21/03/2026
Zainab Khan Institute
ئینستیتیوتی “زەینەب خان- کچەکورد” بۆ لێکۆڵێنەوە، وەرگێڕان و هۆشیاریی کولتووری.
Zainab Khan -The Kurdish girl- Institute for Research, Translation and Cultural Awareness
ناونیشان: کۆیە/ بایزئاغا/ خانووی کەلەپووری حاجی مەجید/ تەنیشت مزگەوتی مەلا ئەسعەد.
21/03/2026
27/02/2026
ئینستیتیوتی زەینەب خان، ناوەندێك بۆ گفتوگۆی فكری و بەرزكردنەوەی هۆشیاریی كولتووری
ئینستیتیوتی زەینەب خان وەك ناوەندێك بۆ گفتۆگۆی فكری و پەروەردەیی و كولتووری، هەمیشە لە پێشوازی رۆشنبیر و ئەكادیمست و شاعیر و هونەرمەند و نووسەرانی بەرێزی میللەتەكەمان دایە.
دوێنی ئێوارە رێككەوتی 26-2-2026 ئیسنتیتیوتی زەینەب خان بەخۆشحاڵییەوە، میوانداری دوو كەسایەتی دیاری كرد، نووسەر و مامۆستای زانكۆ دكتۆر شێركۆ كرمانج و كاك محمد ئەمین – ی برای.
لە دانیشتنەكەدا گفتوگۆیەكی ورد لەسەر پرسی زمان و ڕۆڵی لە پەروەردەدا و لە بونیادنانی شوناسی تاكی نەتەوەییدا كرا. هەر لە میانی قووڵبوونەوەی ئەم گفتوگۆیەدا، دكتۆر شێركۆ كرمانج بە سیفەتی سەرۆكی ڕێكخراوی سەكۆ بۆ نیشتمانسازی و د. مهاباد ئازاد وەك سەرۆكی ئینستیتیوتی زەینەب خان، بۆ تاوتوێكردنی زیاتری ئەم پرسە گرنكانە، بڕیاری رێكخستنی چالاكییەكی هاوبەشی نێوان هەردوو دامەزراوەیان دا.
دوای ئەوە كاك محمد ئەمین، ئەو جووتیارەی كە ساڵی ڕابردوو لەسەر تراكتۆرەكەی وەستا و وەك نوێنەری جووتیارانی گوندی شەناغە و دەوروبەری، لەبەرامبەر سەدان سەربازی چەكداری عێراقی وەستایەوە و كوردانە پێوتن: ( كەس ناتوانێت بمانوەستێنێت، دانابەزم و كۆڵ نادەین، خاكی باو و باپیرانمان تۆو دەكەین.) لە سەر زمانی خۆی ئەومڕووداوە مێژووییە پڕ لە بەرگرییەی بۆ گێڕاینەوە و ئێمەش بۆ نەوەكانی داهاتوو و بۆ مێژوو تۆمار و ئەرشیفمان كرد. لە هەمان كاتدا دانیشتنەكە بەبەشداری موزیكژەن و هونەرمەندانی تیپی موزیكی هاوڕێیانی ئارامی رۆح گەرمتر و ڕازاوەتر بوو.
ئینستیتیوتی_زەینەب_خان #جوتیارانی شەناغە _ گفتوگۆ و پەروەردە # شیعر و ئەدەب نەتەوەیی #كورد هۆشیاری
ئینستیتیوتی زەینەب خان- کچە کورد- دەرگا بەڕووی وەرزێکی نوێی کار و چالاکیی و میوانەکانیدا دەکاتەوە!
25/02/2026
ئینستیتیوتی زەینەب خان، ناوەندێک بۆ بەرزڕاگرتنی هۆشیاریی كولتووری نەوەكان.
قوتابخانەی ڕۆژهەڵاتی بنەڕەتی، بە سەرپەرشتی مامۆستایانی بەڕێز ئاراز بایز تۆفیق یاریدەدەری بەڕێوبەر، مامۆستا دیاری زرار عبداللە، مامۆستا شەونم حسین حاجی (مامۆستای مێژوو) مامۆستا شەرارە خالد علی و مامۆستا جلال قادر سلام، دوێنێ سەردانی ئینستیتیوتی زەینەب خانیان كرد. بەمەبەستی ناساندنی ئینستیتسیوتی زەینەب خان و ناساندنی رۆلی چالاكانەی ژنانی وەك زەنەیب خان لە رەوتی بەرەوپێشیردنی بواری رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و ئەدەبی و سیاسیی نەتەوەكەمان.
