16/06/2026
بابە گیان…
پێش لەدایکبوونی من بە بیست و هەشت ساڵ، تۆ لەدایک بویت ، منداڵێکی زیرەک و بەهرەمەند بوویت. لە تەمەنی چوار یان پێنج ساڵییەوە ڕێگای قوتابخانەت گرتە بەر. بە زیرەکی و بەهرەمەندی ناسرابویت ، بەڵام ناوت لە تۆماری یەکەمەکاندا نەدەنووسرا.
ڕۆژێک بە سادەیی و بێگەردیی منداڵانە لە مامۆستاکەت پرسی:
«بۆچی من بەو هەموو ماندووبوون و خوێندنەوەیە یەکەم نابم، بەڵام کەسێک یەکەم دەبێت کە زۆر شت نازانێت؟»
مامۆستاکەش، بە دڵێکی پڕ لە داخ، وەڵامی دایەوە:
«کورم، ئەو کوری کەسێکی دەسەڵاتدارە. ئەگەر یەکەم نەبێت، قوتابخانەکە دادەخەن. بۆیە با ناوی یەکەم بۆ ئەوبێت بەڵام زانست و زانیاریی ڕاستەقینە بۆ تۆ و هاورێکانت .»
لەوانەیە ئەو چرکەیە یەکەم برینی دڵت بووبێت؛ یەکەم جار کە چاوت بە نادادپەروەریی ژیان کەوت. بەڵام ئەوە تەنها دەستپێکی تاقیکردنەوەکان بوو.
سروشت زۆر میهرەبان نەبوو لەگەڵت. هێشتا تەمەنت منداڵ بوو کە باری قورسی ژیان خرایە سەر شانت. وەک کوری گەورەی خێزان، دوای کۆچی دوایی باپیرم، ناچار بوویت خوێندن و ئارەزووەکانت لە پێناوی خێزانەکەتدا بەجێبهێڵیت و ببیتە پاڵپشتی دایک و برا و خوشکەکانت.
ڕێگاکەت دوور بوو، زۆرجار تاریک بوو، و پڕ بوو لە ماندووبوون و بێبەشی. بەڵام تۆ هەرگیز پشتت لە ئەرکەکەت نەکردەوە. تا دوا ساتی ژیانت، بە دڵسۆزی و لەخۆبوردووییەکی بێ سنوور، هەموومانت پێگەیاند و پەروەردەت کردین.
تۆ فێرت کردین کە مرۆڤ بە قەدری دڵی دەناسرێت، نەک بە قەدری سامان و دەسەڵات. فێرت کردین خاک و نەتەوەمان خۆشبوێت، ڕێز لە ژیان و مرۆڤ و سروشت بگرین. خۆشەویستیی بۆ ئاژەڵ و ژینگە و هەموو بوونەوەرەکان، بەشێک بوو لە ڕۆحی جوانت.
ئەمرۆ کە دووساڵە ماڵئاوایتلێکردوین لە بیرەوەرییەکانت دەڕوانم، دەبینم ژیانی تۆ تەنها چیرۆکی پیاوێک نەبوو؛ چیرۆکی نەوەیەک بوو کە لە سەر شانەکانی تۆ گەورە بوو. تۆ نەک تەنها باوکم بوویت، بەڵکوو وانەیەکی زیندووی بەرپرسیارێتی، ئازایەتی، فیداکاری و خۆبەخشین بوویت.
بابە گیان…
هەموو هەنگاوێک لە ژیانت نیشانەی سەربەرزی بوو، هەموو قوربانییدانێکت بناغەی ئایندەی ئێمە بوو. ئەگەر ئێمە ئێستا سەر بەرزین، ئەوە لەبەر ئەوەی تۆ لە ژێر باری ژیاندا دانەنەویت.
ناوت نەک هەر لەسەر زمانمان، بەڵکوو لە ناو دڵ و بیرماندا دەژی. هەتا دوا هەناسەی ژیانم، بە شانازی و ڕێزەوە ناوت دەهێنم و سوپاسی ئەو ژیانە دەکەم کە بۆ ئێمە پێشکەشت کرد.
نەک هەر باوکم بوویت…
تۆ ماڵ، پەنابەر و سەردەمی جوانی ژیانم بوویت.
روحت شاد بێت بابە گیان
12/06/2026
08/06/2026
02/06/2026
01/06/2026