28/02/2026
Dr. Shahram Ali Kazho
ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
28/02/2026
20/01/2026
بانگەوازێك لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕای گشتی
ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، بەنیگەرانییەكی زۆرەوە لە دوایین ڕووداو و پەرەسەندنەكانی سوریا و ڕۆژئاوا دەڕوانین، ڕەچاونەكردنی تایبەتمەندی و مافەكانی گەلی كورد لە سووریا و پەرەسەندنی ئاڵۆزی و شەڕ و پێكدادان لەدژی گەلی كورد دەبێتە هۆی تێکدانی ئاشتی و ئارامی ئەو ناوچانە و ئەگەری ئاوارەیی و ڕوودانی كارەسات و نەهامەتی و پاكتاوی ڕەگەزی بۆ خوشك و براكانمان لە رۆژئاوا لێ دەكەوێتەوە. لە لایەكی ترەوە گەلی كورد لە رۆژئاڤا لەسەر زێد و خاكی خۆی، لەپێناو برایەتی و یەكسانی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و دژایەتیی ستەم و تیرۆر تێكۆشاوە و، لەساڵانی ڕابردوودا، لە شەڕی دژی تیرۆردا قوربانیی زۆری داوە. ئەو بارودۆخەی ئێستا لە سووریا لەئارادایە، دەبێتە هۆی ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆر كە ئەمە خۆی لەخۆیدا هەڕەشەیەكی زۆر جدییە لەسەر سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەكە.
فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان لەژێر ڕۆشنایی ڕوانگە و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی بۆ پاراستنی گەلی كورد لە ڕۆژئاوا و لە سۆنگەی هەست كردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی، داواکارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان لەئاست بەرپرسیارەتییاندابن و هەنگاوی کاریگەر بنێن بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی گرژی و شەڕو پێكدادانەكان لە سووریا و ڕێگریكردن لە قووڵتووتربوونی قەیران و هەروەها ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆر و توندڕۆیی.
داوا دەكەین دەستبەجێ كۆتایی بە شەڕ لەدژی خوشك و براكانمان لە سووریا بهێندرێت و كێشەكان لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكرێن و لە سووریایەكی ئازاد و دیموكراتدا مافی هەموو پێكهاتەكان و مافەكانی گەلی كورد لە سووریا بەپێی یاسا و دەستوور گەرەنتی بكرێن.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان
20/ 1/ 2026
18/01/2026
پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
سەبارەت بە دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا و لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دوێنێ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی گرنگمان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆك ترامپ بۆ كاروباری سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و سەرۆكی ئەنەكەسە هەبوو.
هیوادارین بە زووترین كات ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانە ڕابگیرێن كە ئێستا لەنێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ئارادایە و هەموو لایەك بۆ ئەو ڕێككەوتنانە بگەڕێنەوە كە پێشتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەییشتن بە سەقامگیری لەنێوان لایەنەكانی سووریا بەستراون. هەروەها دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریا لەبارەی مافەكانی كورد بە هەنگاوێكی ئیجابی و ئاراستەی دروست دەزانین و هیوادارین ببێتە زەمینەیەك بۆ ئەوەی بە ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەوڵەمەند بکرێت و بە شێوەیەکی یاسایی و دەستوری، گەرەنتیی مافەكانی گەلی كوردی لەسەر بنیات بنرێت.
مسعود بارزانی
۱۸ی کانوونی دووەمی ۲٠۲٦
11/12/2025
زۆر سوپاس بۆ دەزگای خێرخوازی بارزانی کە لە سەر ڕاسپاردەو فەرمانی جەنابی سەرۆک بەهانای لێقەوماوانی کارەساتی لافاوی چەمچەمال و دەوروبەری چوون.
دەستتان خۆش بێت ستافی دەزگای خێرخوازی بارزانی
لەهەر چوار پارچەی کوردستان شوێن دەست و پەنجەی ڕەنگینی هاوکاری و بەهاناوەچوونتان دیارە.
وەکوو هەمیشە سەربەرزن و جێگای شانازین
هەر سەرکەوتوو و تەندروست بن
27/11/2025
پێویستیمان بە یاسایەکی بەهێزی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەیە.
ناکرێت چەتە و مافیا ناوخۆیی و دەرەکیەکان بە ڕۆژی ڕووناک و بە ئاشکرا هەڕەشە لە هەرێم و هاوڵاتیانمان بکەن و دواتر هەڕەشەکان ڕێک وەکوو خۆی جێبەجێ بکەن وە ئێمەش یاسایەکمان نەبێت تاکوو خێراو وەکوو پێویست وەڵامیان بدەینەوە یاخود ترس لە جێبەجێ کردنی یاسا ببێتە ڕێگر لەبەردەم هەڕەشە وکار و نییەتی تیرۆریستانەیان.
یاسایەک تاکوو دەستی حکومەتی هەرێم واڵا بکات لە بەکارهێنانی هەموو ئامرازێک بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و دامودەزگا هەستیارەکانی هەرێمی کوردستان.
یاسایەک بۆ دەستنیشان کردن و دەستگیرکردنی هەموو ئەوانەی بە وشەیەکیش دەبنە هەڕەشە بۆ ئاسایش و شەرعیەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
ئەم بابەتە کاری هەرە لەپێشینەمان دەبێت لە پەرلەمانی کوردستان
د. شەهرام عەلی کەژۆ
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
23/11/2025
ئەمڕۆ
کۆبونەوەی فراکسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی کوردستان لە باڵەخانەی پەرلەمان.