لە سەردەمێكدا كە نەوەكانی ئیمڕۆ زۆربەی كاتەكانییان لە بەكارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەكان تێدەپەڕێنن، ئەم جۆرە سەردانانە دەبنە پاڵنەرێك بۆ پێویستی ناسینی مێژووی نەتەوەكەیان و ناسین و شانازی كردن بە شوناسی كولتووری خۆیان. دروستكردنی پردێكە لە نێوان ئێستا و رابردوویان .
لەم گەشتانەدا زانیاریەكان، شوێنەوارە دێرینەكان، مێژووی هزر و رۆشنبیریی شێرەژن و كەڵەپیاوان، لەگەڵ هەستی گەرم و رۆحیی سەرسامییان تێكەڵ دەبێت و، دیرۆكی خۆیان، باشتر و جوانتر لە دڵدا دەمێنێتەوە.
نەوەیەك كولتووری خۆی نەناسێت، وەك لقەدارێكی بێ ڕەگ و ڕیشە، وشك هەڵدێت. لەبەرئەوە هۆشیاری كولتووری تەنها ئەوە نییە كە خوێندكار چەند ناوێك لەبەربكات، بەڵكو ئەوەیە كە بزانێت خۆی كێیە؟ ڕابردووی چییە؟ بەرپرسیارییەتی ئیمرۆی ئەو چییە و بۆچی دەژیت؟
ئینستیتیوتی زەینەب خان لە ساتەوەختی دەستبەكاربوونییەوە ئەم رۆڵە دەگێڕێت و هۆشیاریی کولتووری و پەروەدەیی ئامانجی کارەکانییەتی.
سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی و دەستەی مامۆستا دڵسۆزەكانی قوتابخانەی رۆژهەڵاتی بنەڕەتی تێكەڵاو دەكەین، بۆ هەستكردن بە بەرپرسیارییەتی پەروەردەیی و كولتووری نەوەكانی ئیمرۆمان.
ئینستیتیوتی_زەینەب_خان شیعر و ئەدەب هۆشیاری
21/02/2026
کوردی/ ئینگلیزی
زمان مەرجی یەکەمی بوونی نەتەوەیە. نەتەوەیەک زمانی خۆی لێ ببرێت، ئیتر ناوی لەناو لاپەڕەکانی مێژوودا نامێنێت.
Language is the primary prerequisite for a nation's existence. Once a nation is deprived of its language, its name shall no longer endure within the pages of history.
04/02/2026
سەردانی قوتابخانەکان بۆ ئینستیتیوتی زەینەب خان!
سەردانێکی پەروەردەیی و زانستیی قوتابخانەی ئامادەیی (درەوشی) كچان، بۆ ئینستیتیوتی زەینەب خان.
دوێنێ لە كەشێكی زستانی و باراناویدا ، قوتابخانەی ئامادەیی درەوشی کچان، سەردانێکی زانستی و پەروەردەییان بۆ ئینستیتیوتی زەینەب خان ئەنجامدا، کە تێیدا خوێندکارانی قۆناغی یازدەی زانستیی لە دوو پۆلدا بەشدارییان کرد. ئەم سەردانە بە سەرپەرشتیی ستافی پەروەردەیی خوێندنگا بەڕێوەچوو، کە بریتی بوون لە: بەڕێزان:مامۆستا ژیان ڕەسوڵ (بەڕێوەبەری خوێندنگا)، م. خوناو عەلی ئەحمەد، م. لاڤە قاسم، م. پەیام بەهرام حەمە شەریف، م. وەردە مەعروف ڕەسوڵ، و د.کاروان مستەفا سەعید.
ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانە ئاشناکردنی نەوەی نوێ بە میراتی ئەدەبی و مێژوویی کوردی و ناسینی ڕۆڵی بەرچاوی ژنان لە پرۆسەی ڕۆشنبیری و کەلتووری نەتەوەکەمان بوو، بەتایبەتی لە کاتێکدا، ئەم قوتابخانەیە تایبەت بە کچانە و بۆ بنیاتنانی شارستانییەت و پەروەردە و داهاتووی نەتەوەكەمان، ڕۆڵێکی بنەڕەتییان هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی ئینستیتیوت، پێشوازییەکی گەرمیان لە خوێندکاران و ستافی پەروەردەییان کرد و ئامانج و چالاکییەکانی ئینستیتیوتەکەیان بۆ خوێندکاران ڕوونکردەوە. سەردانەکە بە شێوەیەکی پەروەردەیی ڕێكخراو بەڕێوەچوو، بە جۆرێک کە خوێندکاران دەرفەتی بەشداریکردنیان هەبوو. لەمیانی سەردانەکەدا، چەند خوێندکارێک راپۆرتی ژیاننامە و کارەکانی زەینەب خانییان خستەڕوو، کە لە ڕێگەی ئامادەکردنی پێشوەختەوە توانییان بە شێوەیەکی ڕوون و سەرنجڕاكیش، باس لە بەرهەمە ئەدەبییەکانی و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی ئەم شاعیرە بکەن. لە هەمووی سەرنحڕاكێشتر کاتێک لە نیوەی راپۆرت خوێندنەوەی خوێندکارەکاندا، باران وەک میوانێکی چاوەڕواننەکراو هات و داباری، بەڵام ئەو کچانە دوودڵ نەبوون و لە بن تاقەقەوسەکانی مێژوودا، بە دەنگێکی بەرز و دڵنیاییەوە بەردەوام بوون لە گێڕانەوەی چیرۆکی ژیانی زەینەب خان. دەنگی باران و دەنگی وشەکانیان، ڕابردوو و ئێستای لە یەک ساتدا کۆكردەوە. وەک ئەوە وابوو سروشت خۆی بیەوێت ئەزموونێک پیشان بدات بۆ سەلماندنی ئیرادەی نەوەیەک، کە فێری كۆڵنەدان و بەردەوامی بووە، لە مێژووی ژنانی پێش خۆیانەوە."
پاشان، سەرۆکی ئینستیتیوتی زەینەب خان، جگە لە خستنەڕووی ئامانج و كارەكانی ئینستیتیوتەكەیان چەند لایەنێکی نادیاری ژیانی ئەم ژنە پێشەنگەی روونكردەوە، هەروەها باسی ئەو کۆسپە سەختە کۆمەڵایەتی و مێژوویانەی کرد، کە زەینەب خان لە سەردەمی خۆیدا تووشی بووە، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش توانیویەتی بە قەڵەمی خۆی و بە دەنگی بوێر و ژنانەی خۆی، دەنگی نەتەوەیەك بێت!. هەروەها تیشکی خستە سەرڕۆڵی ئەم ژنە رۆشنگەرە، لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و پاراستنی زمان و کولتوور و فۆلكلۆری کوردی.
ئەم سەردانە پەروەردەیی و زانستییانە گرنگییەکی تایبەتی بۆ نەوەی ئێستا هەیە، چونکە لە ڕێگەی ناسینی مێژوو و ژیاننامەی کەسایەتییە سەرکەوتووەکانەوە، خوێندکاران نموونەی جوان و سەرچاوەی ئیلهامبەخش، بۆ ژیان و تێکۆشان و
بەدیهێنانی ئامانجەکانییان دەدۆزنەوە.
دووبارە بەخێربێن بۆ ئینستیتیوتی زەینەب خان، ئەم ناوەندە دڵڕفێن و تایبەتەی، کە جوانیی و
كولتوور و هۆشیاریی تێیدا باڵا دەكات!
كچان # كچە كورد # داهاتوو_هۆشیاریی # كۆیە_کوردستان
کوردی/ ئینگلیزی
کۆڕی شعری شاعیر جەمال خەمبار.
Poetry Recital by the Poet Jamal Khambar.
30/01/2026
زاڵمی دووڕوو كێیە؟
كوردبوون لە نێوان بەرداشی ئایدیۆلۆژییای
رۆشنبیری ئایینی و رۆشنبیری سیاسیی مۆدێرندا!
بوونی كورد بەدرێژایی مێژوو، چەندە لە ناو بەرداشی ئەوانی تردا هاڕدراوە، دوو هێندە لە نێوان بەرداشی ئایدیۆلۆژیای رۆشنبیری ئایینی و رۆشنبیرانی عەلمانی و بەناو نەتەوەخوازیی خۆی هاڕدراوە و دەهاڕدرێت.
