Dr. Shahram Ali Kazho

Dr. Shahram Ali Kazho ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

رێفراندۆم رێگایەکى مەدەنی و سەردەمییانە بوو لە درێژەى خەباتى دوورودرێژى کورد لەپێناوى شکۆمەندى و سەرفرازى کوردستان. ئێمە...
24/09/2026

رێفراندۆم رێگایەکى مەدەنی و سەردەمییانە بوو لە درێژەى خەباتى دوورودرێژى کورد لەپێناوى شکۆمەندى و سەرفرازى کوردستان. ئێمە بە رێفراندۆم بە دنیامان گوت، نە لە میژووى دووردرێژى خوێناویمان لەپێناوى سەربەخۆیى دادەبڕێن، نە ئەوەندەش عاشقى شەڕین کە پێمانوابێ تەنیا دەبێ بە شەڕ بەدواى ئامانجەکانمان بکەوین. پێمان گوتن ئەگەر لە میژووشدا پەنامان بۆ شەڕ بردووە، بەسەرماندا سەپێنراوە، کە دواجار لە نێوان ملکەچکردنى ئیرادە لە لایەک و شەڕ لە لایەکى ترەوە، بە بێ دوودڵی شەڕمان هەڵبژاردووە...

لەم یادە مەزنەدا، سڵاو دەنێرین بۆ خەڵکى سەربەرزى کوردستان، پێشمەرگە قارەمانەکان و هەموو ئەوانەى کە ئەم رۆژە مێژووییەیان خوڵقاند لە پێشەنگى هەموویانەوە سەرۆکى خۆشەویستمان سەرۆک "مەسعود بارزانى"، کە وەک ئەندازیارى رێفراندۆم و سەرۆکى ئەنجومەنى باڵاى ریفراندۆم، نوێنەرایەتى رۆحى شکۆمەند و ئیرادەى لەشکاننەهاتووى کوردستانى کرد.

Dr- Shahram Ali Kazho (د. شەهرام عەلی کەژۆ)

پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێکە لە گۆڕاوە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕ...
23/09/2026

پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێکە لە گۆڕاوە سەرەکییەکانی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان. لەبەر قورسایی سیاسی و کاریگەریی دامەزراوەیی هەردوو حزب، ئاستی هاوکاری یان ناکۆکیی نێوانیان دەتوانێت لە توانای بڕیاردان و یەکگرتوویی کارگێڕی و بەردەوامیی سیاسەتە گشتییەکاندا ڕەنگ بداتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر نیشانەکانی باشبوونی پەیوەندی و بەردەوامیی گفتوگۆکان ببنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی، ئەو ڕێککەوتنە دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ چالاککردنەوەی ژیانی پەرلەمانی و پێکهێنانی کابینەی دەیەم.

لە ڕووی شیکارییەوە، پێویستە جیاوازی لە نێوان (سازانی حزبی) و (سەقامگیریی دامەزراوەیی) بکرێت. سازانی حزبی دەتوانێت ئاستەنگەکانی پێکهێنانی حکومەت کەم بکاتەوە بەڵام سەقامگیریی دامەزراوەیی پێویستی بە ڕێسای ڕوون، دابەشکردنی بەرپرسیارێتی، و میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکیەکان هەیە. بۆیە بەردەوامیی هەر ڕێککەوتنێک پەیوەستە بەوەی تا چەند لە تێگەیشتنی نێوان سەرکردایەتییەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ پابەندیی دامەزراوەکان بە یاسا و بەرنامەیەکی دیاریکراو.

کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان لەم چوارچێوەیەدا گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە. پەرلەمان، بە ئەنجامدانی ئەرکەکانی یاسادانان و نوێنەرایەتی و چاودێری دەتوانێت پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە ڕێک بخاتەوە. چالاکبوونی لێژنەکان، گفتوگۆی ئاشکرا لەسەر داهات، خەرجییەکان، سیاسەتە گشتییەکان و لێپرسینەوە لە بەرپرسان، کارایی و کاریگەری حکومەت زیاد دەکەن.
پێکهێنانی کابینەی دەیەمیش بە ڕێکخستنی دارایی گشتی و هەوڵدان بۆ بەردەوامیی دابینکردنی مووچە، بەردەوام بوون لە باشترکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی کار، هەموو ئەمانە بوارگەلێکن کە دەکرێت کارایی کابینە لە ڕێگەیانەوە هەڵبسەنگێنرێت. بەڵام پێکهێنانی حکومەت بەتەنها چارەسەری ئەم کێشانە مسۆگەر ناکات بەلکوو ئەنجامەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ بە سەرچاوە داراییەکان و توانای کارگێڕی و جۆری پەیوەندی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیشەوە بەستراون.

