19/05/2024
سەیر بەکارنەهێنانی مێشك!
دەڵێ؛ حەم.اس خەڵكی غەزەی توشی شەڕ کرد و خۆشیان لە قەتەر لە خۆشیا دەژین!
ئەی ئەوە کێیە ٨ مانگە شەڕ دەکات و بەرامبەری نەك قەوارەی داگیرکەر بەڵکو تەحەدای هەموو جیهان دەکات!
ئەوانە کێن مقاوەمە دەکەن و گشت کوچە و کۆلانەکان و دەشتەکانیان کردووە بە کابوسی داگیرکەر؟
ئەوانەی کێن؟
ئەوانەی کێن؟
ئەوانە کێن.....
16/05/2024
شەڕ بکە لەگەڵ خۆتدا
کاتێ خۆپیشاندان سەریهەڵدا لە لیبیا موعەمەر قەزافی ڕۆشتە ناو خۆپیشاندەرەکانەوە و وتی؛ ئێوە بۆ وا دەکەن؟
وتی؛ ئێوە ئاگاتان لە خۆتان نییە و غەرب بەکارتان دەهێنێ!
وتی؛ غەرب تەماحی نەك لە سامانی ژێر زەوی، بەڵکو هەتا تەماحی لە خۆر و خورماکەشمان هەیە!
وتی؛ بڕۆ سوید و بەریتانیا و ئەوروپا بزان خۆری هەیە!
وتی؛ کابرایەکیان هاتووەتە ئێرە و دارخورمایەکی بینیوە و وتویەتی؛ ئەوە چییە؟
ئەوانیش وتیان؛ ئەوە خورمایە خورما...
ئەویش وتبووی؛ خورما چییە؟
وتی؛ خورمایەکیان بۆ لێکردەوە و دایان پێی و خواردی!
وتی؛ کە خواردی وتی؛ خۆ ئەمە شیرینیە! وە سەری سوڕمابوو لە خۆشی و سروشتیەکەی، دواتر وتبووی؛ خۆ لای ئێمە بە کارگەو کرێکار و چەندین مادە تا شیرینیەك دروست دەکەین و نا سروشتیشە، دەی مادام وایە و ئەمەی ئێوە هەروا بە ئاسانی و سروشتی خۆی لێرە دەڕوێ شەرتبێ بێین و داگیرتان بکەین!
هەر بۆ زانیاری لە سەدا نەوەدی زەعفەران دەکەوێتە ئێرانەوە لە دونیادا کە کیلۆی دەفتەر دۆلار تێدەپەڕێنێ...
سیستمی سەرمایەداری و هەڵپەی گەشتن بە مادە شۆڕبووەتەوە بۆ ناو تاکی خێزان و منداڵ باوکی خۆی بکوژێ بۆ پارە! لە کاتێکدا لە شەرعدا گەر ئەوە ڕووبدات ئەو کەسە میراتی ناکەوێ...
سەرکردەو پێشەواکانی ئێمە ئەوەندە خۆنەویست بوون نمونەکانیان مرۆڤ دەکاتە ئاو!
ئەبوبەکر هەموو ڕۆژێ دوای نوێژی بەیانی دەردەچوو بۆ قەراخی شار و دەڕۆشتە ماڵێکەوە و دوای ماوەیەك دەردەچوو، ئەمە بوو بە جێگەی تێبینی ئیمامی عومەر و تاقیباتی کرد کە زانی وایە سەری سوڕما و ڕۆشتە ماڵەکەوە سەیر دەکات پیرەژنێکی بێ کەسە!
وتی ئەوکەسە دێتە ئێرە چی دەکات؟
وتی پیرەژنەکە وتی دێت هەموو ئەم ناوەم بۆ پاك دەکاتەوە و خواردنم پێ دەدات و هیچ قسە ناکات و دەڕوات!
وتی دوای ئەو منیش بڕیارم دا بەردەوام بم و خزمەتی پیرەژنەکە بکەم، وتی یەکەم ڕۆژ کە ڕۆشتم و ماڵەکەم بۆ پاكکردەوە و خورمام پێدا وتی یەکسەر پیرەژنەکە وتی تۆ پیاوەکەی یەکەمجار نیت؟
وتی سەرم سوڕما وتم چۆن دەزانی؟
وتی ئاخر ئەو ناوکی خورماکەی دەردەهێنا ئەوسا پێی دەدام تۆ ناوکەکەیت دەرنەکردووە🥲...
ئیمامی ئەبو حەنیفە بازرگانی قوماشی دەکرد و شەریکێکی هەبوو، ڕۆژێ پارچە قوماشێکی دیتبوو کە چرچیەکی تێکەوتووە، بە شەریکەکەی وتبوو کە ئەم پارچە قوماشەت فرۆشت بە شەرتی ئەم عەیبە بیفرۆشە، کە دواتر زانیبووی فرۆشراوە پرسیاری لە شەریکەکەی کرد کە ئایا بە شەرتی عەیبەکە فرۆشتووتە؟
ئەویش وتبووی نا واللە لەبیرم چوو!
ئەویش دوای ئەوە وازی لە بازرگانیەکەی هێنا و وتی ئەمە توشی حەرامم دەکات!
دونیا ململانێیە لە نێوان تۆ و دونیادا، مەهێڵە پتەوی پەیوەستیت بەخوای گەورەوە بپچڕێت، هیچ شتێك تامی ئەو پەیوەستیە بە پاکی نادات، وا نەزانی خۆشی پەیوەستە بە مادەوە، خۆشی و خۆشەویستی پەیوەستە بە پاکییەوە، خۆشحاڵیش بڕیارە، دەتوانی ئەو بڕیارە بدەیت گەر بڕیاری پاکی بدەیت، بەڵێنی خوای گەورەش لە قورئاندا تۆمارە و گەر ئەوە بکەیت خراپەکانیشت بۆ دەگۆڕێ بە چاکە.
گەر ئەو بڕیارەت نەداوە مەهێڵە ئەمشەو ڕۆژ بێتەوە و لاپەڕەیەکی تازە هەڵدەرەوە و موناجاتی لەگەڵ بکە و ئەمشەو با شەوێکی مێژووی بێ و سوڵح و تەسلیمی خۆتی لەگەڵدا بکە بە بەڵێن و دڵی خۆت بە کەس مەدە تەنها بەخۆی نەبێ...
#اقرأ
وێنەکەش لە سوید گیراوە، بۆ خۆیان گرێیان داوە لە لولەی چەك و بۆ وڵاتان چەك هەناردە دەکەن و گەورەترین کارگەری لوغم لە سویددایە!
منداڵێ لە سویددا بگری لە دایك و باوکەکەی دەسەنن و دەڵێن بۆی خراپ بوویت!
بە هەزارەها منداڵیان لە جیهاندا بێ باوك و دایك نوقسان کردووە و گشت شەوێ بە گریانەوە ڕۆژ دەکەنەوە.
15/05/2024
هەوڵی ئینقیلابی نوێ لە تورکیا!
تەنها ٢ ڕۆژ ڕۆشت بەسەر شیکاریەکی سیاسمدا ئەوەی لە ناوەرۆکدا باسم کردووە دوێنێ شەو لە تورکیا ڕوویدا! بێگومان کۆتاییش نابێ ئەوە.
