01/02/2025
ئایا دەزانیت ڕێژەیەکی زۆری کورد لە وڵاتی پاکستانیش هەیە؟
زیاتر بخوێنەوە لەسەر کوردانی پاکستان..
نزیکەی ( ٣٠٠ )هەزار کورد لە پاکستان دەژین، لە ناوچە سنوریەکانی نێوان ئێران و پاکستان و ئەفغانستان (واتە لەسەر خاکی (بەلوچستان)، کوردەکان خۆبەڕێوەبەریەکی سەربەخۆیی ناوەچەییان دامەزراندووە، خۆیان بە کورد دادەنێن زاراوەکەشیان بە (بەراوی یان کوردگال) دەناسێنن.
(سەردار ڕەبنەواز) دیارترین کەسایەتی نێو کوردەکانی ئەوێیە، کە خۆی بە سەرداری کوردانی پاکستان دادەنێت، کوردەکان لە پاکستان ئەگەرچی توشی نەهامەتی و پشتگوێ خستن و ئازار بونەتەوە بەڵام هێشتان زیرەکن و توانیویانە بگەنە لوتکەی دەسەڵات بۆ نمونە دایکی یەکەمین سەرۆک وەزیرانی ئافرەت لە پاکستان کورد بووە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە، کە سەرۆک وەزیرانەکە ناوی (بێنەزیر بوتۆ) بوو.
کۆچی کوردان بۆ پاکستان بەپێی کتێبی (کوردگال نامە) لەساڵی (٨٥٣)ی پێش زاین هاتوونەتە خاکی (بەلوچستانی کۆن و توران و مەکران)،هەر لەو کاتەوەی کە (کەی قوبات) پاشای مادەکان بناغەی سەڵتەنەتی خۆی دامەزراندووە، هەر بۆیەش زۆر جار دەڵێن بەلوچ و کوردەکان هەر یەک نەتەوەن و ماد بوون و بەڵام بەهۆی شەڕی زۆر و هاتن و چوونی ئیمپڕاتۆریەتی جیاوە لەیەک دابڕاون،(لە پۆستێکی تردا باسی ئەم بابەتە دەکەم).*
باس دەکرێ شەپۆلێکی تری کوردەکان لەسەردەمی دەسەڵاتی عەباسیەکان بەهۆکاری سەربازی و لەگەڵ دەوڵەت بوون چوبنە پاکستان بۆ فراوانکردنی سنووری دەسەڵات، هەروەها بەشێکی تریان لەسەردەمی سەفەویەکانەوە هەر بەهۆکاری سەربازی یان دورخستنەوە گەیشتوونەتە پاکستان، کە دیارترینیان نەوەکانی برای (حسێنی کوردی شەبزتەر)ین.
کۆتا شەپۆلێ کۆچی کوردان بۆ پاکستان لەسەردەمی جەنگی کەنداو بووە لەسەرەتای ساڵانی نۆوەدەکان کە زۆربەی کوردەکان خەڵکی باشوور بونەو لەوم کاتشدا نزیکەی ٤٠٠٠ کورد کۆچی کردوە بۆ پاکستان.
کوردەکان لە پاکستان ئەگەرچی تا ڕادەیەکی زۆر زمان و کەلتور و شێوەڕوخساری کوردیشیان لەدەستداوە بەڵام هێشتا بیریان نەچۆتەوە کە کوردن و شانازی بە کوردبوونی خۆیان دەکەن و لەوێش ئینتیمای سەربەخۆییان بەهێزە و خۆبەخۆ هەوڵی پاراستنی زمانیان دەدەن، تەنانەت لە زۆربەی ماڵەکان وێنەکانی شێخ مەحمود و سەرکردە شۆڕشگێڕەکانی تر و ئاڵای باشووری کوردستان هەڵواسراوە، هەروەها هەوڵدەدەن لایەنی خوێندەواریان باش بکەن و ناوچەکانیان بە کوردی ناو بنێن و پەیوەندیەکی باش و دۆستانەشیان هەیە لەگەڵ بەلوچەکان.