لە ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و لایەنە دەرەکییەکان، هەماهەنگیی ناوخۆیی دەتوانێت توانای گفتوگۆ و داڕشتنی هەڵوێستی هاوبەش زیاد بکات و کەمبوونەوەی پەیامە سیاسییە ناکۆکەکان و ڕوونبوونی ناوەندەکانی بڕیاردان، دەتوانن کاریگەری سیاسەتەکانی هەرێم بەهێز بکەن. لە هەمان کاتدا، پاراستنی پێگەی هەرێم پێویستی بە دیپلۆماسیەتی کارا، پشتبەستن بە چوارچێوە دەستوورییەکان و بەڕێوەبردنی ژیرانەی ناکۆکییەکان هەیە و یەکڕیزیی ناوخۆیی یەکێکە لە مەرجە یارمەتیدەرەکان بۆ ئەم ئامانجە.

لە کۆتاییدا، گرنگیی هەر ڕێککەوتنێکی نێوان پارتی و یەکێتی بە توانای دروستکردنی حوکمڕانێتییەکی هاوبەشی بەرپرسیارەوە پەیوەستە. کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم دەتوانن دەستپێکی گەیشتن بەو ئامانجە بن و ڕێککەوتنی سیاسی دەکرێت ببێتە سەرمایەیەکی گشتی کە هەم پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز بکات و هەم لە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیاندا ئەنجامی بەرچاوی هەبێت.
Dr- Shahram Ali Kazho (د. شەهرام عەلی کەژۆ)

مەراسیمی ئەمڕۆی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوێکی گرنگە لە بەرجەستەکردنی ئامانجێکی نەتەوەیی کە ساڵانێکە جەنابی سەرۆک ...
21/09/2026

مەراسیمی ئەمڕۆی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە هەنگاوێکی گرنگە لە بەرجەستەکردنی ئامانجێکی نەتەوەیی کە ساڵانێکە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی بەردەوام جەختی لەسەر دەکاتەوە کە کوردستان دەبێت هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو و ڕێکخراو و بەهێزی هەبێت هێزێک کە پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان ئەرکی سەرەکی و بەرژەوەندیی نیشتیمان پێوەری بڕیارەکانی بێت.

لە دەیان کۆبوونەوە و دیدار و وتاردا، سەرۆک بارزانی داوای خێراکردنی ئەم پڕۆسەیەی کردووە. ئەو جەختکردنەوانە دەربڕینی تێڕوانینێکی ستراتیژین بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان، تێڕوانینێک کە یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگە بە بنەمای سەقامگیری و پاراستنی دەستکەوتەکان و بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان دەزانێت. لەم ڕوانگەیەوە، هەر هەنگاوێک بەرەو یەکخستن، هەنگاوێکە بەرەو پتەوکردنی ژێرخانی کوردستان.

پەیوەندیی سەرۆک بارزانی بە پێشمەرگەوە، پەیوەندییەکی ڕەگداکوتاوە لە ناسنامە و ژیانی خۆیدا. ئەو تا ئێستاش خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت و ئەم ناسنامەیە بە شانازییەکی گەورەی خۆی دادەنێت. هەر بۆیە، داواکاریی بەردەوامی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان، هەستی بەرپرسیارێتیی پێشمەرگەیەکە بەرامبەر بە هاوسەنگەرانی، بەرامبەر قوربانییەکان و بەرامبەر نەوەکانی داهاتوو. ئەوەی ساڵانێک بۆ پاراستنی نیشتیمان خەباتی کردووە، باش دەزانێت کە هێزی نیشتیمان بە یەکڕیزی بەهێزتر دەبێت.

لە تێڕوانینی سەرۆک بارزانیدا، ئاشتی و هێزی بەرگری تەواوکەری یەکترن. جەختکردنەوەی بەردەوامی لەسەر دیپلۆماسی، گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان، لەگەڵ پێداگریی لەسەر هەبوونی پێشمەرگەیەکی بەهێزدا یەک دەگرێتەوە. ئاشتی پێویستی بە ئیرادەی گفتوگۆ هەیە و پاراستنی ئاشتیش پێویستی بە دامەزراوەی بەرپرسیار و توانای بەرگری هەیە.

بەها و گرنگیی یەکخستنی پێشمەرگە لەوەدایە کە هەستی هاوبەشی نەتەوەیی دەگوازێتەوە بۆ کاری دامەزراوەیی. پێشمەرگە دەبێت هێزی متمانەی هەموو هاووڵاتییەک بێت و هەر کەسێک لە ژێر سێبەری ئەو هێزەدا دەبێت هەست بە ئاسایش و یەکسانی بکات. ئەمە ئەو ئاسۆیەیە کە پێداگریی سەرۆک بارزانی لەسەر یەکخستن، مانا و قووڵایی خۆی لێ وەردەگرێت.