وتارەکەم بەناونیشانی؛
وڵاتانی ئیسلامی لە نێوان چین و ئەمریکادا
لەناو وتارەکەدا هاتووە؛
تاکە وڵاتێ تا ئێستە بە ئینقیلاب و بە هەڵبژاردنیش چاریان نەکردووە تورکیایە، ئەوەش دەوترێ ئەم دۆخەی ئێستەی فەلەستین داوێکە بۆ تورکیا نراوەتەوە وەك جێگەی مەترسی و قیادەکردن و هەستانەوەی وڵاتانی ئیسلامی، تا ئێستە ئەوە نەتوانراوە بکرێ بەڵام تا ئاستێکی زۆر و هەتا جەماوەریش لاوازکراون ودوور نییە هەتا چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتووشیان لێ نەکەن و ئینقیلاب بەسەر تورکیادا دووبارە بهێننەوە.
لینکی بابەت و هەواڵە نوێکان لەسەر تورکیا لە کۆمێنت دانراوە.
14/05/2024
حیجاب یان نیقاب؟
بەرکوڵ.
مرۆڤ بە گشتی تەمبەڵە، بۆ وەڵامی پرسیار هەردەم (بەڵێ) یان (نەخێر)ی دەوێت، لە هەمانکاتیشدا سەرسەختە، بۆ (بەڵێ) دەڵێ بۆ؟! بۆ (نەخێر)یش دەڵێ بۆ؟!
مرۆڤ حەزی لە شتی ئاسانە، پێی خۆشە بە کەمترین ئەزیەت ئەنجامەکەی دەست بکەوێت، بۆ نمونە بزانێت چاکە یان خراپە، لەمەشدا هەر سەرسەختی تێدایەو دیسان ڕەخنە لە (چاکە) یان (خراپە)کە دەگرێت.
مرۆڤ حەزی لە ئاسانیە، پێی بڵێی ١+١= ٢ یان ٢-٢= ٠ هەربۆیە ئیسلام وەك بیرکاری وایە.
بیرکاری.
بیرکاری کۆکردنەوەو لێدەرکردنی تێدایە، لە هەمانکاتدا دابەش و جاران و حساباتی تری زۆر وردیشی تێدایە، ئەنجامی ئەم جۆرە لێکدانەوانە بە کۆکردنەوەو لێدەرکردن و دابەش و جاران و هەموو زانستی بیرکاریەوە، نکۆڵی تێدا نی یە، چونکە مامەڵەیە لەگەڵ ژمارەدا، بە هەمان شێوە ئیسلام ژمارەیە.
ئیسلام
وەك بەرکوڵەکە خەڵکی (بەڵێ) و (نەخێر)ی دەوێت یان چاکە (حەڵاڵ) وەیان خراپە (حەرام).
وەك بیرکاریەکەش زۆرینەی هەرە زۆری خەڵكی زیاتر هەر کۆکردنەوەو دابەش دەزانێت، زۆرینەی هەرە زۆری مامۆستایانی جیهان ئێستە جەدوەل زەڕبی لێ بپرسە نازانێت، خۆ کێشە لە جەدوەلەکەدا نی یە، کێشە لە مامۆستاکەدایە کە موراجەعەی ناکاتەوە، شتێکی سەرەتایشە حەقە هەموو کەس بیزانێت، ئەگەر وریا نەبیت دەتخەڵەتێنن، من بۆ خۆم تەمەڵم لە بیرکاریدا، بەڵام بای ئەوەندە دەزانم کە خودی خۆم نەخەڵەتێنن، واتە مامۆستای بیرکاری نیم، بەڵام ناهێڵم لە حساباتی بیرکاریدا بخەڵەتێم، دەبێت تاك بۆ خودی خۆی وا بێت.
ئەم ڕۆژانە ڕۆشتم بۆ دوکانێك لە بەریتانیا هەندێك شتم هەڵگرت، دواتر لەبەردەم کاشێرەکە، ئەوەی حسابی دەکات و پارە وەردەگرێت، حسابی کردو وتی ٢٦ پاوەند دەکات. وتم: کوا ڕەسیدەکەم بدەرێ، کە ڕەسیدەکە هەر بە خێرای سەیرم کرد وتم هەڵەیە!
زەرد بویەوە ئافرەتەکە وتی: حسابی بکە بزان وا دەکات یان وا ناکات، هەرکە سەیرم کرد، وتم: بە حسابەکەی تۆ وا دەکات، بەڵام بە حسابەکەی من وا ناکات، وە تۆش هەڵەیت!
وتی: تەلەفۆن دەکەم بۆ بەڕێوەبەرەکە، وتم: ئەوەتا من وەستاوم و ئادەی تەلەفۆن بکە، قەرەباڵغیش لەدواوە دروست بووە، خەڵکانێکیش بە خراپ سەیریان دەکردم، وەك بڵێی ئەم چاوچنۆکە چی یە! تەلەفۆنی کرد، بەڕێوەبەرەکە نەهات، دیار بوو دەیزانی کێشەکە لە کوێدایە، وتی: ئەگەر ناتەوێت دای بنێرەوەو بڕۆ، منیش وتم: بێگومان نایبەم و دەڕۆم، بەڵام بۆ تۆش و ئەمانەش کە خراپ سەیرم دەکەم ڕوون دەکەمەوە، خێزانیشم خەریك بوو دەست بکات بە گریان هەر دەیگوت با بڕۆین ئەوە کەی ئەوە دەهێنێت، منیش وتم: نا.
وتم: خەڵکینە سەیر بکەن کێشەکە لە کوێدایە، ئەمە لیستی شتومەکەکەیە، بۆ نمونە بۆ تەبەقی هێلکە نوسراوە ٦ پاوەند، ئادەی هەمووی بڕوات لە کوێ هێلکەکە دانراوە بزان نرخی چەندی لێدراوە، لەوێ نوسراوە ٤ پاوەند، کەواتە تەنها لە تەبەقێ هێلکەدا ٢ پاوەندی لە من دزی، ئەم دزیە بۆ من نی یە بۆ هەمووتانە، ئێستە هەرکەس هێلکەی پێ بێت لەبری ٤ پاوەند کە بە حسابی ٤ پاوەند خستویەتیە سەلەکەوە، لێرە دەبێت ٦ پاوەند بدات، ئیتر شتەکانی تریش بە هەمان شێوە، مەرج نی یە لە هەموویدا بەم شێوەیە زەق بێت، بەڵام زۆری جیاوازی هەیە لە نرخی ئەوەی کە لێدراوە، لەگەڵ ئەو نرخەی کە خراوەتە سستمی جیهازەکەوە، جیهازەکە درۆ ناکات، ئەمان خۆیان درۆ دەکەن.
وتم ئەگەر ئێوەش بەو شێوە خراپە سەیری من دەکەن و وا دەزانن مەبەستم چەند پاوەندێکە وا نی یە، بەڵام من دەمەوێت نرخی شتەکان خۆی بدەم نەك زیادە! ئەو زیادە گەمژەییە (کورد دەڵێ کەرانەیە).
زیادە
زۆربەی مرۆڤەکان ئەم لێکدانەوە ناکەن، بۆیە لە کۆتایدا دەخەڵەتێن، من گومانم نی یە دوای من، ئەو کەسانەی کە ئەو قسانەم بۆ کردن، دیسان دەڕۆنەوە بۆ ئەو دوکانە، دوای من دوکاندارەکە لەوەیە بڵێ، ئەو کوڕە شێتە، هەموو جارێك وا دەکات، لەوەیە بڵێ دیارە یەك دوو نرخ جێگەکانیان گواستراوەتەوە، بەڵام واش نی یە، چونکە ئەمە دووهەم جارم بوو ئەو قڕە قڕە، جاری یەکەم پێش ماوەیەك بوو خاڵی کێشەکەم پێ وت، وتم بە کچەکە، وتم خوشکەکەم کێشە لە تۆدا نی یە، کێشە لەوەدایە بە چ نرخێك شتەکانی داخلی سستمەکە کردووە، سستمەکەش هەڵە ناکات، لەم نێوەندەدا یارکردن هەیە.
