KurdZanist

KurdZanist

Share

Contact information, map and directions, contact form, opening hours, services, ratings, photos, videos and announcements from KurdZanist, Education, As Sulaymaniyah.

27/02/2023

بۆچی تەنها یەک ڕووی مانگ دەبینین؟

مانگ جوڵەیەکی ئاڵۆزی هەیە، ئەگەر دوو جۆر لەو جوڵانە باس بکەین، کە بریتین لە:
١- خولانەوە بە دەوری خۆیدا.
٢- خولانەوە بە دەوری زەویدا.

هۆکاری ئەوەی کە بە درێژاییی بوونمان لەسەر زەوی تەنها یەک رووی مانگمان بینیووە، ئەوەیە کە ماوەی یەک خولی مانگ بەدەوری خۆی بەتەواوی یەکسانە بە ماوەی یەک سوڕی مانگ بە دەوری زەویدا، ئەو دوو جوڵەیەش بەهەمان ئاڕاستەن،. واتە مانگ هەرچەندی خولێک بەدەوری خۆی تەواو بکات ئەوەندەش بە دەوری زەویدا تەواو دەکات، بۆیەش بە بەردەوامی تەنها یەک ڕووی ڕووی لە زەوی دەبێت و ئێمەش تەنها ئەو ڕووەی دەبینین.

ئەو دوو ماوەیە بەتەواوی یەکسانن بەهۆی هێزی کێشکردنی نێوان زەوی و مانگ. کاتی ئەو دوو خولانەوەیەش بۆ ئێمە لەسەر زەوی دەکاتە (٢٩.٥) ڕۆژ.

09/02/2023

ئەمە وردترین وێنەی ئەتۆمە
دیاردەیەکی ئاڵۆزی کوانتەمی وێنەی گەردێک روندەکاتەوە کە پێشتر وێنەی نەبوە. تەنانەت دەتوانیت جیاوازی نێوان پرۆتۆن و نیوتڕۆن ببینیت.

(RHIC)، لە تاقیگەی بروکهاڤن لە ئەمریکا، ئامێرێکی ئاڵۆزە و توانای خێراکردنی ئایۆنەکانی زێڕی هەیە بۆ خێرایی تا 99.995%ی ڕووناکی. لە ئیستا توێژەران لەو تاقیگەیە ڕویان کردۆتەوە کە چۆن دەتوانن وێنەیەکی زۆر وردی ڕیکخستنی پرۆتۆن و نیوترۆرن لە ناو ناوکی زێر ببین بە بەکارهێنانی جۆرێک لە دەستوەردانی کوانتەمی کە پێشتر نە بینراوە لە تاقیکردنەوەکان.

هیچ پشکنەرێکی وردبینی یان ئامێری تیشکی ئێکس توانای ئەوەی نییە چاو بخاتە ناو ناوەوەی ئەتۆمەکەوە، بۆیە فیزیازانەکان تەنها دەتوانن تیۆریزەی ئەوە بکەن کە چی لەوێ ڕوودەدات بە پشتبەستن بە پاشماوەی پێکدادانی خێرا کە لە پێکدادانی تەنۆلکەکاندا ڕوودەدەن، وەک CERN’s LHC. هەرچەندە ئەو ئامێرە نوێە توانای هەیە دەستوەردانی وردتر لە پرۆتۆن و نیوترۆن بکات.

Photos from KurdZanist's post 31/01/2023

بۆچی ئەستێرەکان دەدرەوشێنەوە؟

هەروەک چۆن پارچە ئاسنێک بە ڕەنگی سوور، یان سپی دەدرەوشێتەوە، کاتێک گەرم دەکرێت، ئەستێرەکانیش دەدرەوشێنەوە، چونکە بەشێوەیەک گەرمن، کە پلەی گەرمی کڕۆکیان دەگاتە ملیۆنان پلەی سەدی و لە ڕووەکانیان دەگاتە هەزاران پلەی سەدی.

بیرۆکەیەکی کۆن هەبوو پێیان وابوو: ئەستێرەکان دەسوتێن، بۆیە دەدرەشێنەوە بەهەمان شێوەی سوتانی خەڵوز، بەڵام ئەگەر بەو شێوەیە بووایە ئەوان تەمەنیان تەنها چەند هەزار ساڵێک دەبوو، لە کاتێکدا زۆربەی ئەستێرەکان بۆ ماوەی ملیارەها ساڵ دەژین.

