18/06/2026
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی فامیلی سێرچ سەردانی مۆزەخانەی پەروەردەیی کرد.
ئەمڕۆ فامیلی سێرچ بە یاوەری بەڕێز (مەریوان نەقشبەندی) نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیری و نوێنەرایەتی وەزارەت بۆ کاروباری ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و ناوخۆییەکان لەو بابەتانەی پیوەندیان بە کلتوور و ئاینەوە هەیە سەردانی مۆزەخانەیانکرد مەبەست لە سەردانی کردنی بەردەوامیان بۆ ئاگاداربوون لە کارەکانی پڕۆسەی بە دیجیتاڵ کردنی تۆمارەکانی نمرەی خوێندکاران و تۆماری مامۆستایان وەک ئاشکرایە ئەم پرۆسەیە لە ئێستادا ئەو تۆمارانە دەگرێتەوە کە لەنێوان ساڵانی ١٩٢٥_١٩٧٥ ە بەمەستی پارێزگاری لێکردنیان لە فەوتان پڕوسەکە ئەنجام دەدرێت جێگای ئاماژە پێدانە کە پرۆسەکە ڕەنگە لەماوەی( ٤ چوار مانگ)ی داهاتوودا کۆتایی پێبێت ئەگەر ئاڵەنگاری لە پڕۆسەکەدا ڕوو نەدات
14/06/2026
مامۆستا ئومێد تۆماری قوتابیانی قوتابخانەی ئەمیر عبدولئیلای پێشکەش بە مۆزەخانە کرد...
مامۆستا ئومێد خاوەنی پەیجی سەرشەقام سەردانی مۆزەخانەی پەروەردەیی کرد و لە دیدارێکدا باسی کاروچالاکییەکانی پەیجی سەرشەقام و هەوڵەکانیان بۆ ساغکردنەوەی مێژووی گەڕەکی سەرشەقامی کرد، دواتریش تۆمارێکی قوتابیانی قوتابخانەی ئەمیر عبدولئیلای ساڵی 1956_1957 و چەند وێنەیەکی پاشماوەی قوتابخانەکەی پێشکەش بە مۆزەخانە کرد،
لای خۆشییەوە سەهەند محەممەد سەعید بەڕێوەبەری مۆزەخانە سوپاس و دەستخۆشی لە مامۆستا ئومێد کرد بۆ هەوڵ و ماندووبوونەکانی بۆ زیندووکردنەوە و ساغکردنەوەی مێژووی قوتابخانەکانی سنووری گەڕەکی سەرشەقام و پاشان ئاماژە درا بەگرنکی کاری هەمەئاهەنکی بۆ زیاتر خزمەت کردنی مێژووی پر شانازی ئەم شارە.
07/06/2026
سوپاس و بەسەرکردنەوە....
بۆ سوپاسکردنی لە پای هەوڵەکانی بۆ نۆژەنکردنەوەی مۆزەحانەی پەروەردەیی، سەهەند محەمەد سەعید، بەڕێوەبەری مۆزەخانەی پەروەردەیی سەردانی بەڕێز مامۆستا ڕۆزا شێخ رەئوف بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی کرد. لە دیدارێکدا سوپاسی مامۆستا ڕۆزای کرد، کە هەوڵ و خەمخۆرییەکانی بوونە مایەی ئەوەی دامەزراوەی ئانزۆ فاوندەیشن پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانە دەستپێبکات و وەلە ئێستادا کاری نۆژەنکردنەوە بەردەوامە.
بەڕێوەبەری مۆزەخانەی پەروەردەیی داواشی لە بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژهەڵات کرد، هەماهەنگی و کاری پێکەوەییان بەردەوام بێت لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری مۆزەخانە کە ئێستا بووەتە ناوەندێکی گرنگ بۆ ئەرشیف و مێژووی پەروەردەی سلێمانی وە بەشێکی گرنگی مێژووی شاری سلێمانی
لای خۆشییەوە مامۆستا ڕۆزا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە هەوڵەکانیان بوونەتە هۆی ئەوەی بینای مۆزەخانە نۆژەنبکرێتەوە،
گوتیشی، مۆزەخانە ناوەندێکی گرنگ و جێی بایەخیانە، لە داهاتووشدا چییان پێبکرێت بۆ مۆزەخانە درێغی ناکەن.
