28/01/2026
ڕاگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەرییەوە
بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
لەو مەترسی و ئاڵۆزییانەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، خوازیار بووین لەبری شەڕ و پێکدادان، کێشە و ئاڵۆزییەکان بە گفتوگۆ و ڕێگەی ئاشتییانە چارەسەر کرابان.
سەرەڕای ئەوەی بە نیگەرانییەکی قووڵەوە دەڕوانینە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان، تەئکید دەکەینەوە کە پێویستە پشتیوانی خوشک و براکانمان بین لە پێدانی مافە شارستانی و سیاسی و یاساییەکانیان لە وڵاتی خۆیاندا.
لە هەمان کاتیشدا داوا لە هەموو لایەک دەکەین پابەندی ڕێککەوتنی ١٨ی کانوونی دووەمی ساڵی٢٠٢٦ نێوانیان بن.
هەروەکو ئیدانەی هەموو جۆرە گوتار و عەقڵیەتێکی توندڕەوانە دەکەین لە هەر لایەکەوە بێت، بە تایبەتیش بێڕێزیکردن بە خوا و پێغەمبەری خوا و پیرۆزییەکانی ئیسلام و مسوڵمانان.
ئاینی پیرۆزی ئیسلام، باوەڕ و ئاینی زۆرینەی ڕەهای گەلەکەمانە و پيویستە ڕێز لە بیروباوەڕی زۆرینە بگیرێت و پیرۆزیەکانیان بپارێزرێت.
تایبەت بە مافی فەرمانبەرو موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ساڵی ڕابردوو جگە لەوەی هیچ مانگێک لەکاتی خۆیدا ماف و شایستەی خۆیان پێ نەدرا، دوو موچەی تەواویشیان سەرنگومکرا و نە هەولێر و نە بەغداش خۆیان ناکەنە خاوەنی ئەو ستەم و کەتنە.
ئەوە مانگێک لە ساڵی تازە تێپەڕی، لەبری موژدەی کۆتاییهێنان بە برسیکردن و موچەبڕین، بەداخەوە تائێستا هیچ ئاسەوارێک لەموچە نییە و موچەخۆران ساڵی نوێیان بەگیرفانی خاڵیەوە دەست پێکرد.
ئەمە بە ئاماژەیەکی خراپ و نیازی خراپتری هەولێر و بەغدا دەزانین بەرامبەر موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە پڕۆسەکانی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئێمە لەگەڵ ئەوەین ئەو کێشانە بە شێوەی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت کە بەرژەوەندیی خەڵک و وڵات لەبەرچاو بگیرێت و ڕێز لە ئیرادەی گەلانی عێراق بگیرێت.
تايبەت بەوئاڵۆزیانەی ڕووی لەناوچەکە کردوە لە نێوان ئەمریکا و ئێران، ئێمە لە مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەریی، دەخوازین ئەمریکا پەنا نەباتە بەر لۆژیکی هێز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، چونکە بەکارهێنانی هێز دەرهاویشتەی خراپی دەبێت نەک تەنها بۆ سەرگەلانی ئێران، بەڵکو بۆ سەر وڵات و گەلانی هەموو ناوچەکە.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
مەکتەبی سیاسی
٢٨/١/٢٠٢٦
ڤیدیۆی کۆبوونەوە :
ڕاگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەرییەوە بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان لەو مەترسی و ئاڵۆزییانەی کە ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، خوازیار بووین لەبری ...