بەكارهێنانی چەمكی باوەڕ، ئیمان، ئایین، دۆزەخ، بەهەشت ، سزا و پاداشت و رۆژیی دوایی... هتد بە درێژایی مێژوو هێندەی لە پێناو سەپاندنی دەسەڵات و كۆنترۆڵ كردن و پاراستنی بەرژەوەندییەكان بەكارهاتوون هێندە لە پێناو خوداناسی راستەقینەدا بەكارنەهاتوون، بەڵام ئەم دیاردەیە تایبەت نییە بە ئایدیۆلۆژییای رۆشنبیری ئایینی و ئیسلامی سیاسی، ئایدیۆلۆژییای نەتەوەیی (چەپ و ڕاستیش) دەتوانن هەمان کار بکەن، کاتێک چەمکەکانی ( نەتەوە ، نیشتمان ، شۆرش، ماف ، یەكسانی ، برایەتی، ئاشتی... هتد) بەتاڵ لە ناوەڕۆكەكانییان، وەك دروشم دەکرێنە چەکی کۆنترۆڵ كردنی هەست و سۆزی گشتی و لە بەرژەوەندی زلهێزەكاندا یان لە بەرژەوەندی تاك لایەنیدا بەكاردەهێنرێن.
لێرەدا ئەوەی ئەم دوو جۆرە لە گوتار لە یەكتری جیادەكاتەوە، جیاوازیی ڕووكەشی وشەكانە، نەك ستراتیجییەتی بنەمای فكری گوتارەكان، چەمک گەلێكی پیرۆز بەکاردەهێنرێت بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی ماددی و دەسەڵاتی ڕەمزی. هەر یەك لەم هێزانە، بە ماسکێک دەسەڵاتپەرستی و بەرژەوەندی پەرستی، دەشارێتەوە. ئەمجۆرە لە گوتار لە گوتاری زاڵمی یەكڕوو زۆر مەترسیدارترە ، چونكە زاڵم ئەو دوژمنە دەسەڵاتخوازەیە بەئاشكرا دوژمنە و بە ئاشكرا هێرشت بۆ دەهێنێت. بەڵام "زاڵمی دووڕوو" لە دەرەوە ڕووخسارێکی پیرۆز و نورانی پیشان دەدات، یان نەتەوە ویست و شۆڕشگێڕ خۆی دەردەخات، بەڵام لە ناوەوە پڕە لە خواستی سوڵتە و سامان. بۆ تێگەیشتن لەم یارییە ترسناكەی لە سەحنەی مێژووی كورد دا بەردەوامی هەیە، بۆ شیعرێكی زەینەب خان دەگەرێینەوە بە ناونیشانی ( زاڵمی دووڕوو)!
ئەم شیعرەی زەینەب خان، كە لە 1947 دا نووسیویەتی، تەنیا ڕەخنەیەک نییە لە دەسەڵاتێکی دیاریکراو، یان ئایدیۆلۆژییایەکی تایبەت، بەڵکو پەردە لەسەر بنەما و لەسەر چۆنییەتی کارکردنی هەموو ئەو هێزانەی کە چەمکە پیرۆزەکان، دەکەنە چەکی کۆنترۆڵكردنی ڕای گشتی، لادەدات، ئەمەش وادەكات شیعرەكە لەسەردەمێكی دیاریكراودا ، قەتیس نەمێنێت و لە ئێستادا هەمان گرنگی و پێویستی تێڕامانی هەبێت!
هەریەك لەم گوتارانە، گوتاری ئایدیۆلۆژییای ئیسلامی سیاسی – رۆشنبیریی ئایینی و ئایدیۆلۆژییای رۆشنبیریی حیزبی، به زمان و ههڵسوكهوت شتێك دهڵێن و دهنوێنن، كه وادهردهكهوێت ئامانجییان خودا، بەرگری كردن لە هەق و بهها باڵا گشتیی و ئاكارییەكان بێت، یان بە دیوەكەی تریدا ئامانجییان نیشتمان و نەتەوە و خاك و وڵات بێت ، بهڵام ئامانجییان شتگەلێكی ترە، ئهمجۆره له كهس كه خهریكی خهڵهتاندن و بڕواپێهێنانی ئهوانی ترن، له رێگهی سهفسهتهی زمانی و وانواندنی رواڵهتییهوه، كه له خۆیاندا شتێكن و له دهرهوه شتێكی تر، زەینەب خان ناویان دهنێت (زاڵمی دووڕوو). كهواته زاڵمی دووڕوو كێیه؟
ههم سوڵتهی دهوێ ههم پاره و عانه
قورئانێكیشی لهبهردهستانه
وهلێ عهمهل و كاری پێ ناكا
بۆ سوێند خواردنه بۆ خهڵهتانه
سهیری رووی دهكهی به شووش و جوانه
رووی نورانییه و دهمی خهندانه
ههموو ههناوی رق و كینهیه
ههم به ئیمانه ههم بێ ئیمانه ( زاڵمی دووڕوو، زەینەب خان- 1947)