مەراسیمی ئەمڕۆ هیوایەکی نوێ دەخاتە دڵی خەڵکی کوردستان، هەروەها بەرپرسیارێتییەکی گەورەش دەخاتە ئەستۆی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان. پێویستە ئەو ئیرادەیەی ساڵانێکە سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر دەکاتەوە، لە کردەوەدا بەهێز بکرێت، بە ڕێزگرتن لە یاسا و خستنە پێشەوەی بەرژەوەندیی گشتیی کوردستان.

لە کۆتاییدا، پەیامی ئەم هەنگاوە ڕوونە
یەکڕیزیی ئێمە، هێزی پاراستنی نیشتیمانە، پێشمەرگەی ڕێکخراو و بەهێزیش، ئەمانەتپارێزی ئاسایش و کەرامەتی خەڵکی کوردستانە.

گفتوگۆکانی ئامادەکردنی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧، دەرفەتێکی گرنگ بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەر...
18/09/2026

گفتوگۆکانی ئامادەکردنی بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٧، دەرفەتێکی گرنگ بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕال دەڕەخسێنن. گرنگیی ئەم قۆناغە لەوەدایە کە ئەنجامەکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان دەتوانن بنەمایەکی ئاماریی نوێ بۆ دیاریکردنی پشکەکان دابین بکەن. لەم چوارچێوەیەدا، پشتگیری لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەدەستهێنانی پشکێکی دادپەروەرانە، دەبێتە پشتگیری لە دامەزراندنی پەیوەندییەکی داراییی ڕوون و پێشبینیکراو و پشتبەستوو بە یاسا.

بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی و بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئەو ڕێژەیەی کە لە ئێستادا دیاریکراوە لە پڕۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٧ی عێراقی ڕەت کردۆتەوە و داوای پشکێکی دادپەروەرانە دەکات. ئەم هەڵوێستە پشت بە داواکاریی دیاریکردنی پشکی هەرێم بە ڕێژەی ١٤.١٤٪، لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی سەرژمێری، دەبەستێت بەو مانایەی دابەشکردنی بودجە دەبێت ڕەنگدانەوەی قەبارەی دانیشتوان و پێویستییە خزمەتگوزارییەکانی بێت. لەم ڕوانگەیەوە، پێداچوونەوە بە ڕێژەکە هەنگاوێکە بۆ گونجاندنی پشکی هەرێم لەگەڵ داتای نوێ و بنەمای دادپەروەریی دارایی.

لە سیستەمە فیدراڵییەکاندا، دابەشکردنی داهات ئامرازێکی سەرەکیی هاوسەنگکردنی بەرپرسیارێتی و توانای داراییی ئاستە جیاوازەکانی حکومڕانییە. هەر ئاستێکی حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی پەروەردە، تەندروستی، ژێرخان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، پێویستی بە سەرچاوەی داراییی گونجاو هەیە. بۆیە هەڵسەنگاندنی پشکی هەرێم دەبێت پەیوەندیی نێوان ژمارەی دانیشتوان و پێویستیی خزمەتگوزاری و بەرپرسیارێتییە حکومییەکان لەبەرچاو بگرێت.

بنەمای دەستووریی ئەم تێڕوانینە لە ماددەی ( ١٢١، بڕگەی سێیەم )ی دەستووری عێراقدا هەیە. ئەم بڕگەیە دابینکردنی پشکێکی دادپەروەرانە لە داهاتی نیشتمانی بۆ هەرێم و پارێزگاکان دەخوازێت بە جۆرێک کە بەشی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بێت و پێویستی و ڕێژەی دانیشتوانیان لەبەرچاو بگرێت. دەستوور ڕێژەیەکی نەگۆڕ دیاری ناکات، بەڵکو بنەمای دادپەروەری و پێوەرەکانی دابەشکردن دادەنێت، لەو ڕوانگەیەوە، داتای نوێی دانیشتوان بەڵگەیەکی گرنگە بۆ پێداچوونەوە بە ڕێژەکانی بودجە.

بەڵام ئەزموونی بودجە فێری کردووین کە تەنها ڕێککەوتن لە سەر ڕێژەکە بەس نییە بەلکوو چەند بابەتێکی تری گرنگ هەن کە بۆ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان خاڵی یەکلاکەرەوەن و لە وەڵامی ئەم سێ پرسیارەدا دیاردەبن. ١- ڕێژەکە ئەگەر ١٤.١٤٪ش بێت بەڵام ئەم ڕێژەیە لە چی حساب دەکرێت؟ ٢- پێش حسابکردن چی لێ دەبڕدرێت؟ ٣- چەند پارە تەرخان دەکرێت و چەندی بەکردەوە دەنێردرێت؟ ئەگەر ئەمانە ڕوون نەبن، تەنانەت زیادکردنی ڕێژەش تەنها دەتوانێت ببێتە نووسینێکی سەر کاغەز و ڕێککەوتنێکی فریودەرە.