کوردەکان لە ئێستادا نیشتەجێی ناوچەکانی دۆڵی هۆلان، ساروان،جاولان،خەیار،ئیسلام ئاباد،کویتە،توران،مەکران و هەندێکیان بەتەوای وڵاتدا دابەشبوونە تەنانەت بەشێکیشیان چوونەتە وڵاتانی هیندستان و ئەفغانستان و لەم ( ٥٠ )ساڵەی ڕابردووش بەشێکی زۆریان کۆچیان کردوە بۆ ئەوڕوپا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا.
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێمە شتێکی وامان کردوە کە زیاتر لێیان نزیک ببینەوە و ڕۆڵمان هەبێت لە دروستکردنی دۆستایەتی و گرنگی زیاتر پێدانیان؟
ئایا ڕۆژێک دێت کورد وا بەهێز ببێت بتوانێت لێرەوە داوای مافی کوردەکانی ئەوێ بکات، هەروەکوو چۆن تورکیا گرنگی بە کەمینەکانی تورکمان دەدات لەهەموو شوێنێک؟
بەهیوای سوود.
Ahmad Meer
31/01/2025
ئایا دەزانیت کە زیاتر لە (١٠٠ هەزار) کورد لە وڵاتی سودانی کیشوەری ئەفریقیا دەژین؟
زیاتر بزانە لەبارەی کوردانی وڵاتی سودان..
سودان لە چەندین هەرێم پێکدێت سێ لە هەرێمەکانی بەناوی ( کوردۆڤانی باکوورــ کوردۆڤانی باشوورــ کوردۆڤانی ڕۆژئاوا)یە، کوردۆڤان ناوێکی کوردیە بەهۆی ژمارە و کاریگەری کوردەکانی ئەوێ هەرێمەکان بەم ناوە ناو نراون، کوردەکان دابەش بوون بە سەرانسەری وڵاتەوە، بەڵام ڕێژەی زۆریان لە (هەرێمەکانی کوردۆڤان)ن و بەشێکیشیان لە (خەرتووم)ی پایتەخت و بەشێکیش لە ناوچەی (قەزاریف)ن.
کوردەکان زمان و کەلتوریان لەبیرکردوە و تەنانەت ڕەنگی پێستیشیان گۆڕاوە بەڵام کوردبوونیان لەبیرنەچۆتەوە، زۆربەی ناوی کەسەکان و بنەماڵەکانیان و تەنانەت ناوی گەڕەک و بازاڕ و دوکانەکانیشیان نازناوی(ئالکورد) یان (الکوردي) پێوەیە، ئەوان لای سودانیەکان بە بوێری و دادپەروەری و میهرەبانی ناویان دەرکردوە و چەندین کەسایەتیان لەبوارە جیاوازەکانی وڵاتی سوداندا تێدا هەڵکەوتووە لەوانە:
١-(عبداللە حەمەدۆک) کە بۆ ماوەی چوار ساڵ سەرۆک وەزیرانی سودان بوو لە ٢٠١٩ تاوەکوو ٢٠٢٢، بە ڕەچەڵەک سەر بە خێزانێکی کوردی سودان و ئێستاش نازناوی (الکوردي)ان هەڵگرتوە.
٢-(دکتۆر تارق ئیبراهیم حەسەن الکوردي) باڵیۆزی نەتەوە یەکگرتوەکان بووە بۆ کاروباری ئاوارە و کۆچبەران لە عێڕاق و سوریا، شایانی باسە لەگەڵ سەرکردەی کۆچکردووی کورد (مام جەلال) چاویان بەیەک کەوتووە و وێنەشیان هەیە.
٣-(بابەکر دقنە) بەڕەچەڵەک کورد بووە و وەزیری دەرەوەی دەوڵەت بووە و سەرۆکی حیزبی (یەکێتی نەتەوەی)بووە.
٤-(عوسمان دیگنەی کوردی) دژی بەریتانیەکان شۆڕشی کردوە کاتێک بەریتانیەکان دەیگرن و لەبارەی ئازایەتیەکەی لێی دەپرسن دەڵێت (کوردم و ڕەسەنم دیاربەکرییە)، بڕگەیەک لە کتێبی پۆلی ٣ی سەرەتایی سودان باس لە قارەمانیەتی ئەم پیاوە دەکات لەبارەی شۆڕشەکەی بۆ ئازادی سودان.