لێرەدا ئەم دووفاقییە لە جیاوازی نێوان گوتارە دەرەكییەكە و ئامانجە سەرەكیی و ناوەكییەكاندا دەردەکەوێت. ( سەیری ڕووی دەکەی بە شووش و جوانە / ڕووی نورانییە و دەمی خەندانە / هەموو هەناوی رق و کینەیە / هەم بە ئیمانە هەم بێ ئیمانە ) هەم سوڵتەی دەوێ هەم پارە و عانە / قورئانێکیشی لە بەر دەستانە / وەلێ عەمەل و کاری پێ ناکا / بۆ سوێند خواردنە بۆ خەڵەتانە) ئەم دێڕانە بە ڕوونی تایبەتمەندییە سەرەکییەكانی زاڵمی دووڕوو دەخەنەڕوو، ئەو کەسەیە کە بە ناوی شتێك، خەریكی شتێكی ترە. ئەم جیاوازییەی نێوان دەرەوە و ناوەوە، نێوان ڕووكەش و حەقیقەت، خودی دووڕووییەکەیە. ئەگەر وردتر سەرنجبدەین دەبینین دێڕی کۆتایی تایبەتمەندییەكی فەلسەفیی قووڵتری هەیە: "هەم بە ئیمانە هەم بێ ئیمانە". ئەمە پارادۆکسێکی لۆجیكییە، ئەگەرچی کەسێک ناتوانێت هاوکات هەم بە ئیمان بێت و هەم بێ ئیمان، هەم نیشتمانپەروەرە هەم خائین! بەڵام لێرەدا زەینەب خان لە دەرەوەی تێڕوانینی گشتیدا، بەردی بناغەی جۆرێك لە هۆشیاریی و جۆرێك رەخنەی ڕیشەیی دادەمەزرێنێت، كە بنەمایەكی تر دەكاتە، پێوەری بینین و تێگەیشتنێكی قووڵتر، پێویستی ئەو تێگەیشتنەش بە داخەوە تاوەكو ئیمرۆ رۆشنبیری كوردی گرنگی پێنەداوە.
ههر لهم بنهما رەخنەیی و لەم هۆشیارییە لۆجیكییەوە، شاعیر بە تەنیا پەردە لەسەر ئەم دووفاقییە ئاینییە لانادات، بەڵكو پەردە لەسەر دووفاقی ئەو رۆشبیرییە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەش لادەدات، كە لە سەردەمی خۆیدا باوبووە!
شیعری (عهقڵ) لەم رواڵهتبینییە حهماسیی و ئایدیۆلۆژییانەی سەردەم بەخەبەرمان دەهێنێت، كە یەك ڕووی ئاشكراو و ڕاستەقینەیان نییە، ئیدی ئەم دروشمانە سەر بەهەر سەردەم ئایدیۆلۆژییایەكی ڕووكەشخواز بن. كاتێك ویستنی هێز و دهسهڵاتی ماددی و رەمزی، به كۆمەڵێك دروشم و كردهی ڕواڵهتی پهردهپۆش دهكرێن، ئهم بێ ئیمانییه ناوهكییه، دەبێت به پهردهی ئیمان رووپۆش بكرێت، ئیدی ئهم ئیمانه پیشاندانی ئیمانی ئایینی بێت، یاخود پیشاندانی ئیمانی مۆدێڕن بێت بە گوتاری مافی گەل و و مافی ژن و چەمكەكانی ئازادی سیاسی و یەكسانی و برایەتی، لە دروشمە سەرەکییەکانی بێت.
ههر كهسێ هات
فووی كرده خۆی
چهكوشی خسته ناو دهست و
داسیشی خسته سهرشانی
ئهبهد باوهڕی پێ مهكهن
درۆ دهكا و
تهسلیم دهبێ بهئاسانی
ئهوهی دهتوانێ شت بكات
تێفكرین و عهقڵی سهره
نهچهكوشه،
نهداسه،
نهخهنجهره ( شیعری عهقڵ، زەینەب خان - 1963)
ئهوهی لێرهدا بهیان دهكرێت، قسهكردن نییه له سهر چهپگهرایی وهك ئایدۆلۆجیایهكی سیاسی و واقیعی باوی سهردهمێكی دیاریكراو، بهڵكو رهخنەیەكی ڕیشەییە سەرچاوە لە هۆشیارییهكی عهقڵییەوە دەگرێت، بۆ هەموو ئایدیۆلۆژییایەكی دەسەڵاتخوازی دووڕوو! بە نووكی تیژی عەقڵ، دەیەوێت ئەم بینینه ڕووكهشه رواڵهتبینەمان بنكۆڵ بكەین ،كە پشت به پێدراوە ههستهكییهكان و ههست و سۆزی ناو باوهڕه دیاریكراوهكان دهبهستێت. ئیدی ئهم بیروباوهڕه ههر ئایدیۆلۆجیایهكی سیاسی یان ئایینی یان كۆمهڵایهتی و مهدهنی بێت، كاتێك كرده و گوتنهكانی گوتنی سەفسەتەیین و بە خەڵك دەفرۆشرێن.