بۆیە داواکاریی هەرێم لە بودجەی ٢٠٢٧ دەبێت سێ بابەت پێکەوە بپارێزێت، ڕێژەی دادپەروەرانە، بنەمای ڕوونی حسابکردن و گەرەنتی جێبەجێکردن. پێویستە خەرجییە سیادییەکان بە وردی دیاری بکرێن و کاریگەرییان لەسەر پشکی هەرێم ئاشکرا بێت. خشتەی ناردنی پارە، میکانیزمی وردبینی و ڕێگای چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیش دەبێت لە یاسادا ڕوون بن. هەر لێبڕینێک پێویستی بە بنەمای یاسایی و حسابی پشکنراو هەیە.

لە ڕووی دانوستانەوە، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کاتێک کاریگەرتر دەبن کە سێ ئاستی یاسایی، تەکنیکی و جێبەجێکردن پێکەوە بگرنەوە. لە ئاستی یاساییدا، پێویستە دەقی بودجە، پشک و پابەندییەکانی هەردوو حکومەت بە ڕوونی دیاری بکات. لە ئاستی تەکنیکیدا، پێویستە ڕێککەوتن لەسەر داتای دانیشتوان، خەرجییە سیادییە دەرهێنراوەکان و شێوازی حسابکردن هەبێت. لە ئاستی جێبەجێکردنیشدا، خشتەی گواستنەوەی پارە، وردبینیی هاوبەش و میکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان گرنگیی بنەڕەتییان هەیە.

بۆ زیادتر ڕوونکردنەوە، ئەگەر پشکێکی دیاریکراو دوای دەرکردنی هەندێک خەرجی لە کۆی بودجە حیساب بکرێت، ڕێژەکەی بەراورد بە کۆی بودجە کەمتر دەبێت. بە شێوەیەکی حیسابی، ئەگەر لە بودجەیەکی گریمانەیی ١٠٠ تڕلیۆنی، ٣٠ تڕلیۆنی پێش دابەشکردن دەربکرێت، پشکی ١٢.٦٧٪ی ئێستا لە ٧٠ تڕلیۆنی ماوە، دەکاتە کەمتر لە ٩٪. ئەمە نموونەیەکی ڕوونکەرەوەیە، نە هەژمارێکی بودجەی ڕاستەقینەی عێراق بەڵام نیشان دەدات کە بنەمای حسابکردن بە ئەندازەی خودی ڕێژەکە گرنگە.

لە ڕووی یەکگرتوویی و یەکدەنگی، هێز و لایەنە سیاسییەکانیش دەبێت ئەم پرسە لە ململانێی ڕۆژانەی حزبی بپارێزن. جیاوازیی سیاسی دەتوانێت بەردەوام بێت، بەڵام لەسەر مافی داراییی خەڵک پێویستە پەیمانێکی هاوبەش هەبێت ئەویش، هاوئاهەنگی لە دانوستان، یەکگرتوویی لە دەنگدان و چاودێریی بەردەوام لە جێبەجێکردن. یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەم پرۆسەیەدا کاریگەرییەکی دامەزراوەیی هەیە. هەڵوێستی هاوبەش، متمانە بە نوێنەرایەتیی شاندی هەرێم زیاد دەکات و بەردەوامیی داواکارییەکان دەپارێزێت. ئەم هاوئاهەنگییە دەتوانێت لە ڕێگەی ڕێککەوتن لەسەر پێوەرە داراییەکان، پشتگیریی پەرلەمانی و بەدواداچوونی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی بودجەوە بەرجەستە بێت. بەو شێوەیە، پشتگیری لە حکومەتی هەرێم دەبێتە هێزێکی کرداری لە پرۆسەی دانوستان.

ڕۆڵی نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش تەواوکەری ئەم هەوڵەیە. بەشداریی کاریگەر لە داڕشتنی ماددەکان، پشکنینی خشتە داراییەکان و هەڵسەنگاندنی کاریگەریی دەستکارییەکان، دەتوانێت ئەنجامی گفتوگۆکان لە دەقی یاسادا جێگیر بکات. گرنگیی ئەم ڕۆڵە لەوەدایە کە ڕێککەوتنی سیاسی بۆ پابەندییەکی یاساییی ڕوون و جێبەجێکراو بگوازێتەوە.