٥-(فریق ڕوکن علی محمد ئیبراهیم کوردی)دووەم لێپرسراوی باڵای وەزاڕەتی بەرگری سودان بووە.
٦-(عبداللە حەسەن الکوردی) شاعیرێکی ناوداری سودان بوو، یەکێک لە کتێبە شیعریەکانی ٩٠٠ بەیتە شیعری لەخۆ گرتووە، لە شوێنێکدا دەڵێ کە شانازی بە کوردبوونی خۆیەوە کردوە.
کوردەکان بە چەند قۆناغێک گەیشتوونەتە سودان.
١-دوای ئەوەی (سەڵاحەدینی ئەیوبی)میسڕی گرت و دەوڵەتی (فاتمیە)ی ڕوخاند لەشکرێکی گەورەی بە سەرکردایەتی (توران شا)ی برای ناردە سودان بۆ لە ناوبردنی دەسەڵاتی (نوبیەکان) کە هاوپەیمانی فەتیمیەکان بوون، دیارە لەشکرەکەی سەڵاحەدین کە زۆربەیان کوردبوون بەتایبەتی سەرکەردە سەربازیە پلە باڵاکان و ئیتر بەهەتاهەتاییلەوێ ماونەتەوە.
٢-لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانیشدا بەدیاریکراویش سوڵتان سەلیمی یەکەم کوردەکان بەدوو شێواز بردرانە سودان، یەکەم لەگەڵ لەشکری عوسمانی کە بەشی زۆری لەشکرەکە لە کوردەکان پێکهاتبوون، دووەمیش ڕاگواستنی هاوڵاتیە کوردەکان بە زۆرەملێ و بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەیان لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن عوسمانیەکانەوە.
٣- بەپێی چەند سەرچاوەیەک کوردەکان بەشێک بوونە لە لەشکری (محمد علی پاشا) لەو کاتەی کە لەشکرێکی گەورەی بردوە بۆ فراوان کردنی دەسەڵاتەکەیی و گرتنی (میسڕ) و لەوێ ماونەتەوە.
پێت وایە ڕۆژێک لە ڕۆژان کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز ببێت و پەیوەندی پتەو لەگەڵ کوردەکانی سوداندا دروست بکاتەوە؟
بەهیوای سوود.
Ahmad Meer
30/01/2025
ئایا بیستووتە لەبارەی بەشێکی تری کوردستان بە ناوی (کوردستانی سوور)؟
لێرە زیاتر بزانە لەبارەی کوردستانی سوور…
کوردستانی سوور ئەو یەکە کارگێڕیە بوو کە لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە دامەزرا بەناوی (ئویەزدی کوردستان) یان کوردستانی سوور، پێکدەهات لە شارۆچکەکانی (لاچین-کەڵبەجار-قوبادلی-زانگیلان و بەشێک لە جەبرایل) کە ناوەندەکەش (لاچین)بوو.
ئەم کۆمارە بەشێک بوو لە ئازەربایجانی یەکێتی سۆڤیەت و سەربەخۆییەکەی تەنها ئۆتۆنۆمی(خۆبەڕێوەبەری)بوو.
زمانی فەرمی کوردستانی سوور، زمانی کوردی زاری کرمانجی بوو، بەپێی سەرژمێری ساڵی ١٩٢٦ کە لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە کرا، ژمارەی دانیشتوانی ئەم کۆمارە ٥١،٢٠٠ کەس بووە، لە ٧٣،٧٪ کورد بووە و لە ٢٦،٣٪ ئازەریی بوون، لە ڕووی ئاینەوە کوردەکان بەزۆری ئێزیدی بوون و بەشێکی کەمیشیان موسڵمانی شیعە و سونە مەزهەب بوون، سەبارەت بە ئاڵای کوردستانی سوور زانیاری لەبارەی دوو ئاڵا هەیە بەڵام یەکلایی ناکراوەتەوە کامیان هی ڕاستەکەیە، وێنەی هەردووکیان دادەنێم*.
لە ساڵی ١٩٢٣ دامەزرا و لە ساڵی ١٩٢٩ هەر لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە ڕوخێندرایەوە، دواتر لە ٣٠ی ئایار تاوەکوو ٢٣ی تەمووزی ساڵی ١٩٣٠ (ئوکرۆگی کوردستان) بۆ ماوەیەکی کورت شوێنی گرتەوە و ئەویش ڕوخێنرایەوە.