هەر لە بنهمای ئهم تێڕوانینه عهقڵیهوه زەینەب خان- کچەکورد لە دێڕیكی تردا دەڵێت( ئازادی ئێمه زهوتكراوه، ئهو مافهی خودا به ئێمهی داوه) ئهمه ئهوه دهگهیهنێت ئازادی بەر لەوەی پێدراوێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی بێت، پێدراو و ههقێكی خوداییه. جا كاتێك هێزێك خۆی دهكات به خاوهنی ئهم ههقه و ههوڵی زهوتكردنی دهدات، بەرلەوەی مافی مرۆڤێك، گەلێك، پێشێل بكات، دژایەتی هەق و پێدراوێكی خودایی دەكات.
ئەم خوێندنەوەیە بۆ ئێستای ئێمە لەوەدا گرنگە ، هێشتا بەردەوامین لە بەرەنگاربوونەوەی هەمان "زاڵمانی دووڕوو" کە زەینەب خان پەردەی لەسەر لاداون.
خوداناسی ڕاستەقینە و کوردبوونی ڕاستەقینە دژی یەکتر نین، چونكە هەردووکیان لەسەر عەشق و جوانی و ئازادی و ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ، بنیادنراون ، ئەوەی دژایەتی دروست دەکات "زاڵمی دووڕوو"ە کە دەیەوێت ئایین بکاتە ئامرازێک بۆ کۆنترۆڵ و دەسەڵات. کچە کورد نزیكەی هەشتا ساڵ بەر لە ئێستا، ئەم ڕاستییەی بە هۆشیارییەوە خستۆتەڕوو، ئیمرۆ هەبوونی ئەم هۆشیارییە ، لە پێویستییە سەرەکییەکانمانە ، پەرچەكردار و جوێندان و دژایەتی کردنی یەکتری چارەسەر نییە ، تەنیا و تەنیا دەبێت بەرامبەر هەر یەك لەم گوتارانە ، هۆشیار بین و چیدی نەبین بە ئاشی نێوان بەرداشەکان، ئەم یەکدەنگی و یەکبوونە هەمەکی و سروشتییە، بەرەو هۆشیاربەخۆبوونێکی کامڵ بچێت، هۆشیاربین بەرامبەر ئەوانەی کە بە ناوی خوداوە، قسە دەکەن، بەڵام لە دژی ئازادیی و بەها باڵا خوداییەكان کار دەکەن، بەرامبەر ئەوانەی بە باڵای نیشتماندا هەڵدەدەن، بەڵام بەكردەوە
وێرانی دەكەن.
د. مهاباد ئازاد
26/01/2026
نەوەكان چرای دەستی ئایندەن!
سەردانی قوتابخانەکان بۆ ئینستیتیوتی زەینەب خان!
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی «٢٥/ ١/ ٢٠٢٦» پۆلی نۆیەمی فێرگەی (برادۆست)، بە یاوەری بەرێز مامۆستا (پەیڤین ئاسۆ / یاریدەدەری بەڕێوبەر) ، مامۆستای كوردی بەڕێز مامۆستا (ئەندێشە بەهرام) ، بەڕێز مامۆستا (سایە جلال/ ڕابەری پۆلی نۆیەم)
سەردانی ئینستیتوتی «زەینەب خان -کچە کورد» یان کرد بە مەبەستی ناساندنی ئینستیتیوتی زەینەب خان و ئاشنابوون بە كلتوور و گرنگی شوێنەوارە دێرینەكان، هەروەها بەمەبەستی ناسینی رۆڵی كارای ژنان لە كۆمەڵگەی كوردیدا مایەی شانازییمانە، سەبارەت بە ئینستیتیوتی زەینەب خان ، لە واڵی خۆیان نووسیویانە:
بوونی ناوەندێکی ئەکادیمی و کەلتوری بەم تایبەتمەندییە خۆماڵییەوە، جێگای ڕەزامەندی و شادمانی بوو بۆ فێرخوازان و مامۆستایان .وێڕای دەستخۆشی و هیوای بەردەوامیمان سوپاسی ئەو کاتە بە نرخە دەکەین بۆ ئێمەیان تەرخان کرد.