پەیامی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕێزدار کاک مەسروور بارزانی بۆ حکومەت و پەرلەمانی عێراق ڕوونە. بودجەی دادپەروەرانە متمانە بە دەوڵەت دروست دەکات و ڕێزگرتن لە مافەکانی هەرێمی کوردستان، بنەمای هاوبەشییەکی جێگیرتر و عێراقێکی سەقامگیرترە. هاووڵاتیی هەرێم دەبێت هەمان دڵنیایی بەرامبەر مووچە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان هەبێت کە هەر هاووڵاتییەکی دیکە شایستەیەتی.
Dr- Shahram Ali Kazho (د. شەهرام عەلی کەژۆ)

هەنگاوەکانی پرۆسەی یەکخستنەوە و چاکسازیی پێشمەرگە لە سنووری ڕێکخستنەوەیەکی سادەی سەربازی تێپەڕیون. ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە...
13/09/2026

هەنگاوەکانی پرۆسەی یەکخستنەوە و چاکسازیی پێشمەرگە لە سنووری ڕێکخستنەوەیەکی سادەی سەربازی تێپەڕیون. ئەم پرۆسەیە بەشێکە لە بنیاتنانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی توانای پاراستنی دەستکەوتە نیشتمانییەکان. هەر هەنگاوێک بەرەو یەکخستنی فەرماندەیی و کۆکردنەوەی تواناکان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، پشتیوانیەکی زیاتر بۆ ئاسایشی کوردستان و دڵنیایی خەڵکەکەی دروست دەکات.

پێشمەرگە میراتگری مێژوویەکی پڕ لە خەبات و قوربانییە. پاراستن و گەشەپێدانی ئەم میراتە لە قۆناغی ئێستادا، بە پێشخستنی دامەزراوەیەکی سەربازیی مۆدێرن و پیشەیی بەهێز دەبێت. لەم ڕوانگەیەوە، چاکسازی بەردەوامییەکی سروشتیی ئەو ڕێبازەیە کە پێشمەرگە بۆ بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان گرتوویەتییە بەر. ئەزموونی مەیدان و زانستی سەربازی لەم پرۆسەیەدا یەکتر تەواو دەکەن و بنەمای توانایەکی پتەوتر دادەنێن.

هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی فەرماندەیی و پێکهێنانی لیوا و فیرقە هاوبەشەکان، بۆ کۆکردنەوەی ئەزموون و بەکارهێنانی باشترى تواناکان گرنگن. فەرماندەیی یەکگرتوو هەماهەنگیی نێوان یەکەکان ئاسانتر دەکات، خێرایی وەڵامدانەوە بۆ مەترسییەکان زیاد دەکات و دەرفەتی پلاندانانی درێژخایەن دەڕەخسێنێت. ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئامادەیی هێز و سەرکەوتنی ئەرکە بەرگرییەکان هەیە.

لە هەمان کاتدا، یەکخستنەوە بنەمایەکی بەهێزتر بۆ پەرەپێدانی ڕاهێنان و لۆجستیک و توانای ئەفسەر و پێشمەرگەکان دابین دەکات. کاتێک ئەم بوارانە لە چوارچێوەی پلانێکی هاوبەشدا پێش دەخرێن، سوودیان دەگاتە هەموو یەکەکان و ئاستی گشتیی هێز بەرز دەبێتەوە. هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانانیش دەتوانێت ئەم پێشکەوتنە خێراتر بکات و ئەزموونی نوێ بخاتە خزمەتی پێداویستییە بەرگرییەکانی کوردستان.

بایەخی ئەم پرۆسەیە لە ئاستی سیاسی و نێودەوڵەتیشدا دیارە. دامەزراوەیەکی سەربازیی یەکگرتوو و پیشەیی، متمانە بە توانای هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانی بەهێز دەکات. ئەو متمانەیە دەرفەتی هاوکاریی بەردەوامتر دەڕەخسێنێت و پێگەی کوردستان وەک هاوبەشێکی بەرپرسیار لە پاراستنی سەقامگیریدا پتەوتر دەکات.

پشتگیری لە یەکخستنەوە و چاکسازیی پێشمەرگە، پشتگیری لە توانای کوردستانە بۆ پاراستنی ئێستا و داهاتووی خۆی. بەردەوامبوونی ئەم پرۆسەیە دەتوانێت قوربانی و ئەزموونی نەوەکانی پێشمەرگە بگۆڕێت بۆ توانایەکی دامەزراوەیی بەردەوام، توانایەک کە پشتیوانی ئاشتی و ئارامی و متمانەی خەڵکی کوردستان بێت.

٣٠ ئەیلول دواوادە نییە! کەواتە با جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شنگال پێوانەکردنی جددیەتی ئەم پرۆژەیە بێت.
10/09/2026

٣٠ ئەیلول دواوادە نییە!
کەواتە با جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی شنگال پێوانەکردنی جددیەتی ئەم پرۆژەیە بێت.