پەیدابوونی ئەو گەرمی و وزەیەی ئەستێرەکان دەریدەدەن لە ڕێگەی کردارێکەوەیە، کە جیاوازە لەو سوتانەی ئێمە لەسەر زەوی دەیبینین. کردارەکە ناودەبرێت بە ناوکە یەکبوون. لە کرداری ناوکە یەکبووندا چوار گەردیلەی هایدرۆجین یەکدەگرن بۆ پێکهێنانی یەک گەردیلەی هیلیۆم، جیاوازی بارستەکەش دەبێتە وزەی گەرمی و ڕووناکی و بەدەوری ئەستێرەکەدا بڵاودەبێتەوە، بۆیەش ئەستێرەکە دەدرەوشێتەوە، تەمەنی ئەستێرەکەش ئەو کاتە تەواو دەبێت، کە هەموو هایدرۆجینەکەی دەگۆڕێت بۆ هیلیۆم.

نووسینی: محتاج عبدال

15/11/2022

یەکێک لە ڕێگاکانی دیاریکردنی دووری ئەستێرەکان، بریتییە لە جوێڕوانی (شوێنگۆڕان-parallax )، یان ‏( trigonometric stellar parallax) ، کە بریتییە لە: گۆڕانی شوێنی ئەستێرەکان بەپێی باکگڕاوندی ئەستێرە زۆر دوورەکانی پشتەوەیان لە کاتی جووڵەی زەوی بەدەوری خۆردا.

ئەگەر جوێڕوانی لە نمونەیەکی بەرجەستەدا باس بکەین، ئەوا باشترین نمونە لەوانەیە ئەمە بێت:
کاتێک پەنجەیەکمان دەخەینە پێش چاومان و نزیکی بخەینەوە لە چاومان و تەنها بە یەک چاو سەیری بکەین ئەوا پەنجەکەمان شوێنێکی جێگیر لەناو دیمەنی باکگراوندی پشتەوەی وەردەگرێت، بەڵام ئەو شوێنەی دەگۆڕێت کاتێک بە چاوەکەی ترمان سەیری دەکەین، ئەو شوێنگۆڕینە زیاتر دەبێت هەرچەند پەنجەکەمان زیاتر نزیک بخەینەوە لە چاومان، بەپێچەوانەشەوە بە دوورخستنەوەی.

بۆ ئەستێرەکانیش بەهەمان شێوەیە کاتێک لە دوو گۆشەی جیاوازەوە تێبینییان دەکەین، بەڵام لە کردەی چاودێریکردنی ئەستێرەکان ئەوەی ڕۆڵی دوو چاوەکە، یان ڕۆڵی دوو گۆشەی جیاواز دەبینێت بریتینییە لە دوو شوێنی جیاواز لەسەر زەوی، بەڵکو بریتییە لە دوو شوێنی جیاوازی زەوی لەناو خولگەکەی بەدەوری خۆردا.

ئەستێرەناسەکان لەماوەی نێوان 6 مانگدا، کە دەکاتە 180 پلە لە بازنەی خولگەی زەوی بەدەوری خۆردا، چاودێری هەمان ئەستێرە دەکەن، واتە دوو جار لە دوو گۆشەی جیاوازەوە چاودێری ئەو ئەستێرەیە دەکەن، بۆیەش هەروەکوو نمونەی پەنجەکەمان شوێنی ئەستێرەکە دەگۆڕێت لەناو دیمەنی پشتەوەی و بە هەژمارکردنی گۆشەی شوێنگۆڕانەکە دەتوانرێت بزانرێت ئەستێرەکە چەندە دوورە،
چونکە هەرچەند نزیکتر بێت زیاتر شوێنی دەگۆڕێت و هەرچەند دوورتر بێت کەمتر شوێنی دەگۆڕێت.

هەروەها ئەگەر ئەستێرەکان دوورتربن لە 1000 ساڵی رووناکی ئەوا بەم چاودێریکردنە شوێنیان ناگۆڕێت، بۆیە دووری ئەوانە بە جوێڕوانی دیاری ناکرێت بەڵکو بە ڕێگایەکی تر دیاری دەکرێت پێی دەوترێ گەشانەوەی پێوانەیی (standard candle).