سوپاس بۆ سەردانیكردن و و گرنگیدانی قوتابخانەی برادۆست بە كولتوور پەروەردەی نەوەكان.
24/01/2026
ههردوو كهزیم، وهكو ڕهشمار
دهخهمه گهردەنی ڕهقیب
دهبێ خهڵكی پێ بزانێ،
ههم ژیانه، ههم ئیمانه
( زەینەب خان – كچە كورد- ١٩٣٥)
..................................................
تڕاژیدیای ئەم ڕووداوانەی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان ڕوودەدەن، بەشێکن لە زنجیرەی درێژخایەنی ئەو ڕووداوانەی بە درێژایی مێژوو، پەیوەستن بە پێشێلكردنی مافە نەتەوەیی و مرۆییەكانی گەلی كوردەوە.
٩١ساڵ پێش ئەمڕۆ ، (زەینەب خان) "كەزی خۆی دەكاتە سیمبۆلی بەرخودان، بۆ بەرگری كردن لە ژیانێكی شكۆدار.
کاتێک زەینەب خان لە ساڵی ١٩٣٥دا دێڕەکانی "هەردوو کەزیم، وەکو ڕەشمار دەخەمە گەردەنی ڕەقیب" دەنووسێت، ڕەنگە خۆی نەیزانیبێت بۆ ئەوسا و بۆ هەموو ئەو سەردەمانەی دوای خۆشی دەنووسێت، كە ژنی کورد و تاكی كورد، لە پێناو پاراستنی كەرامەت و شكۆی مرۆییانەی خۆی تێدەكۆشێت و بەرامبەر هەموو ستەمكارییەك ڕادەوەستێت.
ئەمڕۆ، کاتێک هەموومان بە یەك دەنگ، ڕووبەڕووی چەتەكانی داعش و کارەساتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەبینەوە، کاتێک بڕینی كەزی شەڕەڤانێك، لە ناخی هەر كوردێكدا شۆڕش بەرپا دەكات، سەرچاوە لە بیروباوەڕی لایەن و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو ناگرێت، بەڵکو سەرچاوە لە بەرپرسیارییەتییەکی قووڵی مرۆڤی کوردەوە دەگرێت بەرامبەر بە ژیان و شوناسی مرۆییانە و نەتەوەیی خۆی . ئەم دێرە نەوەد ساڵەیە، بەڵگەی ئەم ڕاستییەیە و وەک ئەوەش وایە لە ئێستادا نووسرابێت. ئەم مۆرکە سەروو زەمەنییە ، خەسڵەتێكی قووڵ و تایبەتمەندییەكی سەرنجڕاکێشی شیعرەكانی زەینەب خانە، زۆربەی شیعرەکانی زیندانی چوارچێوەی کات و شوێنێكی
دیاریكراو نین، زەمەن تێدەپەڕێنن.
ئەم تایبەتمەندییەی شیعر، بەدرێژایی مێژوو پرسیارێکی گرنگی فەلسەفی هێناوەتە پێشەوە، ئایا شاعیر دەتوانێت داهاتوو پێشبینی بکات؟ دەتوانێت "بینەری ئەوە بێت، كە نادیارە" ئایا ئەمە سەرچاوە لە توانای سیحریی بەشێك لە شاعیرانەوە دەگرێت؟ یان سەرچاوە لە بینین و تێڕامانێكی ڕیشەیی سەروو هەستەکییەوە دەگرێت، بەدواداچوون بۆ ئەوەی شیعرێک بەچی دەتوانێت بۆ هەموو سەردەمەکان بدوێت، ویستی ئەم نووسینە نییە، هێندە هەیە تێنەگەیشتن لەم بنەما ڕیشەییەیەی شیعرەكانی زەینەب خان، وایكردووە كەسانێك باوەڕ نەكەن، ژنێك هەبووبێت لەو سەردەمەدا ئەم شێوە نووسین و بیركردنەوەی هەبوو بێت.
کاتێک بەر رۆحی دێڕەكان دەكەوین، لە ویستی تاكەكەسییانەی شاعیر تێدەپەرین بۆ ویستێكی هەمەكی قووڵتر ،كە ویستی هەموو ئینسانێكی ئازادە. ڕەشماری كەزی ، وێنەی ژنێكی بێدەسەڵات ناخاتەڕوو، وەك قوربانییەك مایەی بەزەیی خەڵك بێت، بە پێچەوانەوە ئەم ژنە پارێزەری ژیان و بەها باڵاكانییەتی. ئەمەش ویست و هەڵبژاردەیەكی ئازادانەیە.
