19/08/2026
سەڵاحەددینی ئەیيوبی .. چی بۆ كورد كردووە، تا بە مردوویی شانازی پێوە بكەین؟
بەشی سێیەم
سەردەمی منداڵی سوڵتان سەڵاحەددینی ئەییوبی:
ئەبو موزەفەر یوسف كوڕی ئەییوب كوڕی شادیە ، نازناوی ناصر سەڵاحەددینە. لە ساڵی (532ك/ 1137ز)، لەقەڵای تكریت لە دایكبوە، ابن خلكان دەڵێت:- (لە ڕەچەڵەكی بنەماڵەی ئەییوبیم كۆلیوەتەوە، لەدوای شادی ناوی باپیرێكی ترم بەرچاو نەكەوت، بەڵام هەندێك لەگەورە پیاوانی بنەماڵەكەی پێیان گوتم شادی كوڕی مەڕوانە).
ساڵانی منداڵی لە بەعلەبەگ بەسەربردوە لە ژێر سەرپەرشتی باوكی، ئاگاداری ئەو هێرشانە بوو، كە خاچ دروشمەكان دەیانكردە سەر وڵاتی ئیسلامی لە ساڵی (546ك/1151ز) خاچ دروشمەكان هێرشیان كردە سەر دەشتی بیقاع، كە نزیك بوو لە بەعلەبەگ، (نەجمەددین)ی باوكی بەرەنگاریان بوهوە، ئەوكات تەمەنی سەڵاحەددین 14 ساڵبوو، دورنيیە سەڵاحەددین بەشداری لەوشەڕەدا كردبێت، هیچ نەبێ ئاگاداری ئەو كاولكاریانە بوە، كە خاچ دروشمەكان بەسەر (بەعلەبەگ)یاندا هێناوە.
بێگومان ئەوەش كاری لە سەڵاحەددین كردوە، لە هەمان ساڵدا سەڵاحەددین باوكی بەجێهێشت و چوە لای (ئەسەدەددین)ی مامی لە حەلەب، ئەویش ناردیە لای نورەددین مەحمود، ئەویش چەند ناوچەیەكی پێدا.
وەكو منداڵی خانەدانەكانی ئەو سەردەمە چۆتە خوێندنگاو فێری خوێندن و نووسین و ژمارە بووە، جگە لە زانستەكانی بیركاری، كیمیا، ڕووەکی، پزیشكی، یاسا و داستانەكانی جەنگاوەری، ئەمەش لە بواری عەقڵ و زانست و تیۆریەوە، ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی سەڵاحەددین هەبوو. بەڵام لەبواری پڕاكتیكییەوە فێری شێوازەكانی جەنگاوەری و سەربازیيەكانی سەردەمی خۆی كراوە، وەكو شەڕە تیرو زۆرانبازی و رمبازی و سوارەو پیادە...
بەمشێوە لە سەرەتای ژیانی لەژێر پەروەردەی باوكی دابوو، دوای ئەوەی نورەددین مهحمود بووە پاشای دیمەشق، سەڵاحەددین لەگەڵ نەجمەددین ئەییوبی باوكی خزمەتی (نورەددین)ییان كرد، بەم شێوەیە نورەددین گرنگی زۆری بە پەروەردەكردنی سەڵاحەددین دەدا، بۆ ڕێگای چاكەو جیهادو تێكۆشان، بەردەوام بوو، لە پێگەیاندنی تاوەكو بەشداری كرد لە هەر سێ شالاوی سەربازى بە سەركردایەتی(ئهسهدهدین)ی مامی، لەلایەن نورهددین زهنگی بەرێكرا، بۆ وڵاتی میسر.
بەشداری كردنی سەڵاحەددین لە هەرسێ شاڵاوەكە، بۆتە ئەزمونێكی گرنگی سەربازی و پێگەیاندنی لە بواری سەربازی، ئەسەدەددین مامی ڕۆڵێكی كاریگەری هەبووە، لە تەواو كردنی كەسایەتی و پێگەیاندنی لە چۆنیەتی بەڕێوە بردن و سەركردایەتی كردندا، له بهشهكانی داهاتوو وردەکاری بەشداری سەلاحەدین لە هەر سێ هێرشەکدا دەکەین.
لە کتێبی : (سەڵاحەددینی ئەیيوبی .. چی بۆ كورد كردوە، تا بە مردویی شانازی پێوە بكەین؟)، لە نووسینی: يوسف صابر مولود
ئامادەکردنی:-مامۆستا سۆران بهاءالدین