نووسینی: محتاج عبدال

13/11/2022

سەدەی بیست بوو بە سەدەی زۆرترین داهێنانە زانستیەکان، کە زیاتر لە سەدا پەنجای کۆی ئەو داهینانە زانستیانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کراون، دەگرێتە خۆی، کە کاریگەرییی ڕاستەوخۆی هەبوو لەسەر ژیانی تاک و کۆمەڵگە، بەتایبەتی لە گەشەپێدانی بابەتە تیۆرییەکان، و پڕاکتیکییەکانی زانست و تەکنەلۆجیا.
زانست لەو سەدەیە زۆر بەخێرایی گەشەی کرد، بەتایبەت لەسەر ئەو زانستانەی، کە لە سەدەی نۆزدە گەشەیان پێدرابوو. لە فیزیادا تیۆرییەکانی ڕیژەییی تایبەت و ڕێژەییی گشتی ئەنشتاین و کوانتەم میکانیک، کە بوونە هۆی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی.
مۆدێلی نوێی پێکهاتەی ئەتۆم بووە هۆی پەرەسەندن لە تیۆرییەکانی کیمیا و پەرەسەندنی ماددە نوێیەکانی، وەک:(( نایلۆن و پلاستیک)). پێشکەوتنی بایۆلۆجی بووە هۆی زیادبوونی زۆر لە بەرهەمهێنانی خۆراک، هەروەها نەهێشتنی نەخۆشییەکانی، وەک: ((ئیفلیجیی منداڵان)).
هەروەها زۆرینەی زانستەکانی تر، کە بەشداری کارایان هەبوو لە پێشکەوتنی مرۆڤایەتی و تێگەشتنی زیاتری سرووشت و دیاردەکانی دەورووبەری. هەروەک ئاسمانەوانی و چوونە سەرمانگ و زانستی جیۆلۆجی، کە تێگەشتنەکانمانی زۆر زیاتر کرد لەسەر پێکهاتە و شێوەی زەوی.
ڕوودانی هەردوو جەنگە جیهانییەکانی یەکەم و دووەم کاریگەرییی ڕاستەوخۆی لەسەر پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆجیا هەبوو، کە زۆر لەزاناکان کاریگەرییی ڕاستەوخۆیان هەبوو لەسەر پێشکەوتنی چەکە نوێکان و ماددە کیمیایییە بەکارهاتووەکان.

ئامادەکردنی: م.خێڵان علی

14/10/2022

هێز چییە؟

هێز هۆکارێکی فیزیکییە کە دەتوانێت دۆخی جووڵە یان ڕەهەندەکانی تەنێک یان تەنۆلکەیەک بگۆڕێت. هێزەکان بە پشتبەستن بە کارکردنیان دوو جۆرن، ئەوانیش: هێزی بە بەرکەوتن و هێزی بێ بەرکەوتنن.

ئەو هێزانەی کە یان ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی میدیایەکەوە کار لەسەر تەنێک دەکەن پێیان دەوترێت هێزی بەرکەوتن.
نمونەی ئەو هێزانەش وەکو؛ هێزی ماسولکەیی، هێزی میکانیکی، و هێزی خۆلێدان.

ئەو هێزانەشی کە لە ڕێگەی بۆشاییەکانەوە کاردەکەن بەبێ ئەوەی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تەندا دروست بکەن پێیان دەوترێت هێزی بێ بەرکەوتن،
نموونەی هێزە بێ بەرکەوتنەکان بریتین لە:
هێزی کێشکردن، هێزی کارەبایی، و هێزی موگناتیسی.

ئەو هێزەی کە موگناتیسییەک دەیخاتە سەر موگناتیسی تر پێی دەوترێت هێزی موگناتیسی. هێزی موگناتیسی و هێزی ئەلکترۆستاتیک لە دوورەوە کار لەسەر تەنێک دەکەن. هەر بۆیەش هێزی بێ بەرکەوتنن. هێزی کێشکردن هێزێکی ڕاکێشانە کە زەوی بەسەر تەنەکان دەدات، ئەمەش وایان لێدەکات بکەونە سەر زەوی. کێشی تەنێک ئەو هێزەیە کە زەوی بەرەو ناوەند ڕادەکێشێت.