یەکەمجار مەمنونم بوون، بەڵام من موتابەعم کرد چاکیان نەکرد، ئەوە کۆتاییەکەی بوو.
ئەوەندەش کە بتوانم خەڵك ئاگادار دەکەم لەو دوکانەو شتی لێ نەکڕن.
ئەوەی سەرەوە لێکدانەوەیەك بوو بۆ ئەوەی ڕاهێنان بە مێشکت بکەیت و تێبگەیت.
ئیسلام وەك بیرکاری وایە، هەردەم نەتیجەی کۆتایی دروستەو هەڵە ناکات، بەڵام مرۆڤەکان بۆ هەر مەبەستێك نرخێکی جیاوازی لەسەر دەنووسن، ئەوەی نرخی دابوو لە شتومەکەکە جیابوو لەوەی نرخەکەی داخلی سستمەکە کردبوو، سستمەکە خۆی هەڵە ناکات.
داپۆشین
ئیسلام سنوری داناوە بۆ داپۆشینی مرۆڤەکان، ئافرەت بە جۆرێك و پیاویش بە جۆرێك، هەریەكەو بەپێی سروشتی خۆی، بە شێوەیەك شایستەی پێکهاتەو سروشتیان بێت، ئەمەش ئەو پەڕەی دادگەری ئیسلامە، لێرەدا لێکدانەوە بۆ چۆنیەتی و جۆریەتی دەکرێت، هەریەکەو بەپێی جوغرافیای خۆی.
حیجاب و نیقاب؟
١-کۆی دەقەکان و خوێندنەوەی زانایان لەسەر داپۆشینی ئافرەت دەگات بەوەی کە حیجاب، کافیە، دەقەکان تەنها ئەوەندەی داوا کردووە، دەست و دەموچاوی ئافرەت پێویستە بە دەرەوە بێت و دەقاکان ئەوە ناگرێتەوە، واتە ئافرەت هەموو لەشی داپۆشێت و دەست و دەموچاوی بە دەرەوە بێت ئاساییە، هیچ پێچەوانەی شەرعی تێدا نی یەو جێبەجێکردنی ئەو داواکاریەیە کە لێکراوە. (ئەوە باسی کۆی زانایانم کردووە، هەیە وا دەقەکان نابینێت).
٢-هیچ دەقێکیش نی یە ڕێگری لە نیقاب بکات، بڵێ نابێت ئافرەت بە هیچ شێوەیەك نیقاب بکات، ئەوە جێهڵڕاوە بۆ کەسەکان خۆیان، لە چوارچێوەی ئازادیەکاندایە، واتە گەر کەسێك نیقاب بکات پێچەوانەی شەرع نی یە، ئیتر بە چ مەبەستێك دەیکات بەپێی ئەو مەبەستە پاداشتی بۆ دەنووسرێت، گەر ئیستە لە ترسی کۆرۆنا نیقاب، یان دەمامك بکات، ئەوە تەنها بۆ ئەو نەخۆشینەیە، گەر مەبەستی خۆ پاراستنی زیاتر بێت و لەگەڵیشیدا کۆرۆنا، ئەوە بە قەناعەتی من خێریشی دەگات و بۆ نەخۆشینەکەش وەك خەڵکی لێی پارێزراو دەبێت، لێرەدا خێرەکە پەیوەست نی یە بە نیقابەکەوە، پەیوەستە بەو نیەتە قوڵەکەی کە زۆر پێداگرە لە خۆ پاراستن.
٣-یەکەم سەرچاوەی سەرەکی ئیسلام قورئانە، دواتر سونەتی پێغەمبەر ﷺ، دوای ئەوەی کۆڕەوی زانایان، چونکە زاناکان قورئان و سونەتەکە لێك دەدەنەوە، دەوری مامۆستا زیرەکەکە دەبینن، خەڵكی بە گشتی، هەر یەك کۆ یەك یەکسانە بە دوو دەزانێت، کەواتە زانایان لە کۆنەوە تا ئیستە هەمووی حساب بۆ کراوەو بەشێکن لە سەرچاوە، ئەوەش تێگەشتنی دەوێت، چونکە دەکرێت ئەم کۆڕەوە لە جێگەیەکەوە بۆ جێگەیەك جیاوازی هەبێت، هەروەك چۆن نرخەکانیش جیاوازی هەیە، دوای زانایان قیاس دێت و لە دوای قیاس عورف دێت، عورف واتە کەلتوری گەلەکان، عورفیش لە ئیسلامدا دانی پێدا نراوەو دەکرێت وەك هاوتایی لەگەڵ شەرعدا سەیری بکرێت تەنها بە مەرجێك پێچەوانەی دەقێکی شەرعی نەبێت، بۆ نمونە لە کوردستاندا بووە بە عورف بۆ ژن گواستنەوە، شای بکرێت، لە شایدا تێکەڵی دروست دەبێت و دەست دەخەنە ناو دەستی یەك و پاڵ دەدەن بە یەکەوەو هەڵپەڕکێ دەکەن، هەتا لەسەر سەرچۆپی شەڕیش دەکریت! ئەم جۆرە تێکەڵی و بەرکەوتنە حەرامەو دەقی لەسەرە، کەواتە شەرع لەگەڵ ئەم عورفەدا نی یە، بەڵام جلی کوردی پیاوان و تا دەگاتە جۆرەکانی و قاتی مەرەزو کوڵەباڵ و هەمووی، هیچی پێچەوانەی شەرع نیە، لەولاشەوە بۆ جلی ژنان، تا دەگاتە هەوری و جاجم و جۆرەکانی، ئەوەی گرنگە سنوری داپۆشینەکەیە، گەر پیاوێك قاتێکی شاڵی لەبەردابێت و لەسەروی ئەژنۆیەوە کونێکی تێ بکات وەك پانتۆڵی ئەوروپیەکان ئەوە حەرامە، چونکە دروست نی یە ئەو پارچە لە جەستە دەربکەوێت، ئیتر جلی کوردی بێت یان دسداشە وەیان پانتۆڵ بێت، جلی ئافرەتیش بەناوی کوردی و هەر مۆدیلێکەوە جگە لە دەست و دەموچاو هەرکوێ تر دەربکەویت حەرامە، لە هەر جێگەیەکدا بو بە عورف دەموچاو دەبێت داپۆشیت، لەو جێگەداو بەو پێیەی کە عورف سەرچاوەیەکە لە سەرچاوەکانی شەرعیە، دەکرێت وەك واجب لەویدا سەیر بکرێت، چونکە مادام هەمووی پێوەی پابەندەو پێچەوانەی شەرعیش نی یە، دەبێت ئەو ئافرەتەش پێوەی پابەند بێت، وەك بۆ نمونە یەمەن. چونکە لە بەشێکی زۆری یەمەندا نیقاب نەکردن جۆرێکە لە حەیا چوون، ئەگەر کەسێك نیقابی نەبێت هەرکە ڕۆشتە دەرەوە وەك شتێکی سەیر هەمووی سەیری دەکات.
