11/09/2026
زانکۆی سەلاحەدین - هەولێر لە دروستکردنی تولێکی AI' خەڵاتی جیهانی وەرگرت
سەردانی قوتابییانی بەشی زمانی چینی بۆ کۆمپانیای Tencent
لە چوارچێوەی چالاکییە فێرکاری و پەروەردەییەکانی کەمپی هاوینی زانکۆی شانگهای، ژمارەیەک لە قوتابییانی بەشی زمانی چینیی زانکۆی سەلاحەدین دەرفەتی سەردانی کۆمپانیای نێودەوڵەتی Tencent ـیان بەدەستهێنا.
ئەم سەردانە ئامانجی ئاشناکردنی قوتابیان بوو بە گەشە و پەرەسەندنی کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی چین و نوێترین دەستکەوتەکانی بواری تەکنەلۆژیا، بەتایبەتی زیرەکی دەستکرد (Artificial Intelligence – AI).
لە ماوەی سەردانەکەدا، قوتابییان لە نزیکەوە لەگەڵ بەشێک لە تەکنەلۆژیا و پڕۆژە نوێکارەکانی Tencent ئاشنا بوون. هەروەها بەشدارییان لە چالاکییەکی کرداریی تایبەت بە نوێکاری و زیرەکی دەستکرد کرد، کە تێیدا بەشداربووان بە شەش گرووپ دابەش کران و هەر گرووپێک پێویست بوو بە بەکارهێنانی بیرۆکەی نوێ و کارکردنی تیمی، ئامرازێکی تایبەت بە زیرەکی دەستکرد دیزاین، جێبەجێبکات.
ئەم ئەزموونە بۆ قوتابییان دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ پەرەپێدانی تواناکانی داهێنان، بیرکردنەوەی داهێنەرانە، کارکردنی تیمی و چارەسەرکردنی کێشەکان، هەروەها یارمەتیدەر بوو بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە گەشەی تەکنەلۆژی و ژیانی پیشەیی.
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، گرووپەکان پڕۆژەکانی خۆیان پێشکەش کرد و لەلایەن تیمی هەڵسەنگاندنەوە هەڵسەنگێنران. بە خۆشحاڵییەوە، گرووپی قوتابییانی بەشی زمانی چینی پلەی دووەمی لەم پێشبڕکێیەدا بەدەستهێنا.
هەروەها، هەموو بەشداربووان دیارییەکی یادگارییان لەلایەن کۆمپانیای Tencent ـەوە وەرگرت.
بەشی زمانی چینیی زانکۆی سەلاحەدین ئەم جۆرە چالاکییە نێودەوڵەتی و فێرکارییانە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پەرەپێدانی تواناکانی قوتابییان و بەستنەوەی خوێندنی ئەکادیمی بە ئەزموونی کرداری و جیهانی تەکنەلۆژیا دەزانێت.
لە کۆتاییدا، سوپاس و پێزانین بۆ زانکۆی شانگهای و مامۆستایانی کەمپ بۆ ئەم دەرفەتە بەنرخەی فێربوون و ئەزموونی کرداری، کە بۆ قوتابییان ڕەخسا.