26/05/2026
پەیامی پیرۆزبایی
هاونیشتمانیانی خۆشەویست، مامۆستایان و پەروەردەکارانی بەڕێز، فەرمانبەرانی ئازیز ، سەردانیکەرانی هێژا...
بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە گەرمترین و جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ئێوە و تەواوی گەلی کوردستان دەکەم.
هیوادارم ئەم جەژن و بۆنانە ببنە مایەی قووڵکردنەوەی تەبایی، ئاشتی، و زیندووکردنەوەی بەها بەرزەکانی هاوکاری و بەخشندەیی لە شارە خۆشەویستەکەمان دا.
دوو بارە جەژنتان پیرۆز و هەمیشە لە سایەی تەندروستییەکی باش و کامەرانیدا بن.
سەهەند محمد سعید احمد
بەڕێوەبەری مۆزەخانەی پەروەردەیی
#مێژوو #کەلەپوور #کوردستان
25/05/2026
(هەرجارەو ناساندنی پەروەردەکارێک)
مامۆستا دڵشاد مەریوانی بناسە......
دڵشاد محەمەد ئەمين فەتاح، ناسراو بە (دڵشاد مەريوانی).
باوکی لەساڵی سيیەکانی سەدەی ڕابردوو ، لە گوندی ( کاڵێ) ی خوارووی شارۆچکەی مەريوان ( ڕۆژهەڵاتی کوردستان ) هاتۆتە شارۆچکەی ( پێنجوێن )ی سەر بە شاری سلێمانی ، پاشان هاتۆتە شاری سلێمانی.
لە ساڵی (١٩٤٦) هاوسەرگيری لەگەڵ خاتوو ( رەعنا ) کردووە.
دڵشاد مەریوانی لە ( ٢٨/٣/١٩٤٧) لەدايكبووە ،
خوێندنی سەرەتايی و ناوەندی و ئامادەيی وێژەيی لە سلێمانی تەواوکردووە .
لە ساڵی (١٩٧٢) لەکۆليژی زمانی کوردی لە زانکۆی بەغداد تەواو کردووە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە .
لە ساڵی (١٩٦٣) ەوە دەستیکردووە بەکاری سياسی ، جەندجارێك زيندانی و ئەشکەنجە دراوە .
ئەندامی کۆمەڵەی ڕۆشنبيری کوردی، يەکێتی نوسەرانی کورد، سەندیکای ڕۆژنامەگەری عێراق بووە.
چەند بەرنامەيەکی ئەدەبی و ڕۆشنبيری لە ڕادیۆی عێراق و تەلەفزيۆنی کەرکوك بەشی کوردی پێشکەش کردووە .
بەرهەمە ئەدەبی و هونەری لە ڕۆژنامەی ( ژين ، هاوکاری ، بيری نوێ ، کاری ميللی ، دەنگ و باس ….هتد ) بڵاوکردۆتەوە .
زیاتر لە (١٧) شانۆنامە ، نمايش نامەی نوسيوە و وەرگێڕاوە ، لەوانە ( نازداروشوان ،پەروانە ، خۆزگە ، چاوی ڤێتنام ، پراوەی ژن هێنان ،بووکەخان ،مانگيش ئاوابوو …هتد )
ئەم ناميلکانەی بە چاپ گەياندووە :
١:- فرمێسك و زەردەخەنە ، شعر - ساڵە ١٩٦٨
٢:- يەکەم هەنگاو ، پەخشان - ساڵی ١٩٧٣ .
٣:- دڵدارانی شۆرش - ساڵی ١٩٧٣ .
٤:- پێشەوازی خاوەن شکۆ ، ڕەخنە -ساڵی ١٩٧٣.
٥:- ببن بەتيشك ، شعر - ساڵی ١٩٧٦ .