٤-گەر جوانی ئافرەت بوو بە مایەی فیتنەو لە جێگەیەکدا خراپە زۆر بڵاو بویەوەو، گەنجەکان پابەندیان بە شەرعەوە لاواز بوو، بە ئەزمون دەرکەوت ئەم جۆرە دەرخستنە زیانی هەبووە، دەکرێت لەم حاڵەدا نیقاب بکرێت، ئیتر دەکرێت تەنها بۆ یەك ئافرەت بێت لە گوندێکدا کە گەنجەکانی وەك گورگ چاویان زاق کردبێتەوە لە ئافرەت و ئەمیش بەم شێوەیە هەم خۆی بپارێزت و هەمیش عقوبەی ئەوان بدات، تا بەشکومە خوایە یەك دوانێکیان بتەقنەوە.
٥-بە پێچەوانەی خاڵی چواریش، گەر نیقاب بوو بە مایەی ئەوەی ئازار بە ئافرەتەکە بگەیەنێت، وەك لە هەندێك ناوچەی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکادا دەرکەوتووە، ئەوا نیقاب لەو حاڵەدا حەرامە، تا بەهۆی ڕەگەزپەرستیەوە لەبری نیقابەکە حیجابەکەشی دانەکەنن و ئازاری پێ بگەیەنن.
٥-ئەوانەش کە کڵاو، یان کڵا و لەگەڵ مل پێچ بەکار دەهێنن لەبری حیجابدا، وەك بۆ نمونە لە فەرەنساو بەلجیکا خۆم دیومەو دانیشتووم لەگەڵیانداو موناقەشم کردووە، ئەم جۆرە داپۆشینە ناچێتە چوارچێوەی حیجابەوە بە گشتی، بەڵام مادام مەترسیەکی لەسەر هەیەو بەم شێوە پارێزگاری لە خۆی دەکات، ئومێد دەکەم مەعزور بن و تاوانیان نەگات، ناڵێم ئەوە حیجابە، بەڵام من وەك عوزرێکی مەقبول دەیبینم. (کە کڵاوەکان گەوریەو بە جۆرێکی هونەری لەگەڵ جل و شتومەکەکاندا دەیگونجێنن و خۆشیان دادەپۆشن، مەبەستیان خۆداپۆشینیشە لە نیەتیاندا نەك مۆدیلات).
ئەوە تێگەشتن و لێکدانەوەی منە بۆ کۆی ئەم باسە، ئەوەش بزانە، من نە موفتیم و نە حەزم لە فەتوایە، نە خۆشم بە ئەهلی ئەوە دەزانم، تەنها کۆکراوەکان هەموو بەو شێوە دەبینم و نقڵم کردووە.
پێویست بوو بە پوختی و گوشراوی و گشتگیری ئەوەندەی لەسەر بڵێم، بۆ کەسانێك تا هەندێك زیاتر وردببنەوەو خاڵی تێگەشتنەکەیان بەهێز بکەن، بە پوختیش لە چەند دێڕێکدا کورتی دەکەمەوە بۆ کەسانێك بیانەوێت تەنها ئەوە لای خۆیان بڵاو بکەنەوە کە:
١-حیجاب واجبە.
٢-نیقاب سەرپشکیە (مباح) بەپێی دۆخەکە دەگۆڕێت بۆ واجب، یان هەتا حەرام.
ئافرەتان پێویستە هەم گوێ لە زانایان بگرن، هەمیش لە مێردو کەسوکارەکەیان، گەر زانایان لە جێگەیەکدا داوایان کرد نیقاب بکەن، ئەوا نیقاب بکەن، گەر وتیان مەیکەن، ئەوا مەیکەن، جگە لە حاڵەتە زۆر تایبەتیەکان نەبێت، گەر مێردوو کەسوکاریش داوای نیقابیان کرد، بە قسە کردنیان خێرە، گەر داوای لابردنی حیجابی کرد لێتان، ئەوا نابێت بە هیچ شێوەیەك بە قسەیان بکەن، چونکە حیجاب ئەمری قەطعی شەرعە، ئەمری قەطی خوای گەورەو پێغەمبەرەکەی لە پێش هەموو کەس و شتێکە.
ئیسلام وەك بیرکاری وایە، تەنها بە لەبەرکردن نابێت، پێویستی بە تێگەشتنە.
---
12/05/2024
وڵاتانی ئیسلامی لە نێوان چین و ئەمریکادا
شەڕ و پێکدادانەکان هەر جارە و لەلایەکەوە دەتەقێتەوە لەلایەن هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و چینەوە، ئەمریکا و چینیش وەك ٢ زلهێزی دژ بەیەك تا ئێستە خۆیان بوراندووە لە بەرکەوتەی ڕاستەوخۆ!
بەرەی چین کە زیاتر بریتین لە؛ ڕووسیا و کۆریای باکور و ئێران تەحەدای گۆڕینی جیهان دەکەن (بەرە شەڕکەرەکان).
بەرەی ئەمریکاش کە بریتین لە؛ ئەوروپا و وڵاتانی ئیسلامی بە گشتی،کە مەشهورە بە بەرەی دیندار، کە مسوڵمان و مەسیحی و جولەکە بەرامبەر بەرەی چین کە شوعین و بەرە بێ دینەکەیە (جگە لە ئێران).
وردە وردە دۆخەکە لە شەڕی بەرامبەر نزیك دەبێتەوە و چین ئێستە زیاتر خۆی ئامادە دەکات و بە سەفینە ئیملاقەکەیەوە بەناوی ''شاندونغ'' خۆی عەرز دەکات لە زەریای هادی دا!
شەڕەکان زیاتر لە هەیمەنەی بازرگانییەوە سەرچاوەی گرتووە و بۆ پارێزگارییە لەو پێشڕەویانەی لە بواری وەبەرهێنان و تەکنەلۆژیادا بەرهەمیان هێناوە.
بەرە ئەمریکیەکە لەناو خۆیدا پێکدانانی زۆری تێدایە و بە جۆرێ لە جۆرەکان شێواوە، وەك دەبینین شەڕی نێوان قەوارەی داگیرکەر و فەلەستین تا بێ زیاتر دەبێت و گەلەکۆمەکی گەورە بە هاوکاری ئەوروپا بۆ سەر کەرتی غە.ز.زە بەردەوامە، جگە لەوەی متمانەی وڵاتانی شەرقی و مسوڵمان بە ئەمریکا لاواز بووە و تەنها بەزۆر بەشێکی قیادی وڵاتانی شەرقی پشتگیری ئەمریکان، ئەوەش بە ستەم و زۆرداری لەگەڵ گەلەکانیاندا و شەقامی شەرقی لەگەڵ ئەمریکادا نەماوە، سەرەڕای ئەوانەش چین پێی خۆی زیاتر داکوتیوە و ڕێکەوتنە بازرگانیەکان تا بێ زیاد دەکات و بازاڕی چینی دەستی بەسەر هەموو جیهاندا گرتووە!
لەم نێوەندەدا وڵاتانی ئیسلامی خێریان نە لە ئەمریکا و نە لە چین نەبینوە و ئەم ١٠٠ ساڵەی ڕابردوو هەردوو بەرەکەیان تاقیکردووەتەوە، چین لە کۆندا زاڵمتر لە ئەمریکا وێرانکاری کردووە و لە ئێستەدا نەرمتر مامەڵەکە دەکات و توانای تەکنەلۆژیا و هەناردەی بووە بە فشارێکی سیاسیش، ئەمریکاش لە ناوچەکەدا پیر بووە و لە نێوان ئەم دوو هێزەدا کاتی لەدایك بوونی هێزی سێهەم هاتووەتەوە بوون، بۆ ئەوەی چیتر نەبن بە قوربانی هیچێك لەو هێزانەو بۆ خۆشیان ببنەوە بە هێزێکی ڕکابەر و لانی کەم پارێزگاری کردن لە کیانی خۆیان، لەسەروی هەموویەوە جێگە پیرۆزەکان کە ئەمە ١٠٠ ساڵە بێڕێزی پێدەکرێ لەلایەن ئەوانەی کە هاوپەیمانین لەگەڵیاندا کە وەك بەرەی دینی هەژمارکراوین پێکەوە.
