18/05/2026
کل دەردە یان دەرمانە؟
نوسینی پڕۆفیسۆر د.ئیبراهیم محمد جزا
لە پێگەی ئاوێنە بڵاوکراوەتەوە
https://www.awene.com/article?no=27591&auther=
پێشەکی:
بڕی گونجاوی توخمەکیمیاییەکان لە ناو جەستەدا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تەندروستییەکی باش و هەر تێکچوونێک لەو بڕە کاریگەری گەورە لەسەر لەش بەجێ دەهێڵێت. ڕۆژانە بە نزیکەی ٦٠ توخم و ١٥ ڤایتامین و ١٢ ترشی ئەمینی سەرەکی و ٣ ترشەچەوری بۆ جەستەی مرۆڤ گرنگ و پێویستن (١).
لەگەڵ ئەوەی، کە هەریەک لەتوخمەکان کاری جیاوازی لەسەر جەستە هەیە، بەڵام هەندێک لە توخمەکان و بەتایبەتی تۆزقاڵە توخمەکان (Trace elements) بڵاوترن و کاریگەرییان زۆرتر دیارە و ڕۆڵی گرنگیان هەیە. ئەگەر ئەم توخمانە بەشێوەیەکی هاوسەنگ لەگەڵ ئەوانی تردا کارلێک بکەن ئەوا سوودیان بۆ جەستە زۆرتر دەبێت.
کاتێک بڕی زیاد لە پێویستی هەندێک لە توخمەکان لە لەشدا کۆدەبێتەوە گرفتی گەورە دروست دەکات، ئەوکاتە ژەهراویبوون ڕوودەدات. هەندێک لەو ژەهرە توخمانە (Toxic elements) وەک: ئەلەمنیۆم و ئارسینیک و کادمیۆم و قوڕقوشم و جیوە بۆ زیندەوەران ترسناکن. ئەم توخمانە لەوانەیە کاریگەری گەورەیان لەسەر تەندروستی جەستە هەبێت، بۆ نموونە توخمی ئەلەمنیۆم (Al) کاریگەری لەسەر گەدە و ئێسک و مێشک هەیە. توخمی قوڕقوشم (Pb)کاریگەری لەسەر ئێسک و جگەر و گورچیلە و پەنکریاس و دڵ و دەمارەکانی مێشک هەیە (٢).
لەم گوتارەدا وەک لە ناونیشانەوەکەوە دیارە، مەبەستمانە باس لە ماددەی کل (Kohl) بکەین، کە لەبنچینەدا کل لە یەکێک لە هەردوو خاوی (مەعدەنی) گالینا (PbS) یان ستیبنایت (Sb2S3) پێکدێت ( وێنەی ژمارە ١)، کە هەردوو خاوەکە سەربەیەک کۆمەڵەن ئەوانیش کۆمەڵی گۆگردیدادەکانن (Sulfide minerals). بێگومان لەئێستادا ولەم ناوچەیەدا سەرچاوەی سەرەکی کل بریتییە لە هاڕینی گالینا، چونکە ستیبنایت کەمتر بڵاوە. گالینا بەشێوەیەکی سەرەکی لە توخمی قوڕقوشم و ستیبنایتیش لە توخمی ئەنتیمۆنی پێکدێت (وێنەی ژمارە ٢). بۆیە بە پێویستی دەزانم پێش ئەوەی باس لە کل بکەین چەند زانیارییەک سەبارەت بە کانزای قوڕقوشم بدەین، چونکە پێکهاتەی سەرەکی گالینایە وەک لە پێکهاتەی کیمیاییەکەیەوە دیارە.
وێنەی ژمارە ١: لای ڕاست خاوی گالینا و لای چەپ خاوی ستیبنایت، کە هاڕڕاوەی( بۆدرەی) هەردووکیان وەک کل بەکاردێت (ئینتەرنێت).