٦:- بەپەنجەکانت دەتبينم ، چيرۆك - ساڵی ١٩٧٧ .
٧:- دێرياسين ، چيرۆك -ساڵی ١٩٧٨ .
٨:- سەمفۆنيای وەنەوشە ، شعر - ساڵی ١٩٨٠ .
لە دوو شانۆنامەدا بەشداریکردووە وەك ئەکتەر :
١:- لانەوازان ، ساڵی ١٩٧٣ .
٢:- پردی وڵات ، ساڵی ١٩٧٤ .
٣:- وەك ئەکتەرلە فليمی سينەمايی (١٢ ) خولەکی ( ژيانی شوان ) بەشداریکردووە - ساڵی ١٩٧٢ .
ئەوکاتەی خوێندکار بووە لە زانکۆی بەغداد (١٩٦٩ - ١٩٧٢ ) :
* دامەزرێنەر و سەرۆکی تيپی هونەری( شاڵاوی کەرکوك ) بووە .
* دەستەی دامەزنێنەری تيپی هونەری (تيپی پێشرەو ) بووە .
لە ساڵی (١٩٧٥) هاوسەرگيری کردوە لەگەڵ خاتوو ( شيرين - ك ) ئەديب و چيرۆكنووس .
لە ساڵی (١٩٨٣ - ١٩٨٥ )ژيانی پارتيزانی لە شاخ ، لەگەڵ هاوژين و کچەکەی بردۆتە سەر .
لە (١٢/٢/١٩٨٩) دەستگيرکراوە لە لايەن دەزگای ئەمنی سلێمانيەوە ، بەتاوانی فێرکردنی قوتابيانی کورد بە نوسينی لاتينی کوردی .
لەبەرواری (١٣/٣/١٩٨٩) لە ئەمنەسورەکەی سلێمانی گوللە باران کراوە ، گڵکۆی تا ئێستا ناديارە.
ناردنی زانیاری: مەریوان مەریوانی برای دڵشاد مەریوانی
ئامادەکردنی: ڕێبوار حەمەوەیس- هەڤاڵ حەمید
مۆزەخانەی پەروەردەیی سلێمانی
19/05/2026
هەرجارە و ناساندنى پەروەردەکارێک
مامۆستا نەبەز بناسە:
نەبەز عومەر عەلى ئەمین، لە 22/11/1961 لە گەڕەکى سابونکەرانى سلێمانى لەدایکبووە.
لە قوتابخانەى گۆیژە خراوەتە بەر خوێندن و لەو قوتابخانەیە قۆناغی سەرەتایی تەواو کردووە، قۆناغى ناوەندیشى لە قوتابخانەی کانێسکان تەواوکردووە.
بۆ قۆناغى ئامادەیی چووەتە ئامادەیی سلێمانى کوڕان.
دوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی لە پەیمانگاى پێگەیاندنی مامۆستایانى هەولێر وەرگیراوە،
لە ساڵی 1985_ 1986 پەیمانگای تەواو کردووە.
لە11/11/1993 وەک مامۆستا دامەزراوە.
لە 10/3/1994 لە قوتابخانەى سەراى سوبخان ئاغا بووە بە یاریدەدەر،
لە 13/10/1995 بووە بە بەڕێوەبەرى قوتابخانەى سەیدسادقى سەرەتایی.
پاشان لە 8/10/1997 بووە بە یاریدەدەر لە قوتابخانەى گەلاوێژى سەرەتایی،
مامۆستا نەبەز لە 4/11/1997 وەک یاریدەدەر گوستراوەتەوە بۆ قوتابخانەی خەندە کە ئێستا ناوەکەی گۆڕاوە بۆ قوتابخانەى ئیبراهیم ئەحمەد.
لە ساڵی 2019 بووە بە بەڕێوەبەری قوتابخانەی ئیبراهیم ئەحمەد.
لە ساڵی 2024 دوای ساڵانێکی زۆری خزمەت خانەنشین بووە.
