06/11/2021
ماکرۆسۆفت لووپ...
مایکرۆسۆفت گۆڕانکارییەکی گەورەی لە بەشی دۆکۆمێنت و تێبینیەکانی بەرنامەکانی ئۆفیس کردووە و گەشە و گرنگییەکی تەواوی بە خزمەتگوزارییەکانی داوە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەرەتای ڕاگەیاندنی بەرنامەکانی ئۆفیسەوە تاکو ئێستە ..
ئاشکرایە خزمەتگوزاری و بەرنامەکانی ئۆفیسی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتی ئەمریکی خزمەتێکی یەکجار زۆری بە بواری پەروەردە و بزنس و بازارگەری و هەموو بوارەکانی دیکە کردووە و هەموو بەکارهێنەریکی کۆمپیوتەر پێویستی پێیان هەبووە و کاری پێدەکەن ، ئەم گۆرانکارییەی کۆمپانیاکەش خزمەتێکی جیاواز و ناوازە بە بواری بزنس و پەروەردە دەکات و بە " مایکرۆسۆفت لووپ " ناوزەد کراوە .
مایکرۆسۆفت لووپ نوێگەرییەک و گۆرانکارییەکی جیاوازی " مایکرۆسۆفت فلۆید " ە کە ساڵی پار کۆمپانیاکە ڕایگەیاند بوو ، ئەم خزمەتگوزارییە بەرنامەکانی ( وۆرد ، ئێکسڵ ، پاوەڕپۆینت ) ی لە پاکێجێکدا کۆکردبوویەوە و دەتتوانی کە هەربەرنامەیەک بە شێوەیەکی جیاواز و جیاجیا بەکاربهێنیت بە شێوەی ئۆنڵاین و کاری کۆمپانیاکان و گرووپەکانی پێ بەڕێوەببەیت و ئاڵوگۆڕی زانیاری بکەیت .
وەک ماکرۆسۆفت فلۆید ، مایکرۆسۆفت لووپیش سێ کرداری سەرەکی لەخۆدەگرێت : ئاڵوگۆڕی ئامرازەکان ، ئاڵوگۆری پەڕەکان ، ئاڵوگۆڕی شوێنی کار ، کە لە هەمان ساتدا دەتوانرێت لە نێوان ئەندامانی تیمێک یان گرووپێک ئامڕاز و کردارەکان و گۆڕانکارییەکان سات بەسات ئاڵوگۆڕ بکرێن و هەموو بەشداربوویەک ئاگاداری گۆڕانکارییەکان بێت ، یاخود تێبینیەکی دیاریکراو دەتوانرێت بە کۆتا گۆڕانکارییەوە لە نێوان ئەندامەکاندا بڵاوبکرێتەوە و لە هەمان کاتدا لەڕێگەی " مایکرۆسۆفت ئاوتلووکەوە " بنێردرێت بۆ تەواوی ئەندامەکان ، یاخود لە بەشی ڕۆژژمێریاندا کاتی چاوپێکەوتنی داهاتوو دیاریبکرێت ، کە ئەم خزمەتگوزارییە زیاتر وەک بۆردێک کار دەکات کە هەموو ئەندامان ڕێگەی کارکردنیان هەیە تێیدا و دەتوانن لەلایەن خۆیانەوە بەجیا لەسەر پڕۆژەیەکی دیاریکراو گۆڕانکارییەکان ئەنجام بدەن و لە لای هەموو ئەندامان دەربکەوێت .
مایکرۆسۆفت دەڵێت کە ئەم خزمەتگوزارییەمان جیاوازە و خەونی لە مێژینەی بەکارهێنەرانی ئۆفیس بووە و هێناومانەتە دی ....
ئێوە ڕاتان چۆنە دەربارەی ؟ ئایا قەت ڕۆژێک چاوەڕێی گۆڕانکارییەکی واتان دەکرد لە مایکرۆسۆفت ؟ یاخود درەنگی کردووە بۆ ئەوە ؟
تێبینی : ئەم خزمەتگوزارییە لە " مایکرۆسۆفت ٣٦٥ ' بەردەستە .
ئامادەکردنی : پاشا محمد - ئەندازیاری کۆمپیوتەر و لێکۆڵەری تەکنەلۆجی
Pasha Muhammad
#تێکنۆستان