ئامادەکردنی: ئیمان عزیز

11/10/2022

مێژووی زانست لەدوای شۆڕشی زانستی

شۆڕشی زانستی سنورێک بوو لە نێوان بیرکردنەوە کۆنەکان، و فیزیای کلاسیک کە بە بڕوای زۆربەی مێژوو نووسان لە ساڵی ١٥٤٣ دەستی پێکردوە، کاتێک یەکەم پەرتووک لەسەر ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ بڵاو کارایەوە، لەلاین ئەندریاس ڤیسالیۆس و هەروەها پەرتووکی (دی ریڤەلوشن) لە لایەن نیکۆلاس کۆپەرنیکۆسەوە بڵاو کرایەوە. بە بڵاو کردنەوە پەرتووکی پرینسیپا ماسماتیکا شۆڕشی زانستی گەشتە لوتکە.
شۆڕشی زانستی کە لە ماوەی سەدەی (١٦ و ١٧)دا ڕوویدا، لەگەڵیدا ڕوانگەیەکی نوێ بۆ سروشت سەری هەڵدا و جێگەی ئەو تێڕوانینە یۆنانییەی گرتەوە کە نزیکەی (٢٠٠٠) ساڵ بوو بەسەر زانستدا زاڵ بوو. لەوەودوا چەند گۆڕانکاریەک ڕوویاندا، لەوانەش: پەرەپێدانی شێوازێکی ئەزموونی و زانستی، کە بەدوای وەڵامی دیاریکراودا دەگەڕا بۆ هەندێک پرسیاری سنووردار کە لە چوارچێوەی تیۆرییە تایبەتەکاندا کۆکرابوونەوە، و قبوڵکردنی پێوەرە نوێیەکان بۆ ڕوونکردنەوە، جەختکردنەوە لەسەر پرسیارکردن بە "چۆن" نەک "بۆچی" کە تایبەتمەندی گەڕانی ئەرستۆ بوو بۆ هۆکارە کۆتاییەکان.
شۆڕشی زانستی لە بواری گەردوونناسیدا دەستی پێکرد. هەرچەندە پێشتر باس لە ئەگەری جووڵەی زەوی کرابوو، بەڵام گەردوونناسی پۆڵەندی نیکۆلاس کۆپەرنیکۆس یەکەم کەس بوو کە تیۆرێکی گشتگیری هێلیۆسەنتریک (خۆر-سەنتەر)ی پێشنیار کرد کە لە ڕووی پانتایی و توانای پێشبینیکردنەوە یەکسان بێت بە سیستەمی جیۆسەنتریک(زەوی-سەنتەر)ی بەتلیمۆس. کۆپەرنیکۆس بە پشتبەستن بە هەمان ئەو زانیاریانەی کە بەتلیمۆس خاوەنی بوو، تێگەیشتن بۆ جیهانی لە ناوەوە بۆ دەرەوە گۆڕی و خۆری خستە ناوەند و زەوی بە دەوریدا خستە جووڵەوە. تیۆری کۆپەرنیکۆس کە لە ساڵی ١٥٤٣ بڵاوکرایەوە، خاوەنی سادەیییەکی چۆنایەتی بوو، کۆپەرنیکۆس جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەوەی فەلەکناسی جێگەی ڕەزامەندی بێت، دەبێت وەسفی سیستەمی ڕاستەقینە و فیزیکی جیهان بکات.
لە سەرەتای سەدەی ١٧دا، گەردوونناسی ئەڵمانی یۆهانس کیپلەر گریمانەی کۆپەرنیکی خستە سەر بنەمایەکی پتەوی فەلەکناسی. کیپلەر ژیانی خۆی بە گەڕان بەدوای پەیوەندییە بیرکارییە سادەکاندا بەسەر برد کە باس لە جووڵەی هەسارەکان دەکات. گەڕانی بە ئازاری ئەو بۆ ڕێکخستنی شرۆڤەی گەردوون، دواجار ناچاری کرد کە لە گەڕان بەدوای بنەمایەکی فیزیکی بۆ جووڵەکانی تەنە ئاسمانییەکان، واز لە ئایدیالی ئەفلاتونی جووڵەی بازنەیی تەواو یەکسان بهێنێت.