هیوای تەمەن درێژی و لەش ساغی بۆ دەخوازین
مۆزەحانەی پەروەردەیی سلێمانی
ئامادەکردنی: ڕێبوار حەمەوەیس - نیهایەت مەحمود
18/05/2026
ڕۆژی جیهانیی مۆزەخانەکان....
ڕۆژی جیهانیی مۆزەخانەکان (IMD) بۆنەیەکی نێودەوڵەتییە، ساڵانە لە ١٨ی ئایار بەڕێوەدەچێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی نێودەوڵەتیی مۆزەخانەکان (ICOM).
ئامانجی سەرەکی لەم بۆنەیە بریتییە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە کە «مۆزەخانەکان هۆکارێکی گرنگن بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری، دەوڵەمەندکردنی ڕۆشنبیری، و پەرەپێدانی لێکگەیشتنی هاوبەش، هاوکاری و ئاشتی لە نێوان گەلاندا.
هەروەها ڕەخساندنی دەرفەتێک بۆ شارەزایانی مۆزەخانەکان تا لەگەڵ خەڵکدا کۆببنەوە و سەرنجیان ڕابکێشن بۆ ئەو گرفت و ئاڵنگاریانەی کە مۆزەخانەکان لەسەر ئاستی جیهانی ڕووبەڕووی دەبنەوە.
خاڵێکی دیکە بریتییە لە هاندانی گفتوگۆ و هاوکاری بەردەوام لە نێوان پسپۆڕانی بواری مۆزەخانەکان و شوێنەوارناساندا
رۆژی جیهانیی مۆزەخانەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٧ بە هەماهەنگی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی مۆزەخانەکان (ICOM) ڕاگەیەندرا. ئەم بۆنەیە لە دوای پەسەندکردنی بڕیارێک هات کە ئامانجی بریتی بوو لە:
یەکخستنی خواست و هەوڵە داهێنەرەکانی مۆزەخانەکان لە سەرانسەری جیهاندا.
ڕاکێشانی سەرنجی ڕایگشتی جیهان بۆ چالاکی و ڕۆڵی کولتووریی مۆزەخانەکان.
مێژووی گەشەسەندنی ڕۆژی جیهانی مۆزەخانەکان:
١٩٧٧
دەستپێکردنی یەکەمین ڕۆژی جیهانیی مۆزەخانەکان بە سەرپەرشتی (ICOM).
١٩٩٢
بۆ یەکەمجار بابەتێکی سەرەکیی ساڵانە بۆ بۆنەکە دیاریکرا بۆ ئاڕاستەکردنی چالاکییەکان.
١٩٩٧
یەکەم پۆستەری فەرمی نێودەوڵەتی بۆ بۆنەکە دیزاین کرا و ٢٨ وڵات گونجاندیان و بەکاریان هێنا.
٢٠٠٩
ڕێژەی بەشداریکردن فراوانتر بوو و گەیشتە ٢٠,٠٠٠ مۆزەخانە کە لە زیاتر لە ٩٠ وڵاتدا چالاکییان ئەنجامدا.
٢٠١٠
ژمارەی وڵاتە بەشداربووەکان بەرزبووەوە بۆ ٩٨ وڵات.
٢٠١١
ژمارەی وڵاتە بەشداربووەکان گەیشتە ١٠٠ وڵات.
پۆستەری فەرمی بۆنەکە وەرگێڕدرا بۆ ٣٧ زمانی جیهانی.٢٠١٢بازدانێکی گەورە لە بەشداریکردندا دروستبوو؛ ٣٠,٠٠٠ مۆزەخانە لە ١٢٩ وڵاتدا بەشداربوون.
٢٠١٤
بۆنەکە ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد بە بەشداریکردنی ٣٥,٠٠٠ مۆزەخانە لە ١٤٠ وڵاتی جیهانەوە.
مۆزەخانەکان بایەخ و گرنگی زۆریان بۆ کۆمەڵگە هەیە لەوانە:
-پاراستنی كەلەپووری مرۆڤایەتی: كاری مۆزەخانەكان پاراستنی پارچە شوێنەواریو مێژووییەكانە، كە مێژووی شارستانییەتە كۆنەكان دەخەنەروو.