پێگەی کیمیایی توخمی قوڕقوشم:
قوڕقوشم توخمێکی کیمیایی سروشتییە، کە بە هێمای(Pb) دیاری کراوە و لە ناوە لاتینییەکەی (plumbum) وەرگیراوە. گەردیلە ژمارەی ٨٢ و کێشی گەردیلەیی ٢٠٧.٢. شێوگی ئێلیکترۆنییەکەی بریتییە لە : [Xe] 4f14 5d10 6S2 6p2 ( ٣).
بەگشتی قوڕقوشم لەگەڵ کانزاکانی تری وەک زینک و مس دا تێکەڵکراوە و داڕشتەی لێ بەرهەمهاتووە. قوڕقوشم کانزایەکی خۆڵەمێشی بریقەداری شینە، کە کاتێک بەر هەوا دەکەوێت بە ئاسانی دەگۆڕێت بۆ خۆڵەمێشی تۆخ. چڕیی قوڕقوشم ١١.٣٤ گم بۆ هەر سانتیمەتر سێجایە، قوڕقوشم چڕترە لە زۆربەی کانزا باوەکانی وەک ئاسن و مس و زینک بەڵام نەرمە، واتە دەکرێت بە نینۆک بڕووشێندرێت ( پلەی پتەوییەکەی بەپێی پێوەری مۆهس ١.٥ دەبێت) (٤) . ئەم چڕییە بەرزە وای لێدەکات ببێتە هەڵمژەری کارامەی دەنگ و لەرزین و تیشک. بەم کواڵیتییە، قوڕقوشم بە شێوەیەکی باو وەک قەڵغانێک، یان بەربەستێک بۆ تیشکی ئێکس و جۆرەکانی تری تیشکدانەوە بەکاردەهێنرێت (٣).
قوڕقوشم پلەی گەرمی توانەوەی نزمە، کە ٣٢٧.٤٦ پلەی سیلیزییە و لەگەڵ شلبوونەوەیدا، ڕێگەی پێدەدات بە ئاسانی قاڵب بکرێت وشێوەی جیا جیای لێ دروست بکرێت. دەکرێت قوڕقوشم لەگەڵ توخمەکانی تردا تێکەڵ بکرێت و داڕشتەی لێ بەرهەم بهێنرێت، کە لەپیشەسازیدا ڕۆڵی خۆی هەیە. هەروەها قوڕقوشم بە بەرگری لە ژەنگ و مانەوەی بۆ سەردەمێکی زۆر ناسراوە.
وێنەی ژمارە ٢ : خشتەی خولیی توخمەکان پیشان دەدات لەگەڵ ئەوتوخمانەی، کە سەرەکیین بۆ تەندروستی مرۆڤ ( شینەکان) و هەروەها ئەوانەی کە ترسناک و ژەهراویین (سەوزەکان). سەرنج بدە هەندێکیان دەکەونە هەردوو جۆرەکەوە ( ٤).
قوڕقوشم لە ڕووی جیۆکیمیاییەوە:
قوڕقوشم لە ژێر پۆلێنکردنی گۆڵدشمیتدا وەک یەکێک لە خاوەکانی کۆمەڵی چالکۆفایلدا پۆلێن دەکرێت، واتە بەگشتی یەکگرتوو لەگەڵ گۆگرد و بە دەگمەن بە شێوەی ڕەسەن و کانزایی دەبینرێت (٥). بەهۆی سووکی کێشییەوە، قوڕقوشم لە توێکڵی زەویدا ماوەتەوە ( بڵاویی لە توێکڵی زەویدا بە نزیکەیی ١٤ پی پی ئێم دەبێت) و وایکردووە ببێتە سی و شەشەیەمین توخم لە ڕووی بڵاوییەوەلە توێکڵی هەسارە شینەکەدا.
کانزای سەرەکی هەڵگری قوڕقوشم بریتییە لە گالینا (PbS)، کە زیاتر لەگەڵ کانزاکانی زینکدا دەبینرێت (٥). زۆربەی خاوەکانی تری قوڕقوشم بە جۆرێک پەیوەندییان بە گالیناوە هەیە، بۆنموونە : بۆڵینگەرایت (Pb5Sb4S11) گۆگردیدێکی تێکەڵە، کە لە گالینا وەرگیراوە؛ ئەنگڵسایت (PbSO4) بەرهەمی ئۆکساندنی گالینایە؛ و سێروسایت، یان کانزای سپی قوڕقوشم ( PbCO3) بەرهەمێکی شیبوونەوەی گالینایە.
