25/05/2018
تەنها ویژدانت ئەکەم بە دادوەر
ستەم کامیل
بەداخەوە شەوی پێنج شەمە لەسەر هەینی، بەرواری ٣ لەسەر ٤ ی ئەم مانگە، لاپتۆکەم لێبرا لە کاتی سەردانکردنی هاوڕێیەکما. هەرگیز لاپتۆپەکەم لە ئوتومبێلەکەما جێنەهێشتوە، چونکە تەنها ئامێرێکی بێ گیان نەبو، بەڵکو گرنگترین یارمەتیدەر و هاوڕێیەکی زۆر نزیکم بو. نیگەرانی قوڵی من بۆ لە دەستچونی بەرهەمی کارکردنی سەدان ڕۆژی ژیانمە لە ماوەی ٤ ساڵی ڕابردودا بەم جۆرە: ٢ توێژینەوەیە بە زمانی ئینگلیزی، نامەی ماستەرەکەم کە دوبارە دامڕشتبوەو بڕیار بو لە شێوەی کتێبێکدا بڵاوی بکەمەوە، وەرگێڕانی نیوەی کتێبێک لە زمانی ئینگلیزیەوە بۆ کوردی دەربارەی ستەمکاری، بەشی دوەمی توێژینەوەیەکی تازەم دەربارەی فکری سیاسی نەوشیروان مستەفا. بۆ هەر یەکێک لەم نوسینانە، سەدان کاتژمێر بە تەنها ماومەتەوە، ماندوبوم، پیاسەم کردوە، خوێندومەتەوە، چەندین جار بە دیار دێڕێک و ئایدیایەکەوە وەستاوم، چونکە بە ڕاستی نوسین لام چالاکیەکی زۆر جدیە، هەر بۆیەش زۆر ڕەزیلم لە بڵاوکردنەوەدا. ئەمە لە پاڵ ئەوەی لە ماوەی ٦ ساڵی ڕابردودا، خەریکی بونیادنانی کتێبخانەیەکی ئەلیکترۆنی زۆر باش و فرە بوار بوم بە ئینگلیزی، کە بەڕاستی ئەستەمە جارێکی تر دەرفەتی کۆکردنەوە و ئەو گەڕانە مەعریفیەم هەبێت. ئەمە سەرەڕای لەدەستچونی ئەرشیفی وێنەی خێزانی و کەسی خۆم لێرە و ماوەی خوێندنەکەم لە دەرەوە، لەگەڵ ئەرشیفی وانەوتنەوەی ٣ ساڵی ڕابردوم، بە بێ ئەوەی کۆپی ترم لە جێگەیەکی تر هەبێت.
لێرەدا ئەمەوێت داوایەکی دۆستانە ئاراستەی ویژدانی ئەو کەسە بکەم کە لاپتۆپەکەی بردوم، تکایە تەنها ماندوبونی ئەو چەند ساڵەم لەبەر چاو بگرە، بەرهەمەکانی ناو ئەو لاپتۆپە بۆ تۆ هیچ نیە و بۆ من هەمو شتێکە، دڵنیابە ئامادەم بڕی (٥٠٠ هەزار یاخود لاپتۆپێک بە دڵی خۆت) بکەم بە دیاری و لە ڕوی یاسایشەوە شکاتەکەم بکشێنمەوە، تەنها لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی ئەو بەرهەمانە. ئەزانم کارێکی قورسە بۆ هاوڕێیانی لێکۆڵەر تا بیدۆزنەوە، بەڵام هیوادارم ویژدانی ئەو کەسە شتێک زیندویەتی تیابێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەم پۆستەی من ببینێت و بەرهەمی ئەو چەند ساڵەی منیش هەروا بە هەدەر نەڕوات. وەعد بێت ئەی دۆست، توشی هیچ بەرپرسیارێتیەکی یاسایت نەکەم، ئامادەم بە هەمو جۆرێک هاوکار بم و یەکێک لەو دیاریانەشت پێشکەش بکەم. ئەم ڕوداوە، کاریگەریەکی زۆر خراپی لەسەر توانای بەردەوامیم لە ژیانی زانکۆ داناوە، ئەم پۆستەش و بڵاوکردنەوەی ئەم چەند دێڕەش کۆتا چانسمە بۆ دۆزینەوەی، هیوادارم بگات!
24/05/2018
27/09/2016
27/08/2016
20/02/2016
14/10/2015
13/10/2015
12/10/2015