-سەرچاوەی زانیاری: مۆزەخانەكان سەرچاوەی زانیارین بۆ توێژەرانو خوێندكاران لەرێی پێِشانگاكانو بەڵگەنامە مێژووییەكانەوە.
-بەهێزكردنی ناسنامەی كولتوری: مۆزەخانەكان رۆڵی كارایان هەیە لە بەهێزكردنی ناسنامەی كولتوریی گەلان لە رێی نمایشكردنی مێژوو و كەلەپووری شارستانی.
-پشتیوانی گەشتیاری:مۆزەخانەكان هۆكاری سەرەكی راكێشانی گەشتیارانن، ساڵانە بە ملیۆنان كەس سەردانی مۆزەخانەكان لە جیهاندا دەكەنو داهاتێكی زۆر بۆ خەزێنەی دەوڵەت دابین دەكەن.
هەروەها ئێستا بەهۆی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرد، کاری گرنگ دەکرێت بۆ پاراستنی ئەرشیف و بەدیکۆمێنتکردنی بەڵگەنامە و ڕووداوە مێژوویێەکان و جارێکی دیکە نمایشکردنەوەیان بەشێوەی فیلم و دیکۆمێنتاری.
جگەلەوەش تەکنەلۆجیا و تۆڕەکانی ئینتەرنێت کارئاسانییەکی زۆری کردووە بۆ گەڕان دۆزینەوەی مۆزەخانە بەناوبانگەکانی جیهان. هەروەها مۆزەخانەکانیش سودیان لە ئینتەرنێت وەرگرتووە بۆ خستنەڕووی بەڵگەنامە و کارە مێژووییەکانیان و ئاسانکاری بۆ کەسانی شارەزاو ئارەزوومەند بە گەڕان بەدوای مۆزەخانەو شوێنە کولتووری و مژووییەکان لە جیهاندا.
مۆزەخانەی پەروەردەیی سلێمانی.....
مۆزەحانەی پەروەردەیی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی سلێمانی، ساڵی ٢٠١٨ دا، وەک ناوەندێک بۆ گرنگیدان و پاراستنی مێژووی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ناو بینای قوتابخانەی سورکێو لە شەقامی گۆران کراوەتەوە.
مۆزەحانەی پەروەردەیی، هەنگاوە سەرەتاییەکانی بە کۆکردنەوەی وێنەی مامۆستایان و پەروەردەکاران کە ساڵانێک خزمەتیان کردووە و لە ژیاندا نەماون یاخود خانەنشین بوون دەستپێکردووە، بەڵام ئێستا مۆزەخانەی پەروەردەیی هەنگاوی گەورەی ناوە، بەڵام هێشتا کاری گەورە و گرنگی لە ڕێگادایە و هەوڵ بۆ جێبەجێکردنیان دەکات، تاوەکو مۆزەخانە وەک ناوەندێکی سەرەکی خزمەت بە مێژوو و ئەرشیفی پەروەردە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بکات.
ئێستا مۆزەحانە جگە لە پەیجێک بۆ بڵاوکردنەوەی ژیاننامەی مامۆستایان و مێژووی قوتابخانە و خوێندنگاکان، چەند بەشێکی گرنگی هەیە وەک بەشی دیجیتاڵکردنی تۆماری قوتابخانەکان و بەشی کەرەستە پەروەردەییەکان و کتێبخانە و چەندین بۆکسی تایبەت بە کەرەستەو کەلوپەلی مامۆستایان و پەروەردەکارانی کۆچکردوو.
هاوکات مۆزەخانە بۆ مامۆستایان و پەروەردەکارانی دێرین و بە ئەزموون سەردانی مۆزەخانە دەکەن و وەک بەشێک بۆ گرێدانەوەی مێژووی کۆن و نوێ لێی دەڕوانن.
هەروەها ساڵانە وەک چالاکییەکی پەروەردەیی، خوێندکاران و قوتابیانی سەردانی دەکەن و ئاشنادەکرێن بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ڕابردوودا.