توێژینەوەکان دەریانخستووە، کە بڕی یەدەکی قوڕقوشم نزیکەی دوو ملیار تۆن تێدەپەڕێنێت و وەبەرهێنانی بەرچاو لە وڵاتانی ئوسترالیا، چین، ئێرلەندا، مەکسیک، پیرۆ، پورتوگال، ڕووسیا و ئەمریکا بۆ قوڕقوشم هەیە. یەدەکی جیهانی وا پیشان دەدات، کە بەرهەمهێنان لە ساڵی ٢٠١٦دا کۆی گشتی ٨٨ ملیۆن تۆن بووە، کە ئوسترالیا ٣٥ ملیۆن، چین ١٧ ملیۆن، ڕووسیا ٦.٤ ملیۆن تۆن بووە ( ٣).
بوونی قوڕقوشم:
چڕیی، یان بوونی ئاسایی قوڕقوشم لە بەرگەهەوادا بەنزیکەی ٠.١ مایکرۆگرام\ مەترسێجا زیاتر نییە و ١٠٠ میلیگرام\کیلۆگرام لە خاکدا و ٤ میلیگرام\کیلۆگرام لە ڕووەکدا و ٥ مایکرۆگرام\لیتر لە ئاوی شیرین و ئاوی دەریادا تۆمارکراوە (٣). توێژینەوەیەکی تازە لە کوردستاندا بەتێکڕا بڕی ٥٩.٢ میلیگرام بۆ هەر کیلۆگرامێک لە خاکی ناوچەی سلێمانی تۆمارکراوە (٦). لەهەمان کاتدا توێژینەوەیەکی تر، کە ساڵی ٢٠٢٥ ئەنجامدراوە دەریخستوە ئاوی کانی سەرچنار لە سلێمانی بەنزیکەیی ٠.٠٠١ پی پی ئێم و ئاوی کانی تاسڵوجە بەنزیکەیی ٠.١١٣ پی پی ئێم لە قوڕقوشم لەخۆ دەگرێت (٧).
سوودەکانی قوڕقوشم:
ئەو تایبەتمەندیانەی کە لەسەرەوە ئاماژەیان پێدرا، لەگەڵ زۆری ڕێژەیی و کەمی تێچووی دەرهێنانی، بووەتە هۆی بەکارهێنانی بەرفراوانی لە کاری بیناسازی، پاتری، فیشەک و تەقەمەنی، وەک قورسایی، دروستکردنی داڕشتە، بۆیە، بەنزین و قەڵغانی تیشک ( هەڵمژی تیشکەکان).
بۆچی قوڕقوشم ژەهراوییە؟
بەرزبوونەوەی چڕیی قوڕقوشم لە خوێندا کاریگەری لەسەر ڕەفتار، چالاکی مەعریفی، گەشەی دوای لەدایکبوون، دواخستنی باڵغبوون، و کەمکردنەوەی توانای بیستن لە کۆرپە و منداڵاندا هەیە. لە کەسانی پێگەیشتوودا، قوڕقوشم دەبێتە هۆی کێشە و گرفتەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، کۆئەندامی دەماری ناوەندیی جەستە، گورچیلە و منداڵبوون (٨، ٩، ١٠).
قوڕقوشم لە ئایرۆڤیدادا:
زۆرینەی ماددە نا ئەندامییەکان، کە مەبەست لە مەعدەن، یان خاوەکانە(کانزا و ناکانزا) لە لایەن هیندییە دێرینەکانەوە لە بواری پزیشکیدا بەکارهێنراون، بەڵام گرنگترینیان جیوەیە. جیوەی پاک لە زۆر ڕێگەو شێوازدا بۆ ژیانێکی تەندروست و دوور لە نەخۆشی بەکارهێنراون. هەرچی جۆرەکانی تری ماددە هەن بۆ سێ جۆر، یان بەش دابەشکراون (١١): ١-مەهاراسا (Maharasa)، واتە ئەوماددانەی، کە زۆر گرنگن. ٢-ئەپاڕاسا (Uparasa) ، ئەوماددانەی کەمتر گرنگن. ٣- سادهارانا ڕاسا (Sadharana Rasa)، واتە ماددە ئاساییەکان.