دواتر کوردەکان کۆمەڵەی (خۆیبوون)یان لە ساڵی ١٩٨٩ دامەزراند کە ئامانجیان ئۆتۆنۆمی بوو بۆ کرد، دواین سەرۆکی یەکێتی سۆڤیەت بە ناوی (میکایل گۆرباچۆڤ) هەوڵیدا هاوکاری کورد بکات و (وەکیل مستەفایێڤ) کە کەسێک بوو لەلایەن ڕووسیا و ئەرمینیا دەستنیشانکرابوو بۆ دامەزراندنەوەی کوردستانی سوور لە ژێر ناوی (کۆماری کوردی لاچین)، بەڵام ئەم هەوڵانەش سەریان نەگرت بەهۆی داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ و دژایەتیکردنی تورکیا بۆ ئەم پلانە.
کوردەکان دوای ئەوەی کە نەگەیشتن بە سەربەخۆیی و لەلایەن ئازەرو و ئەرمەنەکانی دەورووبەریان توشی چەوسانەوەی لەڕادەبەدەر هاتن، بۆیە لەم چەند ساڵانەی دوایدا ناوچەی کوردستانی سوور ببووە جێی مشتومڕی هەردوو وڵاتی (ئازەربایجان و ئەرمینیا) کە بەنزیکەیی ٣٠ هەزار چەکداریان لەیەکتر کوشتووە لەسەر خاکێک کە هی خۆیان نییە و کوردیش تێیدا ئاوارە و دەربەدەر دەکرا.
کوردەکان لەلایەک لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتەوە بەزۆرەملێ ڕاگوێزران بۆ کازاخستان و ئۆزبەکستان و غیرغستان و تورکمانستان وهتد.. لەلایەکیش بەهۆی شەڕی زۆر و بارودۆخی جەنگی و نا لەبارەوە کۆچیان دەکرد، ئەوەبوو لە شەڕی ساڵی ١٩٩٢ شاری لاچین کەوتە دەستی ئەرمینیا و زۆربەی هەرزۆری کوردەکان ئاوارەبوون بەهۆی ئەم شەڕەوە ناچارکران خاکێک بەجێبهێڵن کە لە باوک و باپیرانەوە بۆیان مابوویەوە.
ئەم خاکەی کە هی لوردان بوو و کوردستانی سووری لەسەر دامەزرا ئێستا لەلایەن ئەرمینیا و ئازەربایجان شەڕ و دەستاو دەستی پێ دەکرێت!
پرسیارە گرنگەکە ئەوە ئایا کورد دەتوانێت ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم خاکانە بگەڕێنێتەوە و جارێکی تر دەوڵەت لەوێ دابمەزێنێتەوە؟
بەهیوای سوود.
Ahmad Meer
29/01/2025
ئایا دەزانیت پارچەیەکی تری کوردستان هەیە بە ناوی
کوردخانە(کوردانی خۆراسان)؟
زیاتر بزانن لەسەر کوردانی خۆراسان…
خۆراسان دەکەوێت باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، لەم هەرێمە ژمارەیەکی زۆری کورد بوونی هەیە،
خۆراسانیش دابەش دەبێت بۆ سێ بەش(کوردخانە-خۆراسانی ڕەزەوی- خۆراسانی باشوور) کوردەکان زیاتر لە دوو بەشدا دەژین کە ئەوانیش (کوردخانە و خۆراسانی ڕەزەوی)ە، و ژمارەیەکی کەمیش لە خۆراسانی باشوور دەژین و تەنانەت بەشێکیان کەوتونەتە ناو خاکی تورکمانستانیشەوە کە لەوێ شارۆچکەی (فەیروزە) دەژین.
دانیشتوانی (کوردخانە) بەتەواوی کوردن و ژمارەیان نزیکەی ١ ملیۆن کەس دەبێت، دابەش دەبن بەسەر شارو شارۆچکەکانی (ڕاز و جرگوڵان-مانە و سەمەلقان-گەرمە-جاجەرم-ئسفەراین-فاروج-شیروان-بۆجنوورد) کە ناوەندەکەیان (بۆجنورد)ە.
