20/02/2025
" لەمەودوا تاوتوێکردنی ماستەرنامەو تێزی دکتۆرا بە شێوەی داخراو ئەنجامدەدرێت "
وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى، ژمارەیەک رێکار بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی تاوتوێکردنی ماستەرنامەو تێزی دکتۆرا دەردەکات
لە فەرمانێکى وەزاریدا بە ئیمزاى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە ژمارە (3994) لە بەرواری (20/ 2/ 2025) دەرچوە، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ژمارەیەک رێکار بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی تاوتوێکردنی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دەردەکات.
ناوەرۆکی فەرمانە وەزارییەکە، ژمارەیەک رێکار لە خۆدەگرێت و لە یەكێک لە خاڵەکان ئاماژە دەدات کە لەمەودوا پرۆسەی تاوتوێکردنی ماستەرنامە و تێزی دکتۆرا بە شێوەی داخراو لە سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدرێت.
فەرمانەکە ئاراستەى سەرجەم زانکۆکان کراوە بەمەبەستى جێبەجێکردنی لە ڕێکەوتى دەرچونییەوە.
16/01/2025
وەزارەتی خوێندنى باڵا گرفتى سەدان خوێندکارى ماستەرو دکتۆرا چارەسەر دەکات کە وەک وانەبێژ دامەزراون
لەسەر داواکارى بەردەوامیان بۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، گرفتى سەدان خوێندکارى خوێندنى باڵا/ ماستەر، دکتۆرا چارەسەرکرا، کە وەک وانەبێژ فەرمانى دامەزراندنیان بۆ دەرچوە.
لەسەر راسپاردەى وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران رەزامەندى دا لەسەر ئەوەى ئەو بەڕێزانەى کە بە گرێبەست دامەزراون وەک وانەبێژ و لە ئێستادا قوتابى و خوێندکارى خوێندنى باڵان ماستەر یاخود دکتۆرا، مافیان پارێزراو دەبێت و لە خوێندن بەردەوام دەبن تاکو تەواوکردنى قۆناغى خوێندنەکەیان.
هەر لە فەرمانە وەزارییەکەى وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیدا هاتوە؛ دواى تەواوکردنى خوێندنەکەیان ڕێکارەکانى بە گرێبەست کردن و دەستبەکاربونیان بۆ ئەنجام دەدرێت بەو مەرجەى بەکردارەکى وانەبێژ بوبن و مەرجەکانى دامەزراندیان بە گرێبەست تێدابێت، واتە لە یەک کاتدا هەردوو مافى (خوێندن) و (دامەزراندنیان) پارێزراو دەبێت.
20/09/2024
لە گشتاندنێکدا کە ئاراستەی سەرجەم زانکۆ حکومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان کراوە، قەدەغەی دەکات مامۆستایانی زانکۆ حکومی یەکان کە میلاکن لەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵان، وانەبڵێنەوە لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان، لە پێناو دەستەبەرکردنی دەرفەتی کار بۆ هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا (ماستەر و دکتۆرا).
04/04/2024
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بڕیاریدا داشکان بکات لە کرێی خوێندنی بەرایی (پارالێل + ئێواران) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لەسەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان و لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 ، ئەمە سەرەڕای ئەو لێخووشبوونانەی پێشتر بڕیاری لەسەردراوە.
08/02/2024
فەرمانی وەزاریی نوێی تایبەت بە خولەکانی فێرکاری زمانی ئینگلیزی لە سەنتەرەكانی زمان دەردەچێت
دوابەدوای فەرمانی وەزاری ژمارە(40)کە لە 12/1/2020 دەرکراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە ئامانجی باشكردنی كوالیتی خولەكانی زمانی ئینگلیزی و رێكخستنەوەیان فەرمانی وەزاری نوێ دەردەكات، بەپێ ناوەرۆكی فەرمانە وەزاریەنوێیەكە كەحەوت تەوەر لە خۆدەگرێت، تاقیكردنەوەكانی هەڵسەنگاندن بە هەماهەنگی لەگەڵ (imperial English UK) لە سەنتەرەكانی زمانی زانكۆكانی (سلێمانی،سەلاحەدین،دهۆك) بە شێوەی ئۆنلاین دەبێت و هەردوو خوێندنی ناوپۆل و ئۆنلاین بەردەست دەبێت بۆ بەشدارانی خولەكان.
هەروەها ماوەی خولەكانی فێركاری ناو پۆل و ئۆنلاین لەگەڵ تاقیكردنەوەكان (100) كاتژمێرە بۆ هەرئاستێك .
تاقیكردنەوەی كۆتایی خولەكان، لە سێ سەنتەرو لە پارێزگاکانی (سلێمانی،سەلاحەدین،دهۆك) بە شێوەی ناوەندی ئەنجام دەدرێت.
08/02/2024
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە گشتاندنێکدا بۆ سەرجەم زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، هاوپێچى نوسراوى وەزارەتى دارایى و ئابورى/ بەڕێوەبەرایەتى گشتى دیوان/ بەڕێوەبەرایەتى کارگێڕى و خۆیەتى کردوە کە تایبەتە بە پڕکردنەوەى (فۆرمى زانیارى ئەو بڕوانامانەى بەبێ مۆڵەتى خوێندن بەدەستهاتوون) و هەروەها (زانیارى دەربارەى ئەو فەرمانبەرانەى کە بڕوانامەیان بەدەستهێناوە بەبێ مۆڵەتى خوێندن لە دەرەوەى وڵات یاخود ناوەوەى وڵات).
