۆنانییەکان کرد ، بەهۆی ئەو سەرکەوتنە مەزنە ، ئەو لە وەڵامدا گوتی :-
(ئەگەر یەکجاری تر بەم شێوەیە ، لە ڕۆمانییەکان ببەینەوە ، واتا بە تەواوی تیا چووین).
ئەوەی لە کاتی شەڕ و توڕەیی و سەرکەوتندا بەقەد بەرامبەرەکەی شت لە دەست بدات شکستخواردووە
.................................
کورد ئەڵێ:-
(یان دڵی کەس زویر مەکە ، یان کە کردت ئیتر بێخەمبە)
چونکە خۆشت وردە وردە بەقەد ئەو زویردەبیت و دەدۆڕێت.
بۆچی (تیمساح و کیسەڵ) زیاتر بەرگە دەگرن و هەزاران ساڵ ماونەتەوە؟ ، چونکە کەمتر دەخۆن ، ئەوانەی تەماع و ئاگری سەرکەوتن و تووڕەییان کەمترە زیاتر دەمێننەوە
لە راستیدا ئاشتی بەڵێننامەیەکە لەسەر کاغەز دەنووسرێت و بەس ، بەڵام وەستانی جەنگ ، واتا دیواری روخاو ، کۆکردنەوەی لاشە ، شاردنەوەی تەرم ، گەڕانی منداڵ بەدوای باوکدا ، گەڕانی ژن بەدوای ماڵەکەیدا. ئاشتی ناوێکی خۆشە ، بەڵام وەستاندنی جەنگ ناوە راستەقینەکەیە. شەڕ واتا ئابڕووچون.
..........
(ناپلیۆن) چووە ناو ڕوسیا ، بەڵام زوربەی شارەکان سوتابوون ، ناچار گەڕایەوە و شکستی خوارد، (جۆنی دێپ و ئەمبەر هێرد) لەبەردەم دادگا و میدیا ئابڕووی یەکیان برد ، بەڵام نهێنی ژیانیان درکاند ، خەرجییەکی زۆریان دا بە پارێزەر ، سەرەنجام ناوبانگی سینەمایی هەردووکیان کەوتە ژێر پرسیارەوە.
(ماکبێس) دەیەوێت ببێتە پاشای سوکتلەندا ، باشترین هاوڕێی خۆی دەکوژێت، خەو لە چاوانی دەزڕێت، و هاوسەرەکەی تووشی شێتی دەبێت و خۆی دەکوژێت.
لە کۆتایی شانۆکەدا دەڵێت (ژیان تەنها چیرۆکێکە کە گەمژەیەک دەیگێڕێتەوە) چونکە کەس پێی نەگوتم (بردنەوەی تاجەکە تێچووی زۆربوو)
تۆ هەموو ڕکابەرەکانت لەناو دەبەیت، هەموو پردەکان دەسوتێنیت، هەموو هاوڕێکانت دەکەیتە قوربانی بۆ ئەوەی بگەیتە لوتکە. کاتێک دەگەیتە ئەوێ، دەبینیت لوتکەکە شوێنێکی زۆر ساردە.
هەندێک سەرکەوتن هەیە لە شکست ساردترە .
............................................
هۆکاری سەرەکی کەم بوونەوەی ژمارەی (گورگ) لە جیهاندا راوکردنیان نییە ، بەڵکو گورگەکان زیاتر لەوە دەکوژن ، کە پێویستیان پێیەتی ، ئەوان هەموو نێچیرەکان دەکوژن ، تەنها لەبەر ئەوەی (دەتوانن) ، بۆیە ساڵی داهاتوو سەرچاوەی خۆراکیان کەمتر دەبێتەوە.
نابێت ئێمە تەنها لەبەر ئەوەی کە دەسەڵاتمان هەیە و (دەتوانین) هەموو پەیوەندییەکانمان ، لەگەڵ خیزان و خزم و هاورێ و هاوپیشە و ...هتد ، لەناو بەرین ، چونکە وەک گورگەکان سەرچاوەی ئارامیمان کەم دەبێتەوە و خۆشمان ساڵی داهاتوو دەبێت لە برسێتی رۆحیدا بمرین.
ئەوەی سەرچاوەی خۆراکی خۆی لەناو بەرێت ، مەرگی خۆی واژوو دەکات ، ئەوەی لەگەڵ هەموواندا دەکەوێتە جەنگ و توڕەیی و ئاگر و کێشەوە، بێ شک ،( شکست ، تەنهایی ، نائارامی ، بێ خەویی ، ئالوودەبوون ، خۆکوژی) خۆی واژوو دەکات.
ئاگر بۆ ئەوەی بژی، پێویستی بەوەیە شتێک مابێت کە نەیبردبێت ، کە هەموو شتێکی سوتاند واتا هیچی نەهێشتۆتەوە ، ئیتر خۆشی دەبێت بکوژێتەوە.
نوقتە سەری دێڕ....
......................................................................
*هەمیشە لە خۆت بپرسە: "ئایا ئەم بابەتە دوای مانگێکی تر، دوای ساڵێکی تر هەر هێندە گرنگە کە ئێستا وای بۆ دەکەم ؟ ئەم پرسیارە وەک ئاو وایە بەسەر ئاگری تووڕەییدا، چونکە قەبارەی ڕاستەقینەی کێشەکەت بۆ دەردەخات.
*مەهێڵن هەموو شتێک لە نیوانتاندا بسوتێ ، ئەوەی کە هیچی پێنەما بیبەخشێ ، بەتۆش دەڵێ فەرموو خۆشت لەگەڵمان بەبێ دەنگی بکوژێرەوە.
ــــــــــ
نوسینی هێمن عەبدولقادر