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا زۆرجار هێزی وڵاتان بە ژمارەی سەرباز، جۆری چەک، ژمارەی تانک و فڕۆکە و توانای مووشەکیان پێوانە کراوە...
03/09/2026

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا زۆرجار هێزی وڵاتان بە ژمارەی سەرباز، جۆری چەک، ژمارەی تانک و فڕۆکە و توانای مووشەکیان پێوانە کراوە. بەڵام ئەزموونی مێژوو ڕاستییەکی قووڵترمان پێ دەڵێت، ئەویش ئەوەیە کە چەک بەبێ ئیرادە پارچە ئاسنێکە، سوپا بەبێ متمانە تەنها کۆمەڵێک مرۆڤی یونیفۆرم‌ لەبەرە و دەوڵەت بەبێ یەکڕیزی کۆمەڵگە، باڵەخانەیەکە کە لەسەر لم دروست کراوە.

بەهێزترین تەکنەلۆجیای سەربازی نە لە کارگەکانی چەک دروست دەکرێت، نە لە ژێر زەوی هەڵدەگیرێت و نە بە پارە دەکڕدرێت، بەڵکو لە ناو هۆشیاریی تاک، متمانەی گشتی، دامەزراوەی دادپەروەر و یەکڕیزیی نیشتمانی دروست دەبێت. ناوی ئەو تەکنەلۆژیا بەرزە (کۆمەڵگەی یەکگرتوو و ڕێکخراو)ە.

کۆمەڵگەی یەکگرتوو ئەو کۆمەڵگەیە نییە کە هەموو تاکەکانی یەک بیر و یەک دەنگ بن. یەکگرتوویی مانای کوشتنی جیاوازی نییە، بەلکو مانای بەڕێوەبردنی جیاوازییەکانە لەژێر چەتری بەرژەوەندییە گشتییەکاندا. کۆمەڵگەی بەهێز دەتوانێت ناکۆک بێت، بەڵام نابێت ناکۆکییەکانی ببنە هۆی تێکشکاندنی نیشتمان. دەتوانێت چەندین حیزب و ڕەوت و بۆچوونی جیاواز هەبن، بەڵام دەبێت یەک یاسا، یەک دامەزراوە و یەک بڕیاری نیشتمانی هەبێت.
هەموو کاتێک وابووە،
دوژمن پێش ئەوەی بە چەک هێرش بکات، هەوڵ دەدات متمانەی ناوخۆیی بشکێنێت، خەڵک دژی یەکتر هان بدات، ناوچە دژی ناوچە، حیزب دژی حیزب و گەنجەکان دژی داهاتووی وڵاتەکەیان بوەستێنێت. چونکە دەزانێت کۆمەڵگەیەک کە لە ناوەوە پارچەپارچە بوو، بۆ داگیرکردنی پێویستی بە سوپایەکی گەورە نییە. بەڵام کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو، تەنانەت ئەگەر چەکی کەمیشی هەبێت، شکاندنی ئاسان نییە چونکە هەر تاکێکی دەبێتە خاڵێکی بەرگری، هەر قوتابخانەیەک دەبێتە سەنگەرێکی هۆشیاری و هەر دامەزراوەیەک دەبێتە بەشێک لە پاراستنی نیشتمان.

کورد خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە قوربانی، خۆڕاگری و ئازایەتییە. هەر کاتێک مەترسییەکی گەورە ڕووی لە کوردستان کردبێت، کورد توانیویەتی بە کەمترین چەک، بەڵام بە ئیرادەیەکی بەهێز بەرگری بکات. ئەمە سەلماندوویەتی کە کێشەی سەرەکی کورد هەرگیز نەبوونی ئازایەتی نەبووە بەڵکو نەبوونی یەک بڕیار، یەک ستراتیژی و کۆمەڵگەیەکی پەرتەوازە بووە.

ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ لە ململا‌نێ، گۆڕانکاری و هەڕەشەی سیاسی و ئەمنی هەڵکەوتووە، کەواتە ئاساییە ئەگەر خەلکانێکی زۆر وا بیر بکەنەوە کە لەم بارودۆخەی ئێستا، پێویستیمان بە چەکی زیاتر هەیە بۆ بەرگری و خۆپاراستن. بەڵام نەخێر وانییە ئێمە زیاتر لە چەک پێویستیمان بە دامەزراوە هەیە، زیاتر پێویستیمان بە یاسایەک هەیە کە بەهێزترین بێت، بە پێشمەرگەیەک هەیە کە یەکخراو و یەکگرتوو بێت، بە پەرڵەمانێک هەیە کە نوێنەری دەنگی هاوڵاتیان بێت نەک پەکخراو، بە حکومەتێک کە پاڵپشتیکراو بێت نەک دژایەتی بکرێت، بە ڕاگەیاندنێک کە هۆشیاری دروست بکات نەک ڕق وە بە پەروەردەیەک کە نەوەیەکی بەرهەمهێنەر و بەرپرسیار پێ بگەیەنێت نەک دڵ پڕ لە ڕق و کینە.