کۆمەڵەی ئەپاڕاسا: لەسەربنەماکانی ڕاساشاسترا ئەم کۆمەڵەیە چەندین خاو لە خۆدەگرێت، وەک گۆگرد، هیماتایت و میلانتێرایت و ئۆرپیمێنت و ڕیالگار و ستیبنایت و گالینا و چەندینی تر(٥، ١٢). گالینا وەک کانزایەکی ڕەشی نەرم، لەناو هندییەکاندا بە سورمە (Surma) دەناسرێت و لە زمانی کوردیشدا بە کل دەناسرێت، بۆ ڕەنگردن و چارەسەری نەخۆشییەکانی چاو بەکارهاتووە! لەڕاستیدا گالینا وەک پێکهاتەکەی دەریدەخات بڕێکی زۆری لە قوڕقوشم تێدایە، کە توخمێکی قورسی ترسناکە بۆ تەندروستی، جا بۆیە دەبێت کەسێکی شارەزا لە بواری ئایرۆڤیدا مامەڵە لەگەڵ توخمێکی وەک قوڕقوشم بکات، تا چارەسەرەکە سوودی هەبێت، نەک زیان.
کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ:
قوڕقوشم توخمێکی سەرەکی زیندەوەران نییە و بە یەکێک لە پیسکەرەکانی سەرەکی ژینگە دادەنرێت و نوێنەرایەتی گرنگترین هۆکاری ژەهراویبوون دەکات لە ئاژەڵە ماڵییەکاندا. قوڕقوشم ژەهرێکی سیستماتیکە، کە زیان بە شانە جیاوازەکان دەگەیەنێت. ژەهراویبوونی جەستە بە قوڕقوشم دەتوانێت توند و درێژخایەن بێت. لەگەڵ کادمیۆم و ئارسنیک، قوڕقوشم یەکێکە لە توخمە سەرەکییە شێرپەنجەییەکان، واتە ئەو توخمانەی کە دەکرێت هۆکاربن بۆ نەخۆشی شێرپەنجە (٩).
قوڕقوشم کاریگەری لەسەر ئێسکەکان و جگەر و گورچیلە و پەنکریاس و دڵ و مێشک و سیستەمی دەمارەکان هەیە. بڕی ڕێگەپێدراو لە قوڕقوشم بۆ جەستە بریتییە لە ٠.٠٥ میلیگرام\لیتر(٥).
قوڕقوشم دەبێتە هۆی تێکچوونی توانای مەعریفی لە منداڵاندا، ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی ڕەفتار و دابەزینی ئاستی زیرەکی، لەکاتێکدا لە گەورەکاندا دەبێتە هۆی تێکچوونی گورچیلە و کێشەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و کێشەکانی زاوزێ و پۆلێن دەکرێت وەک مادەی شێرپەنجەیی. قوڕقوشم هۆکارە بۆ شێرپەنجەی سییەکان و ناڕێکی لە کۆئەندامی دەمار.
قوڕقوشم دەستوەردان دەکات لە ئەنزیمەکان و میتابۆلیزمی کالیسیۆم تێکدەدات و فشاری ئۆکسجینی دروست دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی زیانێکی بەرفراوان بە سیستەمی دەمار. سەرچاوە باوەکانی قوڕقوشم بریتین لە سووتانی خەڵوز، سووتانی بەنزین، بۆیە، گازی دەرچوو لە ئۆتۆمۆبیل. قوڕقوشم ژەهرێکی کەڵەکەبووە، بۆ ماوەی ساڵانێک خۆی لە ئێسک و ددانەکاندا هەڵدەگرێت، لەوێدا دەتوانرێت بگەڕێتەوە ناو خوێن، بەتایبەتی لە کاتی دووگیانیدا. وەک پیسکەرێکی بەردەوام، قوڕقوشم بەشدارە لە ژەهراویبوونی ژینگە، کاریگەری لەسەر زیندەوەرە ئاوییەکان و کواڵیتی خاک هەیە. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) توخمی قوڕقوشم وەک یەکێک لە دە ماددە کیمیاییە سەرەکییەکانی نیگەرانی سەرەکی تەندروستی گشتی دەستنیشان دەکات (١٣).