ئەو هەستانەوەی کە لە شەرقدا دروست بوو بەناوی دژی زاڵمەکان و کە لەگەڵ ئەمریکادابوون زۆر ترسان لەوەی کە بەرەکە ڕۆحی دینی بە بەردا بکرێ یەکسەر ناویان لێنا بەهاری عەرەبی، بە ڕۆشتنە سەر دەستەڵاتی دکتۆر مورسی دەرکەوت بەهارەکە عەرەبی نەبوو بەڵکو ئیسلامی بوو، یەکسەر گشت ولاتان ڕێکەوتن و ئینقلابیان بەسەرداکرد و باکیان بە خوێنی خەڵك و ناشەرعیەتیش نەبوو وە زۆردارتر لەسەردەمی موبارەك بەزۆر خۆیان دووبارە سەپاندەوە، خەڵکیش تا بێت زیاتر هۆشیار دەبێ و بۆیان دەرکەوتووە ئەمەی کە ناوی لێنراوە دیموکراسی تەنها ناوێکی بێ ناوەرۆکە و تا ئەو جێگە قبوڵیانە کە هەر خۆیان بن، چونکی مورسی بە هەمان سیستم هاتە سەر حوکم و نەیانهێشت دەوری خۆی تەواو بکات، پێش ئەویش حە.ماس کە هاتنە سەر حوکم قبوڵیان نەکردن و ئەم ئاگر و ئاسنەیان چەسپاند بەسەریاندا تا ئێستە، پێشتریش نموونەی تری هەمان سیستمی بەناوی دیموکراسی ئیسلامیەکان هاتوونەتە سەر حوکمی و یەکسەر گەلەکۆمەکیان لێکراوە، لە هەر لایەکەوە بۆنی هەستانەوەی ئیسلامی دروست ببێ هەرچی هێزیانە بەکاری دەهێنن بۆ سەرکوت کردن، وەك لە پاکستان و هەڵسوکەوتەکان لەگەڵ عیمران خاندا بینرا.
تاکە وڵاتێ تا ئێستە بە ئینقیلاب و بە هەڵبژاردنیش چاریان نەکردووە تورکیایە، ئەوەش دەوترێ ئەم دۆخەی ئێستەی فەلەستین داوێکە بۆ تورکیا نراوەتەوە وەك جێگەی مەترسی و قیادەکردن و هەستانەوەی وڵاتانی ئیسلامی، تا ئێستە ئەوە نەتوانراوە بکرێ بەڵام تا ئاستێکی زۆر و هەتا جەماوەریش لاوازکراون ودوور نییە هەتا چاوەڕوانی هەڵبژاردنی داهاتووشیان لێ نەکەن و ئینقیلاب بەسەر تورکیادا دووبارە بهێننەوە.
بەڵام لێرەدا ئەوە گرنگ نییە کێ قیادەی وڵاتانی ئیسلامی دەکات لە نێوان ئەم ٢ زلهێزەدا، ئەوەی کە گرنگە خواستنی شەقامەکانیانە هەستانەوەیە لەم نێوەندەدا، کێ کوڕی ئەو مەیدانەیە پێویستە بێتە مەیدانەوە، گەر کوردێك بێت وەك سەرکردە سەلاحەدین بێ ئەوا مسوڵمانان بە گشت نەتەوەکانەوە دوای دەکەون و ڕەگی قەومچێتیش لەبن دەردێنن، گەر تورکێکی وەك عبدالحمید بێ بە هەمان شێوە، یان قاعیدێکی عەزیم و گەورەی عەرەب بێ وەك عومەر هەمووی بە شانازییەوە دوای دەکەون.
ئەوەی کە گرنگ و پێویستە بزانرێ و دانیشی پێدابنرێ ڕۆحیەتی ئیسلامی بەم هەموو ئاگر و ئاسنەی قەڕنە نەتوانراوە بمرێنرێ و بە پێچەوانەوە بەهێزتر بووە، پێچەوانەی دینەکانی تر کە بوون بە کەلتور و پەرستگاکانیان بوون بە مەدحەف و تەنها بۆنە ساڵانەکان، ئێستەش مزگەوتەکان هەردەم و هەمیشە و لە گشت جێگەکان کێشەی نەبوونی و تەسك و تروسكی و جێگەیان هەیە و لە بۆنەکانیشدا بە تایبەتی هەتا شەقامە سەرەکیەکانیش دەگرن.
وڵاتانی ئەفریقی بە شێوەیەی سادە و لەژێر دەستی کەسانی سادەشدا وا وردە وردە خەریکە خۆیان بە تەواوەتی ڕێك دەخەن و فەرەنسا و هەیمەنی غەربی لە وڵاتانیاندا ناهێڵن و دەستەکان کەشف بووە و هۆشیاریان بۆ دروست بووە و چیتر بە شیعارە درۆینەکان ناخەڵەتێن.
ئەوەی پێویستی شەقامی گشتیشە هەمان تێگەشتن و هەمان ڕۆحیەتە...
هەستانەوەی وڵاتانی ئیسلامی لانی کەم بەرەی ٢ جەمسەری جیهان دەکات بە ٣ و هەر خۆیان بە خۆیان بەبێ هاوپەیمانی غەیرەی ئیسلامی و هەتا غەیرە دینی ئیسلامیش خۆیان ئەوەندەن حساب بۆکراوبن، لە ڕووی ئابووریشەوە ناوچەکانیان دەوڵەمەندیتن ناوچە و خاکن.
24/04/2024
دکتۆر حەسەن پێنجوێنی
تەکنەلۆژیا و زۆری کەرەستەکانی بەردەست و کرانەوەش بەڕووی دونیادا وایکردووە چیت بوێ بە ئاسانی دەستت بکەوێ.
لە کۆندا وتراوە گرانی باشە قاتی خراپە، گرانی ئەوەیە شت هەبێ بەڵام قیمەتەکەی زۆر بێ، ئەمما قاتی ئەوەیە گەر پارەشت هەبێ سودی نەبێ چونکی دەستناکەوێ.
لەسەردەمی هەم گرانی و هەمیش قاتیدا کەسانێ خۆبەخشانە و لەخۆبوردانە بەرهەمیان دەخستە بازاڕەوە و ئاوی دڵی چینە مسوڵمانەکەی دەدا، لە قاتی پاراستینی و کێشەشی لەگەڵ باخەڵماندا نەبوو، بە جۆرێ ئاوی دڵەکانی دەدا لەزەتی پاراویەکەش بە ئێستەشمانەوە دیارە...
ئەوان تەکنەلۆژیا و کەرەستەی سەردەمی خۆیان بوون.
زۆربوون ئەوانەی لەگەڵ بەردەستبوونی تەکنەلۆژیادا ونبوون و نەمان، بەڵام دکتۆر حەسەن پێنجوێنی یەکێ لەو دانسقانەی کە هەوڵەکانی بە ٢ سەردەمی جیاوازەوە گرێدا، لەگەنجیەتیدا بە توانای گەنجییەوە بازاڕی بە بەرهەمەکانی دەڕازاندەوە، لە پیریەتیشدا دانەبڕا و بەهەمان هەوڵ و تواناوە ڕووبەری سایتەکان و تۆڕەکانی بۆ پڕکردینەوە.