دوای ئەویش کارەکانی ئیسحاق نیوتن نوێنەرایەتی لوتکەی شۆڕشی زانستی دەکەن لە کۆتایی سەدەی ١٧دا. کتێبە مۆنۆمێنتالەکەی بەناوی (بنەما بیرکارییەکانی فەلسەفەی سروشتی) (Philosophiae Naturalis Principia Mathematica) ئەو کێشە سەرەکیانەی کە شۆڕشی زانستی لە میکانیک و لە گەردوونناسیدا دروستی کردبوو، چارەسەر کرد. بنەمایەکی فیزیکی بۆ یاساکانی کیپلەر دابین کرد، فیزیای ئاسمانی و زەمینی لە ژێر یەک کۆمەڵە یاسادا یەکخست و ئەو کێشە و شێوازانەی دامەزراند کە بۆ ماوەی زیاتر لە سەدەیەک زاڵ بوون بەسەر زۆربەی گەردوونناسی و فیزیادا. نیوتن لە رێگەی چەمکی هێزەوە توانی دوو پێکهاتەی گرنگی شۆڕشی زانستی، فەلسەفەی میکانیکی و ماتماتیزەکردنی سروشت کۆبکاتەوە.

نیوتن بە یارمەتی یاساکانی جووڵەی خۆی و هێزێکی کێشکردنی ڕێژەیی کە بەپێچەوانەی مەودای نێوان ناوەندی دوو تەن دەگۆڕێت، دەیتوانی یاساکانی جووڵەی هەسارەکانی کیپلەر دەربخات. هەروەها یاسای کەوتنی سەربەستی گالیلۆ لەگەڵ یاساکانی نیوتن یەکدەگرێتەوە. هەمان ئەو هێزەی کە دەبێتە هۆی کەوتنی تەنەکان لە نزیک ڕووی زەوی، مانگ و هەسارەکانیش لە خولگەکانیاندا دەگرێت.

ئەم ڕووداوانەی باسکران هەموویان گرنگییەکی زۆریان هەبووە لەسەر گۆڕانی تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ زانستی سروشتی.

ئامادەکردنی: م.خێڵان علی

09/10/2022

جێگیری ناوەکی و نەخۆشییەکان
Homeostasis And Diseases

یەکێک لە هەرە بابەتە بنچینەییەکانی پزیشکی "جێگیری ناوەکی" ـە یاخود بڵێین "Homeostasis"، کە لە زانستی "Physiology" دا پێناسەکراوە بە : (توانای ڕاگرتنی هاوسەنگی ناوەکی مرۆڤە سەرەڕای گۆڕانکارییەکانی دەرەوە) کە ووشەی "جیڕی" زۆرجار بۆ وەسفکردنی هاتووە. "کلۆود بێرنارد" لە ساڵی "١٨٦٥" یەکەم کەس بوو جێگیری ناوەکی پێناسەکرد.

لە کەمترین یەکەی پێوانەی کاتدا کە بتوانرێ بپێورێ چەندان فرمان و ئەرك لە جەستەی مرۆڤدا ڕوودەدات لە بچووکترین ئاستەکان تا گەورەترین ئاست مێشك کاردەکات تاوەکو جیگیرییەکەیان ڕابگرێ وەکو فڕۆکەوانێك کە فڕۆکەکەی هاوسەنگ ڕادەگرێ. نموونە: پلەی گەرمی ئاسایی ناوەوەی لەش ٣٧ پلەی سلیزییە، پلەی گەرمی دەرەوە بەردەوام ئەوەندە نییە بۆیە سیستەمێك پێویستە کە پلەی گەرمی جێگیر ڕابگرێ، جێگیر ڕاگرتنی ڕێژەی پەستانی خوێن، هاوسەنگ ڕاگرتنی پاڵاوتنی خوێن، بڕی پێویستی ئۆکسجین، یان دابینکردنی ژینگەی گونجاو بۆ ئەو پڕۆتینانەی ناویان "ئەنزیم" ـە کە ئەو کارلێکە کیمیاییانەی لە جەستەی مرۆڤدا ڕوودەدەن هەمووی بەخێرایی پێویستی خۆی ڕوودەدات بەهۆی ئەوانەوەیە.
وە زۆری تر .....