قوڕقوشم وەک کل:
کل (Kohl) بەرهەمێکی جوانکارییە و بە شێوەیەکی نەریتی بە هاڕینی ستیبنایت (Sb2S3)، یان گالینا (PbS )دروست دەکرێت و لە هەندێک باردا خەڵوز، یان ڕەنگەکانی تریان تێدایە بۆ زیاتر ڕەشبوونی بۆدرەکە. بۆدرەی ستیبنایت بەنزیکەیی دوولەسەرسێی لە ئەنتیمۆن پێکدێت و گالیناش نیوەی لە قوڕقوشم پێکدێت. کل هاوشێوەی ئایلاینەرە، و لە زۆرێک لە کولتوورەکاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت بۆ کۆنتورکردن، یان تاریککردنی پێڵوی چاو و بەرزکردنەوەی نیشانەکانی ئاستی جوانی (وێنەی ژمارە ٣).
چەندین لێکۆڵینەوە سەلامەتی کلیان خستۆتە ژێر پرسیارەوە لە ترسی ژەهراویبوونی قوڕقوشم، یان ئەنتیمۆن کە هەردووکیان دوو توخمی ژەهراوین(٣). لەلایەکی تریشەوە لە ئێستادا بەکارهێنانی کل وەک ماددەی جوانکاریی لە ئەمریکا قەدەغەیە و ڕێگەپێدراو نییە فرۆشتنی پێوە بکرێت. بۆیەی چاو، واتە کل (لە زمانی عەرەبیدا بە کحل ناسراوە، کە لە وشەی ئەکەدی بۆ جوانکارییەوە وەرگیراوە) لە میسری کۆن بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرا. پێڵوی سەرەوەی چاو بە ڕەنگی ڕەش بۆیاخ کرابوو، خوارەوەی ڕەنگی سەوز بوو، وەک لە دەقە کۆنەکاندا وێنا کراوە، کە باس لە بەکارهێنانی هەردوو جۆری گالێنا ڕەش و مالاخایتی سەوز دەکەن.
وێنەی ژمارە ٣: بەکارهێنانی کل وەک کارێکی جوانکاریی بۆ چاو.
هەروەها کل لە یەمەن وەک جوانکاری بۆ ماوەیەکی زۆرە بەکاردێت، جگە لەوەش دایکان هەر زوو دوای لەدایکبوونیان کلیان دەخستە سەر چاوی کۆرپەکانیان. هەندێکیان بڕوایان وابووە، کە بۆ بەهێزکردنی چاوی منداڵەکە، باشە وئەم کارەیان کردووە. هەندێکی تریش پێیان وابوو، کە دەتوانێت ڕێگری بکات لە نەفرەتکردنی منداڵەکە لەلایەن چاوی خراپەوە، واتە دوورخستنەوەی چاوی پیس لە کۆرپەکەیان!
زۆرێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کلی تەقلیدی، بڕوانامەنەکراو، یان ڕێکنەخراو دەتوانێت ئاستێکی ژەهراوی قوڕقوشم لەخۆبگرێت، واتە بڕەکەی زۆر بێت! بۆ دەیان ساڵە، ڕاپۆرتی جۆراوجۆری ناکۆک لە ئەدەبیاتدا بڵاوکراونەتەوە، کە پەیوەندییان بە بەکارهێنانی کل بۆ چاوەکانەوە هەیە، کە بەرپرسە لە هۆکاری بەرزبوونەوەی چڕیی قوڕقوشم لە خوێندا و لەوانەیە ببێتە هۆی ژەهراویی بوون بە قوڕقوشم. لە هەمان کاتدا، ژمارەیەک توێژینەوە و ڕاپۆرتیش بڵاوکراونەتەوە، کە هەر پەیوەندییەکی لەو جۆرە بە زیادبوونی ئاستی قوڕقوشم لە خوێندا لە کاتی بەکارهێنانی کلدا پووچەڵ دەکەنەوە (١٤).