هەر ئەم دێڕە پێماندەڵێت ، ویستی ئازادی ، ویستێكی تازە نییە، ژنی كورد لە دونیای ئیمڕۆ و لە ئایدیۆلۆژیایەكی دیاریكراوی وەرگرتبێت، بەڵكو ویستێكی كرۆكی و هەمەكییە لە هەناوی كوردبوونمانەوە هەڵدەقووڵێت.
کۆتایی شیعرەکە بە مانیفێستێک
دەگات: "دەبێ خەڵکی پێ بزانێ، هەم ژیانە هەم ئیمانە". "دەبێ خەڵکی پێ بزانێ" ئەم بەرەنگارییەی ئێمە سەرچاوە لە ڕووبەڕووبوونەوە و پەرچەكردارێكی كاتییەوە ناگرێت، ڕاگەیاندنی ئەو حەقیقەتەیە، كە لە هەموو سەردەمەكاندا نەگۆڕە و دەستبەرداری نەبووین و نابین، چونكە بەرگری لە مانای بوون و ژیانی سەربەرزانەمان دەكات. ئەگەر ئەم ویستەی ئێمە نەگۆڕ بێت، ئامانجی رەقیبیش نەگۆڕە، ئەم ڕەقیبە چ حوكمی نادادی پاشایەتی بێت لە ساڵی ١٩٣٥دا ، یان فیدڕاڵی و كۆماری بێت لە ٢٠٢٦دا، چەتەکانی داعش و محمد جۆلانی، ئیمرۆ ناو و ڕوخسار و ئایدۆلۆژییای جیاوازیان هەیە، بەڵام وەك ڕەقیبانی قۆناغەكانی ڕابردوو، یەك ئامانجییان هەیە: کۆنترۆڵکردن، سەركوتكردن و لەناوبردنی كولتوور و شوناسی نەتەوەییمان، كە نەیانتوانیوە و ناتوانن. چونكە لە هەموو سەردەمێكدا چاونەترسی پیاوی كورد و كەزیی ژنانی كورد، ڕەشەمار و سیمبۆلی بەرخودانن، ئەمەش وەك ئەوەی لە دێڕەكەدا هاتووە، هەم ژیانە، هەم ئیمانە، گەڕانەوە و دەست گرتنە بەو
ژیان و بەو ئیمانەی ئازادی شوناسییەتی.
د. مهاباد ئازاد
15/01/2026
کۆبوونەوەیەکی کەلتووری لە نێوان ئینستیتیوتی زەینەب خان و ئینستیتیوتی فەرەنسی لە هەولێر
ئینستیتیوتی زەینەب خان کۆبوونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ خاتوو فردریکا، سەرۆکی ئینستیتیوتی فەرەنسی لە هەولێر ئەنجامدا، بە ئامانجی ئامادەکاری بۆ چالاکییەکی هاوبەشی کلتووری لە نێوان هەردوو دامەزراوەدا. ئەم کۆبوونەوەیە کە بە هەوڵی دڵسۆزانەی د. خاتوو نەزەند بەگیخانی، ڕێکخرابوو، بەئامادەبوونی بەڕێزیان و هەروەها بەئامادەبوونی بەڕێزان کاک دەشتی، بەرپرسی بەشی کەلتووری و خاتوو ئینجی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی ئینستیتیوتی فەرەنسی بەڕێوەچوو. لە چوارچێوەی ئەم دیدارەدا، باسی وردەکاری و بەرنامەی چالاکییە هاوبەشەکە كرا، کە لە ئینستیتیوتی زەینەب خان لە شاری کۆیە بەڕێوەدەچێت. ئەم هاوکارییە لە نێوان دوو دامەزراوەی کەلتووریدا، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرفراوانکردنی پەیوەندییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان و بەهێزکردنی پردی کەلتووری لە نێوان نەتەوەکاندا، هەروەها دەرفەتێکە بۆ ناساندنی میراتی فەرهەنگی و ئەدەبی کوردی لە ئاستێکی نێودەوڵەتیدا. وردەکاری زیاتر سەبارەت بە ڕێككەوت و و جۆری چالاکییەکە لە ماوەی داهاتوودا ڕایدەگەیەنین.
Click here to claim your Sponsored Listing.
Location
Category
Website
Address
Arbil