دەتوانین بڵێین هەموو نەخۆشییەك تێکچوونە لە "جیگیری ناوەکی" یان دوورتر بڕۆین هۆکاری سەرەکی هەموو مردنێك تێکجوونی "جێگیری ناوەکی" ـە. نموونە: نەخۆشییەك لە دڵ دەبێتە هۆی تێکجوون لە ڕۆیشتن و هاتنی خوێن و تێکچوونی پەستانی خوێن... وە هەتا مردنیش، نەخۆشییەك لە سییەکان دەبێتە هۆی تێکچوونی ڕێژەی ئۆکسجین بۆ دوانۆکسیدی کاربۆن، تێکچوونەکانی گەدە و ڕێخۆڵە کاریگەری دەکەنە سەر ڕێژەی خۆراکەماددەکان، هەتا کەسێك کە قۆڵێکی یان قاچێکی لەدەستدەدات دەتوانێ بێ قۆڵێك یان بێ قاچێك بژی بەڵام ئەگەر زوو چارەسەر نەکرێ دەبێتە هۆی خوێنبەربوون و هەوکردن و نەخۆشی بۆ بەشەکانی تر و تێکچوونی دووبارە "جێگیری ناوەکی".......
ئەگەر بەردەوام بین هەموو نەخۆشییەکان تێکچوونی "جێگیری ناوەکی" ـن

نووسینی: سەپان قادر

01/10/2022

ئەستێرەکان چین؟
لە چی پێکهاتوون؟

ئەستێرەکان لە هەور و تۆز و گازی نێو گەلەئەستێرەکان دروست دەبن کە پێکهاتەی سەرەکییان هایدرۆجینە و وردە وردە چڕ دەبنەوە.
لە قۆناغی یەکەمی ژیانی ئەستێرەیەکدا، هێزی کێشکردن هەورەکە ڕادەکێشێت بۆ شێوەیەکی گۆیی. ئەم گرژبوونە – وەک کەوتنێک بیری لێبکەرەوە – وزە ئازاد دەکات، هەروەک چۆن تەنێک کە دەکەوێتە سەر پێمان وزەمان بۆ دەگوازێتەوە کە ئێمە وەک ئازار و کێشکردن هەستی پێدەکەین.

گازەکە بەهۆی کاریگەری هێزی کێشکردن چڕدەبێتەوە لەگەڵ چڕبوونەوەیش گەرم دەبێت و دەست دەکات بە درەوشانەوە و بە شێوەیەکی لاواز، لە مەودای ژێر سووردا تیشک دەردەکات.
دواتر لەگەڵ بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی گازەکە دەست دەکات بە دەردانی ڕووناکی بینراو، واتە هەورەکە بووەتە ئەستێرەیەکی گەنج.
ئەستێرەکان بۆ ملیاران ساڵ تیشکدەدەن بەهۆی کرداری ناووکەیەکبوونەوە کە تێیدا گەردیلەکانی هایدرۆجین یەکدەگرن و هیلیۆم بەرهەمدێنن، لەگەڵ تەواوبوونی هایدرۆجینەکەش تەمەنی ئەستێرەکانیش تەواو دەبێت و دەتەقنەوە.

نووسینی: محتاج عبدال

27/09/2022

مێژووی ناوی زانست و زانستیار بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟


ناوی ‎زانست لە( scientia )لاتینیەوە وەرگیراوە، کە بەمانای زانین دێت، کە لە کۆندا پێیان دەگوت (فەلسەفەی سروشت)، بەڵام ناوی زانست لەپاش سەدەی چواردەمەوە زیاتر بەکارهاتووە.

وشەی زانستیار (scientist)یش تاڕادەیەک تازەیە، یەکەمجار لە سەدەی نۆزدەھەمدا بەکارھێنرا، و لە دەقە کۆنەکاندا وەبەرچاو ناکەوێت. پێشتر توێژەرانی سروشت بە خۆیانیان دەگوت (فەیلەسووفی سروشتی).

مێژووی زانست بۆ کەی دەگەڕێتەوە؟

گەر بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەکان لەسەر بیردۆزی پەرەسەندنی مرۆڤایەتی بۆماندەرەکەوێت کە زانست لەگەڵ گەشەکردنی مرۆڤدا گەشەی کردووە، و هەر لە سەرەتایی مرۆڤایەتییەوە مرۆڤ پەی بە شتەکان بردووە و پرسیاری لە خۆی کردووە بۆیەش زانست دەبێتە چەمکێکی گەشەکردوو لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە.