لە (خۆراسانی ڕەزەوی) ژمارەی کوردەکان نزیکەی ٣ ملیۆن دەبن، ئەم کوردانە دابەش بوونە بەسەر شار و شارۆچکەکانی (مەشهەد-سەبزەوار-قەڵات-قۆچان-چناران-باجگران-ئاشنێ-ڕاوکان-لاین-دەڕەگەز).
کوردانی خۆراسان بە زاری کرمانجی قسەدەکەن کە تێکەڵ بووە لەگەڵ زمانی تورکمانی و ئۆزبەکی و کازاکی، پێکدێن لە ٢٢ هۆزی گەورە و ١٢٢ بنەماڵە، ٦٠٪ گوندنشینن و ٣٥٪ شارنشینن و ٥٪ کۆچەرین.
کوردەکان لە بنەڕەتدا خەڵکی ناوچەکانی ورمێ و موکریانن کە لە هۆزی (گەڵاڵی) بوون، ڕاگوێزراون لەلایەن (شا عەباسی سەفەوی)ەوە لەنێوان ساڵانی ١٥٨٧ــ١٦٢٨ بە زۆرەملێ، ئەویش لەبەر دوو هۆکار :
١-بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کوردەکان لەم ناوچەیەدا کە بەردەوام خەریکی شۆڕش بوون.
٢- بۆ پاراستنی سنووری باکووری ڕۆژهەڵات و ڕێگەگرتن لە هێرشی تورکەکان و ئۆزبەکەکان، چونکە کوردەکان جەنگاوەری ئازا بوون و دەیانتوانیی ئەم ئەرکە لە
ئەستۆبگرن.
لە ڕووی جوگرافیاوە (خۆراسان) لە باکوور هاوسنوورە لەگەڵ تورکمانستان، لە ڕۆژهەڵات ئەفغانستان، لە ڕۆژئاوا لەگەڵ دەریای قەزوینیش کە پارێزگای (گوڵستان)ی ئێران دەکەوێتە بەینەوە،لەگەڵ پارێزگاکانی (سمنان و یەزد)،
لە باشووریش پارێزگاکانی (کرمان و سیستان و بلوچستان).
ئەم کوردانە هەوڵێکی زۆریان داوە پارێزگاری لە ڕەسانەیەتی خۆیان بکەن بەتایبەتی لەبەرئەوەی بەشی زۆریان گوندنشینن کەمتر تێکەڵ بە نەتەوەکانی تر بوون، هەروەها لە ڕووی جلوبەرگ و هەڵپەڕکێ و مۆسیقا و گۆرانیشەوە ڕەسەنایەتی کوردیان پێوە دەبینرێ و هونەرمەند و گورپی مۆسیقای زیرەکیان لەناودا هەڵکەوتووە و بە زمانی کوردی گۆرانی دەڵێن. هەروەها لە ڕووی مێژووشەوە
شایانی باسە کەناڵی ڕوداو چەند جارێک گرنگی پێداون و بەڵگە فیلمی لەسەر دروست کردون کە ئەمەش هەم بۆ نزیکبوونەوەی زیاتر و هەمیش بۆ بزواندنی زیاتری هەستی نەتەوایەتی کوردەکانی ئەوێە، لەولاشەوە چالاکوانان و خۆبەخشان و خۆشیان دەورێکی سەرەکی لەم نزیکبونەوەیە دەبینن و گرنگی پێدەدەن.
بەهیوای سوود.
Ahmad Meer
27/01/2025
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئەم لاپەڕەیە هەوڵدەدات خزمەتێکی بێشومار بە کەلتور و دابونەریت و زمان و مێژوو و جوگرافیای کوردستان بگیەنێت.
هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە وشیارکردنەوەی نیشتیمانیان و جوڵاندنی هەستی نەتەوایەتی.
خۆشحاڵ دەبین کە بتوانین بەرپرسیارەتی ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرین و بەردەوام بین،
سوپاسی هاوکاربوون و پاڵپشتی هەرکسێکیش دەکەین لەم پەڕەوە لەگەڵمان بێت.
هەموو کوردستانیان بەخێربێن.