زۆرن ئەوانەی کە دێنە مەیدان، کەمن ئەوانەی تا کۆتایی دەمێننەوە.
دکتۆر حەسەن پێنجوێنێ یەکێ لەوانەی کە جیاوازانە مایەوە.
#اقرأ
#زانایان
وێنەکەش ٢٣/٠٤/٢٠٢٥ لە شاری سلێمانی لە مەراسیمێکی تایبەت بە مامۆستای ناوبراو بەناوی قەڵەمێکی ماندوو بەڕێوەچوو.
سوپاس بۆ گشت ئەو بەڕێزانەی کە حزوریان هەبوو.
24/04/2024
ئیعلامی پارتی بە دەستی پارتیەوە نەماوە!
چ مەعقولە ئیعلامی پارتی کە حیزبی مەلای یەو سوکایەتی بە مەلا بکات.
مەلا دەکرێ وەك هەرکەسێکی تر توشی زینا و پیاوکوشتن و دزی و هەموو خرایەكیش ببێ، ئیسلامیش کە عقوبەی داناوە جیاوازی نەکردووە لە نێوان مەلایەك و نوێژ خوێنێکدا، وەك چۆن هەمووکەس یەکسانە لە پاداشتدا هەروەها یەکسانیشە لە عقوبەدا!
لاشم سەیرە میللەتێکی مسوڵمان ئەوەندە کاتی خۆیان دەدەن بەم جۆرە کەناڵانە، لە ئێستەدا هیچ بیانویەك بۆ هیچ کەسێ نییە کاتی خۆی بدات بە کەناڵی خراپ، لە کاتێکدا دەیان کەناڵی زۆر باش و بەسود هەیە، کە بە پارەی حەڵاڵ و لەسەر شانی خێرخوازان بەڕێوەدەچێ، بە ئومێدی ئەوەی سود بە ئێوە بگەیەنێ و ئەوانیش خێرێکیان دەست بکەوێ، بەڵام میللەت ئەو کەناڵانە زۆرتر سەیر دەکات کە خاوەنەکانیان ژیانی ئەم میللەتەیان تێکداوە!
ناشکرێ هەرچی لەوێ بوروژێنرێ ببێتە ڕای شەقام و خەڵکی پێوەی سەرقاڵ ببێ، سەدان کەیسی گرنگ هەیە لەم وڵاتەدا کە پێویستە بە جدی و ڕاشکاوی قسەی لەسەر بکرێ، نەك بە مەجهولی هەردەم و هەمیشە سیناریۆیەك بنوسرێ و دواتر لەسەر درۆ بە ڕاستی قسە بکرێ!
لە پێش ئیسلامدا دەیان جۆری زەواج هەبووە، ئیسلام هەمووی ئیلغا کردەوە جگە لەم زەواجە ڕەسمیە نەبێ، کە بە ئاشکرا و بە وجودی وەلی ئەمر و شاهید و خەڵك و بە خۆشی بۆ کردنیش بە ئاشکرا هێڵایەوە، ما باقی زەواجەکان هەموو تەئویلات و دەستی غەرب و حەزی نەفسیە بە سود وەرگرتن لە ئایات و ئەحادیسی موتەشابیهو لێکدانەوەی خراپ بۆیان.
زەواجی مسیار زەواجێکی غەربیە و تەنها ناوەکەیان گۆڕیوە.
زیاتر لە ١٠ جۆر زەواجی درۆینەیان هاوردەی ناو کۆمەڵگەی ئیسلامی کردووە بەناوی دینەوە و هەمووی هەواو ئارەزووە و هیچی تر.
لە وەرزی (ئێمە و ئەوان) کە زنجیرەیەکە لە زنجیرە بابەتەکانی ( )و لە ( )وە بڵاو دەبێتەوە بینەری بن، هەمووی بە وردی لەوێ باسی لێوە دەکرێ.
18/04/2024
لە هەرچی شتە تێربووم تەنها خۆت نەبێ.
01/04/2024
ناکرێ وەك قارون بژیت و وەك حەسەنی بەصری قسە بکەیت
دزی و فزی و هەتا هیچ خراپەیەك نەماوە نەیکا بۆ ئەوەی خانووەکەی و سەیارەکەی تۆزێ گەورەتربێ، کەچی لەولاوە ئامۆژکاری مسوڵمانان دەکات و دەڵێ؛ نابێ مرۆڤ لە پێناو دەستکەوتدا خوا بپەرستێ و بۆ بەهەشت بێ!
ئەو قسە ئەگەر متەصەوفێك بیکات کە هەموو ژیانی زاهیدانە بووە دەبێ، ئەمما بۆ تۆ نابێ قوربان، چونکی تۆ کۆشکەکە بە پارە دزی و سەروەتەکەت هەمووی بە زوڵم کۆکردووەتەوە.
موچەکەت لەسەر حسابی فەقیر و فوقرایە و ئەو جێگەش کاری لێ دەکەیت دینارێكی حەڵاڵ نییە کە وەری دەگری!
بۆ تۆ بۆ ڕەوایە بە حەرام بۆ دەستکەوتێکی کەمی دونیا هەموو ژیانتی لە پێناودا دابنێی، بۆ مسوڵمانێ بۆ ڕەوا نییە بە حەڵاڵی کاربکات و سنوری شەرع نەبەزێنێ و بەهەشتی دەستکەوێ، بەهەشت دەستی کەسێ ناکەوێ خوای گەورەی خۆشنەوێ، سنورنەبەزاندن و بەحەڵاڵ ژیان ئەوە هەمووی خۆشەویستی خوای گەورەیە، نە ڕۆشتنە بەرەی ستەمکارەوە بۆ موچەیەکی چەور ئەوە خۆشەویستی خوای گەورەیە، هەموو کارێکی مسوڵمان کە لە چوارچێوەی شەرعدا بێ هەمووی خۆشەویستیەتی بۆ خوای گەورە.
تۆ بۆ دونیا خۆت نەگرتووە و گشت سنورێکت بەزاندووە خێرە لە مسوڵمانیش بوویت بە موفتی و هەر لە ئێستەوە ناڕەزای دەردەبڕی لە دەستکەوتێ کە مسوڵمان لە قیامەتدا وەری بگرێ.
ئەو کۆشکەی ئێستە کە تۆ تێیدا دەژیت دەبێتە ئاگر و لە قیامەتدا ئاگرەکەی زۆرتر پێ گەرم دەکرێ بۆت گەر سود لەم دەرفەتەی ژیانت کە ماوە وەرنەگری.
ناکرێ وەك فیرعەون و قارون بژین و وەك حەسەنی بەصری و سوفیانی سەوری و جەلالەدینی ڕوومی قسە بکەن!
24/03/2024
مزگەوت ئاوێنەی مسوڵمانە.
ڕۆجە غارۆدی
22/03/2024
عێراق لە نێوان ئێران و تورکیا و هاوڵاتیانی خۆیدا.
کوژراوەکانی مۆسکۆ ٤٠ی تێپەڕاند و قوربانیەکانیش بە سەدان!
ئۆکرانیا ڕەدی دەکاتەوە کە هیچ دەستێکی تێیدا هەبێ و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەمریکا شۆك و نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن!