سەرەتاییترین ڕەگ و ڕیشەکانی زانستی سروشتی دەگەڕێنەوە بۆ میسری کۆن، و میزۆپۆتامیا، و بابل، لە دەوروبەری ٣٠٠٠ ساڵ بۆ ١٢٠٠ ساڵ پێش زایین، کە بەشدارییەکانی ئەوان لە بیرکاری و گەردوونناسی و پزیشکیدا دواتر هاتووەتە ناو فەلسەفەی سروشتی یۆنانی کۆن کە لەوێشدا بەهۆیەوە هەوڵدرا ڕوونکردنەوە لەسەر ڕووداوەکانی جیهانی فیزیکی بدرێت،
دواتر بەهۆی ڕووخانی ئیمراتۆریەتی ڕۆمانی ڕۆژئاواوە خەریکبوو زانیاری و چەمکە یونانییەکان لەناوبچن، بەڵام دواتر لە سەردەمی زێڕینی ئیسلامیدا پارێزران بەهۆی لێکۆڵینەوەیان لە ئەوروپای ڕۆژئاوا بۆ فێربوونی فەلسەفەی سروشتی.
(فەلسەفەی سروشتی مەبەست لێی زانستی ئەوکاتەیە)

زانست و تێڕوانین بۆ زانست بە چەند قوناغێکی جیاوازدا هاتوون، تا گەیشوون بەم زانستە سروشتییەی ئێستا لەبەردەستماندایە، بۆ نمونە لەناو فەیلەسوفانی یونانیدا تێڕوانینێک هەبوو بۆ زانست کە زیاتر بە هی ئەریستۆ ناسراوە ئەویش ئەوەبوو کە پێیانوابوو دەتوانین بە هەموو ئەو یاسایانەی گەردوونیان کۆنترۆلکردووە بگەین تەنها لە ڕێگەی ئەندێشە و خەیالکردنەوە.
تا سەردەمی گالیلیو کەس گرنگی بەوە نەدا گریمانەکان بە بینین تاقیبکرێنەوە، واتە دوای نزیکە ١٨٠٠ ساڵێک لەو تێڕوانینەی پێی وابوو پێویستمان بە تاقیکردنەوە نییە دواجار گالیلیو گالیلی ئیتاڵی بۆ یەکەمجار گرنگیی دا بە تاقیکردنەوەی گریمانەکەی، کە ئەوەش یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوەکانی نێو مێژووی زانست.
دواتریش لەلایەن یوناس کیپلەر و ئیسحاق نیوتنەوە هەوڵدرا لەڕێگەی یاسای بیرکاری و بیردۆزە زانستییەوە ڕووداوە سروشتییەکان ڕوونبکرێنەوە، کە ئەویش هەوڵێکی تری گرینگبوو چونکە پێشبینیکردن بۆ هەندێک لە ڕووداوەکانی داهاتوو هێنایە کایەوە.
لەپاش ئەوەوەش بەردەوام گەشەی خێراتری بەخۆیەوە بینیووە تا گەیشتووە بەم ئاستەی ئێستا.

ئامادەکردنی: م.خێڵان علی

19/09/2022

سڵاوی زانست لە هەموو لایەک…

کوردزانست لە زنجیرە بەرنامەیەکی تایبەتدا بە ناوی “زانستناسیی” ناساندن بۆ زانست و مێژووەکەی و شیکردنەوەی پرەنسیپە زانستییەکان دەکات.
بەرنامەکە بە چەند ئەلقەیەک لەلایەن مامۆستا خێڵان علی-ەوە ئامادەدەکرێت و پێشکەشدەکرێت.
لەو بەرنامەیەدا هەوڵدەدرێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بدرێتەوە:
- زانست چییە؟
- مێژووی زانست چییە و کەی زانست سەریهەڵداوە؟
- گریمانە و بیردۆزی زانستیی چین و چ بەهایەکیان هەیە؟
چەند پرسیارێکی تریش پەیوەست بە زانستەوە.

زانست بە بەخشیین و قوڵبوونەوە لێی زیاددەبێت.

24/08/2022

زانست خوازان لەیەکەمین کار و چالاکیماندا وێبنارێک سازدەکرێت بە ناونیشانی ڕۆڵی زەویناسی لە ژیانی مرۆڤەکاندا، پێشکەشکردنی لە لایەن مامۆستا ئەرکان ٢٧/٨ ڕۆژی شەمە، کاتژمێر ٩:٠٠ شەو .
لەڕێگەی بەرنامەی Zoom ـەوە

دەتوانن بەم کۆدە بەشداری بکەن:

Meeting ID: 448 389 3804
Passcode: 9er4cz

Want your school to be the top-listed School/college in As Sulaymaniyah?

Click here to claim your Sponsored Listing.

Location

Category

Culinary Team

Attire

Website

Address


As Sulaymaniyah