04/08/2026
هەماهەنگی و وردبینی؛ کۆبوونەوەی سەرپەرشتیاران بۆ سەرخستنی پرۆسەی تاقیکردنەوەکان
ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتی 4ی ئابی 2026، کاتژمێر دەی بەیانی، بە سەرپەرشتیی مامۆستا شێروان حم، سەرپەرشتیاری یەکەم، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ سەرپەرشتیاران لە یەکەی دڵنیاییی جۆری و سەرپەرشتیکردنی پەروەردەییی شەقڵاوە ئەنجام درا. ئەم دیدارە تەرخان کرا بۆ تاوتوێکردنی ڕێنماییی تاقیکردنەوەکان و هەوڵدان بۆ سەرخستنی پرۆسەی خوێندن و ڕێکخستنەوەی کاروباری کارگێڕی لە سنوورەکەدا.
لە تەوەرەی یەکەمدا، باس لە ڕێکار و ئامادەکاریی تاقیکردنەوەکان کرا کە بڕیارە بەپێی خشتەی وەزارەت بەیانیان کاتژمێر حەوت و نیو دەست پێ بکەن. جەختی لێ کرایەوە کە پێویستە پشکنینی ورد بۆ قوتابییان بکرێت تاوەکو ڕێگری لە بردنی هەر ئامێرێکی بێتەل و بلوتووس و مۆبایل بۆ ناو هۆڵەکان بکرێت، ئەمەش بە ئامانجی ڕەخساندنی کەشێکی ئارام و گونجاو بۆ قوتابییان. هەروەها ئاماژە بە گرنگیی هەماهەنگیی تەواوی نێوان لێژنەی تاقیکردنەوەی قەزا و سەرپەرشتیاران کرا تاوەکو هەر کەموکوڕییەکی هۆڵەکان بە خێرایی چارەسەر بکرێت. جەختیش کرایەوە کە پێویستە بەڕێوەبەرانی هۆڵ دوو ڕۆژ پێش دەستپێکی تاقیکردنەوەکان، فایلی چاودێری و خشتەی دانیشتنی قوتابییان ئامادە بکەن.
لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا، کە نزیکەی کاژمێرێک و نیوی خایاند، پرسی وەرگرتنی قوتابییان و فۆڕمەکانی زیادە و کەمیی میلاکات بە وردی تاوتوێ کران. سەرپەرشتیاران بە تێبینی و سەرنجە زانستییەکانیان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان دەوڵەمەندتر کرد و پلانی پێویست بۆ قۆناغی داهاتوو جێگیر کرا.