مەترسیەکان لەوەدایە گەرچی جوزئیش بێ شەڕ پروشکەکانی گەشتووەتە ناو پایتەختی ڕووسیا و ئەمەش یەکەمجار نییە.
پوتن زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوەتەوە و زامنی کورسیەکەی کردووەتەوە بۆ ماوەیەکی درێژ.
هەنگاوە نێودەوڵەتیەکان بەڕووی شەڕدا وردە وردە پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە و عێراق بە کوردستانیشەوە لە هیچ مەحەلێکی ئیعرابدا نین و ئاگایان لە دونیا نییە لە موچە نەبێ!
ئێران تا ڕادەیەکی زۆر تۆکمەیە و زۆر وریایانە دەجوڵێتەوە و لە هەر لەحزەیەکدا بە دەنگە زوڵاڵەکەی(حاجی صادق ئاهنگران) بە ملیۆنان خۆبەخش دەنێرێتە پێشی پێشەوەی جەنگەوە، چەکی پێشکەوتووی خۆشی هەیە.
تورکیا گەرچی بووە بە دووبەرەی زەق لەناوخۆدا و تەمویلی غەربی بۆ بەرەی موعارەزەیە، بەڵام بەرەی دەستەڵاتیش هێز و فکری دینی لەناوخۆدا بەهێزکردووە و مەدارسە دینیەکان تا ڕادەیەکی زۆر بەهێزن و دەستەکانیشیان لە غەربدا بێلایەن نامێننەوە و ئەڵمانیاش ترسێکی گەورەی لێ نیشتووە و خۆی بۆ ئەگەرێکی لەناکاودا ئامادە دەکات!
وڵاتانی پشتگیری ئیسرائی.ل و وڵاتانی بێدەنگیش لە ئاست غەز.زەدا هیچ ناکرێ بەم شێوەیە بمێننتەوە.
چینیش هێمنانە و لە دوورەوە زۆر ئاقڵانە یاری بە پەتەکان دەکات.
ئێمەش کێشەی گەورەمان ئەوەیە سەرفترەی ئەم ڕەمەزانە بە خواردن بیدەین یان بە پارە و بۆچی نیصابی زەکاتی کەمی کردووە لەچاو پاردا...
کورد جگە لەوەی کە خۆی هیچی پێناکرێ، ناشتوانێ هاوسەنگانە مامەڵە بکات و دوور نییە وەك ئۆکرانیامان لێ بەسەر نەیەت (لێکچوونی زۆر لە نێوان زیلینسکی و سەرکردە کوردییەکاندا هەیە، میللەت دەکەن بە قوربانی خواستەکانی ئەمریکا).
ئاگرەکە وردە وردە نزیك دەبێتەوە و هەریقەکانمان ئاوی تیا نییە و کارمەندەکانیش لەبەر بێ موچەیی لە غەمی موچەکانیاندان وەك لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
هاوسەنگی دووبەرەی ئەم جیهانە تێکچووە، بە تایبەتی ئەمریکا ناتوانێ پارێزگاری لە بەرەکانی خۆی بکات، گەرچی چین زۆر ژیرانە مامەڵە دەکات و بەرەکەی خۆی فراوانکردووە و ئێران بە ڕادەیەکی زۆر تەواو چووەتە ئەو بەرەوە، گەرچی بەرەی وڵاتانی ئیسلامی لە ئێستەدا لاوازە بە تایبەت دوای دوورخستنەوەی عمیران خان سەرۆکی پێشووی پاکستان، بەڵام هەر ئەگەرێکە لە نێوەندەکەدا، سعودیەش لەبری مەیلی بۆلای وڵاتانی ئیسلامی کەچی خەریکی دڵدارییە لەگەڵ چیندا.
ئەوەی کە زۆر کێشەیە هیچکێ لە بەرەکان پوختی تەواوی تێدا نییە و هەریەکە و بریتییە لە تێکەڵەیەك لە چاك و خراپ.
بەرە دینیەکەی ئەمریکا بە مەسیحی و مسوڵمان و جولەکەوە فەشەلی هێناوە و چیتر ئەم دینانە یەك ناگرنەوە بەرامبەر بە چین، گەرچی مەترسی چین زیاترە لە ئەمریکا.
لە هەموو ئەم نێوەندەدا کوڕ ئەو کوڕەیە بتوانێ بەرەیەكی بەهێز بۆ خۆی دروست بکات و ئەوەی کە ڕوونە چیتر دونیا بەسەر ٢ هێزدا دابەش نابێتەوە و بەشی زۆرتری لێ دەبێتەوە و لەو بەشانەدا بەرەی ئیسلامی گەرچی فروانیش نەبێ بەڵام هەر ئەگەرێکی بەهێزە، چونکی وڵاتانی ئیسلامی ئەم ١٠٠ ساڵەی ڕابردوو هەردوو بەرەکەی تاقیکردووەتەوە و خێری لە هیچکامیان نەبینیوە.
22/03/2024
کە مێژوو دەینووسێتەوە گشت جیهان گەلەکۆمەی کردووە لە کۆمەڵێکی چەکداری کەم لە سنورێکی بچوکی وەك غەز.زەدا و چەندین مانگ درێژەی کێشاوە و سەریش نەکەوتوون بەسەریاندا کەس باوەڕناکات ئەوسا!
چون ئەمەی ئێستە ڕوودەدات زۆر نا لۆژیکییە، تەنها ئیمان دەتوانێ پێناسەی بکات.
خوایە گیان هێزی تۆ لەسەر و گشت هێزەکانەوەیە و ستەملێکراو بەسەر ستەمکاراندا سەربخەی.
21/03/2024
نەجاشی (عبد العظيم عبد الحق)
وانازانم کەسێ هەبێ و وێنەی یەکەم کە بەڕیش و قژی درێژەوەیە ببینێ و نەیناسێ کە لە فیلمی ڕیسالەدا دەوری نەجاشی دەبینێ.
نەجاشی ئەکتەرێکی ناوداری میسریە بەناوی عبدالعظیم کە دەوری پاشایەکی مەسیحی دەگێڕێ، خۆی مسوڵمان بووە و گرنگی زۆر بە قورئان داوە و هەموو قورئانیشی لەبەر بووە.
ئەو پیاوە مەزنە بوو لە ڕێگەی فیلمی ڕیسالە و عومەر موختارەوە ئیسلامی بە جیهان ناساندەوە، بە فیلمی ڕیسالە ڕۆحی ئیمانی و ئەخلاقی نیشانی جیهاندا و بە فیلمی عومەر موختار ڕۆحی شۆڕشگێڕی و بەرهەڵستکاری داگیرکاریەکانی غەرب لە وڵاتانی ئیسلامیدا.
عبد العظيم عبد الحق لە ساڵی ١٩٠٥ لە میسر لە دایك بووە و هەر لە میسر لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا لە ساڵی ١٩٩٣ کۆچی دوای کردووە.
خوای گەورە لەو و لە مستەفا عەقاد خۆشبێ.
#اقرأ
21/03/2024
بەخۆشی خۆم هاتووم، بەزۆریش ناڕۆم.
15/03/2024
مامۆستا مەلا عبدالحمید خۆراسانی
بەرکوڵێکی پێویست
قۆناغەکانی فێربوونی زانست یەکەمجار لە بێدەنگییەوە دەستپێدەکات، ئەوسا گوێگرتن، دواتر لەبەرکردن، ئینجا کارپێکردن، وە لە کۆتاییدا بڵاوکردنەوە (دعوة).