لە نوسراوەکەى وەزارەتى دارایى و ئابورى هاتوە پێویستە لەماوە (١٥) رۆژدا فۆرمەکان پڕبکرێنەوە رەوانى بکەن.
07/02/2024
وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە نووسراوێكی فەرمیدا كە بۆ گشت وەزارەتەكان و فەرمانگەكانی نەبەستراو بە وەزارەتەوە گشتاندوویەتی، پۆلێنی هەڵسەنگاندنی ئەو بڕوانامە دەكات كە بە بێ مۆڵەتی خوێندن بەدەست هاتوون.
لە نووسراوەكەدا هاتووە: ئاماژە بە نووسراوى بەڕێز ئەنجومەنى وەزیران/ سکرتاریەت ژمارە (١٦٩٢٠) لە (٢٤/١٢/٢٠٢٣) وە ئاماژە بە فەرمانى وەزاریمان ژمارە (٧٤٣) لە (٢٢/١/٢٠٢٤) کە تایبەتە بە پێکهێنانى لیژنەیەک بۆ مەبەستى (پۆلێنکردنى هەڵسەنگاندنى حاڵەتەکانى ئەو بڕوانامانەى کە بە بێ مۆڵەتى خوێندن بەدەست هاتوون، بۆ ئەوەى لەڕووى زانستى و کارگێڕى و دارایى و یاساییەوە هەڵبسەنگێندرێن)، بۆ ئەم مەبەستە (٢) دوو دانە فۆرمى زانیارییتان بۆ ڕەوانە دەکەین، بۆ پڕکردنەوەى داتاى پێویست، لە ماوەى پازدە ڕۆژدا بۆمان ڕەوانە بکەن تاکوو کارى پێویست ئەنجام بدەین.
05/01/2024
ئاگاداری یەک لە بۆ کەسانەی لە دەرەوەی ووڵات دەخوێنن
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەو کەسانە ئاگادار دەکاتەوە کە لەدەرەوەی وڵات دەخوینن، دەبێت فۆڕمی دۆسییەی خوێندن پڕبکەنەوە.
لە بڵاوکراوەیەکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاماژە بەوەدەکات، “هەر خوازیارێک لە دەرەوە بخوێنێت، پێویستە فۆڕمى دۆسیەى خوێندن بەشێوەى ئۆنڵاین پڕبکاتەوە”،
ئاماژە بەوەشدەکات، پێویستە فۆڕمى دۆسیەى خوێندن بە شێوەى ئۆنڵاین پڕبکەنەوە، چونکە مەرجێکى بنەڕەتییە بۆ یەکسانکردنى بڕوانامەکانیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پڕکردنەوەى فۆڕمى دۆسیەى خوێندن و پەسەندکردنى ئۆفەرەکە بەشێوەى ئۆنڵاین لە ڕێگەى لینکى (scholarship.digital.gov.krd) ئەنجامدەدرێت.
28/11/2023
بەپێی دواین نوسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵا پێدانی نازناوی زانستی تەنها بە هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای میلاکی هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردە دەدرێت، لە کاتێکدا بە پێی یاسای پەرلەمانی کوردستان ژمارە (٩)ی ساڵی ٢٠١٢ کە لەڕۆژنامەی وەقایعی کوردستن ژمارە (١٥٠) لە ١٨ / ١٠ / ٢٠١٢ بڵاوکراوەتەوە، بەخشینی نازناو تەنها تایبەت نیە بە وەزارەتەکانی خوێندنی باڵا و پەروەردە، بەڵکو نازناوی زانستی دەبەخشرێت بە هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا(ماستەر و دکتۆرا) لە سەرجەم وەزارەت و دەستە و فەرمانگەکانی دەرەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵاش، لەوەش زیاتر دەبێت نازناو ببەخشرێت بە ئەو کەسانەش کەهەڵگری بڕوانامەی باڵان و لە کەرتی تایبەتن.
تەنها پێویستی بە یەک ڕێنمایی ئەنجومەنی وەزیران هەیە وا ١٢ساڵە و چەند کابینە ئاڵوگۆڕکراوە ئەو ڕێنمایی یە هەر دەرنەچوو و پەرلەمانیش هیچ بەدواداچون و پرساندنێکی نیە کە بۆ یاساکانی ناخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە. بەداخەوە !!!
20/08/2023
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق لیستی زانکۆ باوەڕپێکراوەکانی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە
ھەر زانکۆیەکی ھەرێم یان عێراق لە چوارچێوەی ئەم رێبەرە نەبێت دەرچووەکانی ئەو زانکۆیە ناتوانن لە دەرەوەی وڵات بخوێنن و یەکسانکردنی بڕوانامەیان لە عێراق بۆ ناکرێت
ھەر زانکۆیەکی حکومی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەم ڕێبەرە نەبێت دەرچوەکانی تەنھا دەتوانن لە وڵاتی ئێران درێژە بە خوێندن لە دەرەوەی وڵات بدەن
لەم لینکەوە رێبەریەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بخوێنەرەوە:
https://mohesr.gov.iq/ar/assets/img/uploaded_files/Dalel20232024.pdf
20/07/2023
ڕێنمایى گواستنەوەى قوتابیانژبۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٣-٢٠٢٤) زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان
20/07/2023
مەرج و ڕێنمایی یەکانی گواستنەوە و دابەزاندن بۆ قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم بۆ ساڵی خوێندنی ۲۰۲۳-٢٠٢٤