ئامادەکردنی: ڕێبوار حەمەوەیس
13/05/2026
ههرجارهو ناساندنی پهروهردهكارێك
مامۆستا سهرچڵ شهوقی بناسه:
سهرچڵ مهحمود عهبدولقادر، ناسراو به (سهرچڵ شهوقی)، ساڵی 1963 له سلێمانی لهدایكبووه.
له ساڵی 1969 له قوتابخانهی )شێخ سهلام( خراوهته بهر خوێندن، قۆناغی سهرهتایی له قوتابخانهی )كانێسكان( تهواوكردووه.
قۆناغی ناوهندی له ناوهندیی )سیروان( تهواوكردووه. له ساڵی 1981 له پهیمانگای هونهرهجوانهكانی سلێمانی وهرگیراوه، له ساڵی 1985-1986 بهشی شێوهكاری لقی نیگاركێشانی تهواوكردووه.
له ساڵی كۆتایی پهیمانگا و له 1986 له قوتابخانهی زهرگهته وهك مامۆستای جێبهجێكار دهوامی كردووه، بهڵام بههۆی بارودۆخی كوردستان و عێراق، ساڵی 1991-1992 دامهزراوه له قوتابخانهی ئاكۆی سهرهتایی له شاری رانیه، دوای دهوامی فهرمی خۆی له ناوهندی كێوهڕهش و دواناوهندی پێنجی ئازار وهك وانهبێژی هونهر بهردهوام بووه. ههروهها خولی هونهری بۆ گهنجامی رانیه كردووهتهوه.
دوای چهند ساڵێك خزمهت له شاری رانیه، گواستنهوهی بۆ شاری سلێمانی بۆ كراوه، وهك مامۆستا و وانهبێژ و مامۆستای هونهر له ( دواناوهندی تاسڵوجه، دواناوهندی كهنهكهوه، ناوهندی گوڵان، نالی، ناوهندی قهیوان).
ساڵی 1997 له خولی مامۆستایانی پهروهردهی هونهری (موزیك، شێوهكاری، شانۆ) له یهكهمهكانی خولهكه بووه و ڕێز و سوپاسی پێبهخسراوه.
له كۆتایی ساڵی 1999 وهك مامۆستای تهنسیب دهستبهكاربووه له چالاكی هونهری قوتابخانهكانی سلێمانی.
له 2/2/2002 به فهرمانی وزاری دهبێته سهرپهرشتیاری هونهری له چالاكی هونهری قوتابخانه و خوێندنگاكانی سلێمانی.
له ساڵی 2001 چووهته خولی مامۆستایانی (سهركرده)، دواتر بووهته مامۆستای خولی درێژخایهنی مامۆستایانی هونهر و سهرپهرشتیارانی هونهر بۆ ماوهی زیاتر له یهك ساڵ.
له ساڵانهی له چالاكی هونهری قوتابخانهكان بووه، سهرپهرشتیی چالاكییه هونهرییهكان و ههڵسهنگاندنی چالاكییهكانی كردووه.
چهندین پۆستهر و دیكۆری بۆ فێستیڤاڵی شانۆ و موزیكی باخچه و قوتابخانه و خوێندنگهكانی سنووری پارێزگای سلێمانی كردووه.
ساڵی 2017 بڕوانامهی بهكالۆریۆسی له پهروهردهی هونهردا بهدهستهێناوه.
له 26/4/2007 به فهرمانی وزاری بووهته سهرپهرشتیاری پهروهردهیی پسپۆڕی هونهر، وهك یهكهمین سهرپهرشتیاری پهروهردهی هونهر له پهروهردهی شارباژێڕ دهستبهكاربووه، تاوهكو 19/1/2019، دواتر گواستنهوهی بۆ كراوه بۆ یهكهمی سهرپهرشتیاریی پهروهردهی ڕۆژئاوا له سلێمانی.
مامۆستا سهرچڵ له 4/2/2025 خانهنشین بووه، بهڵام لهكاری هونهری دانهبڕاوه و بهردهوامه له كاركردن.