لەنێو نەتەوەی کوردیشدا، سەردەمانێکە کل و کلدان هەبووە و بەتایبەتی ئافرەتان و هەندێک جاریش پیاوان بەکاریان هێناوە و تائەم ساتەش هەندێک کەس هەن، کە بەکارێکی ئاسایی دادەنێن و بەکاری دەهێنن بۆ ڕەشکردنی دەوری چاو. کل تەنانەت چووەتە نێو پەند و کولتووری کوردییەوە، ئەوەتە کورد دەڵێت ( نۆی بمرێ لەباوان، کلی نابڕێت لە چاوان)، یان ( کلی لە چاوان دەڕفێنێ) .
ئەوەی وای کردووە خەڵکی کل بەکاربهێنن دەگوترێت وەک سونەتێکی پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد (د.خ.) ئاماژەی پێدراوە. سەرچاوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە دروستە لە چەند فەرموودەیەکی پێغەمبەردا (د.خ.) ئاماژە بە کل دراوە. یەکێک لەوفەرموودانە کە عەلی کوڕی ئەبی تالب دەیگێڕێتەوە، فەرموویەتی: (عَلَيْكُم بِالإِثْمِد فَإِنَّهُ مَنْبَتَةٌ للشَّعْرِ ، مَذْهَبَةٌ للقَذَى ، مَصْفَاةٌ لِلْبَصَرِ) ( ١٥). واتە باشترین جۆری کل بەکاربهێنن، چونکە برژانگ بەهێز دەکات و چاو پاک دەکاتەوە و بینین ڕوون دەکات. لەم ڕووەوە دروستە وتەکانی پێغەمبەر (د.خ.)، کە ڕاستاندنیان بۆ کراوە و دروستن، جێگەی شک نین و بەدڵنیاییەوە لەخۆیەوە قسەی نەکردووە و لەئێستاشدا بە شێوەیەکی سەد دەر سەد نەسەلمێندراوە، کە ئەو ڕێژە کەمەی بۆ ڕەشکردنی چاو بەکار دێت ترسناکی بۆ تەندروستی جەستە و بەتایبەتی بۆ چاو دروستبکات، وەک لە سەرەوە باسکرا! بڕوا دەکرێت، کە قوڕقوشم و ئەنتیمۆن هەردووکیان دژە بەکتریابن و بەکارهێنانیان چاو لە هەوکردن بپارێزیت.
هەرچەند لەلایەن زانستی سەردەمەوە ئەوە یەکلایی بۆتەوە هەردوو توخمەکە ( قوڕقوشم و ئەنتیمۆن) ژەهراوین، بەڵام ئەوشمان لەیاد بێت کە بوونی بڕێک لە جەستەدا کاریگەریی نەرێنی نابێت، ئەگەر بڕەکە نەچێتە سەروو ئەوبڕەی لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دیاریکردووە ( بۆ نموونە بۆ قوڕقوشم ٠.٠٥میلیگرام بۆ هەرلیترێک)(٥). لەم بارەدا لەوانەیە ئەو کەسانەی، کە کلیان بەکارهێناوە بڕی قوڕقوشم لە جەستەیاندا لە ژێر ئەم بڕەوە بێت، بۆیە هیچ کاریگەری لەسەر جەستەیان پیشان نەداوە! بەدڵنیاییەوە کاریگەری ئەم جۆرە لە بەکارهێنانی ماددەکانیش بەزوویی دەرناکەوێت و لەوانەیە دەیان ساڵی بوێت تا کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت، زۆرکاتیش لەوانەیە پێش ژەهراویبوون کەسەکە بە نەخۆشییەکی تر بمرێت!