#اقرأ
لەمڕۆدا زۆرن ئەوانەی کە نازانن بێدەنگبن، وە گوێناگرن و لەبەرکردنیشیان نییە و تەنها پشت بە گووگڵ دەبەستن، وە دونیای کار و دەعوەشیان تێکداوە و خۆشیان لەسەرووی هەموو ئەوانەوە دەبینن و فەتواش دەدەن!
گرنگە تێگەشتن بۆ ئەو پلەبەندییە دروست ببێ و بە نەفسێکی ئارامەوە هەوڵ بۆ فێربوون بدرێ، ئاخر کەم نییە ئەوە، چون پەیوەستە بە خێری زۆر و ویست و خۆشەویستی خوای گەورەوە، وەك پێشەوامان درودی خوای لەسەر بێ دەفەرمووێ؛ (مَنْ يُرِدِ اللهُ بِهِ خَيْرًا يُفَقِّهْهُ في الدِّينِ).
زۆرن لە جیهانی ئیسلامیدا بە حەماسێکی زۆرەوە و بەجۆش و خرۆش دێنە پێشەوە، بەڵام کەلێن لە پلەبەندییەکانیاندا هەیە، بۆیە ناتوانن بەردەوام بن.
لەبیرم ناچێ کاتێ کە فەقێ بووم فەقێیەکمان تێدابوو دەیگووت؛ من کە ئێستە بەم شێوەیە دەخوێنم بۆ ئێستەم نییە! (زۆر خۆی ماندوو دەکرد).
ئێمەش وتمان ئەی بۆ کەیتە؟
ئەویش وتی؛ بۆ ٣٠ ساڵی تر.
ئێستە وا نزیك دەبێتەوە لە ٣٠ ساڵ بەسەر ڕۆشتنی ئەو قسەیەدا و کابرای قسەکەر لە زەمینەی دەعوەدا کاراکتەرێکی زۆر باشە، لەگەڵ ئەوەدا زۆرمان لەگەڵ بوو ئێستە نەمان.
فێربوون پرۆسەیەکی قوڵ و دوور و درێژە، هەتا بە شەهادەش نییە و شەهادە تەنها بەڵگەی سەرەتاییە بۆ کار، وە کارپێکردن پرۆسەیەکی زەحمەتە، خۆگرتنەوە لە زۆر حەز و ئارەزووات، بڵاوکردنەوە لەسەر بنەمای زانست و ئەزموونکراو یەکجار تاقەت پڕوکێنە، کەمن ئەوانەی توانای بەرگەگرتنیان هەبێ و بەردەوامبن، زۆرم دیووە لە ژیاندا لەیەکێ لەو قۆناغانەدا پاشەکشەی کردووە.
کەسێ کە مۆفەق دەبێ لە گشت ئەوانەدا نیشانەی ویست و خۆشەویستی خوای گەورەیە بۆی، بۆیە ئەو کەسانە موبارەکن، هیچ نەنگی نییە و پێچەوانەی شەرعیش نییە کە گەشتی پێیان دەستیان ماچ بکەیت، شیرك و تەعزیم نییە، خۆشەویستی و تەقدیر و مەحیبەتە.
دەستێ هەموو ڕۆژێ قورئان بگرێ و لە خزمەتیدابێ شایەنی ماچ کردنە، پێغەمبەرمان درودی خوای لەسەر بێ دەستی کرێکارێکی بەرز دەکردەوە و تەقدیری بۆ دادەنا کە لە کرێکاریدا شەق و زبر بووە، ئەی دەبێ دەستی کەسێ چەند بە قەدر بێ کە کەلیمەی خوای گەورە بەرز دەکاتەوە و دڵی بۆ دینەکەی شەقار شەقار بوبێ.
مامۆستا مەلا عبدالحمید یەکێ لەو پیاوە موبارەکانەیە، هەر بە پاکی و هەر بە چاکی لە سەرەتای ژیانەوە هێناویەتی، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنیدا بە رۆحێکی بەرز و زانست و وەعیەکی فراوانەوە تا ئێستە بەردەوامە، بەردەوامیش بەجۆرێ لەگەڵ زانستەکەیدا وەعیەکی گرنگ و پێویستی کۆمەڵگەی پێیە، وتارەکانی گشت بنەماو چەمکەکان لەخۆی دەگرێ و گوێگر ئاراستەی هەم زانست و هەم وەعی ئیسلامی و جیهانی دەرەوەش دەکات (کە ئەم ئاراستە زۆر گرنگە، چونکی زۆرن ئەوانەی بێ ئاگا کە چ دەگوزەرێ لە جیهان و بە تایبەتی جیهانی ئیسلایدا)، بەو تەمەنە و بەو رۆحیەتەشەوە بەبێدەنگیش پەیامی تیایە و هورە و وزە بە چواردەوردا دەبەخشێتەوە.
مامۆستا عبدالحمید و گشت بنەماڵەکەیان سومبولێکی جوان و گەورە و پەیامداری ئەم میللەتەن.
خۆشەویستیەکی زۆر و تایبەتم هەیە بۆ تەواوی ئەم بنەماڵە بەڕێزە هەیە، خوای گەورە هەردەم و هەمیشە گشت وەچەکانیش مۆفەقکات بۆ خزمەتکردنی ئەم پەیامە پاکە.
#زانایان
هەر یەکێکیان و لە هەر جێگەیەکدا بووبن هیچ دۆخێ نەیتوانیوە لە کار بیانوەستێنێ.
ئەم جۆرە کەس و بنەماڵانە شایستەی ڕێز و تەقدیرێکی زۆرن.
سوڵتانەکانی عوسمانی لەگەڵ وەزیفەی کاروباری دەوڵەتیشدا دەبوایە پیشەیەکی تریشیان هەبوایە، بۆ نموونە سوڵتان عبدالحمید (عبدالحمید الثانی Sultan Abdülhamid II) پیشەی نەجاڕیشی هەبوو، هەتا ئەوەندە کارامەش بوو لە نەجاڕیدا لەناو کۆشی یەلدزدا کارەکانی عەرز کراوە.
مامۆستا مەلا عبدالحمیدیش لەگەڵ کاری بانگەوازیشیدا پیشەی خەیات بووە (ئێستە چاوی کز بووە خوای گەورە بۆخۆی بیپارێزێ) لەبیرم ناچێ سەردەمی بەعس قاتێکی بۆ دووریم ئەوەندە تایبەت بوو یەکەمجارم بوو لەو جۆرە قاتە بەو شێوەیە لەبەر بکەم، جگە لە قات و مەراخانیەکە هێلەکێکیشی لەگەڵ بوو.
خۆزگە بانگەوازکارانی ئەم ڕێگەیەش هەردەم لەگەڵ کاری بانگەوازیدا هەڵگری پیشەیەك دەبوون و عەیبیان لێنەدەهات و لەسەر پیشەی خۆیان دەژیان، فکری چەپی داگیرکاری پیاوانی ئاینی جیاکردەوە لە کۆمەڵگە بەناونیشان پێدانی تایبەت و جلی تایبەت و تایبەتکردن بە ئەوقاف و سنوردارکردنی گەیاندنی پەیامەکەدا.
مامۆستا مەلا عبدالحمید خۆراسانی ڕۆحێکی بەرز و سیمایەکی نوورانی.
وێنەکەش کاتی مەراسیمی نوێژ لەسەر کردنی مەرحومی مامۆستا شێخ عومەر خۆراسانی، برازای مامۆستا عبدالحمید و برای برای خۆشەویستمان دکتۆر مەزهەر خۆراسانی.