له ساڵی 1983 هوه تاوهكو ئێستا بهشداریی له زیاتر له 200 پێشانگهی هاوبهشی هونهرمهندان كردووه له كوردستان و عێراق و دهرهوهی وڵات.
له ساڵی 1987 تاوهكو ئێستا زیاتر له دوو ههزار وێنهی كاریكاتێر و مۆتیڤی له رۆژنامه و گۆڤاره كوردییهكانی ناوخۆ و دهرهوهی وڵات بڵاوبوونهتهوه، چهندین كاری مۆتیڤی بۆ دیوانی كتێبی شاعیرانی كورد كردووه.
له ساڵی 1985 تاوهكو ئێستا 10 پێشانگهی تایبهت بهخۆی كردووهتهوه.
له سهرهتای ساڵی 2000 به بهردهوامی گۆشهیهكی بهناوی (بیرهوهری و خهنده) له ڕۆژنامهی ئامانج زمانحاڵی یهكێتیی مامۆستایانی كوردستان ههبووه تاوهكو دوایین ژمارهی ڕۆژنامهكه، كه بابهتێكی پهروهردهیی كاریكاتێری مانگانه بووه.
ئهندامی كارای سهندیكای هونهرمهندانی كوردستان و ئهندامی بزاڤی ئاشتی كوردستانه.
هیوای لهش ساغی و تهمهن درێژی بۆ مامۆستا سهرچڵ شهوقی دهخوازین
سهرنج: بهشێك له وێنهكان به زیرهكی دهستكرد رهنگكراون و كوالێتیان بهرز كراوهتهوه.
مۆزهخانهی پهروهردهیی سلێمانی
ئامادهكردنی: ڕێبوار حهمهوهیس- محهمهد عهبدوڵا
11/05/2026
دامەزراوەی ئانزۆ فاوندەیشن سەردانی مۆزەخانەی پەروەردەیی کرد.
نوێنەری جێبەجێکاری پڕۆژەکانی دامەزراوەی ئانزۆ فاوندەیشن سەردانی مۆزەخانەی پەروەردەیی کرد و بەشەکانی مۆزەخانەی بەسەر کردەوە.... جێگەی باسە مەبەست لە سەردانەکەیان نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی پەروەردەیی بوو....
بە سوپاسەوە دامەزراوەی ناوبراو بڕیاری دا کە کار و تێچووی نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانە بگرێتە ئەستۆ بەم هەنگاوەیان ببنە بەشێک لە پاراستنی مێژوو و ئەرشیفی شاری سلێمانی و ئەم خزمەتەیان بخەنە سەر خەرمانی خزمەتەکانی تریان کە ئەنجامیانداوە بۆ شاری سلێمانی.
جێگەی باسە دامەزراوەی ئانزۆ فاوندەیشن خزمەتێکی گەورەو بەرچاویان پێشکەشی شاری سلێمانی کردوە بەتایبەت لە گرنگترین سێکتەری ژیان کە پەروەردەیە.... لە ماوەکانی ڕابردوو چەندین قوتابخانەیان نۆژەن کردوەتەوە لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی و بونەتە سەرچاوەی ئاوەدانی بۆ پرۆسەی خوێندن بەگشتی و ناوەندەکانی خوێندن بە تایبەت.
جێگەی باسە دامەزراوەی ئانزۆ فاوندەیشن دامەزراوەیەکی قازانج نەویستە .
پڕۆژەکانی ئەم دامەزراوەیە لەلایەن سەرۆکی دامەزراوە بەڕێز خاتوو (تۆڵە شێخ جناب) بەڕێوەدەبرێت کە هەمیشە لە خزمەتکردنی شاری سلێمانی جێگەی دەستیان دیار و بەرچاو بووە و بەردەوامن و ماندوو نابن.....
لێرەوە بە ناوی بەڕێوەبەری مۆزەخانەو سەرجەم کارمەندان سوپاس و پێزانینمان هەیەبۆیان هیوای بەردەوامیان بۆ دەخوازین.