بەهەرحاڵ، بەبڕوای من چونکە قوڕقوشم خۆی توخمێکی سەرەکی نییە لە جەستەدا و ئەوبەکارهێنانە کەمەی لەکۆندا، کە لەکلەوە وەرگیراوە لەوانەیە کاریگەرییەکی زۆری نەبووبێت، بەوپێیەی سەرچاوەکانی تری وەرگرتنی قوڕقوشم زۆر کەم بوون، نە ئۆتۆمبیل هەبووە، نە باتری، نە ماددەی تیشکدەر، نەهایدرۆکاربۆنەکان، هتد. لە ئێستادا دەیان سەرچاوەی قوڕقوشم هاتوونەتە ژیانی مرۆڤەکانەوە و بەبەردەوامی جەستە پیس و ژەهراوی دەکەن، بۆیە ناکرێت لە ڕێگەی چاوڕشتنیشەوە هێندەی تر قوڕقوشم بکرێتە جەستەوە!
سەرچاوەکان :
١- ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین، دەروازەیەک بۆ ناسینی زەویناسیی پزیشکی، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە ٨٧٦٠، ٢٦-٩-٢٠٢٢، ل١١. بنواڕە لینکی: https://knwe.org/KU/Details/3793
٢- ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین، پێنج ژەهرەکە، ماڵپەڕی ئاوێنە، ٤-٣-٢٠٢٥، بنواڕە لینکی:
https://www.awene.com/detail?article=121412
3-https://en.wikipedia.org/wiki/Lead
4-Dissanayake, C.B., and Chandrajith, R., 2009, Introduction to Medical Geology, Springer-Verlag Berlin Heidelberg, 297p.
5-Randive, K., 2013, Elements of Geochemistry, Geochemical Exploration and Medical Geology, Research Publishing, 448p.
6-Hamarashid, R.A., Fiket, Ž., and Mohialdeen, I.M.J., 2022, Environmental Impact of Sulaimani Steel Plant (Kurdistan Region, Iraq) on Soil Geochemistry, Soil Systems, 6, 86. https://doi.org/10.3390/soilsystems6040086
7-Ahmed, P. T., 2025, Geochemical composition of urolithiasis and geoenvironmental factors associated with the high incidence of human urinary calculi in Sulaimani Governorate, Kurdistan Regional Government, Iraq, MSc Thesis, Unpublished, University of Sulaimani, 130p.
8-Selinus, O. (ed.), 2013, Essentials of Medical Geology, Revised Edition, Springer-Verlag Berlin Heidelberg, 805p.
9-Komatina, M.M., 2004, Mmedical Geology, Effects of Geological environments on Human Health, Elsevier, 477p.
١٠-ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین، توخمەكان و تەندروستى مرۆڤ، كوردستانى نوێ، ژمارە 8162 لە 23-8- 2021،كەشتى نوح ل2. بنواڕە لینكى:
https://en.calameo.com/read/00016391313eda462e459
١١- ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین، ئایۆرۆڤیدا چییە؟ماڵپەڕی ئاوێنە، ٢٦-١-٢٠٢٥، بنواڕە لینکی:
https://www.awene.com/article?no=22873&auther=2706
12-Dole, V.A., and Paranjape, P., 2004, A text book of Rasashastra, chukhamba Sanskrit Pratishthan, New Delhi, 438p.
13-https://www.who.int/news-room/fact-sheets/detail/lead-poisoning-and-health
14- Mahmood ZA, Zoha SM, Usmanghani K, Hasan MM, Ali O, Jahan S, Saeed A, Zaihd R, Zubair M, Pak, 2009, "Kohl (surma): retrospect and prospect". Journal of Pharmaceutical Sciences. 22 (1): 107–122. PMID 19168431
١٥- https://islamqa.info/ar/answers/132208
گێڕانەوەی فەرموودەکە: البخاريّ في التاريخ الكبير (٨/ ٤١٢). الطبراني في "الكبير" (1/109 ، رقم 183) وحسَّنه المنذري والعراقي وابن حجر ، بنواڕە "الترغيب والترهيب" (3/89) و "فتح الباري" (10/157)