ئەگەر کوردستان بە هۆی جوگرافیا و سامانی سروشتییەوە گرنگییەکی زۆری هەبێت لە لایەن وڵاتانی زلهێز و ئیقلیمی، بەڵام ئەو شتەی دەتوانێت کوردستان بکاتە هێزێکی ڕێزلێگیراو، بە دڵنیاییەوە نەوت و گاز نییە، بەڵکو مرۆڤی هۆشیار و کۆمەڵگەی ڕێکخراوە. نەوت لەوانەیە ڕۆژێک بێتو تەواو ببێت، هاوپەیمان دەکرێت خۆی بگۆڕێت و چەک ئەگەری هەیە کۆن ببێت، بەڵام کۆمەڵگەیەک کە توانای ڕێکخستن، بەرهەمهێنان، گفتوگۆ و بڕیاردانی هاوبەشی هەبێت، هەمیشە بەهێز و هەرکاتێک پێویست بکات دەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە.

ئێمە پێویستیمان بە هۆشیارییەک هەیە کە بەهۆیەوە بزانین، هەر وشەیەکی توند دژی یەکتر، هەر گەندەڵییەک، هەر جیاکارییەک و هەر هێزێکی دەرەوەی دامەزراوە نیشتمانییەکانمان، پارچەیەک لە قەڵغانی کوردستان تێک دەشکێنێت و بە پێچەوانەشەوە، هەر قوتابییەکی باش پەروەردەکراو، هەر دادوەرێکی دادپەروەر، هەر مامۆستایەکی ڕێزلێگیراو، هەر ڕۆژنامەنووسێکی ئازا و هەر هاووڵاتییەکی بەرپرسیار، پارچەیەک بۆ ئەو قەڵغانە زیاد دەکات.

ئەگەر دەمانەوێت کوردستان بەهێز بێت، نابێت تەنها بپرسین چەند چەکمان هەیە بەڵکو دەبێت بپرسین، چەند متمانەمان بە یەکتر هەیە، چەند لە پرسە نیشتیمانییەکاندا یەکگرتووین، چەند ڕێز لە دامەزراوە نیشتمانییەکانمان دەگرین و چەند گەنجەکانمان بە داهاتووی ئەم خاکەوە بەستراون، چونکە کۆتایی هەر شەڕێک بە چەک دیاری ناکرێت بەڵکو بە توانای کۆمەڵگە بۆ مانەوە و خۆنوێکردنەوە و پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆیی دیاری دەکرێت. ئەگەر کوردستان لە ناوەوە یەکگرتوو و ڕێکخراو بێت، هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت بە ئاسانی بیشکێنێت. بەڵام ئەگەر لە ناوەوە دابەش بێت، هیچ کۆگایەکی چەک ناتوانێت ڕزگاری بکات.

کەواتە، گەورەترین پرۆژەی بەرگریی کوردستان نابێت تەنها کڕین یان ئارەزووی هەبوونی چەکی زۆر بێت بەلکو دەبێت دروستکردنی هاووڵاتییەکی هۆشیار، دامەزراوەی بەهێز و کۆمەڵگەیەکی یەکگرتوو بێت. ئەوە چەکێکە کە هیچ کات ژەنگ هەڵنادات، گوللەکانی تەواو نابێت و هیچ دوژمنێک ناتوانێت لە دەستمانی دەربێنێت مەگەر خۆمان بە دەستی خۆمان لەناوی ببەین.

لە هەشتایەمین یادی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بە ڕێز و وەفاداریی...
15/08/2026

لە هەشتایەمین یادی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بە ڕێز و وەفادارییەوە سەری ڕێز بۆ گیانی پاکی هەموو شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، ئەندامان و جەماوەری پارتی و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین.

پیرۆز بێت یادی لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی.
پیرۆز بێت هەشتا ساڵ خەبات و بەردەوامیی پارتی دیموکراتی کوردستان.
بەردەوام بێت ڕێبازی بارزانی و سەربەرز بێت کوردستان.

دوای سەردانی شاندی فراکسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی کوردستان و گەیاندنی چەندین داواکاری پەیوەست بە کەرتی پەروەدە لەوانیش ...
26/07/2026

دوای سەردانی شاندی فراکسیۆنی پارتیمان لە پەرلەمانی کوردستان و گەیاندنی چەندین داواکاری پەیوەست بە کەرتی پەروەدە لەوانیش داواکاری مامۆستایانی دەرچوو لە پێشکەشکارانی پلەی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی یەدەک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی دەرچوونیان، بە خۆشحالیەوە بەڕێز وەزیری پەروەردە فەرمانی درێژکردنەوەی ماوەی دەرچوونیانی بۆ ساڵێک دەرکرد.

لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەمان پێدا تێپەڕدەبێت، چاوی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم خەمخۆرانی ئایندەی ئەم خاکە لە...
23/07/2026

لەم قۆناغە هەستیارەی ناوچەکەمان پێدا تێپەڕدەبێت، چاوی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم خەمخۆرانی ئایندەی ئەم خاکە لەسەر کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی لوتکەیە لە نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ئەم دیدارە تەنها کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ڕوتین نییە، بەڵکو دەرفەتێکی مێژوویی و وەرچەرخانێکی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و کردنەوەی گرێکوێرەی پڕۆسەی سیاسی.
کۆمەڵگەی کوردستان تینووی ئارامی، سەقامگیری، و باشتربوونی بژێوی ژیانە، ئەمانەش تەنها بە یەکڕیزی و سازانی نیشتمانی دێنە دی.

کۆمەڵگەی کوردستان بەدەست قەیرانی نەپچڕاوە، سستبوونی بازاڕ، و نادیاریی پڕۆسەی حکومڕانییەوە دەناڵێنێت. لەم سۆنگەیەوە، ڕێککەوتنی لوتکە پێویستییەکی نیشتیمانیی حاشا هەڵنەگرە بۆ دەربازبوون لە چەقبەستوویی سیاسی و داڕشتنەوەی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای گشتگیر.

دەستکەوتی بەرجەستەی ئەم کۆبوونەوەیە لە دوو خاڵی جەوهەریدا ڕەنگ دەداتەوە کە بناغەی حکومڕانیی دروستن:

١- دوانەی سەروەریی یاسا و کاراکردنەوەی پەرلەمان: پەرلەمانی کوردستان وەک دامەزراوەی دایک و نوێنەری ویستی گەل، پێویستی بە چالاککردنەوەیەکی ئەرێنی هەیە تاوەکو ببێتەوە ناوەندی سەرەکیی بڕیاردانی نیشتیمانی، داڕشتنی یاسای دادپەروەرانە، و جێبەجێکردنی ڕۆڵی چاودێریی بەهێز بەسەر دامەزراوەکانەوە.

٢- دامەزراندنی کابینەیەکی هاوسەنگ و کارامە: دروستکردنی حکومەتێک لەسەر بنەمای سەربەخۆیی دامەزراوەکان، بەرپرسیارێتیی هاوبەش، و کارامەیی (کەفاءە)، نەک تەنها دابەشکردنی پۆست؛ حکومەتێک کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی هەبێت.

بۆ ئەوەی لێکتێگەیشتنەکان جێگیر و بەردەوام بن، پێویستە نەخشەڕێگایەک بنرێت کە هاوسەنگی لە نێوان چەمکەکانی سەروەری، شەراکەت، و خزمەتگوزاریدا دروست بکات.

پاراستنی قەوارەی هەرێم، سەقامگیریی سیاسی، و بەگەڕخستنی دامەزراوە شەرعییەکان لەسەر بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن و سەقفی نیشتمانی،
بەشداریی ڕاستەقینە و هاوسەنگ لە بڕیاری سیاسی و ئابووری، و دەستەبەرکردنی دادپەروەری لە دابەشکردنی دەسەڵات و داهاتەکاندا لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان، باشکردنی گوزەران، بەدامەزراوەیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە، دابینکردنی مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان، تاکە ڕێگەچارەی هاوسەنگ و ڕێکەوتنێکی (win-win)ە بۆ هەمووان.

مێژوو سەلماندوویەتی کە هەرکاتێک هێزە سەرەکییەکان تەبا و یەکگرتوو بووبن، دەستکەوتی گەورە بۆ گەلەکەمان بەدەستهاتووە. ئەمڕۆش کاتی ئەوەیە بەرژەوەندییە گشتییەکان بخرێنە سەرووی هەموو حساباتێک.
شەقامی کوردستان ماندووە لە ململانێ و جەمسەربەندی و کۆبوونەوەی لوتکە کاتێک دەبێتە مێژوویی، کە ئەنجامەکانی لە ئەرزی واقعدا هەستی پێ بکرێت و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک هەبێت.
لە پێناو بڕیاردانی ڕاست و نیشتمانییانە، هەموو چاوەکان لەسەر بەرهەمی ئەم لێکتێگەیشتنەن بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ.
بە هیوای ئەوەی ئەنجامی ئەم کۆبوونەوەیە ببێتە مزگێنییەک بۆ هەموو لایەک و سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ئاوەدانی و سەقامگیری.

Address

Irbil
964

Website

Alerts

Be the first to know and let us send you an email when Dr. Shahram Ali Kazho posts news and promotions. Your email address will not be used for any other purpose, and you can unsubscribe at any time.

Shortcuts

Share